لە ناو نەتەوەکانی خاوەن کیانی سیاسی، لە پلەی یەکەم دەوڵەتەکانیان هەڵبەت بە یارمەتی و لە ڕێگای چەندەها دامەزراوەی کولتووری و مێژوویی و هتد هەوڵ دەدەن شانازییەکان یان بە درێژایی مێژوو وەک بەشێک لە پێناسە و هێمای نەتەوایەتی بیخەنە ناو زەین و حافیزەی ڕای گشتی. بۆ وێنە لانکەی بیر و هەزر و ئەندیشە بووەتە بەشێک لە پێناسەی شارستانییەتی وڵاتی یۆنان و یۆنانییەکان.بەڵام بۆ کورد کە کیانێکی سیاسی لە خۆی نیە داستانێکی دیکە لە گۆڕێدایە. لە دێرەکانی خوارەوە زۆر بە کورتی و بە شێوەیەکی تێلگرافی چەند ئاماژەیەک بەو هێمایانەی کە کوردی پێدەناسترێتەوە یان ئەشێ پێی بناسرێتەوە، دەکەین.
خەباتی لەمێژینە کورد بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی لە هەموو پارچەکانی کوردستان کەم تا زۆر و هەڵبەت تا ڕادەیەک جیاواز لە هەر کام لەو چوار پارچانە، لە بنەڕەتدا لەگەڵ حاشا و نکۆڵی لە لایەن دەوڵەتانی ناوەند بەرەوڕوو بووەتەوە و بە ئێستاشەوە ئەو حاشا و نکۆڵییە بەردەوامە. دیارە هاوتەریب لەگەڵ ئەوەش، بە تووندترین شێوە کەوتووەتە ژێر زەختی سەرکوت و کوشت و بڕ، هەڵاواردن و پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکانی.
ئەو دۆخە سەخت و دژوارە لە لایەن کوردەوە بە پێداگری لە سەر مافە نەتەوایەتییەکانی، خۆراگری و بەردەوامی لە خەباتەکەی وڵامی وەرگرتۆتەوە. نرخی ئەو پێداگری و بەردەوامییە هەڵبەت زۆر بووە و قوربانی و خۆبەختکردنی چەندەها گیانی پاک و خۆشەویستی ئەم نەتەوەیە و خەساری گەورەی کۆمەڵایەتی و دەروونیشی لێکەوتووەتەوە. بە هەموو ئەوانەشەوە و سەرەڕای ئەو خەسارانە، کورد توانیوێتی تا ڕادەیەکی زۆر بە هۆی ئەو خۆڕاگریی و پێداگرییە زەین و سەرنجی خەڵکانێکی زۆر چ لە ئاستی ناوچەیی و یان نێونەتەوەییش بەرەوڵای خۆی ڕاکێشێ، بە واتایەکی دیکە تا ڕادەیەک ئەو پێداگرییە لە سەر ماف و داواکارییەکانی تەنانەت لە بەرچاوی نەیارانیشی بووەتە بەشێک لە هێما و ناسێنەی کورد. هێماکانی کورد هەر بەوەش نەوێستاوە و جێی خۆیەتی ئاماژە بە چەند لایەنی دیکەش لەو بارەوە بکەین. بۆ وێنە شەر بە دژی داعش و هاوپەیمانەتی لە بەرەی دژە تێڕۆر بوو بە بەشێکی جیانەکراوە لە ناسنامەی کورد و بە نەتەوەییەکی دژ بە تووندوتیژی بە هەموو دونیا ناسێندرا کە لە ناو شەپۆڵی گەورە و بەربڵاوی ئیسلامی سیاسی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست خۆی بە بەشێک لە بەرەی سێکولار، دێمۆکراسیخواز و دژی ئیسلامی سیاسی ناساند. تا ئەو جێگایەی بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات دەگەڕێتەوە، بە چاوپێخشاندنێکی خێرا بە سەر گۆڕەپانی سیاسی ئێران و کوردستان ئەم وێنەیە لە بزووتنەوەی کورد بە تەواوی بێخەوشە و کورد یەکێک لە هێزە سەرەکییەکانی دژ بە دەسەڵاتێ سیاسی ئایینی لە زەین و حافیزە و تێروانینی چاودێران و سیاسەتمەدارانی نێونەتەوەیی بە تایبەت ڕۆژئاوایی جێگەیەکی باشی بۆ خۆی دەستەبەر کردووە کە هەڵبەت بەشێکی زۆری دەگەرێتەوە بۆ چل و چوار ساڵ خەباتی بێوەچانی دژ بە کۆماری ئیسلامی واتە دەسەڵاتێکی سیاسی توندرەوی ئایینی لە ئێران.
بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەرفەتێکی زۆر باشی خوڵقاند تا کورد بە چەندەها تایبەتمەندی و سیفەتی جیاواز لایەنە ئەرێنی و پۆزێتیوییەکانی نەتەوەیی خۆی لە بەرچاوی باقی خەڵکانی ئێران دەرخات. لەگەڵ ئەوەش کوردستانی ڕۆژهەڵات بە سیفەتی پێشکەوتنخوازی و سێکۆلاریزمەوە ناسراوە، ئەوە بەو واتایە نایە کە کۆمەڵگای کوردەواری دیاردەی ناحەز و دواکەوتوو و تووندئاژۆی تێدا نییە، ڕاستییەکەی کۆمەڵگا پڕە لەو دیاردانە، بەڵام هەوساری بزووتنەوەی ڕزگاریبەخشی کوردستان کە دەتوانێ خاوەوندارەتی بەشی هەرە زۆری کۆمەڵگا بکات بە دەستی ئەو ڕەوتانە نییە و ڕەوتی سێکولار و پێشکەوتنخواز نوێنەرایەتی دەکا.
لە هەمان کات لە بزووتنەوەی ژینا، کورد ڕێکخراوتر و یەکگرتووتر دەرکەوتن و ئەو بابەتە لە زەین و حافیزەی خەڵکی ئێراندا تەنانەت لە ئاستی دەرەکیش جێگەیەکی باشی بۆ خۆی مسۆگەر کرد. مەبەست ئەوەیە بڵێم زۆر خاڵی بەرجەستە هەیە کە ئاماژە بەوە دەکا کە لە بەرچاوی خەڵک و هەروەها لە زەین و بیری خودی خەڵکی کوردیش ئەو متمانەیە پێکدێنێ کە کورد ئامادەیە، جا بە هەر شێوازێک و لەوانە لە سیستەمەکی دەسەڵاتی سیاسی فێدراڵێدا، بەرپرسایەتی خۆبەرێوە بردنی کۆمەڵگاکەی خۆی وەئەستۆ بگرێ. ئەو ئامادەگییە بەتایبەتی لە گۆڕەپانی سیاسی لە لایەن کوردەوە بە داخەوە وەڵامێکی ئەوتۆ و شیاوی لە لایەن هەموو حیزبەکانەوە وەرنەگرتەوە. تەنیا دامەزراوەیەکی لە سەرووی حیزبە سیاسییەکان کە وەک ڕێفرێنسێک واتە مەرجەعێکی نەتەوەیی خەریک بوو جێی خۆی بکاتەوە بە هۆکارگەڵێک کە لە جێگایەکی دیکە و لە قۆناغێکی دیکەدا دەبێ لێکۆڵینەوەی لە سەر بکرێ، واتە ناوەندی هاوکاری، وشکایی هات و بەکردەوە سڕ کرا.
لێرەدا پێویستە سەرنجی خوێنەران بۆ چەند خاڵی گرینگ ڕاکێشرێ؛ یەکەم ئەو ڕاستییە دەبێ بسەلمێندرێ کە هەرچەند ئامادەگی جەماوەر لە ئەکت و هەڵسووڕانی خەباتی سیاسی بەو سیفەتانەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێکرد وەک مەرجێکی سەرەکی پێویستە بۆ پێشکەشکردنی و نیشاندانی یەکگرتوویەکی نەتەوەیی و قورس و قایم وەک هێما و بڕاندێکی نەتەوەیی، بەڵام هێشتا بە بێ دامەزراوە نەتەوەییەکان کە لە سەرووی حیزبەکان و کەسایەتییەکان کە بتوانێ نوێنەرایەتی هەموو بزاڤی نەتەوەیی بکات کافی نییە. لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە حوکمی مێژوو و ئەزموونەکانمان ئەو ئەرکە واتە ئەرکی دامەزراوە نەتەوەییەکان لە ئەستۆی حیزبە سەرەکییەکانی بزوتنەوەکەیە. دووهەم پێشمەرجێک بۆ گەیشتن بەم ئامانجە ئەوەیە کە ڕوانینێکی ستراتێژیک بە سەر ئەو ئەرکەدا واتە دامەزراوە نەتەوەییەکان، زاڵ بێت. دروستکردنی هاوپەیمانەتی و دروست کردن و ڕێکخستنی موئەسەساتی پێویست لەو بارەوە، نابێ وەک کەرەستەیەکی تاکتیکی و مانۆڕدان سەیر بکرێت. یەکگرتن و ئێئتلاف لە نێوان حیزبەکان وەک بەشێک لە ڕکابەری بۆ دەسەڵاتی سیاسی لە کۆمەڵگایەکی ئازاد کە خەبات بۆ ڕزگاری نەتەوەیی تێپەڕاندووە و لە قۆناغی خۆبەرێوەبەڕیدایە ئاساییە. بەڵام بۆ ئێمەی کورد کە هێشتا لە بوونمان و پێناسەمان حاشا دەکرێ و بێبەزییەیانە سەرکوت دەکرێن و مافمان پێشێل دەکرێ پێویستە یەکگرتوویی و دامەزراوە نەتەوەییەکان تا ئەو جێگایەی لە تواناماندا هەیە بەرفراوان و بە دوور لە مانۆڕدان بێت تا لەگەڵ هەر ئاستەنگێک لە پێشچوونی کارەکان هەڵنەوەشێندرێتەوە. لە هەمان کاتدا خۆی وەک شوێنی مەرجەع بناسێنێ. هەر بەو جۆرە باسمان کرد ئەوە ڕوانینێکی ستراتێژیکی پێویستە نەک تاکتیکی. سێهەم تێکۆشان و هەوڵی جیددی بۆ یەکگرتوویی و ڕێکخستنی هاوپەیمانەتی و دامەزراوە نەتەوەییەکان دەبێ لە دروشم و پڕۆپاگاندەی پۆپۆلیستی کە زۆر جاران کارتێکەری نێگاتیڤی هەیە بێتە دەرێ. هاوپەیمانەتی و دامەزراوەکان دەبێ وەک بڕاندێکی نەتەوایەتی تەماشای بکرێت و ئەو پەیامە بنێرێت کە من دەتوانم خۆم و کۆمەڵگاکەم بەڕێوە بەرم، من نەتەوەیەکی پێگەیشتووم و شایانی ئەوەم کە خۆم بەڕێوە بەرم. هاوپەیمانەتییەکان دەبێ بتوانن کێبەرکێی ناو حیزبەکان و کەسایەتییەکان و مەیلە سیاسییەکان مودیرییەت بکەن و باڵانسێکی گونجاو لە نێوان ئەکتی سیاسی هاوبەش و کێبەرکێی ڕاگرن. لە ڕاستیدا دەتوانم بڵێم کاتێک تۆ سەرکوت دەکرێی و کیانێکی سیاسیت نییە ئەو موئەسەساتە دەور و ڕۆڵی دەوڵەت دەگێڕن. چوارەم دەبێ بزانین کە دروستکردنی کەشوهەوای متمانە بەیەکتر پێشمەرجێکی زۆر گرینگی تێپەراندنی ئەو قۆناغەیە. ئاجێندای بزووتنەوەی کوردستان تەنیا دەتواندرێ لە یەکگرتنێکی بەرفراوانی نەتەوەیی ببێتە دەستووری کار و نەک بە پێچەوانەکەی. ئەوە کاڵفامییەکی مەترسیدارە ئەگەر چاوەڕوانی ئەوە بین کە کوردستان دوای ئەم گشتە پێشچوونە ئابووری، کۆمەڵایەتی، و سیاسییەی بەخۆیەوەی بینیوە سەر لە نوێ بگەرێتەوە دواوە. لە لایەکی دیکەوە پێویستە ئەوەش بخرێتەوە بیر کە لەو هاوپەیمانییە نەتەوەییە نابێ پێوەرە ئیدئۆلۆژیکەکان دەوری دیاریکەر بگێڕن.
کورد و بزووتنەوەی کوردی شانازی زۆر گەورەی لە یەکگرتوویی لە خەبات و پێشکەوتنخوازی لە ئەکتی سیاسی پێشکەش کردووە و جێگای خۆیەتی شانازیان پێوە بکات و وەک خاڵی ئەرێنی حیسابیان بۆ بکات، بەڵام نابێ ئەوەشی لە بیر بچێتەوە کە خاڵی نەرێنیش لە کارنامەکەی دا بوونی هەیە، کورد لە مێژووی خەباتی بۆ ئازادی و دەستەبەرکردنی مافەکانی بە قۆناغی ناخۆشیش تێپەر بووە کە هیچکات نابێ دووپات بکرێتەوە. بزووتنەوەی کوردی هاوتەریب لەگەڵ شانازییەکانی شۆرەتێکی لە نەسازان و نەحەواوەیی لە بەر دیدەی دۆست و نەیار دروست کردووە کە کارتێکەری نێگاتیڤی خۆی هەبووە. هەر چاوەدێرێکی سیاسی بە ئینساف مافی خۆیەتی پرسیار بکات کوردەکان بەو مێژووە دورودرێژە لە خەبات بۆ نەیانتوانیوە دیپلۆماسییەکی هاوبەش، هێزێکی پێشمەرگە کوردستانی و مێدیایەکی نەتەوەیی وەرێخەن.