کۆماری ئیسلامی ئێران دیکتاتۆرییەکی ئیدئۆلۆژیکە کە جیا لە کۆنترۆڵ و زەوتکردنی ئازادیی سیاسی ناو کۆمەڵگا هاوتەریب ئازادیی جۆر و ستایلی ژیانیش لە تاکەکان زەوت دەکات و تاکەکانی کۆمەڵگا تا ئەو جێیەی بتوانێت دەخاتە ژێر چاودێری و کۆنترۆڵی هەمە لایەنە.
ستایلی ژیانی ژنان، یان چوارچێوە و ئاستی کۆنترۆڵ کردنی ژنان لە هەر کۆمەڵگایەک دەتوانێت نیشاندەری ناوەڕۆکی سیستەمی سیاسی و دەستهەڵاتداری لەو کۆمەڵگایە دا بێ، بە واتایەکی دیکە دەستهەڵاتی حاکم دەتوانێت لە رێگەی کۆنترۆڵی ژنانەوە، سیستەمی دڵخوازی خۆی بە سەر ئەو کۆمەڵگایەدا بچەسپێنێ و بەو ئاستە کۆمەڵگا بخاتە ژێر کۆنترۆڵەوە.
زۆر سەردەم و زۆر وڵات هەن کە دەکرێ هەڵسوکەوتیان بەرانبەر بە ژنان وەکوو نمونە وەربگیرێ و پاشان خوێندنەوەی لە سەر بکرێت. لەم بابەتە هەوڵ دەدرێت ئاماژە بە چەند نمونە بکرێت بە مەبەستی ئەوەی وڵامی ئەو پرسیارە بدرێتەوە کە بۆ کۆماری ئیسلامی و وڵاتانی هاوشێوەی بە یەک ئاراستە لە بەرتەسککردنەوەی مەیدانەکان بۆ ژنان تێدەکۆشن؟
بەشێک لەو وڵاتانە دەستهەڵاتێکی تۆتالیتێرن و بەشێکی ئۆتۆریتێریەن، لە دژایەتی لە گەڵ دمۆکراسی دا هەر دووکی بە یەک ئاراستەدا دەڕۆن، جیاوازییەکەیان لەوە دایە کە وڵاتی ئۆتۆریتێریەن، ئازادی سیاسی لە تاکەکان زەوت دەکات و دەستێوەردان ژیانی تاکەکان ناکات، بەڵام لە بەرانبەردا دەستهەڵاتی تۆتالیتێر وەک کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵی داڕشتنی چوارچێوەیەکی هەیە بۆ کۆمەڵگای ژێر دەستهەڵاتی خۆی و جیا لە زەوتکردنی ئازادی سیاسیی تاکەکان، بە تەواوی بە مافی خۆی دەزانێ لە سەر بچووکترین و تایبەتیترین بەشەکانی ژیانی تاک لە کۆمەڵگادا دەستێوەردان بکات و لەسەر ئەوە تەنانەت خەڵکیش سزا بدات و لە توندترین شێوە لە هەڵسوکەوت و کۆنترۆڵ کەڵک وەربگرێ. وەک چەندین نمونەی لێدان، دەستبەسەر کردن، سەپاندنی حوکمی قورس و تەنانەت کوشتنیش، وەک ئەوەی لە نمونەی کوشتنی ژینا ئەمینی کچێکی کوردی خەڵکی شاری سەقز لە سێپتامبری ٢٠٢٢ لە تاران بینیمان. تەنیا لە پێناو موهەندیسی کردنی کۆمەڵگا و گارانتی کردنی بەردەوامی دەستهەڵاتدارییەتی خۆی. هەر بۆیە لە وڵاتێکی وەک ئێران ژنان زۆرتر لە هەر تاکێکی تر دەکەونە ژێر گوشار و کۆنترۆڵ.
بۆ نمونە لە سەردەمی پاشایەتی لە ساڵەکانی ١٩٢٥ تا ١٩٧٩ چەند هەوڵێک بۆ مۆدێرن کردنی کۆمەڵگا و گۆڕانکاری لە جۆری پۆششی ژنان درا. بە دانانی یاساگەلی وەک «کەشفی حجاب» ژنان هاندەدران بە پۆشینی جل و بەرگی کەمتر داپۆشراو یان مۆدێرنتر و هەوڵ دەدرا رێگڕی بکرێ لە بەکار هێنانی جل و بەرگی کۆن و سوننەتی.
لە دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ واتە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی بە هەمان شێوە یاسای حیجابی زۆرە ملێ دیاری کرا و ژنان ناچار کران بە لەبەرکردنی حجاب و سەرپۆش.
ئەوەی لەم بابەتەدا سەرەنجی دەدرێتێ باشی یان خراپی ئەم یان ئەو جۆرە یاسایانە نییە کە بەرۆکی ژنان دەگرێتەوە، بەڵکوو جۆری هەڵسووکەوتی ئەو دەستهەڵاتانەیە بەرانبەر بە ژنان لە ناو کۆمەڵگاکەدا کە بە هەر دوو دیوییەوە سەرەتاییترین مافی ئینسان کە هەڵبژاردنی جۆر و مۆدێلی ژیانی خۆیەتی لێی زەوت دەکرێت. ئەگەرچی هەر دووک هەوڵەکە ژنان بە ئامانج دەگرن و بەئامرازکردنی ژنان تایبەتمەندی هاوبەشیانە، بەڵام لە ناوەرۆکدا لێک جیاوازن و ناکرێت هەوڵ بۆ بەرەوپێش بردنی کۆمەڵگا لە گەڵ هەوڵ بۆ پاشەکشە کردن بە کۆمەڵگا بەرەو دواکەوتوویی بە یەک تەرازوو بپێورێ و بە هەمان شێوەش ئاکامەکانی وەک یەک بشوپهێندرێن. ژنان لە هەردووک سەردەمدا بەئامرازکران یەکیان بۆ بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگا و یەکیان بۆ دروستکردنی تاریکستانی دواکەوتوویی کە تێیدا ژنان لە سەرەتایی ترین مافە ئینسانییەکان بێبەشن.
نمونەیی مێژوویی دیکە، کە زۆرتر ئەو جۆرە هەڵسوکەوتە لە گەڵ ژنان دەخەنە ڕوو کەم نین؛
بۆ نمونە بە خوێندنەوەیەکی سەرپێیی لە تورکیە و دوای دامەزراندنی کۆماری تورکیە لە لایەن مستەفا کەماڵ ئەتاتورک لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیست، دەبینین کە بە هەمان شێوە ژنان بۆ نیشان دانی جۆری دەستهەڵات لەو جوگرافیایەدا ئامانجی سەرەکی بوون. چەند هەوڵێک لە ژێر ناوی مۆدرنیزەکردنی کۆمەڵگا درا و بە هەمان شێوە هەوڵدرا شێوەی پۆششی ژنان دیاری بکرێت و هێماکانی جل و بەرگی سونەتی بسڕدرێتەوە.
یان لە ئەفغانستان لە سەردەمی پاشایەتی بە هەمان شێوە لە دەیەکانی ١٩٦٠ تا ١٩٧٠هەوڵ درا لە ژێر ناوی پرۆسەی مۆدێرن کردنی کۆمەڵگا یاساگەلێک لە سەر چۆنێەتی پۆشینی جلوبەرگی ژنان پەسەند بکرێ کە تێیدا دیاری دەکرا ژنان لە جلوبەرگی کولتوری و کۆن کەڵک وەرنەگرن و ستایلێکی مۆدێرنتریان بێ. لە کاتێکدا هەر لە ئەفغانستان و لە دوای هاتنە سەر کاری تاڵبان لە خولی یەکەم لە ساڵەکانی ١٩٩٦ تا ٢٠٠١ یاسای حیجابی زۆرە ملێ و یاساگەلی توندوتیژانە بۆ ژنان و دانانی سەرپۆش بۆ ژنان ئیجباریکرا و تەنانەت ژنان بە بێ پۆشینی چارشێو هاتنە دەرەوەیان لێ قەدەغە دەکرا. لە ئێستای ئەفغانستان و خولی نوێی دەستهەڵاتی تاڵبان لە ئەفغانستان بە هەمان شێوە یاساگەلی توندوتیژانە بەرانبەر بە ژنان و لەوانە جۆری پۆششی ژنان پەیرەو دەکرێت.
لە عەرەبستانی سعودی وەک نمونەیەکی دیکە حجاب بۆ ژنان و پۆشینی چارشێو و باڵا پۆش ئیجبارییە و لە لایەن ژنانەوە دەبێت پەیڕەو بکرێت هەرچەند لە دوای هاتنە سەر کاری محەمەد بن سەلمان کۆنترۆڵ بە سەر پۆششی ژنان ئاڵوگۆڕێکی تا ڕادەیەک ئەرێنی بە خۆیەوە بینیەوە و بە هەمان ڕێژەش مەیدانەکان بۆ ژنان کراوەییان بە خۆیانەوە بینیوە.
ئەوەی لە رێگەی ئەو نموونانەوە مەبەستە ئاماژەی پێبکرێت، ئەوەیە کە بە گشتی کۆنترۆڵی ژنان لە لایەن دەستهەڵاتدارانەوە شاکلیلێکە بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگای مەدەنی ژێر دەستهەڵاتی خۆیان و بە تایبەتیش شێوازێکە بۆ نیشاندانی جۆری دەستهەڵات و ئیدئۆلۆژی حاکم لەو دەستهەڵاتەدا.
لە ئێران کە مەبەستی ئەو بابەتەیە ژنان هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە رووبەڕوی زۆر بەربەستی یاسایی بوونەوە و وردە وردە نەتەنیا جۆری جل و بەرگ و پۆشین کە تەنانەت جۆری پیشە و کار، بەشداری سیاسی ، مەدەنی و ئابووری ژنان لە کۆمەڵگای ژێر دەستهەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە تەواوی کۆنترۆڵ کرا و یان هەوڵدرا کۆنترۆڵ بکرێ و دەستهەڵات نەک تەنیا بەربەست بوو بۆ چالاکی سیاسی و بیرجیاوازانی زیندانی و ئێعدام دەکرد، بەڵکوو بۆ جۆری ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگاش نوسخەی دەپێچا و دەستی دەخستە بچووکترین بەش و وردەکارییەکانی ژیانی خەڵک.
کۆماری ئیسلامی وەک دەستهەڵاتێکی تۆتالیتێر کە خاوەن ئیدئۆلۆژیە، لە رێگەی کۆنترۆڵی ژنانەوە لە هەوڵی مۆهەندسی کردنی کۆمەڵگا بە قەبارەی ئیدئۆلۆژیەکەی خۆی دایە. کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری ژنان و ئەو نیمچە کراوەییە تاکەکەسیە مەدەنییەی وەک گەورەترین بەربەستی بەر دەم خۆی دەدیت کە ژنان لە کۆمەڵگادا بوویان، بۆیە بە دانانی یاسا و بەرتەسک کردنەوەی ئازادییە تاکەکەسییەکان بۆ ژنان وێنای سوڵتەی خۆی بە سەر کۆمەڵگەی مەدەنی ئێران دەخستە ڕوو. ژنان کە زۆرترین قورسایی ئەو کۆمەڵگا داتاشراوەی کۆماری ئیسلامیان لە سەر شان بوو کەوتنە بەر شەپۆلی یاسا و گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی، زۆر زوو زۆرترین دژ کردەوەشیان بەرانبەر بەو یاسایانە لە خۆیان نیشان دا. ئەگەرچی لە لایەکەوە بە توندی لە لایەن دەستهەڵاتەوە سەرکوت دەکران و تا ئێستاشی لە گەڵ بێ سەرکوتی ژنان و دیاریکردنی گەڵاڵە و بڕیاری مەبەستدار بە کۆنترۆڵی ژنان لە زۆرترین و دیارترین هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەژمار دەکرێت، لە لایەکی ترەوە لە لایەن کۆمەڵگەی مەدەنییەوە لە سەرەتادا پشتگیرییەکی ئەوتۆیان لێنەدەکرا و فەزای سیاسی زاڵ ئەوە بوو کە شتی گرینگتر لە بابەتی ژنان بوونی هەیە و ساڵانێکی خایاند تا ئەو ڕوانینە ئاڵوگۆڕی بە سەر دابێت و بەئامرازکردنی ژنان بۆ چەسپاندنی سوڵتە و حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی پەردەی لەسەر لابچێت و ئەو گوشار و هەوڵانەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ژنان دیوی ڕاستەقینەی خۆی بخاتە ڕوو. بەربەستەکانی بەردەم بزوتنەوەی ژنان لە ئێران خۆی دەتوانێت باسێکی تێروتەسەل بێت و ئامانجی ئەو نووسینە نییە و بۆیە شرۆڤەی وردەکارییەکەی بابەتیکە کە دواتر دوتوانرێت باسی لێبکریت.
هەر ئەو جۆرەی ئاماژەی پێکرا ژنان و کۆماری ئیسلامی بوونە دووانەیەکی ناتەبا، لە بەر ئەوەی هەردوولا بەرژەوەندی لە لاواز کردنی بەرەکەی دیکەدا بوو. بەڵام پرسیارە سەرەکیەکە ئەوەیە کۆماری ئیسلامی بە زۆرتر لە چوار دەیە هەوڵ و پەسەند کردنی یاساگەلی دژە ژن، بەخزمەتگرتنی هەموو ئامرازە یاسایی و میدیایەکانی خۆی، دانانی هێزی سەرکوتی تایبەت بە کۆنترۆڵی ژنان، وەک «پولیسی ئەخلاق»، «خواهران زینب»، ستادی «امر بە معروف و نهی از منکر»، «گشت ارشاد» و دەیان دامەزراوە و رێکخراوی دیکە وێڕای زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدام کردن تا چەند توانی لەو هاوکێشەیە سەرکەوتوو بێت؟
ئایا کۆمەڵگا بە شێوەی دڵخوازی کۆماری ئیسلامی داتاشرا؟ ئایا ژنان بوونە کەرەستەی بڵاوکردنەوە ئیدئۆلۆژی کۆماری ئیسلامی؟
گەورەترین هۆکاری ترسی کۆماری ئیسلامی لە ژنان شکستێکی گەورەیە کە لەو ململانێیەدا خواردوویەتی، ژنان نە تەنیا ملکەچی یاساکانی کۆماری ئیسلامی نەبوون بەڵکوو هەرچی عورف و نەریتی دڵخوازی کۆماری ئیسلامیە کراوە بە دژەبەها و خەڵک بە گشتی و ژنان بە تایبەتی لە رێگەی بەرەنگاری مەدەنی و ناڕەزایەتی سەرەتا یاساکان و نەریتەکانی کۆماری ئیسلامیان کردە ئامانج و تا ڕادەیەکی زۆر لە گشتگیر کردنی ئەو شێوە لە بەرەنگارییە سەرکەوتوو بوون و بەها و عورفی نوێیان لە کۆمەڵگا جێخست و هۆگر و پەیڕەویان بۆ کۆ کردەوە. ئێستا و لە دوای ئەوەی کۆمەڵگای ئێران شۆڕشی ژن ژیان ئازادی ئەزموون کرد و ئاکتەکان، تاکتیکەکان و پاڵپشتی باقی بزوتنەوە مەدەنییەکانیان لە بزووتنەوەی ژنانەوە سەرهەڵدەدا، ئەو سەرکەوتنە دیارتر و بەرچاوتریشە و پوتانسیەلی ئەوەی تێدایە کاریگەرترین فاکتەریش بێت بۆ پێکهێنانی گوڕانکاری و بنکۆڵکردنی هەرچی زیاتری بناوانی دەستهەڵاتی کۆماری ئیسلامی.
لە لایەکی دیکەوە کۆمەڵگەی مەدەنی ئێران و بە تایبەت ژنان بە لێسەندنەوەی ئێقتدار لە هێزی سەرکوت شەقامیان کردووەتە مەیدانێکی رۆژانەی بەرەنگاری و دژ کردەوە نیشاندان بە بەهاکانی کۆماری ئیسلامی، زیندانیان کردووەتە مەیدانی خۆڕاگری و هەموو ئامرازەکانی سەرکوتیان بۆ کۆماری ئیسلامی کردووەتە مایەی گاڵتە پێکردن و ئەشکەنجەیان نە وەک هێزی کۆماری ئیسلامی بەڵکوو وەک پەلەقاژەی بوونەوەرێکی ترسنۆک کە بۆ خۆ دەرباز کردن چنگ لە هەموو شتێک دەگرێ و لە سێبەری خۆشی دەترسێ نیشان داوە، ئەو ئەشکەنجە و سەرکوتە چی دیکە نابێتە هۆی شکانەوە و ترساندنی خەڵک بەڵکوو بەرە بەرە ماهییەتی خۆیشی لە دەستداوە و کاریگەرییەکەی بە پێچەوانە دێتە ناو کۆمەڵگاوە.
کۆماری ئیسلامی لە ئاست بەرەنگار بوونەوە و هەڵسوکەوت لە گەڵ ژنان لە دووڕێیانێک گیری کردووە کە هەر دووک لای شکست و دۆڕانە، چ ئەوەی پێداگری بکات لە سەر گوشارەکانی بۆ سەر ژنان و بەرتەسک کردنەوەی مەیدانەکان بۆ ژنان کە تا ئێستا تێیدا شکستی خواردووە چ ئەوەی پاشەکشەیەک بکات و رێفۆرمێک بکات لە جوری هەڵسوکەوتی سیاسی و بنەڕەتی بەرانبەر بە ژنان کە هەر پاشەکشەیەک لەو پەیوەندییەدا دەتوانرێ وەک هەڵوەشاندنەوەی پیکهاتەکانی دەستهەڵاتدارییەکەی بێتە ئەژمار .
هەر بۆیە کۆماری ئیسلامی ئێران زۆرترین ترسی لە ژنانە و ژنان بوونەتە یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگە نێوخۆییەکانی ئەو دەستهەڵاتە. ژنان لە ریزی پێشەوەی بەرەنگاری و ناڕەزایەتییەکان، هێمای گەورەترین جووڵەی دژ بە دەستهەڵاتیان بەدەستەوەیە و بوونەتە گەورەترین مەترسی بۆ سەر مانەوەی سیاسیی کۆماری ئیسلامی ئێران.