کۆمەڵە وەک رێکخراوێکی سیاسی و جەماوەری لە کوردستان درێژکراوە، سەرلەنوێ دارێژراو، کۆپی، هەناردەکراو، پاشکۆ یان داسەپاوی هیچ ڕەوتێکی پێش خۆی نییە. لە راستیدا کۆمەڵە وەڵامێکی گونجاو و پێویستییەکی سەردەمی ڕسکانی خۆیەتی بە داخۆازییە سیاسی و کۆمەلایەتییەکانی کۆمەڵگای کوردستان. کۆمەڵە بەرهەمی خوێندنەوەیەکی عەقڵانی و پێداچوونەوەیەکی ڕەخنەگرانە و بوێرانەی سەرجەم جوڵانەوە چەپ وسوسیالیستییەکانی جیهانە. شیاوی هەڵوێستەکردنە کە کۆمەڵە لەسەردەمی زێڕینی گەشە و هەژموونی ڕەوتی سوسیالیستی لە هەموو جیهاندا، نەشتەری ڕەخنەی دەخاتە جەستەی ڕەوتە زاڵەکانی چەپ لەو سەردەمدا و ڕێچکە و ڕێبازێکی نوێ دەگرێتەبەر. نە لەژێر کاریگەری رێبازی چریکی دا لە خەباتی جەماوەری و لە گرینگیی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای ئێران غافڵ دەبێ و، نە سیاسەت و تێئۆریزەکردنی هاوخەباتیی پرۆلیتاریای وڵاتانی “جیهانی سێهەم” لەگەڵ بۆرژوازی وڵاتەکەیان دەیباتە بەرەی خەباتی دژی ئەمپریالیستی باو. کاتێک زیاتر لە چوار دەیە لەوە پێش ، ئەوکاتەی بەشێکی بەرچاو لە چەپی ئێران لەژێر دروشمی خەبات لە دژی ئەمپریالیزمی ئامریکا و لەژێر ڕاسپاردەکانی خومەینیی جینایەتکاردا، هەڵکوتانەسەر باڵوێزخانەی ئامریکا لە تاران شاگەشکەی کردبوون، ئەم هەڵوێستە دەقیق و بوێرانەی کۆمەڵە کە دەڵێ: “هەر خەباتێکی دژە ئەمپریالیستی کە نرخەکەی سەرکوتی گەلان، ژنان، کرێکاران و چینی زەحمەتکێش بێ، تەنیا و تەنیا لە درۆزن و چەواشەکاران دەوەشێتەوە”، دەرخەری رێبازی دروست و پاشخانی دەوڵەمەندی فیکریی کۆمەڵە بوو. هەروەها هەرگیز حکوومەتی سووری سۆڤییەت بۆ کۆمەڵە موژدەبەخشی دنیایەکی ئازاد و بەرابەر و خۆشگوزەران بۆ مرۆڤایەتی لەسەر بنەمای سوسیالیزم نەبوو. کۆمەڵە بەردی بناغەی هزری خۆی بە بەرچاورۆشنی و خوێندنەوەیەکی واقیعبینانە خستەسەر یەک. کۆمەڵە لەسەر بنەمای ئەو خوێندنەوە سەردەمیانە بوو کە توانی ڕوانگە فیکرییەکانی خۆی دیاری بکات. ئیتر ئیستا کۆمەڵە وەک هێزێکی پێشکەوتنخواز و سوسیالیستی بە ئەرک و پەیامی چینایەتیی ڕۆشن و دیارەوە ڕەوڕەوەی خەباتی خۆی لەو ئاڵۆزی و فەرەروانینی بزووتنەوەی سوسیالیستی جیهانیدا خستۆتەسەر راستەرێی گەشە وپێگەیشتن. ئیتر ئێستا لە ئاستی ئێراندا کۆمەڵە ڕوانگەیەکی فیکریی بەهێز و ساحیب قسە وخاوەن ئۆتۆریتەیە. کۆمەڵە لە کوردستانەوە بە بێ دوودڵی و ڕاڕایی پشتیوانی لە دێموکراسی و ئازادی گەلان و پلۆرالیزیم و سێکۆلاریزم لە ئێران دەکاو، لە بەرامبەریشدا پشتیوانیی بەرینی جەماوەری لە دەرەوەی کوردستانیش بۆ خۆی مسۆگەر کردووە. لە ناوەندە کرێکارییەکانی باشوور و ناوەند و باکووری ئێران، لە نێو شارە گەورەکانی وەک تاران وتەوریز و ئیسفەهان کومیتەکانی لایەنگرانی کۆمەڵە بە شێوەی جۆراجۆری تەبلیغی و نووسینی دروشم، لە رێگای بەشداری هێزی ئینسانی لە شۆرش وخەباتدا، پاڵپشتی و خۆشەویستیی خۆیان بۆ بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان و کۆمەڵە دەردەبرن. بێگوومان ئەوە سیاسەتی ژیرانە و ڕوانگەی فراوان و خەباتکارانەی کۆمەڵەیە کە بزووتنەوەی کوردستانی لە هەموو ئێراندا و لە نێو تێکۆشەران و خەباتکارانی غەیرە کوردا کردووەتە خاوەن پێگەیەکی بەهێز و سەنگ و قورسایی پێ بەخشیوە.
لە کوردستان کۆمەڵە وەک حیزبێکی بەدەروەست و بەرپرس و خەباتکار، بە بێ هیچ ڕاڕاییەک خاوەندارییەتی لە کێشەی گەلی کورد کرد. وەک هێزێکی پێشکەوتنخواز و ئەمرۆیی و سوسیالیستی و خاوەن بەرپرسیارەتی لە جوڵانەوەی خەڵکی کوردستاندا و، لە پێناو نەهێشتنی “ستەمی میللی” لەسەر گەلی کورد، لە دەقێکی زۆر رۆشن ومۆدێرن وپێشکەوتنخوازانەدا، ” گەڵاڵەی کۆمەڵە بۆ خودموختاری کوردستان”ی کردە ئەجندای داخوازیی خەڵکی کوردستان لە دەسەلاتی ناوەندی. لە “هەیئەتی نوێنەرایەتی گەلی کورد” بۆ وتووێژ لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی ، لەگەڵ هەستکردن بە سیاسەتی فریودەرانە و ماهییەتی ڕاستەقینەی حکوومەتی تاران بەرامبەر بە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان بە بێ سڵکردن لە لەمپەر و بەربەستەکان، بەوپەری ژیری و بەرچاورۆشنی خۆی لە خولانەوە لە بازنەی فریودەرانە و لە چاوەروانی ڕاگرتنی بە مەبەستی حکوومەتی تازە بە دەسەڵات گەیشتووی ئیسلامی دەرباز کرد و، لە بریارێکی مێژووییدا و لەبەر رۆشنایی پەیامی ” گەلی کورد لەبەردەم تاقیکردنەوەدا”(خلق کرد در بوتەی آزمایش) کوردستانی کردە مەتەرێزی بەرەنگارییەکی نەتەوەیی و سەرتاسەری بەرامبەر بە هێرشی چاوەروانکراوی دەسەڵاتی سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامی.
هەڵوێستی ڕوون و بەجێ بەرامبەر بە رێفراندۆمی کۆماری ئیسلامی و هەوڵدان بۆ سازکردنی کۆدەنگی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان بۆ وەڵامی “نا” و بایکۆتی سەرتاسەری ئەو رێفراندۆمە لە کوردستان دەستپێکردنی یەکەمین خولی فێرگەی پێشمەرگایەتی و رێکخستنی یەکەمین دەستەکانی پێشمەرگە بۆ بەهێزکردنی بەرەنگاریی خەڵکی کوردستان بەرامبەر بە هێرشی چاوەروانکراوی حکوومەت، ڕێکخستن و ڕابەرایەتیکردن و پاڵپشتیکردن لە “کۆچی مێژووی مەریوان” ،خۆراگریی کەم وێنەی خەڵکی قارەمانی سنە و شەری خوێناویی ٢٤رۆژە، سازکردنی یەکیەتییەکانی جوتیاران وشوراکانی شار و گەڕەک بۆ ئیدارەی خۆجێی، ڕێکخستن و ناردنی دەستە و گرووپی یارمەتیدەر لە کوردستانەوە بۆ بە هاناوەچوونی خەڵکی لێقەوماوی تورکەمەن سەحرا، وەستانەوە بەرامبەر بە زۆروێژی و ملهووریی ئاغا و دەربەگەکانی کوردستان و پشتیوانی لە جوتیارانی زەحمەتکێش، وەستانەوە بەرامبەر بە تاقم وگرووپی کۆنەپەرەست و نەیار و هاندراو لەدژی بزووتنەوەی کوردستان، پشتیوانیی لێبراوانە لە ماف و داخوازیی کرێکاران وزەحمەتکێشانی کوردستان، پشتیوانیی شێلگیرانە لە ژنان و ڕەخساندنی دەرفەتی بەشداریی ڕاستەوخۆی ژنان لە خەباتی پیشمەرگانە ، وەستانەوەی بوێرانە بەرامبەر بە داب ونەریتی کۆنی کۆمەڵگا و روانگەی دژە ژن، کار کردن بۆ گەشەی فەرهەنگی و کلتووری و ئەدەبی لە کوردستان و، بنەجێکردنی فەرهەنگی پێشکەوتنخوازانە، خەبات لە پێناو دێموکراسی و پلۆرالیزم و فرەحیزبی لە کوردستان و، بەخشینی ڕواڵەت و ناوەرۆکێکی مۆدێرن وپێشکەوتنخوازانە بە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان و، شکاندنی شقڵی چەقبەستوویی و کلتووری تاک حیزبی لە کوردستان، بەشێکن لە بەرهەمی سەرهەڵدان و بوونی ڕەوتێکی پێشکەوتنخواز و مۆدێرن و نەتەوەیی وەک کۆمەڵە.
بە لەبەرچاوگرتنی ڕوانگەکانی کۆمەڵە بۆ ڕەوتی ڕووداوەکان و هەڵوێستی رۆشنی بەرامبەر بە هەموو جووڵانەوە رزگاریخوازییەکانی جیهان، روانینی بەرامبەر بە پێوەندییە ناعادڵانە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی سیستم و نیزامی زاڵ، پلان و پرۆژەی کردەیی بۆ ئیدارەیەکی دێموکراتیک و عادلانەی کۆمەڵگا، بەخاوەندەرکەوتن و خاوەن گەڵاڵە و بەرنامەی سەردەمیانە و مۆدێرن و پشت ئەستوور بە بنەماکانی دێموکراسی بۆ چارەسەری پرسی نەتەوەیی و دەستنیشانکردنی سەرخەتی ئەرکەکانی خۆی بەرامبەر بە کۆمەڵگا وەک هێزێکی پێشکەوتنخوازی کوردستانی و راگرتنی زانستیانەی ئەو هاوکێشەیە،دەیسەلمێنێ کە کۆمەڵە قوتابخانەیەکی فیکریی سەربەخۆیە و دەبێ لەو سۆنگەیەوە خوێندنەوەی بۆبکرێ