مەشخەڵ بە دەستن کچی کوردستان
رووناکیان کردووە ئاسۆی بندەستان
شکا بێدەنگی چەند سەدەی ژنان
مەلای دواکەوتوو کەوتوونەتە ژان
ئاخوند و مەلای دێو و ئەهریمەن
دژی ژنان و ئازادی و گەشەن
خوێنڕێژن و شەڕخواز، کۆنەپەرستن
دژی پێشکەوتن و ئاشتی دەوەستن
پەت و سێدارەن زهار و زیندان
دژی ئەندێشە و هەڵدانی ئینسان
لێوی تەورن و ددانی مشار
دژی باخچەن و گوڵزار و بەهار
ڕەشبین و ڕیشن، خێڵی تاریکین
دژی چی ڕەنگ و جوانی و رووناکین
دەکوژن دەبڕن کچ و کوڕ و کاڵ
پیر و ژن و پیاو، لاوچاک و مناڵ
بەڵام گەلی کورد لەم کوردستانە
چەخماخەی شۆڕش و هێزی هەستانە
دایک و باوکی کورد، ئازا و نەبەزن
گەرچی داخدارن بەڵام نالەرزن
دەنێژن ڕۆڵەی ئازیزتر لە گیان
لە سەر گڵکۆکەی وەک شێری ژیان
دەنگ هەڵدەبڕن و نێڵ دەدەن خەبات
پێشکەشی دەکەن رۆڵە بە وڵات
بە گڕی شۆڕش و باڵای نیشتمان
بە داهاتووی گەش، ئازادی گەلمان
دەبێژێ لاوک دایکی دڵسووتاو
دڵ لە بەردیش بێ هەر دەیکاتە ئاو
دایک و باوکی کورد ئاوا ڕاهاتوون
بە خەم و ستەم قەت دانەهاتوون
شانبەشان هاوڕێ هاتوون کچ و کوڕ
لە سەر مافی خۆ پێچڕن و مەکوڕ
بەرامبەر گوللە و چەکی سەرکوتگەر
هاتوونە مەیدان بێ چەک و سەنگەر
گیانبەخت دەکەن لە پێناو هاوڕێ
کوێرناکەنەوە ڕێباز لەگەڵ ڕێ
ورە پۆڵایین بە گوڕ و تینن
خولیای ئازادی و دڵ پڕ ئەڤینن
هێزی ژنانە گەنجی سەربەمۆر
ڕووناکی دەکا وڵات وەکوو خۆر
تێکەڵدەبنەوە کانیاوی کوێستان
لەگەڵ ڕووباری شەقامی هەستان
لەگەڵ شنەبا و تیری کازێوە
بەرەو هەوارگەی یاران دێینەوە
دێن دادەگەڕێن پۆل پۆل شۆڕەسوار
بەرەو کانگای دڵ، شاری چاوەنوار
دەبارێن ڕێژنە ڕێژنەی پێشمەرگە
دەگەڕێنەوە هاوڕێی تاراوگە
تاوی لافاوی ئەم خورۆشانە
ڕادەدا زۆردار لەم نیشتمانە
دەیکەینە جێژنی ئازادی وڵات
باژێڕ و گوندی خاکی ڕۆژهەڵات
گوڵباران دەکەین گڵکۆی ئازیزان
یادیان هەر سەوزە لە هەموو وەرزان
ئەم شیعرە لە کاتی شۆڕشی #ژینا #ژن_ژیان_ئازادی دا نووسراوە و لە ڕووداوەکانی ئەو دەم و دەور و نەخشی چالاک و کاریگەری ژنان و لەخۆبوردوویی و خۆنەویستی کچان و کوڕان، گەورەیی و ورەی بەرزی دایک و باوکی گیانبەختکردووان و لە بەرامبەریشدا دڕەندەیی هێزی سەرکوتگەری ڕژیم دەدوێ.