بە تایبەتی کردن یان بووژاندنەوەی کەرتی تایبەت سیاسەتێکی ئابوورییە بۆ هاوسەنگکردنی نێوان حکومەت و بازاڕ و بێگومان دەبێت قازانجی بازاری تێدا بەدی بکرێت. ئەم هەنگاوانە لە بنەڕەتدا ئامانجیان زیادکردنی کارایی و چالاک کردنەوەی بەشی ئابوورییە؛ چونکە لە ڕووی زانستیەوە تایبەتمەندکردن لەسەر ئەو بیرۆکەیە دامەزراوە تا بە سازکردنی بارودۆخی کێبڕکێ لە بواری ئابووریدا گەورەترین کارایی ئابووری بەدەستبهێنێت. هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئاستی خوازراو و تێکەڵکردنی گونجاوی دەستێوەردانی حکومەت و بازاڕ بووەتە هۆی ئەوەی کە سیاسەتی تایبەتمەندکردن وەک یەکێک لە بەرنامە سەرەکییەکانی چاکسازی لە بواری ئابووری لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان و بە تایبەتی لە ئابووری ئێراندا ببێتە هۆکارێک بۆ ڕزگاربوون لە کێشەکانی کۆمپانیا و کارخانە دەوڵەتییەکان، بەگشتی دەتوانین بڵێین ئامانجی بە تایبەتکردن سوودوەرگرتنە لە بچووککردنەوەی حکومەت، لامەرکەزیکردنی ئابووری، کارامەترکردنی کۆمپانیا تایبەتەکان لە کۆمپانیاکانی دەوڵەت، باشترکردنی ئەدای دارایی و کارپێکردنی کۆمپانیا تایبەتەکان و لە ئەنجامدا، زیادکردنی خۆشگوزەرانی گشتی.
بەدڵنیاییەوە هەر کات ئابووری وڵات بە دەست دەوڵەتەوە بێت دوو زیانی سەرەکی هەیە، یەکەم ئەوەیکە قۆرغکاری لە ئابووریدا ڕوودەدات، دووهەم ئەوەیکە هاندەرێکی باش بۆ کارکردن نابیندرێت و ئابووری وردەوردە بەرەو داڕمان دەروات. لەسەر بنەمای ئەم ئەم دوو بابەتە ئابووری ناسان پێیان باشە ئابووری وڵاتان بۆ گەشەی بەرچاو دەبێت بدرێتە کەرتی تایبەت لە پڕۆسەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو و بە دوو شێوازی کورت مەودا و درێژ مەودا. لە ئێرانیش لە دەیەی هەشتای هەتاویدا “ڕێکخراوی تایبەتمەندکردن” پێکهێنرا و دوابەدوای هەندێک کێشە لە جێبەجێکردنی بە تایبەتکردندا، حکومەت ماددەی ٤٤ی دەستووری هەموارکردەوە و بەم شێوەیە حکومەت پێویست بوو ٨٠%ی پشکی کۆمپانیا دەوڵەتییەکان بگوازێتەوە بۆ کەرتی تایبەت. ئەم یاسایە گواستنەوەی کۆمپانیاکانی بۆ کەرتی تایبەت خێراتر کرد.
لە ڕاستیدا بەرپرسیارێتی ناژیرانەی ئەو پڕۆسەیە و ئاگادار نەبوون لە چۆنێتی بە تایبەتمەندکردن وای کرد کە دەسەڵاتدارانی ئێران، بەشی دەوڵەت واتە کەرتی گشتی بچووک کەنەوە و بیدەنە بەشی کەرتی تایبەت جیا لە چۆنێتی سیاسەتی بەڕێو بەردنی ئەو قۆناغە، هەڵەی سەرەکی ئەوەیەکە چارەسەر بچووککردنەوەی کەرتی گشتی نییە، بەڵکوو ئەوەیە کە حکومەت دەبێت بەو قەبارەیەی ئێستای بمێنێتەوە و لەبری ئەوە، کەرتی تایبەت فراوان بکرێت بۆ ئەوەی ڕێژەی ئەم دوو کەرتە لە ئابووری وڵاتدا هاوسەنگ بێت. بۆیە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی تایبەتمەندکردن و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هەڵەکانی ڕابردوو، پێویستمان بە چاکسازیی پێکهاتەیی و ڕێبازی نوێ هەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتانە.
بە تایبەتکردن دەتوانێت سوود و قازانجێکی زۆر بە ئابووری وڵات بگەیەنێت هەر بۆیە زۆبەی وڵاتان هەوڵی زیاد کردنی پشکی کەرتی تایبەت لە گۆڕەپانی ئابووری خۆیاندا دەدەن، باشتر کردنی کارایی و زیادبوونی کێبڕکی لە ئابووریدا تەنیا دوو لە سوودەکانی بە تایبەتکردنی ئابوورییە. کۆمپانیا تایبەتەکان بۆ بەدەست هێنانی قازانجی زیاتر، گرنگییەکی زیاتر دەدەن بە بەکارهێنانی گونجاوی سەرچاوەکان، تێچوونەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمدەکەنەوە و بەو هۆیەوە کارایی زیاتر بەدەست دەهێنن تا بتوانن ڕێژەی سوود و قازانجیان زیاد بکەن. لە لایەکی دیکەشەوە بە تایبەتکردن پێش بە قورغکارییەکان و ڕانتی دەوڵەت و حکومەت دەگرێت، ئەمەش ڕێگە بە کۆمپانیاکان دەدات بچنە ناو پیشەسازییەوە کە یەکێک لە دەرئەنجامەکانی زیادبوونی کێبڕکێیە لە بازاڕدا. کێبڕکێ دەتوانێت ببێتە هۆی هاندانی داهێنان و دەتوانێت ببێتە گەورەترین هۆکار بۆ باشترکردنی کارایی و بەرهەمهێنان و لە کۆتاییدا کوالێتی و چۆنێتی خزمەتگوزارییەکان و بەرهەمە دروستکراوەکان ڕوو بە باشبوون دەڕوات و لەو گۆڕانکاری و کێبڕکێیەدا بازاڕ و کریار قازانج دەکەن و ئابووری بەرەو پێش دەڕوات.
بەڵام بۆچی لە ئێران ئابووری بەم جۆرە و بێ وەستان بەرەو داڕمان و پاشەکشەیەکی بەرچاو ، هەنگاو دەنێت؟
لەڕاستیدا هۆکاری ئەو بابەتە لەسەرەتادا دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاوی، کە حکومەت و دۆستان و نزیکانی دەسەڵات هەر زوو بە بیانووی جۆراوجۆر دەستیان بەسەر کۆمپانیا و موڵک و ماڵی پیشەسازی و خاوەنکارە دیارەکانی ئەو سەردەمەدا گرت و مافی خاوەندارێتیان پشتگوێخست.
بۆ ساڵانێکی زۆر ئەو کردەوانە بۆ هۆی دوورکەوتنەوەی کەرتی تایبەت و سەرمایەداران لە پیشەسازی وڵاتدا و ڕێگا بۆ قورغکاری و ڕانتی دەسەڵاتدارانی سەر بە حکومەت پەرەی سەند و ئابووری ئێران بۆ ڕێژەیەکی زۆر دابەزینی بە خۆیەوە بینی.
پێداچوونەوەیەک بە پرۆسەی تایبەتکردن لە دوو دەیەی ڕابردوودا ئەوەمان بۆ دەردەخات کە بەداخەوە حکومەتەکان لەو شوێنانە دەستیان بە بەتایبەتکردن کردووە کە کەمترین ئەولەویەتیان هەبووە یان تەنانەت لەو شوێنانەی کە گومانی جددی هەبووە لەوەی کە ئایا پێویستە بە تایبەتبکرێت یان خود نا، جگە لەوەش، بە تایبەتکردن پێش ئەوەی میکانیزمی ڕێکخستنی و چاودێری گونجاو لە شوێنی خۆیدا هەبێت ئەنجامدراوە.
زۆرێک لە توێژەران پێیان وایە کەمتر لە سەدا ٢٠ی هەموو گواستنەوەکان بۆ کەرتی تایبەت، بە شێوازێکی ڕاستەقینە گواستراونەتەوە، لە ڕاستیدا ئەوەی لە وڵاتدا ڕوویداوە لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا فرۆشتنی سەروەت و سامانی زیادەی حکومەت بووە. لە ڕاستیدا ڕێکخراوی تایبەتکردن بە کردەوە ڕێکخراوێک بوو بۆ فرۆشتنی سەروەت و سامانی زیادەی حکومەت. ناکارامەیی حکومەت لە بەڕێوەبردنی کەرتە ئابوورییە گرنگەکان، لەوانە بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری و دابەشکردن و بە تایبەتکردنی هەندێک لە کارگەکان، جگە لە گەندەڵی درێژخایەن لە گواستنەوەکاندا کە جگە لە ڕادەستکردنی کارگەکان بە کەسانی ناشایستە هیچی دیکەی لێنەکەوتۆتەوە.
چەمکی تایبەتمەندکردن دەتوانرێت لە دوو ڕوانگەووە لێی بکۆڵدرێتەوە.
یەکەم: گواستنەوەی کۆمپانیا دەوڵەتی و گشتیەکان بۆ کەرتی تایبەت، یان بە تەواوی یان بە هاوبەشی دووەم، گواستنەوەی ئەو چالاکییانەی کە لەلایەن حکومەتەوە قۆرغ دەکرێن بۆ کەرتی تایبەت. بە تایبەتکردن کاتێک سەرکەوتوو دەبێت کە هاوسەنگییەک لە نێوان ئەو دوو کەرتەدا دروست بکرێت؛ ئەمەش بەو مانایەیە کە قەبارەی کەرتی گشتی بە بەردەوامی دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی کەرتی تایبەت بتوانێت گەشە بکات. لە بنەڕەتدا ئامانجی بە تایبەتکردن بریتییە لە جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتانەی کە ئابووری بەرەو ئابوورییەکی ئازاد و پڕ لە کێبڕکێ دەگوازنەوە؛ ئەمەش سەرەڕای مەرجە یاساییەکان لە وڵاتدا سەرکەوتوو نەبووە، بەهۆی پشتبەستنی بودجە بە داهاتی نەوت، بەتایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا، حکومەت ڕووبەڕووی قەیرانی کورتهێنانی بودجە بووەتەوە و قەرزداری بانکی ناوەندی و دامودەزگاکانی دیکەی حکومی بووەتەوە. بۆیە ئەگەر گواستنەوەکە ڕوویدابێت، ئەوا ئەو سەرچاوانەی لێی وەرگیراون، بۆ یەکلاکردنەوەی قەرزەکە و گەڕاندنەوەی قەرزەکانی حکومەت تەرخانکراوە، بەمەش لە ئامانجە سەرەتاییەکانی لایانداوە.
تایبەتکردن لە ئێراندا بەدی نایەت تا چەند پێشمەرجێکی گرنگ جێبەجێ نەکرێت: دروستکردنی کەشێکی بازرگانی لەبار و پێوەرەکانی دیکەی نێودەوڵەتی؛ ئاسانکاری بۆ پرۆسەی هەناردەکردنی نانەوتی بۆ کەمکردنەوەی گوشاری داهاتی نەوت لەسەر بودجەی وڵات، ڕیزبەندیکردنی شەفافانەی ئەو کۆمپانیایانە کە دەتوانرێت بگوازرێنەوە، دیاریکردنی چوارچێوەی یاسایی دروست بۆ گواستنەوە و بەدەستهێنانی متمانەی وەبەرهێنەران کە سەرمایەکەیان لە کورتخایەن و درێژخایەندا داهاتێکی گونجاوی دەبێت. کێشەی ئابووری ئێران بە پلەی یەکەم لەوەدا نییە کە ئابووریەکی دەوڵەتییە، بەڵکو لەوەدایە کە حکومەت ڕۆڵێکی کەمی هەیە لەو کەرتانەی کە دەبێ تێیاندا بەشدار بێت، وەک خانووبەرە، گواستنەوەی گشتی و وەرزشی، لە کاتێکدا ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لەو کەرتانەی کە نابێت هەبێت، وەک هاوردە و بازرگانی.
هەڵاوسانی بەرز بە گەورەترین بەربەست لە بەردەم بەرهەمهێنانی کەرتی تایبەت دادەنرێت، چونکە لە بارودۆخی هەڵاوساندا وەبەرهێنان لە دەڵاڵی و سەروەت و سامانیخۆیدا داهاتێکی زۆری هەیە و هیچ هاندەرێکی نیە بۆ بەرهەمهێنان. هەروەها، هەڵاوسان لە بازاڕی دراوی دەرەکی، هۆکارێکی دیکەیە کە هاندەری کەرتی تایبەت بۆ بەرهەمهێنان لەناو دەبات و پاڵ بە کەرتی تایبەتەوە دەنێت بۆ ئەوەی بەشداری لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی دەرەکی بکات. مەرجی یەکەم بۆ گواستنەوە ئەوەیە کە گواستنەوەی بەڕێوەبەرایەتیش ڕووبدات. بە تایبەتکردن نەک هەر نەیتوانی ئامانجەکانی زیادکردنی بەرهەمهێنان و کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت مسۆگەر بکات، بەڵکو بوو بە پەناگەیەک بۆ ڕانت و گەندەڵی و ناکارامەیی. ئەگەر ئەم ڕەوتە بەبێ چاکسازی بەردەوام بێت، جگە لە بەفیڕۆدانی سەرچاوەکان و زیاد بوونی قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان، هیچی دیکەی لێناکەوێتەوە.
لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەی جێبەجێکردنی سیاسەتی بەتایبەتکردن، تەنیا لە سەدا ١٦ی کۆی گشتی گواستنەوەکان بۆ کەرتی تایبەتی ڕاستەقینە بووە و لە سەدا ٨٤ی دیکەش لە دەستی حکومەت لە ڕێگەی پشکی دادپەروەرییەوە (سهام عدالت) و قەوارە تایبەتەکان یان نیمچە حکومییەکاندا ماوەتەوە. پێداچوونەوەیەک بە ئەزموونە جیهانییەکان دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە چوار مەرجی سەرەکی بۆ بە تایبەتمەندکردن لە وڵاتە جیاوازەکاندا کاری پێدەکرێت تا بتواندرێت ئەو پڕۆسەیە بە باشی ڕوو بدات، کە بریتی بوون لە:
١- نەبوونی گەندەڵی لە گواستنەوەکاندا (گرنگیدان بە شایستەیی لە گواستنەوەکاندا، دانانی نرخێکی ڕاستەقینە و بەدەستهێنانی گەرەنتی پێویست لە کڕیار)، لە بواری گەندەڵی لە گواستنەوەدا، ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە لە ماوەی ساڵانی ١٣٩٢ تا ١٣٩٦ی هەتاویدا زیاتر لە ٣،٦ ترلیۆن تمەن لە گواستنەوەی چوار کۆمپانیای دەوڵەتی لەوانە، پاڵاوتنی نەوتی کرماشان، کشتوکاڵ و پیشەسازیی موغان، ئەلەمنیۆمی ئەلمەهدی و هورمەزال و کۆمپانیاکانی سەر بە کۆمپانیای گەشەپێدانی گەشتیاری، بەنرخێکی زۆر کەم هەرزان فرۆش کراون، لە ڕاستیدا دەسەڵاتدارانی حکومی لە زۆرتریان خۆیان کڕیاری کۆمپانیا تایبەتمەندەکان بوون.
٢- ژینگەیەکی بازرگانی لەبار، مەرجی دووەمە بۆ بە تایبەتکردن، بەداخەوە زۆرێک لە بە تایبەتکردنەکانی ئێران لە ڕاستیدا لە قۆناغەکانی پاشەکشەی ئابووری (رکودی اقتصادی) ئەنجام دراون. واتە دەوڵەت هەوڵی داوە ئەم کۆمپانیانەی لە بواری ئابووری و پیشەسازی سوودێکی بۆ نەماوە بۆ بەدەست هێنانی پوڵ بیدا بە کەرتی تایبەت کە ئەم شێوازە لە بە تایبەتمەندی کردنە هەر لەسەرەتاوە مایە پووچ بوونی کڕیار دەسەلمێنێت.
٣- سێیەم مەرجی بە تایبەتکردن، سەقامگیری ئابووریی گەورەیە. لەو چوارچێوەیەدا، لێکۆڵینەوەکان وا دەنوێنن کە بەشێکی بەرچاو لە بە تایبەتکردنی کۆمپانیا دەوڵەتییەکان لە ساڵانی ١٣٩٠ و ١٣٩١ی هەتاوی ئەنجام دراوە، کە ئابووری ئێرانیش وەک بارودۆخی ئێستا ڕووبەڕووی هەڵاوسانی توندی دراو و هەڵاوسانی بەرز و پاشەکشە بووەتەوە. هەڕوەها له هەلومەڕجی ئێستادا باس له بەتایبەتیکردنی به شێکی زۆری کۆمپانیا دەوڵەتییەکان دەکرێت، له کاتێکدا ئێران له ڕیزبەندی نا سەقامگیری ئابووریی لە ناو وڵاتان، بە پلەی ٤٤ی جیهانیدا دێت.
٤- پێشمەرجی چوارەم بۆ بە تایبەتکردن، پرسی مافی خاوەندارێتییە. لەم پێوەندییەدا ڕاپۆرتی توانای ڕکابەریی ساڵی ٢٠١٨ی زایینیدا، نیشان دەدات کە ئێران لە پێوەرەکانی مافی خاوەندارێتیدا لە پلەی ١٠٠ی جیهاندایە.
لە کۆتاییدا دەبێت ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەگەرچی زۆربەی کات پاشەکشەی ئابووری و داڕمانی ئابووری ئێران دەبەسترێتەوە بۆ ناکارامەیی و نەزانی بەرپرسان و ناشارەزایەتی دەسەڵاتداران لە بواری ئابووریدا، بەڵام لە ڕاستیدا گەندەڵی و ڕانتی سیستماتیک و بەرنامە بۆ دارێژڕاوی سەردەمی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی ئەوەمان پێدەڵێت کە بە پێچەوانەوە زۆر باش توانیویانە سەرچاوە داراییەکان بدۆزنەوە و بە قۆرغکاری و ڕانت و گەندەڵی لە نێوان خۆیاندا بەشی کەن و بۆ ئەوەی شوێن پێی خۆشیان بشارنەوە و خۆڵ بخەنە چاوی خەڵکەوە، بە گۆڕێنی چەند وەزیرێک وەک هێممەتی و دەستبەسەرکردنی کەسانی وەک بابەکی زەنجانی بۆ ماوەیەک، کاتی زیاتر بکڕنەوە بۆ دزین و بردن و فرۆشتنی سەروەت و سامانی ئەو وڵاتە و خۆیان بۆ ڕۆشتنێک کە دوور نیە، ئامادە بکەن.