ئەگەرچی کێشە و پاشەکشەی ئابووری (رکود اقتصادی) تایبەت بە وڵاتێکی دیاریکراو نیە، بەڵام بۆ وڵاتانی پێشکەوتوو و زۆربەی ئەو وڵاتانەی لە قۆناغی پێشکەوتندان و هەوڵدەدەن ئابووری وڵاتەکەیان بۆ خزمەتی خەڵک و نیشتیمانیان بخەنە گەڕ، توانیویانە بە دۆزینەوەی ڕیگا چارەیەکی گونجاو و ژیرانە خۆیانی لێ دەرباز بکەن. بەڵام ئێران وەک یەکێک لەو وڵاتانەی کە زیاتر لە ٥٠ ساڵە نەیتوانیوە لە کێشە و قەیرانە ئابووریەکانی دوای شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاوی خۆی دەرباز بکات و بە پێی تۆژینەوەکان لەماوی ئەو ٤٦ ساڵەدا بەردەوام ئابووریەکی لاوازی هەبووە و ژیان و بژێوی خەڵک چۆتە ئاستێکی مەترسیدارەوە.
ئەگەرچی ٤٦ ساڵ تەمەنی کۆماری ئیسلامی بەردەوام لە بواری ئابووریدا وەک سەرجەم بوارەکانی تر تووشی قەیران و کێشە بووە بەڵام ساڵانی ٥٦ تا ٥٩ بە هۆی شۆرشی گەلان، ٦٢ تا ٦٨ بە هۆی شەڕی ئێران و عێراق و ٩٠ تا ئێستا بە هۆی گەمارۆ ئابووریەکانەوە، زیاترین دابەزین و پاشەکشەی ئابووری بە خۆیەوە دیتووە. بە لەچاو نەگرتنی چۆنێتی و هۆکارەکان، قۆناغی یەکەم و دووهەم واتە شۆڕشی ٥٧ و شەڕی ئێران و عێراق تا ڕادەیەک سەبارەت بە دەیەی ٩٠ کە ئێران بە ڕێژەیەکی بەرچاو تووشی گەمارۆ ئابووری دەبێتەوە، ڕۆڵی بەرپرسان و کاربەدەستان کەمڕەنگترە، بەڵام ئەو بابەتە نابێتە هۆی ئەوەی کاریگەری بڕیار و هەڵسووکەت و شیوازی بەرێوبەری دەسهەڵاتداران لە بەرچاو نەگیرێت.
سیستمی بەڕێوبەری و دەسهەڵات لە ئێران تا ڕادەیەک چەند پارچە و توێ توێیە، واتە ئاستە جۆراوجۆرەکانی لە ناوخۆدا جۆرێک ئۆتۆنۆمی و دەست ئاواڵەییان لە کردار و بڕیارداندا هەیە کە بۆتە هۆی بشێوی لەبواری سیاسی و ئابووریدا. ئەم سەڕبەخۆییە لە کردەوه، له لایەک دەبێته هۆی خاوبوونەوه له بڕیاردان و داڕشتنی سیاسەتدا و له لایەکی دیکەشەوە ڕێگه به دامودەزگا هاوسنەگەکان دەدات کارەکانی حکومەت و پارلمان وەک دوو دەسهەڵاتی گرنگ لە داڕشتنی سیاسەت، پەک بخەن. کاتێک باس لە زۆری ناوەندی دەسهەڵات لە بڕیاردان لە سیستەمی سیاسی ئێران دەکرێت، لە هەنگاوی یەکەمدا هەموو سەرنجێک بۆ دامەزراوەی ڕێبەرایەتی (بیت رهبری) ڕادەکێشرێت، ئەگەرچی ئەم دامەزراوەیە دەسەڵاتێکی بەرفراوانی هەیە بەڵام ئەگەر تاکە ڕکابەر لە داڕشتنی سیاسەت بۆ حکومەت و پارلمان ڕێبەری بوایە، گەیشتن بە ڕێککەوتن لە نێوان ئەم دوو دامەزراوەیە و ڕێبەر، کارێکی قورس نەدەبوو. ئەوەی کێشەکان چەند هێندە دەکاتەوە، بوونی دامەزراوە هاوتەریبەکانە کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و یاسایی یان ناڕاستەوخۆ و شاراوە، بە سنووردار کردن و تێکدانی بازنەی داڕشتنی سیاسەتەکان ئێران دەخەنە ژێر کاریگەری خۆیان.
بەدەست هێنانی زۆرینەی دەنگی پارلمان، تەنیا کێشەی سەرەکی سەرۆککۆمار و دەوڵەت نیە، بەڵکوو ڕەزامەندی ئەنجومەنی پارێزەرانی دەستوور (شورای نگهبان)، ئەنجومەنی هەڵسەنگاندنی بەرژەوەندی حکومەت (انجمن تشخیص مصلحت نظام)، نووسینگەی ڕێبەری (بیت رهبری)، فەرماندەیی سوپای پاسداران و ئاستەکانی دیکەی حکومەت، “حکومەت”ی کردووە بە دامەزراوەیەکی ناکارامە. جگە لەوەش، بوونی بەربڵاوی دامەزراوەکانی حکومەت کە سەر بە سپای پاسداران و ناوەندی ئایینیەکان لە گۆڕەپانی ئابووریدا و چێژوەرگرتنیان لە (رانت حکومەتی)، لە پڕۆژە گەورەکانی گەشەپێدان یان تەنانەت هەناردەکردن و هاوردەکردندا، هۆکارێکە کە ڕێگری لە گەشەسەندنی ئابووری دەکات. ئەم دەستێوەردانانە نەک هەر کەش و هەوای بازرگانی و بەهێزکردنی پێگەی کەرتی تایبەت بەرتەسک دەکاتەوە، بەڵکو ڕێژەی کاریگەری حکومەت لە سیاسەتەکانی بۆ گەشەپێدانی ئابووریش، سنووردار دەکات.
ئەگەرچی ئێران لە بواری سیاسیدا دەسەڵاتداریەکی بەهێزی نیە ، بەڵام دەسەڵاتێکی بەهێزی حوکمڕانی لە بواری ئابووری و داڕشتنی سیاسەتی ئابووری بەسەر وڵاتدا زاڵە. سیستەمی ئابووریی پەسەندکراوی حکومەت سیستەمی “ڕانت”ییە کە بە شێوەیەکی سەرەکی سەرنجی لەسەر سەرچاوە نەوتییەکان و داهاتی ئەو بەشەیە. چوارچێوەی دەسەڵات و نەریتی سیاسی لە ئێراندا بەشێوەیەک دامەزراون کە ٨٠ میلیۆن کەسی ئێران هیچ دەرفەتێکیان بۆ نارەخسێت کە کاریگەرییان لەسەر ڕەوتی ئابووری هەبێت.
پێشکەوتنی ئابووری پێویستی بە ڕوانگەیەکی گەشی ئابووری هەیە بۆ دروستکردنی هاوئاهەنگی لە نێوان پلاندانانی حکومەت و چالاکییە ئابوورییەکانی کەرتی تایبەت. نەبوونی حکومەتێکی بەهێز و هەژموونی دامودەزگای سەر بە دەسەڵات کە تا ڕدەیەکی زۆر پاوانخوازن و هەڵگری کولتوورێکی سیاسی دەسەڵاتی ناوندین، بووەتە هۆی ئەوەی کە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان لە پێناو بەرژەوەندییەکانی حکومەت لە داڕشتنی سیاسەتدا بکرێنە قوربانی. دامەزراوە حکومیەکان زۆر حەزیان لە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان و پلاندانان بۆ باشترکردنی پێوەرەکانی ئابووری و گەشەپێدان نییە. ئامانجی سەرەکی ئەوان پاراستنی دەسەڵاتی حکومەت و چوارچێوەی ئەمنی و سەربازییە. هێزە چەکدارەکان لە ڕوانگەی بەرگرییەوە سەیری سیاسەت و کۆمەڵگا دەکات و زۆربەی سەرنجەکانی لەسەر هەڕەشە ئەمنییەکان چڕ دەکاتەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش لە هەموو سەرچاوەکان بۆ بەهێزکردن و چەسپاندنی ستراتیژی بەرگری کەڵک وەردەگرن. لە وەها سیستمێکی گەندەڵدا هەموو پێکەوە هەوڵ دەدەن بۆ پاراستنی خۆیان و دیاری کردنی چوارچێوەیەکی ئەمنی بۆ ئەوەی خۆیان لانەدرێن و دەسەڵات بپارێزن تا بتوانن بۆ بەرژەوەندی تاکە کەسی کەڵکی لێوەربگرن. هەر بەو ئامانجەشە کە لە بودجەی ساڵی ١٤٠٤ی هەتاویدا بەشە بودجەی هێزە چەکدارەکان لە سەدا ٢٠٠ زیاد دەکرێت کە دەتوانین بڵێین لە سەدا ٢٥ی بودجەی ئێران بۆ هێزە چەکدارەکان و ڕێکخراوە ئەمنی و سیاسیەکان ترخان دەکڕیت. هەر بۆیەش ، بێگومان دەست ئاواڵەیی بەشی نزامی و هێزە چەکدارەکان لە بواری ئابووریدا بۆتە هۆی گەشەکردنی گەندەڵی سیستماتیکی لە پێکهاتەی سیاسی و ئابووریدا، چونکە ئەوان سیستەمەکە بە هی خۆیان دەزانن و بە هۆی ئەوەی تووشی لێپرسینەوە نابن بۆ بەرژەوەندی خۆیان ئابووری و ئەمنیەتی وڵات بەرەو هەڵدێر دەبەن.
خەڵکی ئێران چەندین ساڵە بەدەست گەمارۆکانەوە دەناڵێنن، لە کاتێکدا هیچ ڕۆڵێکیان لە دیاریکردنی سیاسەتە بنەڕەتیەکانی وڵات و گۆڕینی ئەم ڕەوتە نەبووە. ئەو سیاسەتە نەتەوەیی و ناوچەیی و جیهانییانەی هەر لە سەرەتای دامەزراندنی ڕژیمی ئێران لەسەر بنەمای ئیدئۆلۆژیی ئایینی سەرکردەکانی ئەوکات پێکهاتبوو کە گۆڕانکاری تێیدا ڕێگا پێدراو نیە. بێگومان هەندێک بیروباوەڕ بەهۆی گوشاری کۆمەڵایەتی گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، بەڵام گۆڕانکارییەکان لە بواری سیاسەتی دەرەوە خاو بوون و بارگرانیی ململانێ نێودەوڵەتییەکان بەردەوام قورسایی زۆری لە بواری ئابووریی هەیە. پێکهاتەی سیاسی ئێران ئامانجی سەرەکی ئیدئۆلۆژی ئایینییە و بۆ گەیشتن بەو ئامانجەش بەرژەوەندی ئابووری گشتی و دانیشتووان دەکاتە قوربانی و پاراوێزیان دەخات، چۆن خۆیان دەستیان لە بودجەی وڵات دایە و بژێوی و ژیانی خەڵکیان بەلاوە گرنگ نیە.
مێژووی ئابووریی ئایینی، بەڕادەی مێژووی ئایین کۆنە. زانایانی ئایینی بە درێژایی مێژوو فێربوون کە بە هۆی ناسەقامگیری سیاسی و گۆڕانی بەردەوامی حکومەتەکان لە ئێران، بۆ دابین کردنی بژێویان بۆ ئەوە ئاسوودە بژین نابێت پشت بە حکومەتەکان ببستن. هەر بۆیە دروستکردنی پێکهاتەی دارایی سەربەخۆ لە حکومەت خرایە کارنامەی زانا و پیاوانی ئایینی. بەشێکی بەرچاو لە ناوەڕۆکی ئایینی کە لە قوتابخانە ئایینیەکان بەرهەم دەهێنرا، داڕشتنی بیرۆکەی سیستەمی دارایی “وەقف” و “سندوقی ئایینی” بوو. لە لایەک پیاوانی ئایینی “یاساکانی ئەوقاف”یان لەسەر بنەمای فەرموودە و وەرگێڕانی ئیمامی شیعە کۆدەکردەوە و لە لایەکی دیکەشدا لە کتێباکانیاندا لەسەر پشکی ئیمام لە خومس و زەکات دەیاننووسی.
لە ماوەی ٤٦ ساڵی ڕابردوودا حکومەت سەرچاوە و دەسەڵاتی سەرەکیی دارایی دامەزراوە ئایینییەکانی ئێران بووە. ساڵانە بڕێکی زۆر پارە لە ژێر ناوی بودجە دەڕژێتە ناو دامەزراوە ئایینیەکانی سەر بە خۆیان. هیچ وردبینییەکی یاسایی و هەروەها هیچ ڕاپۆرتێکی ڕوون لەسەر دارایی و بودجەی قوتابخانە و دەسەڵاتدارانی ئایینی بڵاوناکرێتەوە.
قوتابخانە ئایینیەکان و دەسەڵاتدارانی ئایینی هێشتا سەرچاوە داراییان لە بودجەدا جێگیرە و جگە لەوەش ڕێگا بۆ چالاکیی ئابووریی زانایانی ئایینی کراوەتەوە و لە پاڵ بەرپرسانی نزامی، دەسەڵاتدارانی ئایینیش بەشێکی زۆر لە ڕانتیان پێدەبەخشترێت. لەم ساڵانەی دواییدا زۆر ڕاپۆرت لەبارەی پەیوەندییە ئابوورییەکانی زانایانی ئایینی لەگەڵ بازرگانان و کەسانی دەوڵەمەند و تەنانەت پشکداربوونی زانایان ئایینی لە کارگەکان و یەکەکانی بەرهەمهێناندا بڵاو کرانەوە، لە لایەکی دیکەوە پیاوانی ئایینی بە شێوەیەکی ڕێکخراو هاتوونەتە نێو پێکهاتەی کارگێڕی وڵاتەوە، پێگەیەکی هەمیشەیی بۆ خۆیان دروست کردووە و سەرچاوەی دارایی نوێ بۆ خۆیان دۆزیوەتەوە. سەرکردە ئاینییەکان بەهۆی پەیوەندییان بە ناوەندی دەسەڵاتەوە، لە هەر لێکۆلینەوە و چاودێریەک پاڕاوێز دەخرێن. هەرچەندە دەنگۆ و بەڵگەی گەندەڵی لەناو پیاوانی ئایینیدا زۆر بووە، بەڵام هەرگیز پێشینەیەک نەبووە کە پیاوانی ئایینی پلەباڵا یان مامۆستایەکی دیاری قوتابخانە ئایینەکان بە تۆمەتی گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دارایی دادگایی بکرێت. هەموو دامودەزگا ئایینیەکان لە ئێران بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە ژێر چاوەدێری وەلی فەقیه دایە. بەڕێوەبەرانی قوتابخانە ئایینیەکان و وتارخوێنەکانی مزگەوتەکان و سەرۆکی ڕێکخراوە ئایینیەکان، هەموویان لە لایەن عەلی خامنەییەوە کە دەسەڵاتی بێسنووری یاسایی و لە دەرەوەی یاسای هەیە، دەستنیشان دەکرێن. هەر بۆیە بەشێوازێکی بەرنامە بۆ دارێژراو لە هەر هەلێک کەڵک وەردەگرن بۆ پتەو کردنی پرۆپاگەندەی ئایینی لە ناو خەڵکدا بۆ ئەوەی بتوانن بەم شێوازە بەردەوام بن لە گەندەڵی سیاسی و ئابووری بۆ دەوامی زیاتری دەسەڵاتی خۆیان. ژمارەی ئیمامزادە لە ئێران لەسەرەتای شۆڕشی گەلان لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی، نزیکەی هەزار و ٥٠٠ دانە بووە. ئەم ژمارەیە لە ساڵی ١٣٩٠دا گەیشتە نزیکەی ١١ هەزار. دەسەڵاتدارانی ئایینی لە هەندێک ناوچە گوندنشینەکان پارچە زەوییەکی گونجاو هەڵدەبژێرن و بە کڕینی قوبە و حەوشەیەک هەوڵ دەدەن ئیمامزادەیەکی نوێ لە گوندەکەدا دروست بکەن تا لە ژێر ناوی شوێنێکی ئایینی و بە ناوی خزمەتکردنی بۆ میوانانیان، دەست بەسەر زەویەکانی دەوروبەریدا بگرن و دامەزراوەی بازرگانی و گەشت و گوزار، دروست بکەن و بەم شیوازە بە یارمەتی دەسەڵاتداران هەزارن شوێنەواری مێژووی و کانزای بە نرخیان تاڵان کردووە کە بە یارمەتی سپای پاسداران بۆ دەرەوەی وڵات بە قاچاخ دەکرێت.
گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لە ئێران ئەمڕۆ سیستماتیک و دامەزراوەییە. گەندەڵی لە هەموو لایەن و بەشەکانی وڵاتدا ڕەگ و ڕیشەی داکوتاوە، تا ئەو ڕادەیەی کە بەبێ گەندەڵی حکومەتی کۆماری ئیسلامی توانای درێژەدان ژیانی سیاسی خۆی لەدەست دەدات و گەندەڵی لە ئێران لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا بووەتە شتێکی دامەزراوەیی.
ئەگەرچی بەڕوونی دەردەکەوێت کە هاوتەریب لەگەڵ ناکارامەیی و نەبوونی ئەزموونی سیاسی و ئابووری و بەڕیوبردن، گەندەڵی بەربڵاو و سیستماتیک و بەرنامە بۆ دارێژڕاو لە بواری ئایینی و تەرخانکردنی یەک لە چواری بودجەی وڵات بۆ بەشی هێزە چەکدارەکان کە ئامانجیان پاراستنی دەسەڵاتی خۆیانە نەک ئەمنیەت و ئاسایشی خەڵک، کە ناکارامەیی و گەندەڵێکی زۆریشی پێوە دیارە، بەرپرسان بەردەوام داکشانی و پاشەکشەی ئابووری دەگەڕێننەوە بۆ گەمارۆ ئابووریەکان کە ئەوەش تەنیا خۆڵ لە چاوی خەڵک کردنە. بە پێی لێکۆلینەوەکان تا ئێستا زیاتر لە ٧٠ وڵاتی جیهان کەوتوونەتە ژێر جۆرێک لە گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکاوە. بە دڵنیاییەوە ئەم سزایانە بێکاریگەر نەبوون لە دروست کردنی کێشەی ئابووری لە وڵاتان، بەڵام وەک زۆرێک لە شارەزایانی ئابووری هەر لە سەرەتای گەمارۆکانەوە ڕایانگەیاندووە، کاریگەری ڕاستەقینەی گەمارۆکان هیچکات لە سەدا بیست زیاتر نەبووە و زۆربەی کێشە ئابوورییەکان لە ئەنجامی بڕیاری هەڵەی بەرپرسان و گەندەڵیە ئابووریەکانی ئەو بەرپرسانەوە هاتۆتە ئاڕاوە. بەڵام هۆشیاری خەڵک لە ساڵانی ڕابردوودا دەرخەری ئەو بابەتەیە کە کۆمەڵگای ئێران چیتر باوەڕ بەم درۆیانە ناکات و بۆیان سەلماوە کە دەسەڵاتی ئایینی عەلی خامنەیی سەرچاوەی سەرجەم کێشە سیاسی و ئابووریەکانە و بۆ دەربازبوون لەو چەقبەستوویە دەبێت لەو دەسەڵاتە تێپەر ببن و سکۆلاریسم و جیایی دین لە سیاسەت باشترین چارەسەر بۆ بنبڕ کردنی ئەو گەندەڵیانەیە