ورە ؛
چ کوێستانە لە سەر ڕێم بێ، ئەمن دێم،
چ پێدەشتە لەبەر پێم بێ، ئەمن دێم،
هەموو هەڵگورد بسووتێنن بەجارێ،
بە سورێن و كەلی شاهۆیەدا دێم.
،
خەیاڵت وەك شنە هەردەم ئەدالێم ،
وەكوو كانیی بەسینگی شاخێدا دێم ،
هەڵۆ فێر بێ بژیت پێشمەرگە ئاسا،
ئەمن پێشمەرگەم و دێم و ئەمن دێم.
،
سنووران هەڵچنن تا ئاسمان لێم،
چ مین و بۆمب هەیە بڕژێننە بەر پێم،
سەرم دانێم لەڕێی خاكی ووڵاتم،
ئەمن پێشمەرگەم و دێم و ئەمن دێم.
،
وەتەن گەر تۆ نەبی کوانێم ئەمن کێم،
گەلۆ من چۆن بژیم بێ شار و لادێـم ،
دەکەم گیانم فیدای خاکی ووڵاتم،
ئەمن پێشمەرگەم و دێم و ئەمن دێم.
،،،
٣١ی جۆزەردان ڕۆژی پێشمەرگەی كۆمەڵە، پیرۆزە.
«»»»»»»»»»»»»»»»»»»»»
هەوارێکە،
لە ئاپۆڕەی مەلانی کۆچەری عاشق بە ئازادیی،
ڕوبارێکە،
لە بەستێنی بەگژداچوونەوەی ڕەنج و
کاروانێکە،
لە تۆرەمەی هاوبیرەکانی کاک شوان.
هۆ کاروانی ڕەشبەڵەکی گیانبەخشەکان!
ڕێبوارەکەی هەوای تووش و ڕێگە دژوار!
مێژووی ئەم پیرەکوێستانە،
چاوەڕێی داستانی نوێتە،
کەل و ڕەوەز و بناری،
فێری ڕۆین و دەنگی پێتە،
بە باڵای ورەت بڕاوە،
دوند و لوتکە،
جێژوان بناری ئەودیوە،
هەنگاو تووند كە.
«»»»»»»»»»»»»»»»
یاد،
ڕۆژێک دەبمەوە ئەوخاکەی،
زریان و ڕەشەباش بیبا،
بەباوەشی نیشتماندا دێتەخوارێ،
بەفر و بارانیش تەڕی کا،
دەبێتە خوانی هەڵاڵە و،
بەر نێرگز و تاقەدارێ،
ڕۆژێک دەبمەوەی ئەوخاکەی،
کە هەڵدەگرێ،
شوێنپێی غەریبی ڕێبوارێ،
ڕۆژێک دەبمەوە ئەو تۆزەی،
دەردەکەوێ،
لەگەڵ تروسکەی ئێوارێ،
یان بەهەناسەی سروەیەک،
دەخشێ لە ڕۆخی دڵدارێ،
ڕۆژێک دەبمەوە ئەو یادەی،
لەوانەیە،
تۆ بیکەیتە وێنەیەکی سەردیوارێ،
ڕۆژێک دەبمەوە ئەو خۆڵەی،
بەسەر یاد و بیرەوەریشدا دەبارێ.
«»»»»»»»»»»»»»»»»
ڕۆژهەڵات؛
،،،
لەنێو ڵاپەڕەی مێژوودا،
من داستانی سەد كەوتن و هەستانەوەم،
ڕۆژهەڵاتی پڕتین و تاوی كوردانم،
من وەرزێکی کوردستانم،
زیاتر لە هەموو پاییزێک ،
دەریای ڕەنگم،
من برینی ساڕێژنەبووی جەستەی کوردم،
زایەڵەی ڕاسانە دەنگم.
وانەی کۆمارەکەی قازی و،
ڕێبازەکەی کاک فواد و
نەورۆزی خویناویی سنە، ئەڵێمەوە.
ڕەشبەڵەکی بەرخودانم،
نەك یەک پارچە،
من ئازاری پەرەم پارچەی کوردستانم.
لەوڕۆژەوە،
لاوانی ترس بەزێنی سەربزێوم خرۆشاون،
هیچ مرۆڤێک،
هیچ ژنێکی دیلکراوی دەستی مەلا و شێخ و پاشا،
هیچ کیژێکی چەوساوەی کورد،
تەنیا نیە.
لە نێو لاپەڕەی میژودا،
من داستانی سەد كەوتن و هەستانەوەم،
لەوکاتەوە خرۆشاوم،
باوەش باوەش ،
چەپکە نێرگز و وەنەوشەی ژیانەوە،
باڵا باڵا،
هێمای سەربەخۆییم پێیە.
من ”ئایچی”یەكەی ڕۆژهەڵاتم،
خەباتم سنووربەزێنە،
هەموو سنووری دەستکردی کوردستانم لە ژێرپێ نا،
شۆڕشێكم،
بۆ مناڵانی کوردستان،
بابە و دایەم،
خەونی سوور و سپی و سەوزی تیشكی ئاڵا،
شێعر و سرود و گۆرانیم،
لایەلایەم،
خولیای هەتوانی زامێكم،
كوردستانی شەهید كردم،
من داستانی خۆڕاگریی قەلای سەردەم ئەنووسمەوە،
بەپانتایی هەموو ئێران،
چرا و چاوی ئاخێزێکی بێوچانم ،
قەت ناسرەوم،
ڕۆژهەڵاتی نیشتمانەکەی کوردانم،
چەقڵی چاوی دوژمنانم.
***
٢٥ی خەرمانان،
بەروبوومی ئەودارەیە،
دەیانساڵە ناشتوومانە.
تێگەیشتن ئێوە هەڵەن،
ئادرەسی هەڵەتان پێیە؟
تێگەیشتن ئێمە تەنیا،
پۆلە نەمامێكی ساوای،
پەڵە زەوییەكی باشوور نین،
بەكەیفی خۆ ڕامانگوێزن؟
تێگەیشن قەت ناتوانن،
ورەی پێشمەرگە بشكێنن،
شكۆی خەباتی ڕۆژهەڵات خەوشدار كەن؟
دەبا كوێراییتان دابێت،
ئەمڕۆ كوردستان لەسەرپێ و،
هەموو ماڵێكی ڕۆژهەڵات،
مەتەرێزی پێشمەرگە بوو.
***
بەبۆنەی سەركەوتنە مەزنەكەی ٢٥ی خەرمانان، دووهەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی