مرۆڤەکانن کە مێژووی خۆیان ساز دەکەن، بەڵام نەک بەو شێوەیەی کە دڵخوازی خۆیانە، یا لە بارودۆخێکدا کە خۆیان هەڵبژاردووە، بەڵکوو لە بارودۆخێکی داندراودا کە میراتی ڕابردووە و خۆیان ڕاستەخۆ لەگەڵی سەرقاڵن.
مارکس، سەرەتای ١٨ی بروومێر
ئەو وتارە سەرەتاکەی لە سمینارێک کە بە بۆنەی ٢٦ی ڕێبەندان ساڵرۆژی کۆمەڵە لە شاری فرانکفۆرت بەڕێوەچوو پێشکەش کرا، دیارە لەوێدا کات و مەجال نەبوو کە بە تەواوی بتوانم هەموو لایەن و ڕەهەندەکانی ئەو پرسە شی بکەمەوە و هەر بۆیە کەوتمە ئەو بیرە کە لە چەند وتارێکدا لە گۆڤاری ئاسۆی ڕۆژهەڵات بە فراوانی و وردەکاری زیاترەوە بۆچوونەکانی خۆم بنووسمەوە. وتارەکە جیا لەو پێش وتارە لە ٣ بەش پێکدێت، تێدەکۆشی بە ئاوڕدانەوەیەک لە مێژووی کۆمەڵە هێڵێک بەرجەستە کاتەوە کە چۆن ئەو ڕێکخراوە سیاسییە لە دەورانگەلی جۆراوجۆردا هەڵسووکەوتی تەبا و سەردەمییانە بووە لەگەڵ ژێنگەی کار و چالاکییەکانی، تایبەتتر بپەرژێتە سەر ئەو مەدرەسە فکرییەی کە لە ساڵی دوو هەزارەوە بە کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دەناسرێت، و هەروەها ڕوو لە داهاتوو دەکات و ڕوانگەی نووسەر بۆ درێژەی کاری کۆمەڵە بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو گۆڕانکارییە فکری، مەعریفی و کۆمەڵایەتییانەی لە ژینگەی ئێمەدا هاتوونەتە ئاراوه، شەن و کەو دەکات.
دیارە باسکردن لە مێژوو بە زۆر هۆکار ئاسان نیە، کە من ئاماژە بە دوانیان دەکەم، لە لایەکەوە ڕووداوگەلێک کە مرۆڤ لە کاتی ڕوودانیدا خۆی بەشدار بووە دەتوانێ هەمووکات ئەو زەینییەتە ساز بکات کە لە گێڕانەوەیاندا بێ لایەن (ئابژێکتیڤ) نییە و بەرەو لای بەرژەوەندی خۆیدا ڕایدەکێشی و قۆرسایی پێ دەدات، لە لایەکیترەوە بۆ کەسانێک کە خۆیان لە ڕووداوەکاندا نەبوون بەڵام پێداچوون و خوێندنەوەیان بۆ ڕابردوو بووە هەمووکات مەجاڵی ئەوە هەیە کە بە تێگەیشتن و خوێندنەوەی ئێستایانەوە ڕابردوو بگێڕنەوە.
مەبەستی من گێرانەوەی مێژوو نییە کە هیچ یەک لەو حاڵەتانە بێنە پێش، بەڵکوو تەنیا بە ئاماژەدان بە چەند بڕگەیەک لە مێژووی کۆمەڵە و بەراوردیان لەگەڵ سەردەمی خۆی، بەو دەرەنجامە بگەم کە چۆن ئەو حیزبە لە بەستێنی کات و شوێندا (زمان و مکان) لە زۆربەی هەرەزۆری بووارەکاندا سیاسەت و هەڵسووکەوتی عەقڵانی، هاوتەریب لەگەڵ سەردەم و مەنتیقی بووە. ئاساییە کە لە شوێنگەلێکیش کۆمەڵە لە دەزگای مەنتیقی و ڕاسیۆناڵی خۆی دوور کەوتۆتەوە کە ئاماژەی پێدەکەم.
لە ڕوانگەی منەوە سەرهەڵدانی کۆمەڵە و بارودۆخێک کە تێیدا دامەزرا، بە هێنانەوەی فاکتەرە جیهانی، ناوچەیی، ئێرانی و کوردستانی دەسپێکێکی باشە، کۆمەڵە هەر لەو سەرەتایەوە فاکتەری کات و شوێنی بە باشی هەست پێکردووە و کاریگەری لێوەرگرتووە، ژینگەی دەوروبەر هیچ کات لە سیاسەت دانانی کۆمەڵە (جیا لە دەورەیەک لە ناو حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) شوێنی بەتاڵ نەبوو.
دواتر و لە شۆڕشی ٥٧ و چالاکی ئاشکرای کۆمەڵە، لەگەڵ ئەوەی فاکتەری ئیدئۆلۆژیک قورسایی زۆری هەبوو و خەتێکی پۆپۆلیستیش بەسەر چالاکانیدا زاڵ بووە، بەڵام هەمیسان بزووتنەوەی کوردستان و ڕاستییەکانی و پێداویستەکانی کۆمەڵەی زۆر هانداوە کە لە مەنتیق و ڕێئالیست بوون دوور نەکەوێتەوە. بۆ نموونە سەرەڕای ئەوەی کۆمەڵە بە فکر چەپ و کۆمۆنیست بووە، و ئەو کاتیش تەنانەت ئێستاش دژە ئەمریکایی بوون یەکێک لە پێناسەکانی چەپی سونەتییە، بەڵام هەرگیز پشتیوانی لە گرتنی سەفارەتی ئەمریکا نەکرد لە لایەن خوێندکارانی ئیسلامی و توندڕەوی ئەو کاتەوە، زۆرێک لە حیزبە چەپەکانی دیکە ئەو کارەیان کرد و تەنانەت تا ئەو جێگایە ڕۆیشتن کە پشتیوانی خومەینیش بکەن و بەوە پاساوی بکەن کە خومەینی و شۆڕشی ئیسلامی دژە ئەمپریالیستین.
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و تێکەڵکردنی کۆمەڵە لە ڕێکخراوێکی سەرتاسەریدا لە ڕوانگەی منەوە گەورەترین هەڵەی مێژووی کۆمەڵەیە، بەڵام دەورانی حیزبی کۆمۆنیستیش دەبێ وەک ئەو جۆرەی لە ڕاستیدا بووە لێکدانەوەی بۆ بکرێ چوون لەو سەردەمەشدا (لانیکەم تا کۆنگرەی ٦ی کۆمەڵە) لە زۆر شوێندا هەمیسان بزووتنەوەی کۆردستان و پێداویستییە بابەتییەکانی وای کردووە کە کۆمەڵە ژیرانە و بابەتییانە هەڵسووکەوت بکات. بۆ نموونە هەر لە دەسپێکی سازبوونی حیزبی کۆمۆنیستەوە (حقوق ویژە کومەلە) بوونی بووە کە مافی داوە کۆمەڵە خۆی وەک ڕێکخراوێکی کوردستانی لەسەر پرسەکانی کوردستان سەربەخۆیانە بڕیار بدات، لەوانە دەتوانین ئاماژە بە مافی وتووێژ لەگەڵ حکومەتی ناوەند بکەین.
هەر لە درێژەدا ئاماژە بە پرۆژەی ساغ بوونەوەی کۆمەڵە، کە خۆی تەنیا بەرهەمی ساڵی دوو هەزار نییە، بەڵکوو سەرەتاکەی لە کۆنگرەی ٨ی کۆمەڵەوە و لەو جێگایەی کە بە پەسەندی ڕاپۆرتی سیاسی کومیتەی ناوەندی ئەو کات هەوڵ دەدرێ جیا کردنەوەی کۆمەڵە لە بزووتنەوەی کوردستان تێئۆریزە بکرێت، دەست پێدەکا، وەستانەوەی بەشێک لە کادرە دیارەکانی ئەو کاتی کۆمەڵە بە ڕەهبەری عەبدوڵڵا موهتەدی و لە کۆتاییدا پرۆژەی ساغ بوونەوەی کۆمەڵەی لێ دەکەوێتەوە کە لە ڕوانگەی نووسەری ئەو دێڕانەوە بە مەدرەسەی فکری کۆمەڵەی شۆرشگێر پێناسە دەکرێت. دیارە ئەو مەدرەسە فکرییەش کە لە چارەکە سەدەیەک لە تێکۆشانی نزیک دەبینەوە، هەوراز و نشێوی زۆری بەخۆوە بینیەوە، بەڵام دەتوانین سیاسەتەکانی بە تەواوی و بەشێوەی خەتی کە ئیمتدادی بووە هەڵسەنگێنین و من لە درێژەدا ئاماژەی پێ دەدەم.
لە کۆتاییشدا پرسی داهاتوو بۆ جیلی ئێمە کە کەم و زۆر بەرهەمی ئەو مەدرەسە فکرییەین دەبێت چۆن بێ و گرنگترین پێداویستییەکانی ئێمە کامانەن بۆ بەهێزتر کردنی کۆمەڵە و بزووتنەوەی ڕزگاری خوازانەی کوردستان، دوایین تەوەری ئەو زنجیرە نووسینە دەبێت.