بەشی یەکەم
قۆناغی دەسپێک
ئێمە لە دەروازەکانی سەردەمێکی گرنگدا وەستاوین، سەردەمی تەخمیرکردن، کاتێک ڕۆح بە بازدانێک بەرەو پێشەوە دەڕوات و شێوەی پێشووی خۆی تێدەپەڕێنێت و شێوەیەکی نوێ وەردەگرێت. هەموو بارستەی نوێنەرایەتی و چەمک و پەیوەندییەکانی پێشوو کە جیهانی ئێمەی بەیەکەوە دەبەستەوە، وەک وێنەیەکی خەوناوی دەتوێنەوە و دەڕووخێن. قۆناغێکی نوێی ڕۆح خۆی ئامادە دەکات. فەلسەفە بە تایبەتی دەبێت پێشوازی لە دەرکەوتنی بکات و دان بەوەدا بنێت، لە کاتێکدا ئەوانی دیکە کە بە بێدەسەڵاتی دژایەتی دەکەن، بە ڕابردووەوە دەلکێن.
هێگێل، ١٨ی سێپتامبری ١٨٠٦، لە کلاسێکی دەرس گووتنەوەی
مێژووی کۆمەڵە لە گۆشەنیگای تا ڕادەیەک جیاوازەوە گێردراوەتەوە و یا نووسراوە، ڕاویانی ئەو مێژووە هاوبۆچوون نین لە گێرانەوەی مێژووی هاوبەشیان، بەو هۆکارەی کە ئێستا وەک یەک بیر ناکەنەوە، ئەوە کێشەیە تەنیا بۆ کۆمەڵە و مێژووکەی نیە و لە ڕاستیدا تەنگەژەی سەرەکی فام کردنی رووداوە مێژوویەکانە.
لە ڕوانگەی منەوە ئاسانترین تێروانین سەبارەت بە بارودۆخی مێژوویی و کۆمەڵایەتی دەسپێکی کاری کۆمەڵە ئەمەیە: (کۆمەڵێک گەنجی خوێندەوار هەستیان بە جیاوازی چینایەتی و نادپەروەری کۆمەڵایەتی کردبوو و بۆ ئەو مەبەستە خۆیان رێکخست و لابردنی سیستەمی چەوسێنەرانەی چینایەتی و سەرمایەداری و پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی سوسیالیستی و لە نێهایەتدا کۆمۆنیستیشیان کردە ئامانجی بنەڕەتی و سەرەکی خۆیان.)، ئەو شرۆڤەیە بە هیچ شێوەیەک ناتوانێ هەڵگری باری ناوەرۆکیی دەسپێکی کاری حیزبێک بێت کە لە مێژووی هاوچەرخی کوردستانی رۆژهەڵات کاریگەری یەکجار گەورەی نەک هەر سیاسی بەڵکوو کۆمەڵایەتیش داناوە و بە گووتەی زۆر کەس رۆچۆتە قوڵایی کۆمەڵگاوە.
کەسێک کە ڕاوی ئەو مێژوویە، بە تایبەت کە خۆی بەشداری بووبێت زۆر پێویستە سەرجەمی بارودۆخی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری ئەو سەردەم بێنەتە بەر باس، و نیشانی بدات کە چۆن هەموو ئەوانە کاریگەریان لەسەر دەسپێکی کۆمەڵە داناوە.
هەر بۆیە من لێرەدا تێدەکۆشم تەسویرێک بەخەمە بەر دیدی خوێنەر و نیشانی بدەم کۆمەڵە تەنیا لە ئیرادەی فەردی پێکهێنەرانیەوە (جا بە هەر هۆکارێک) ساز نەبووە، بەڵکوو هاتنە ئارای سەردەمێکی نوێ، پێداویستی بابەتیانەی هێناوەتەوە بەردەم و پێکهێنەرانی کۆمەڵەش کاریگەریان وەرگرتووە و ئینجا ئیرادەی کردنی کارەکەشیان بووە.
کۆمەڵە لە رەزبەر (ئوردیبەهەشتی) ١٣٤٨ هەتاوی بڕیاری دامەزرانی دەدرێت، بۆیە گرینگە ئاورێک لە دەیەی ٤٠ی هەتاوی لە ئێران، کوردستان و تەنانەت جیهانیش بدەینەوە، بۆ ئەوەی بزانین ئاتووموسفێری دەرەوە چۆن بووە:
لایەنی ئێرانی:
دەیەی چلی هەتاوی لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا گرینگایەتی زۆری هەیە، کۆمەڵێک گۆرانکاری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی لە بەستەیەکدا بە ناوی شۆڕشی سپی هاتنەوە ئاراوە کە تا هەنووکەش کاریگەریان لەسەر بەستێنی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی ئێرانی ماوەتەوە. لەوانە ئیسلاحاتی ئەرزی و دابەش کردنی زەویە کشت و کاڵیەکان لە ناو کەشاوەرزان و نەمانی دەرەبەگایەتی، دانی مافی دەنگدان بە ژنان، دامەزرانی سپاسی دانیش، گرانبوونی نرخی وزە و گەشەی ئابووری و هتد.
جگە لەوانە بە دوای کۆدەتای ٢٨ی موردادی ساڵی ٣٢ هێزە ئێپۆزێسیۆنە کلاسیک و ناودارەکانی ئێران وەک حیزبی توودە و جەبهەی میللی پاشەکشەی زۆریان پێکرابوو، کرانەوەیەکی ئابووری ڕوویدابوو بەڵام لە بواری سیاسیەوە ئەوەی دەبیندرا دەسەڵاتی رەهای شا بوو بەسەر هەموو وڵاتەوە.
لایەنی کوردستانی:
لە کوردستان بە دوای شکستی کۆماری کوردستان حیزبی دیموکرات تووشی پەرتەوازەیی ببوو، بەشێک لە رێبەران و سیما ناسراوەکانی لە کوردستان عێراق بوون، ئەوانیش قەوارەیەکی زۆر مونسەجیمیان نەبوو، بەشێک لە ژێر کاریگەری بارزانی و شۆرشی ئەیلوولدا بوو، بەشێک پشتیوانی مام جەلال و بەرەی دەفتەری سیاسیان دەکرد و بەشێکیش سەربەخۆتر بەلام لاواز مابوونەوە.
دیارە لە ناوخۆش چالاکان کەم هێز، کەم پەیوندی و قەوارەمەند نەبوون، ئەوەی لە راستیدا بوونی هەبوو هەست و سۆزی کوردانە بوو نەک تەشکیلات و ساختار.
لە دیوی باشوور شۆرشی ئەیلوول لە سەرەتاکانی دەیەی ٦٠ی کۆچی هەڵگیرسابوو و کاریگەری گەورەی لە هەموو بەشەکانی کوردستان ساز کردبوو، شۆرشی ئیلوول لە راستیدا دوای هەرەس هێنانی کۆماری کوردستان لە رۆژهەڵات، گەورەترین هەستانەی کورد بوو و تا رادەیەک جووڵە و ورەی دابۆوە بە هەستی شۆرشگێری و کوردانە.
بزووتنەوەی ٤٦-٤٧ی سمایلی شەریف زادە و موعینیەکان و هاتنەوەیان بە دیوی ئێراندا و شکستیان، لە لایەوەکەوە ناهومێدی ساز کردبوو، لەلایەکی دیکەشەوە ئیلهامبەخشی زۆرێک لە جیلی نوێ بوو لە بزواندنی هەستی بەرخۆدان و وەستانەوە.
ئەو گۆرانکاریانە هاوکات بوو لەگەل کۆمەڵێک رووداوی جیهانیش وەک گەشەی بیری ئازاد و دێموکراسی خوازی، چەپایەتی تا ڕادەیەک جیاواز لە مۆدێلی سۆڤیەتی لە چەشنی بزووتنەوەی خوێنکاری مەی ١٩٦٨ی پاریس و دواتر لە ١٩٧٠ لە ئیتالیا، سەرهەڵدانی بیرۆکەی فێمینیستی و مافەکانی ژنان، پەرەگرتنی بزووتتنەوە دژە ئیستعماری و کۆلۆنیالیەکان لە چەشنی شەری ڤیێتنام کە ئیهامبەخشی زۆرێک لە ئازایخواز و شۆرشگێرەکان بوو لە هەموو دونیا.
ئالێرەدایە کە کۆمەڵە بەرهەمی بارودۆخی سەردەمی خۆیەتی:
ئەزموونی شکستەکان و تێهەڵچوونەوەکانی بزاڤی کورد، هاتنە ئارای گووتارە نوێیەکان لە پانتایی جیهانی، تێکەڵبوونی دامەزرێنەرانی لەگەڵ خوێندنگا مۆدێرنترەکانی ئەو کاتی ئێران، لاوازبوونی نیزامی دەرەبەگایەتی و زیا دبوونی ژمارەی شار نشینەکان، زیادی بوونی ژمارەی چینی کرێکار، تەنانەت نیگای رەخنەگرانە لە ئەزموونەکانی ڕابردوو و هتد.. کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر دەسپێکی جۆڵانەوەیەکی نوێ بە ناوی کۆمەڵە بووە.
سەرەتای کاری ئەو رێکخراوە نوێیە بەشی هەرە زۆری ئاوێتە کراوی چالاکی مەیدانیە تا ئەکتی سیاسی، هۆیەکەشی نەبوونی هەرچەشنە ئازادی سیاسی و رێکخراوەیی ئەو کاتی ئێرانە، بۆیە ئاسان نیە دەورەی چالاکی نەهێنی لە ڕووی سیاسیەوە زۆر شرۆڤە بکرێت، بەڵام گرینگە کە بزانین دەسپێکەکەی لە ڕووی چ پێداویستیەکەوە بووە.
بۆ نووسەری ئەم دێرانە کۆمەڵە بەرهەمی بارودۆخی بابەتی ئەو بەستێنە کۆمەڵایەتی، سیاسیە و تەنانەت ئابوورییەوە کە لەو سەردەمەدا بوونی بووە، من پێموانیە سازبوونی کۆمەڵە لادان لە مێژووە، بەڵکووە درێژەی شۆرشی کوردە لە فۆرم و ناوەرۆکێکی نوێتر و سەردەمیانەتردا، کۆمەڵە درێژەی پێش خۆیەتی بە نیگایەکی رەخنەگرانەوە، تەنانەت هەڵبژاردنی ناوەکەی ناتوانێ دابڕاو بێت لە ناوی کۆمەڵەی ژێکاف.
کۆمەڵە کاریگەری وەرگرتووە، بەستێنی کات و شوێن مانای پێبەخشیەوە و ئاکتی گوونجاو لەگەل کۆمەڵگاش هێشتوویەتەوە، هاوکات کاریگەری داناوە و رۆچۆتە قوڵایی کۆمەڵگاوە و بۆتە بەشێک لە جەماوەر، بەشێک کە سەڕەرای هەموو نەهامەتیکان تا هەنووکەش هێشتوویتەوە.
٩ ساڵ کار نەهێنی، زیندانی کرانی بەشی هەرە زۆری چالاکانی، تێکەڵ بوونی و چوونە ناو کۆمەڵگا و ئاوێتە بوونی بە دەر و رەنج و هاوکات خواستەکانی کۆمەڵگا، ناتوانێ ئەو حەرەکە نوێیەی تەیار نەکردبێ بە ئەکتی لۆژیکی، ناشێ سەڕەرای بوونی تا ڕادەیەک ڕوانگەی پۆپۆلیستی کە لە بەڵگەنامەکانی کۆنگرەی یەکەمی ئەو حیزبە دەردەکەوێ، گشتیەتی هەڵسووکەوتەکانی نەخستبێتە سەر هێڵێکی عەقڵانی، هێلێک کە لە دەسپێکی شۆرشی١٣٥٧ و لە زۆربەی ئەکتە سیاسیەکانی کۆمەڵەدا خۆی نیشاندا. (لە بەشی داهاتوودا دەیانخەمە بەر باس).
کۆبەند:
بۆ جیلێک کە خۆی ڕاستەوخۆ لەو مێژووەدا نەبوو گرنگە کە زۆر زیاتر لەوەی دەسپێکی کۆمەڵە وەک حەماسە و ئیرادەگەرایی ئاکتەرەکانی (کە بە دڵنیاییەوە بوویانە)، یان سەیتەرەی هێژمۆنی کۆمۆنیزیم بەسەر بیری ئاکتەرەکانی (کە ئەوەمەش بێ کاریگەری نەبووە) پێناسە بکا، کۆمەڵە و دەسپێکەکەی وەک درێژەی شۆرش و شۆرشەکانی کورد بۆ رزگاری (هەموو شێوەکانی) لە فۆرم و مێتۆدێکی نوێدا، و ئەو بەستێنە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریەی کە بوونی بووە لە سەردەمی خۆیدا ببینێ. بۆ ئێمە مەنتیقی تر ئەوەیە کە کۆڵەکە و فۆنداسیۆنی داهاتوو لەسەر ئەو ڕوانینە بنیاد بنێین، ئەوەیان ماڵی گەورەی لەسەر سوار دەکرێ، ئەوەی تر لە باشترین حاڵەتدا دەبێتە یادەوەریەک لە چەشنی چریکەکان کە عەینیەتی نامێنێ، تەنها نۆستالژی برێک کەس دەحەسێنێتەوە.