ئێوارەیەو لە ئاسۆی ڕوون، دوایین بزەی خۆر جێماوە،
لە کەل دایە تاجی گەردون، چەند پڕشنگێکی پێماوە.
نیسێی شاخ و هەتاوی گەش، قۆرغی چڕیان دابڕیوە،
لوتکەی سەربەتەمی سەرکەش، گەردنی بەرزی هەڵبڕیو.
” خاکەلێوە” بە ودمی خۆی، دەمی چرۆی کردوەتەوە،
زستانێکی سڕ و بێ بۆی، لە بیر “گووڵان” بردۆتەوە.
زنوێرێکی کانی و ئاوە، ڕوومەتی شاخەو ڕوشاوە،
زنەی گیابەند و گیاخاوە، تا شوێنێ کانیی خوشاوە.
گیا ئاوێتەی ئاوی تەرزە، لە کوێستان و ڕژد و کۆدا،
دەڵێی عەتری نەعنا و مەرزە، لەجێی ئاوێ دێ بە جۆدا.
قەڵبەزەی بەخوڕی هەڵدێران، پەلکەزێڕینەی شەتاوە،
چۆڕەی دێ مانگی جۆزەردان، پوشپەڕێ ویشک وبێئاوە.
تەوارێکی لامل چەرمو، دندوک لە بەردێ دەخشێنێ،
لە نێو دۆڵی مات وکڕبوو، سێحری بێدەنگیی دەشکێنێ.
تەلانی بڵیند و سەختی، بۆخۆی کردۆتە هێلانە،
شای حەوتەوانانەو تەختی، سەری گابەردوکێلانە.
سەقر و باز لە سیڕە کەوتون، خاسەکەو لە گوێنی چڕدا،
کەروێشک لە کونێدا خەوتون، بەڕەزە لەپرچی پڕدا.
ڕەوەیەکی سرکی ئاسک، لە نێو ئەشکەوتێ خزاون،
چوزەرە ڕێواسی ناسک، بە پۆپنەی ساوا ڕازاون.
گابەردێکی سەرسینگ کڕاو، سامێکی بە ڕەوەز داوە،
بەبەرداشی زەمەن هاڕاو، تا داوێنێ لێیڕژاوە.
دارەبەنی بن هەڵدێرێ، ڕەگ بەسەختیی خاک ڕادێنێ،
شۆڕەبیی دەوری ئەستێرێ، بسکی بە شنە دادێنی.
هەوێردە و چوڕەی شێوەردان، خوناوکەی باران دەنۆشن،
مێرگەڵان شاجوانیی گوڵان، بە ئەرز و ئاسمان دەفرۆشن.
***
لە بەندەنی پڕکانیی وئاو، ڕان سەری لەدوی یەک ناوە،
لە پێدەشتی فێری شەتاو، هەوارچی بارگەی تێکناوە.
ئاوازی بلوێری شوانێ، هەستێکە و بێری پێیداوە،
بە خەیاڵ دەچێتە ژوانێ، هەوای چاوڕەشێ لێیداوە.
لە بزنەڕێی پاڵ هەورازێ، ڕوو لە ئاوایی ئەوەستێ،
لە تاوی یار و هاوڕازێ، تەزوی پێدادێنێ هەستێ.
لەبژوێن وورد دەبێتەوە، لە ڕووی شلێرەو شەشپەڕێ،
بەژنی یاری بیر دێتەوە، چەشنی کەنێرە و گوڵپەڕێ.
فەڕشێ لە نێرگزو شەوبۆ، گێلاخە وشینگ وسێوەڕێ،
وەنەوشەو هەڵاڵەو هێرۆ، ڕاخریاوە لە دەوری دێ.
لە جاڕەگوڵی هەوارێ، پەپولەی سەرگوڵ دەفڕێنێ،
هەڵدەمژێ شنەی بەهارێ، لە شمشاڵی دەتوڕێنێ.
لەنێو بیرو خەیاڵی شوان، ژیانیش وەک سروشت وایە،
بەچەشنی هەورو باو باران، کەژ و چەم، دەشت وڕێگایە.
دەمێ دەڕوا بەخێرایی، تەمەن وەک هەوری بەر بایە،
” دەم”ێکیش نایە کۆتایی، کەتۆ چاوت لەڕێدایە.
دەمێ هێندە نیان و ڕام، لە ئارامیی شنەی دایە،
دەمێکیش تووش و نائارام، چ تۆفانێکی تێدایە.
دەمێ بەستێنی چۆمێکە، بە پێچ ئەخوشێ وەکو مارێ،
دەمێکیش مەندیی گۆمێکە، کە جێمابێ لە ڕوبارێ.
تەمەن وەک سووڕی وەرزێکە، سەرت سوڕماوە کوێڕا دێ،
بڕینی شاخەبەرزێکە، سەرەولێژیی بەدودا دێ.
کە دێی پێتوایە “خدر”ێکی ، کە کانیی ژینی تێدایە،
کە ڕۆیشتی چەشنی بەفرێکی، کە دوای بای وادە بیرنایە.
تەمەن وەک ئاوی ڕوبارە، کە ناوەستێ و لە ڕێ دایە،
ژیانیش تاقە یەک جارە،کە دێ و دەڕوا و، ئیتر نایە.
کەهاتی تاقە چەند ڕۆژێ، هەموو خاکت لە ژێ پێیە،
دەڕۆیت و پاشی چەندڕۆژێ، تۆش ئەوخاکەی لەژێرپێیە!
کە دڵ دەشکێت و تەنیایە، دەرونی پڕ غەم و ژانە،
سروشت وەک باوەشی دایە، پەرۆش وهاودەمی شوانە.
***
لەقۆپی سۆزی حەیرانێ، گیانی بە مەزرای چۆڵداوە،
دەگڕێ سێکوچکەی گاوانێ، گاڕانی لەوێ مۆڵداوە.
لە ڕەزێ کیژۆڵەی کابان، دەچنن بەرسیلەو گەڵامێو،
جحێڵان بەئامان ئامان، سیلە دەگرن لەسینەوسێو.
لەخڕێ قریشکەی جوانێ، لە قاوی داوە جێژوانی،
لە بەربەڕوچکە و هەیوانێ، سۆفی دەکرۆژێ لێوانی.
تاتەبەردی دەوری کانیی، جمەی دێ لەپەریی جوانیی،
یەک داخزاوە سەر شانی، یەک هەڵیکردوە تا ڕانی.
یەک ئاوەچۆڕەی بسکانی، پشتوێنی شلی دەخزێنێ،
شەپۆلی ووردیلەی کانیی، پاوانەی ناسکی دەبزوێنێ.
لە تەنیشت گۆزەی پڕئاوی، کیژێ خەیاڵی فڕیوە،
لە شاخێ دەڕوانێ و چاوی، لە لوتکە و یاڵی بڕیوە.
بە نیگای گەشی کەژاڵی، “گەلاوێژ” بیر ئەخاتەوە،
بە ڕوخساری گەنمیی کاڵی، بۆ”خەرمانان”ئەتباتەوە.
کوڕ لە گۆڕەپان خەریکی، هەمزەڵێن و هەلوکێنن،
کچ لە چەقی ڕێ خەریکی، بازەڵێن و خەستەکێنن.
شۆخێ دەماڵێ حەسارێ، قۆشمە ئاوێنەی تێدەگرن،
مێر منداڵ لە کونی دیوارێ، بەچاوێ سیلەی لێدەگرن.
قەیرە کچێ لە تەنیشت دێ، ئاوردوی بەکۆڵ داداوە،
لە پیرەدارێکی سەر ڕێ، پەڕۆی نییەتی باداوە.
بەری پاییزە هەڵوەرێ، “ڕەزبەر” کەسێ نەیباتەوە،
یان بەدەستی”خەزەڵوەرێ”، یان”سەرماوەز”ئەیباتەوە.
لە بەر ماڵی دوورە ڕێیە، پیرە پیاوێ دۆش داماوە،
ئاخۆ چاوەڕوانی کێیە، وا لە دۆڵی بۆش ڕاماوە.
ڕێگای بناری ئەودیوە، جارجار پێێدادێ کاروانێ،
تا کاتێ زەردە پەڕیوە، بە چاوی کز لێیدەڕوانێ.
ڕەشبەڵەکی درەنگ وەختە، یانە ڕێچکەی کوڕەکانە،
ئەستێرەی سووری سەرڕەختە، یان گوڵەگەنمی لاشانە.
چاوەڕێیە بێن تاوێکی، ڕۆشن کەن دوو دیدەی تاری،
میوانی نان و ئاوێکی، لە دەوری سفرەی هەژاری.
پیرێژن دانیشتوە خەمبار، دڵی پڕ لە خۆزگە و بریا،
بەفری خەمە نەک “بەفرانبار”،بەجارێ ڕژیاوە سەریا.
هەر دەڵێی تاقی ئاسمانە، ڕەنگی داوە بە گۆمی شین،
لە دەڤەری ئەم کوێستانە، تێکەڵ بوونە خەبات و ژین.
لە پەڕپەڕۆچکەی ئاسمانێ، باشوو بێ جووڵە وەستاوە،
لە بەڕبەڕۆچکە و گوێسوانێ، سێبەر لە تاوێ ڕاساوە.
گەماڵ وەرکەوتون لە دۆڵدا، لە کلکەسوتە وەستاون،
یەکسم گەوزاون لەخۆڵدا، دوسم لە گەوەڕ پەستاون.
قەیرەو خرت و شەک و بەران، داکراون لە هۆڵێدان،
بەرخۆڵەی بەردیلە و مەڕان، لە لوای نەرم ونۆڵێدان.
لە نێو باغ و بێشەجاڕێ، پەلەوەر مات و کڕ ماوە،
لە سەر لقی تاقە دارێ، کوند دەڵێی واقی ووڕماوە.
ئێوارە ڕوناکیی ئێرە، وەک چرای خۆر دادەکێشێ،
جوتبوونی مانگ و ئەستێرە، لە تابڵۆیەکدا دەکێشێ.
***
لە دڵی تاریکی شەودا، مانگی تەواو داگیرساوە،
لە نێو کانیی پڕ لە چەودا، جوانیی تریفە گیرساوە.
درەنگانە و شێتە حاڵێ، سەری شووشەکەی باداوە،
بە نازێک خاتونی ماڵێ، پەردەی ژوورەکەی داداوە.
لەناخی بێدەنگیی شەودا، دێ نەوای نەرمی سێ تارێ،
وەک قاسپە لەگەروی کەودا، دێ دەنگی گەرمی قەتارێ.
نەمامێکی شلک و باریک، لە سووچێ نوقمی خەمڵانە،
لە ژوورێکی نیوە تاریک، تازە بووکێ دەستلەملانە.
مانگ هەڵدەکشێ دنیا مەنگە، هەر ئەستێرە سریوەی دێ،
گەماڵی قوشقیش بێدەنگە، مەلێک نییە جریوەی بێ.
سەپانی ماندوی جۆماڵێ، خۆی دە نێو جێیە دەخزێنێ،
نە خرینگەی بازنە و خرخاڵێ، نە تەپۆ خەوی دەزڕێنێ.
پیرەمێردێکی سمێڵ زور، ماچ ئەکا سەر گۆنەی کەیلێ،
ڕومەت بۆتە سێوی لاسوور، تۆراوە هەر حەز و مەیلێ.
پاڵەی تووڕە خەوی نایە، کۆستی کەوتووە بەجارێ،
خەڵکی حەقی لە دەست دایە، ئەو ژانی دڕکی بژارێ.
ڕوناکیی ژێر پەردەی ماڵان، یەک یەکە خۆ دەدزنەوە،
بەردەرکێ و حەوشە و نێو داڵان، دە تاریکی دەخزنەوە.
***
لە بەر پەنجەرەی نیوەتاک، بێعۆقرەیەک چاوەڕێیە،
شنە لە جیاتی بۆنی خاک، عەتری هەناسەی وی پێیە.
گەردانەی مێخەک و سمڵی، لە دەوری گەردن باداوە،
وە گەردی دوو لێوی خەمڵی، خاڵێکی مەکری کوتاوە.
نیگاری نوقمی ئارەزوی، ئەگریجەی ڕەش داڵدەی داوە،
وروژاوە هەست و تەزوی، حەزی باوەشێ پێیداوە.
لە پشت پەنجەرە و بەردەرکێ، هەستی لای دەنگی پێی شوانە،
مانگیش کەوتۆتە چاوبڕکێ، ئەیژی ئەو حەزی لە ژوانە.
وەک ئەستێرەی بەخت هەڵبێ، پەڵەهەورێ بەرمانگ دەگرێ،
لەدوای چاوەڕوانیی هەل دێ، تاریکیی جێژوان دادەگرێ.
دەڵێن بۆ گشت وەرزێکی ژین، تریفەی مانگەشەو جوانە،
بەلام بۆ دڵداریی و ئەڤین، تاریکەشەو کاتی ژوانە.
چ کێوی بەرزی دنیایە، هەمووی لەمپەر و نێوان بێ،
بۆ ژوان وەک ڕاستەڕێ وایە، کەلیخانی “ڕێبەندان ” بێ.
تا مێرگ و بەندەن و بنار، کانگەی سوێسنە و وەنەوشانە،
بۆ باغی سینە و زولفی یار، کوا ئاڵەکۆک دیاریی شوانە.
لە بەر پێی یاری هەڵڕێژن، ئەوەی گوڵ و جوانیی دەشتە،
دیسان ژن و هەر جوانیی ژن، هونەری بەرزی سروشتە.
لەبەردەم شۆخی شەوبێدار، پیاوێکی عاشق وەستاوە،
دێ خەوتوە و شوانی بێعار، ئیشتیای ماچێکی هەستاوە.
هەناسەی گەرم و ترپەی دڵ، لەمپەری شەرمی دەشکێنێ،
وەک تنۆکی باران لە گڵ، پەنجە لە پەنجەی وەردێنێ.
لە تاقی پڕ زریوەی دوور، ئەستێریەک چاودادەگرێ،
لە کۆڵانی مات و بێنوور، دەست دەبا و گەردنی دەگرێ.
تەوژمی گەرمەشەماڵێ، زایەڵەی ماچێ دەڕفێنێ،
چناری ناوحەوشەی ماڵێ، بەنەرمیی خۆی دەلەنگێنێ.
یار لێوی لە لێو دەردێنێ، ڕووی وەردەگێڕێ بەنازێ،
بە عیشوە گەردن هەڵدێنێ، دەرزیلەی سوخمەی دەترازێ.
سەربەکوڵاوەن کۆتری سینە، یانە شەمامەی بێستانە،
خاڵێ وەسە خاڵی سۆنە، خاڵی “ڕەشەمەی” کوێستانە.
هەناسەی فێنکی کۆڵان، بەرامەی سینەی هەڵدەمژێ،
ڕەشەڕیحانەی نێو گوڵدان، شەونمی شەرمی لێدەڕژێ.
لاولاو پێچێ ئەکاتەوە، پەلکی لە سروە دەخشێنێ،
نێرگز گووڵێ ئەکاتەوە، خوناڤی عەتری دەپژێنێ.
پەڵە هەور خۆی لادەدا، مانگ بە کزیی پێدەکەنێ،
شەوقی تریفە دادەدا، دێ، بەرگی ڕەش دادەکەنێ.
***
ئەستێرە وون دەبن بەتاو، مانگ لە ئاسمان ئەتوێتەوە،
گزنگی زێڕینی هەتاو ، میوانی شاخ ئەبێتەوە.
بەیانییە و خێڵی مەلان، بانگی جریوە دادەدەن،
لە مێرگ و باغ و سەرچڵان، نیازی دڵ بە با دەدەن.
تەوارێکی لامل سپی، لە شەقەی باڵ ئەداتەوە،
ڕاوکەری ئاسمان و زەوی، بیر پەلەوەر ئەخاتەوە.
دیسان شاباڵی شەوڕەنگی، لە حەوتەوانان وەردێنێ،
لوور دەبێتەوەو دوچەنگی، بۆ کەوڵی نێچیر دەردێنێ.
خۆر لە ژێر چەتری دارستان، دەکەوێتەوە نێو کانی،
وەک خۆری ئاڵای کوردستان، دەشەکێتەوە بەیانی.
ووڵاتی مە پڕڕەنگینە، بژوێن و باغ و بێستانی،
پڕ شیرین، مەکۆی ئەڤینە، باژێر و گوند و کوێستانی.
خەیاڵم هەر دەمەی دەفڕێ، تا زێدی باب و باپیران،
لە ئەزمەڕێ ئارام دەگرێ، یان مەڵبەندەکەی موکریان.
بەیانیی دادێ و ئاسۆی ڕوون، بە بزەی هەتاو دەنەخشێ،
لەکەل دایە تاجی گەردون، ڕەنگی نوێ بەژین دەبەخشێ.
تێبینی:
١. لە نووسینی ئەم قەسیدە شێعرەدا، کۆمەڵێک ووشە و زاراوەی شوێن و ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بەکار هاتووە.
ناوی کوردیی مانگەکان بە دوای یەکدا لە شێعرەکەدا جێگایان بۆتەوە:
بەهار: ( خاکەلیوە، گوڵان، جۆزەردان)- هاوین: ( پووشپەڕ، گەلاوێژ، خەرمانان)- پاییز: ( ڕەزبەر، خەزەڵوەر، سەرماوەز) – زستان: ( بەفرانبار، ڕێبەندان، ڕەشەمە ).
تێکڵاوێک لە سروشتی جوانی نیشتمان و خۆشەویستیی پاک و بێگەردی مرۆڤە زەحمەتکێش و ئاساییەکانی گوندێکی کوردستان، بنەما فکریی و فۆڕمیەکانی ئەم قەسیدە شێعریییە پێک دێن.
٤. ئەم شێعرە باس لە ژیانی ماشێنیی و دیجیتاڵی ئەمڕۆی شار و لادێ ناکات و لە ڕاستیدا ئاوڕدانەوەیەکە بۆ ژیانی سادە و ساکاری گوند و دەر و دەشتی ساڵانی کۆن کە لە بیر و زەینی مندا دەیان و سەدان بیرەوەریی شیرین و جوانیان جێ هێشتوە و ئێستا کە دەمێک ساڵە لێیان دوورم، پڕ بە دڵ بیریان دەکەم. ***