ئاسۆی ڕۆژهەڵات وتووێژێکی لە گەڵ بەرێز حەمید بارامی بەرپرسی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ساز داوە کە لە دەیخەینە بەر دیدەی خوێنەرانی خۆشەویست. لە داهاتووشدا هەوڵ دەدەین کە دامەزراوە و ڕێکخراوە مافی مرۆڤ و ناحکوومییەکانی دیکەش بە خوێنەرانی ئاسۆی ڕۆژهەڵات لە زمانی بەرپرسانی ئەو ڕێکخراوانە بناسێنین.
ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ سپاس بۆ قەبووڵی وتووێژەکە. سەرەتا پێمان باشە چۆنییەتی دروست بوونی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هانامان بۆ باس بکەن
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ڕێکخراوێکی ناحکوومی، سەربەخۆ و مەدەنییە کە ئەرکی سەرەکی خۆی داناوە بۆ لەقاودانی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە لایەن کۆماری ئیسلامی لە کوردستانی ئێران. هانا جگە لەوە تێدەکۆشێ ئاستی تێگەیشتن بە مافی مرۆڤ کە هەمان مافی شارۆمەندانی کورد و کۆمەڵگای کوردی بەرامبەر بە پێشێلکارییەکانی حکوومەتی ئێڕان برێتە سەرێ.
ئەم ڕێکخراوە لە ١٠ی سەرماوەزی ١٣٩٨ (١ی دیسامبەری ٢٠١٩) لەلایەن ژمارەیەک لە چالاکانی مافی مرۆڤی کوردەوە دامەزراوە. دیارە پاش تاوتوێکردنی کار و ئەرکەکانی و ڕاوێژکردن لە گەل کەسانی پسپۆر لەم بوارەدا بریاری دروست کردنی ئەم رێکخراوە درا.
ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛هانا ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤییە، ئەوە واتای چیە؟ چ ئەرک و ئامانجێکی بۆ خۆی داناوە؟
ئەوەی کە هانا ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤە بەو مانایەیە کە ئەم ڕێکخراوە بە تایبەتی لە بواری بەرەوپێشبردن و پاراستنی مافەکانی مرۆڤدا کاردەکات. مافەکانی مرۆڤ ئەو ماف و ئازادییە سەرەتاییانە دەگرێتەوە کە پێویستە هەموو مرۆڤێک بە بێ لەبەرچاوگرتنی ڕەگەز، نەتەوە، ئایین، زمان یان تایبەتمەندییەکی دیکە هەیبێ.
ئامانجی سەرەکی ئەم ڕێکخراوەیە، ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و پشتیوانی لە قوربانیانی ئەو پێشێلکارییەیانە لە کوردستانی ئێران واتە هەموو ئەو ئوستانانەیە کە کوردن یان زۆرینەی دانیشتوانی کوردن. هانا زانیاری لەسەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ کۆ دەکاتەوە و بەڵگەی لەسەر دەکات و ڕاپۆرت و هەواڵ لەسەر ئەم بابەتە بڵاودەکاتەوە. پێکهێنانی سێمیناری پەروەردەیی و هوشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگا لە مافە سەرەتاییەکانیان بۆ بەرگریکردن لە مافەکانیان، هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراو و دامەزراوەکانی دیکەی مافی مرۆڤ چ لە ئاستی ناوخۆیی و چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بۆ ئەوەی کاریگەری زیاتری هەبێت لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤدا و بۆ زیادکردنی هۆشیاری گشتی و فشارخستنە سەر حکوومەتەکان بۆ ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ بەشێکی دیکە لە ئەرک و ئامانجەکانی رێکخراوی هانایە. هانا میدیای جیاواز بۆ ئاگادارکردنەوە لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و بەرەوپێشبردنی هۆشیاری گشتی بەکار دێنێت کە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و بابەت و ڕاپۆرت لە ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکانی تردا بەشێک لە ئەرکەکانیەتی.
بە گشتی چالاکییەکانی هانا بە ئامانج و لە ئاراستەی بەرەوپێشبردنی دادپەروەری و ڕێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤ و دروستکردنی کۆمەڵگایەک کە مافی هەموو مرۆڤەکان ڕێزیان لێ بگیرێت و پارێز راو بێت بەرێوە دەچێت.
ئەم ئەرکانە یارمەتی هانا دەدەن کە وەک ڕێکخراوێکی کاریگەر لە بواری مافی مرۆڤدا مامەڵە بکات و هەنگاو بنێت بۆ باشترکردنی دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران.
ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛سەرچاوەکانی هانا بۆ وەدەستهێنانی زانیاری کامانەن، پێوەرەکانتان بۆ ڕاستی و دروستی زانیارییەکان کامانەن؟
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بۆ کۆکردنەوە و ڕاپۆرتکردنی هەواڵ و زانیاری و بۆ دڵنیابوون لەوەی کە داتا و ڕاپۆرتەکانی ورد و متمانەپێکراوبن سەرچاوەی جۆراوجۆر بەکاردەهێنێت. بەشێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی هانا بۆ هەواڵ و زانیاری بریتین لە:
١. هاوکارانی هانا: رێکخراوی ماڤی مرۆڤی هانا لە زۆربەی شار و گوندەکانی کوردستان هاوکاری تایبەت بە خۆی هەیە و لە رێگای هاوکارەکانییەوە هەواڵ و زانیاری کۆدەکاتەوە.
٢.پەیامنێری هاووڵاتی: شارۆمەندانی ئاسایی ولێدوانی ڕاستەوخۆی قوربانیانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، شایەتحاڵەکان و ئەندامانی بنەماڵەکانیان. ئەمانە بەزۆری بە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە پەیوەندیان پێوە دەکرێت..
٣.چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانی ناوخۆیی: هاوکاری لەگەڵ چالاکانی مافی مرۆڤ، ڕۆژنامەنووسان و سەرچاوەکانی هەواڵی ناوخۆیی کە زانیاری و هەواڵ لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستانی ئێرانەوە وەردەگرن.
٤. ڕێکخراوە ناحکومییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ: هاوکاری و ئاڵوگۆڕی زانیاری لەگەڵ ڕێکخراوەکانی دیکە کە لەو بوارەدا کاردەکەن.
٥.تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان: چاودێریکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پلاتفۆرمە ئانلاینەکان بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و ڕاپۆرتی گشتی. ئەم تۆڕانە دەتوانن بریتی بن لە تویتەر، فەیسبووک، ئینستاگرام و تێلێگرام.
هانا بە کەڵک وەرگرتن لەم سەرچاوانە هەوڵ دەدات زانیاریی هەمەلایەنە و ورد سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران کۆبکاتەوە و ڕاپۆرت و هەواڵی باوەڕپێکراو بڵاو بکاتەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بۆ دڵنیابوون لە ڕاستی و دروستی هەواڵ و ڕاپۆرتەکانی، لە پێوەر و شێوازی جۆراوجۆری پشتڕاستکردنەوە کەڵک وەردەگرێت. ئەم پێوەر و شێوازانە ئەمانەی خوارەوە لەخۆدەگرن:
١.چەند سەرچاوەیی: بەکارهێنانی سەرچاوەی جیاواز بۆ پشتڕاستکردنەوەی هەواڵ یان ڕاپۆرتێک کە بە دەستمان گەیشتووە.
٢.شایەتحاڵی ڕاستەوخۆ: پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ قوربانییەکان، شایەتحاڵەکان، بنەماڵەکانیان و قسە لەگەڵ کەسانی جیاواز و بەراوردکردنی زانیاریەکان.
٣-پێداچوونەوە بە تۆمار و زانیارییەکانی پێشوو: پێداچوونەوە بە تۆمارەکانی پێشوو و زانیارییەکانی پەیوەست بە بابەتی هەواڵەکە.
ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛تا ئەو جێگایەی بۆ گوازتنەوەی دۆخی مافی مرۆڤ بۆ ڕای گشتی و دامەزراوە نێوتەتەوەییەکان دەگەرێتەوە، چەندە سەرکەوتوو بوون؟
سەرکەوتنی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە ڕاکێشانی سەرنجی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بە چالاکییە بەردەوامەکان و کوالیتی ڕاپۆرتکردن و هاوکارانی نێودەوڵەتی ئەم ڕێکخراوە. لەم چوارچێوەیەدا، هانا توانیویەتی هەنگاوە سەرەتاییەکان بۆ سەرنجی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران ڕابکێشێت.
هانا هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ وەک ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، چاودێری مافی مرۆڤ و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات . هانا تا ئێستا لە چەندین کۆنفرانس و سێمینار و بۆنە نێودەوڵەتییەکان بۆ زیادکردنی هۆشیاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران بەشداری کردوە. .
هانا بە پێدانی ڕاپۆرت و بەڵگەنامە بۆ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک لیژنەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجوومەنەکانی مافی مرۆڤ، کۆمیتەی راستیدۆزی نەتەوەیەکگرتوەکان و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکانی دیکە توانیویەتی تا ڕادەیەک سەرنجی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران ڕابکێشێت و هەوڵەکانی بۆ وشیارکردنەوەی شارۆمەندانی کورد و ڕای گشتی نێودەوڵەتی لە دۆخی مافی مرۆڤ لەم ناوچەیەدا بەهێزتر بکات، بەڵام ئەم هەوڵانە هێشتا لە ئاستێ چاوەڕوانییەکاندا نییە و بێگومان لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین.