ئەگەرچی پێشبینی ڕووداوەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هیچ کات کارێکی ئاسان نەبوە و جێگەی لایەنی سەرکەوتوو و دۆڕاو بە سادەیی گۆڕدراوە، بەڵام بە وتەی زۆربەی شارەزایان و کارناسانی سیاسی ململانێی ئەم دواییانەی ئێران و ئیسرائیل وەک دو وڵات کە مێژوییەکی دورودرێژیان لە شەڕ و پێکدادان بووە، لاپەڕەیەکی نوێی لەو ناوچەیە هێناوەتە ئاراوە، شەڕێک کە هاوکات چارەنووسسازە و تا ڕادەیەک دەتوانێ دەستپێکی وەزرێکی نوێ بێت.
هێرشی مووشەکی و دڕۆنی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و دواتر وڵامدانەوەی لە لایەن ئیسرائیلەوە وەک جۆرێک لە هێڵ بەزاندنی ئەو وڵاتانە لە بەرامبەر یەکدی دێتە ئەژمار.
لە دوایین گەڕی ئەم ململانێیەدا سەرەتا ئێران لە ولامی هێرشی مووشەکی ئیسرائیل بۆ سەر بە ناو کونسولخانەکەی لە سورییە کە بووە هۆی کوژرانی حەوت کەس لە هێزەکانی سپای قودس لە نێوانیاندا کوژرانی محەمەد رەزا زاهیدی یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی ئەو هێزە، هێرشێکی لە ڕێگەی زیاتر لە ٣٥٠ دڕۆن و مووشەکەوە بۆ سەر ئیسرائیل لە 13 ئاپریل ئەنجامدا و دواتر ئیسرائیل لە ڕێگەی مووشەکەوە وڵامی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی دایەوە، ئەگەرچی وردەکاری هێرشەکە و ڕادەی زەرەر و زیانەکانی و چۆنییەتییەکەی هێڕشەکە تا ئێستا دیار نییە و سەڕەڕای ئەوەی ئەو وڵاتە تا ئێستا بەرپرسیارەتی هێرشەکەی نەگرتوەتە ئەستۆ لەو ڕێگەیەوە توانیویەتی لە لایەک قازانجی پێویست بۆ خۆی لەو هێرشانەدا دەستەبەر بکات و لەلایەکی تریشەوە خۆی لە بەرپرسیارەتییە نێوەدەوڵاتییەکانی ئەو هێرشانە قوتار بکات، بەڵام چەند گریمانەیەک سەبارەت بە جۆر و چۆنییەتی هێرشەکەی ئیسرائیل لەبەردەستدایە:
ئێران دەڵێت لە ڕێگەی کواد کۆپتەر(ریز پەرەندە) هێرشێکی سنووردا کراوەتە سەری و هەوڵ دەدات لە ڕێگەی بەکەم زانین و بچووککردنەوەی قەبارەی هێرشەکە هەم پێویست بە وڵامدانەوەی نەبێت و هەمیش خۆی وەک براوەی گەڕێ یەکەمی ئەو هێرشانە لانیکەم لە ناو بیری گشتی لایەنگرەکانی بناسێنێت.
بەشێک لە بەرپرسانی بالای ئەمریکایی و بەڵگە و وێنە ئاسمانییەکان بەڵام چیرۆکێکی جیاوازتر لەوەی ئێران باسی دەکات دەگێڕێتەوە، بەپێی ئەو زانیارییانەی تا ئێستا لەبەردەستە، ئیسرائیل سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێس 300ی کردووەتە ئامانج، سەڕەڕای ئەوەی تا چ ڕادەیەک توانیویەتی یا خود ویستوویەتی ئەم سیستەمە بە یەکجاری لەناو بەرێت، بەڵام ئەوەی لێرەدا خاڵێکی سەرنج ڕاکێش و شایانی ئاماژەیە ئەوەیە ئیسرائیل توانی لە ڕێگەی هێرشێک لە قەبارەیەکی لە ڕواڵەتدا بچووک پەیامێکی گرینگ بۆ ئێران بنێرێت.
لێرەدا هەوڵ دەدرێت تا ڕادەیەک و بەپێی ئەو زانیارییانەی تا ئێستا لەبەردەستە شرۆڤەی هێرشەکەی ئیسرائیل بکرێت:
ئیسرائیل خاڵێکی ستراتژیکی لە قووڵایی خاکی ئێران کردە ئامانج، ئەوەش لە کاتێکدایە کە لەو ساڵانەدا هەوڵی داوە بە شوێنجێیی ناوەندە ستراتژیکەکانی لە ناوەندیی ئێران و دورخستنەوەی لە سنوورەکانی ڕۆژئاوای وڵات تا ڕادەیەک ئەو ناوەندانە لە هێرش لە دەرەوەی سنوورەکانی بپارێزێت و تا ڕادەیەک هێڵێکی بەرگری بەهێز دروست بکات، شوێنێکی ستراتژێک کە هاوکات هەم پەدافەندی سەرەکی بەرگری ناوەندیی ئێرانە و هەمیش ناوەندێکی گەورەی ئەتۆمی لێیە و هاوکات ناوەندێکی گەورەی پیتاندنی ئۆرانیۆم و پێگەیەکی گرینگی ئاسمانی کە دەڵێن بەشێکی گرینگ لە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر دو پێگەی سەبازی ئیسرائیل لەو شوێنەوە ئەنجام دراوە.
ئیسرائیل توانی لە هێرشکردنە سەر ئەم ناوچەیە دو پەیامی گرینگ بگەیەنێت:
یەکەمیان ئەوە بوو کە هەر کات ئیرادە بکات دەتوانێت ستراتژیکترین ئامانجەکان لە ناو دڵی ئێراندا بپێکێت و هەر جۆر هێرش بۆ سەر خاکەکەی بە هێرش بۆ سەر ناو دڵی ئێران وڵامداتەوە و هەمیش ئەو پەیامەی لەگەڵ بوو کە تا چ ڕادەیەک و هەر کات ئیرادە بکات دەتوانێت سیستەمی بەرگری ئێران و ناوەندە ئەتۆمییەکانی بکاتە ئامانج و ئەوەی ئێران ساڵیانێکە بە تێچووی مادی و مەعنەوەییەکی زەبەڵاحەوە قوربانی بۆ دەدات دەتوانرێت لە چرکە ساتێکدا لە ناو بەرێت.
هاوکات ئیسرائیل لە ڕێگەی قبووڵنەکردنی بەرپرسیارەتی هێرشەکە هەم تا ڕادەیەک فەزای ئارامکردەوە و هەمیش ئێرانی لە چاوەڕوانییەک داناوە کە ئایا ئەمە کۆتا وڵامی ئیسرائیلە بۆ هێرشەکەی ئێران یان ئەوە تەنها قۆناغی یەکەمە و قۆناغی تریشی بەدوا ددا دێت؟
لێرەدا پرسیار ئەوەیە هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل تا چ ڕادەیەک توانی ئامانجەکانی بپێکێت؟
هێرشەکەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیل سەرەڕای ئەوەی نەیتوانی لە بواری ستراتژیک و سەربازی ئامانجەکانی دەستەبەر بکات بەپێچەوانەوە بووە دەستپێکی گۆرانکارییەکی گەورە لە ناوخۆی ئیسرائیل و ئێران و ناوچەکە و تەنانەت جیهانیش و کۆی ڕووداوەکان و گۆرانکارییەکان نەک تەنها لە داهاتوودا بە قازانجی کۆماری ئیسلامی تەواو نابێت، بەڵکوو دەبێتە هۆی زیاتر تەریک کەوتنی و دروستبوونی هاوپەیمانەتییەکی ناوچەیی دژی ئەو رژیمە، چرتر بوونەوەی گەمارۆکان، جێبەجێکردنی سزاکان لە لایەن ئەمریکاوە و زیاتر نزیک بوونەوەی وڵاتانی ناوچەکە لە ئیسرائیل.
تا پێش هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیل ئەو وڵاتە تا رادەیەکی زۆر کەوتبوە ژێر گوشارێکی زۆرەوە، نەک تەنیا لە لایەن وڵاتانی ئورووپایی، بەڵکوو لە لایەن نزیکترین هاوپەیمانی واتە ئەمریکا، بۆ یەکەمین جار ئەمریکا بریارنامەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ ئاگربەست لە غەززە ڤیتۆ نەکرد و لەبەرامبەریشدا بۆ یەکەمین جار بایدن لە وتوێژێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕەخنەی زۆر جدی لە ناتانیاهۆ گرت، باس لەوەش دەکرا تا رادەیەکی زۆر بەر بە هەناردەی چەک و تەقەمەنی بۆ ئەو وڵاتە لانیکەم تا گۆڕینی بەرنامەکانی ئیسرائیل بە ئاراستەی کەمکردنەوەوی هێرشەکانی، یارمەتی گەیاندنی زیاتر و لابردنی پلانی هێرش بۆ سەر ڕەفەح بگیردرێت و دیمۆکراتەکانی کۆنگرەش دوایین بەستەی یارمەتییە داراییەکانیان بۆ ئیسرائیل راگرتبوو، بەڵام هێرشەکەی ئێران تا رادەیەکی زۆر گۆرانکاری لە هەمووی ئەم بەستێنانەدا دروست کرد، وەک نموونە دەتوانرێت سێ کاریگەری گەورە کە لە کۆتاییدا لە قازانجی ئیسرائیل تەواو دەبێت بخرێتە بەر باس:
- هاودڵی و یارمەتییەکی نێودەولەتی گەورەی بۆ ئیسرائیل دروست کرد، لەو نێوانەدا وڵاتانی ئورووپایی هەر کام سەڕەڕای ئەوەی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیان مەحکووم کرد باس لە یارمەتی دارایی و دیپلۆماسییەکی چروپڕ دەکەن بۆ ئیسرائیل، زیاتر لە ٤٦ وڵات لە نەتەوە یەکگرتوەکان لە رێگەی بڵاوکردنی بەیاننامەیەک هێرشی دڕۆنی و مووشەکی کۆماری ئیسلامیان مەحکووم کرد و وەک نموونەیەک لە کردەوە مەترسیدارەکانی کۆماری ئیسلامی و گرووپە میلیشیاکانی هاوپەیمانی بۆ ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە پێناسە کرد، هاوکات بووە هۆی پەسەندکرانی یارمەتییەک بە بڕی زیاتر لە 26 میلیار دۆلار بۆ ئیسرائیل لە لایەن مەجلسی نوێنەران و سێنای ئەمریکا و هاوکات بووە هۆی کەمبوونەوەی گوشارەکان بۆ سەر ئیسرائیل لە غەززە و هەروەها دەست ئاواڵەیی ئیسرائیل بۆ هێرش بۆ سەر ڕەفەح.
- لە ناوخۆی ئیسرائیل کە تا پێش هێرشەکانی ئێران شەپۆلێک لە هێرش و تانە و توانج بۆ سەر ناتانیاهۆ دەستی پێکردبوو کە تیایدا هەر دوو بەرەی بەشدار لە حکوومەت و ئۆپۆزیسیۆن رەخنەی زۆر جیدیان لە ناتانیاهۆ دەگرت و تەنانەت ئۆپۆزیسیۆن داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەیان دەکرد هەمووی تا ڕادەیەک فەرامۆش یان بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە و هاودڵی و هاوئاهەنگییەکی بێ وێنە لە فەزای سیاسیی ناوخۆیی ئیسرائیل هاتووەتە ئاراوە.
- گرینگترین گۆرانکاری بەڵام یارمەتی بێ وێنەی وڵاتانی ناوچەکە بوو لە ئیسرائیل، دوابەدوای هێرشەکەی کۆماری ئیسلامی هەر کام لەو وڵاتانە لە بەرگری لە ئیسرائیل لەبەرامبەر ئێراندا ڕۆڵێکی گەورەیان گێرا بەتایبەت وڵاتانی ئوردن و عەرەبستان و تا ڕادەیەک ئیمارات بە تەواوی هێزیانەوە هاتنە پشت ئیسرائیل و بەرگریان لێکرد، ئاستی بەرگرییەکە بە ڕادەیەک بوو کە کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە لە میانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا دانی بە ئەوە دانا کە زیاتر لە 20 وڵات لە ڕێگەی یارمەتی سەربازی و هەواڵگرییەوە پشتیوانیان لە ئیسرائیل کردوە، ئەوەش ئاستی شکستی کۆماری ئیسلامی لە دیپلۆماسی لە ناوچەکە و ئاستی پەراوێزخران و تەریک بوونی بە ڕادەیەکی بەرچاو نیشان دەدات، لە لایەکی ترەوە ئیسرائیل بەبێ ئەوەی تێچوویەکی مانادار یان ئیمتیازێک بە وڵاتانی عەرەبی بدات، مەرجەکانیان بۆ ئاگربەست قبووڵ بکات یان دان بە چارەسەری دوو دەوڵەتی بێنێت، توانی دەیان دوژمنی مێژوویی خۆی بکاتە هاوپەیمانێکی ستراتژیک، پەیامێکی گرینگی تر ئەوە بوو کە تا چ ڕادەیەک ئەو وڵاتانە کۆماری ئیسلامی بە مەترسییەکی گەورەتر لە ئیسرائیل بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەیان دەزانن.
- خاڵێکی بەرچاوی تر لە لە زەرەری کۆماری ئیسلامی تەواو بوو دەرکەوتنی ئاستی ڕادەی لاواز بوونی بەرنامە مووشەکییەکەی بوو کە ساڵانێکە لە ڕێگەی خەرجکردنی بودجەیەکی زەبەڵاح و لە ڕێگەی پەرەپێدان بە بەرنامەی دروستکردنی مووشەک و دڕۆنەوە بەرگرییەکی ستراتژیک بۆ خۆی دروست بکات و وەک چەقۆیەکی تیژ بەکاری بێنێت، ئەوەیش لە دوای هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل مایەپووچ بوونەکەی بۆ هەموان دەرکەوت، لەوە بەدواوە بەرنامە مووشەکییەکەی چیدیکە جێگەی پرسیار و ترس نییە.
بە وتەی بەرپرسانی سەربازی ئیسرائیل سەرەرای ئەوەی نزیکەی ٣٥٠ بۆ ٤٠٠ درۆن و مووشەکی کروز
و بالستێک ئاراستەی ئیسرائیل کرا بەڵام ٩٩٪ ئەو مووشەکانە لە رێگەی سیستەمی بەرگری ئیسرائیل و هێزی ئاسمانی ئەمریکا، فەرانسە، بریتانیا و ئوردن پووچەڵکرایەوە و کەوتە خوارەوە و تەنها دوو مووشەکی بالستیک توانی بگاتە خاکی ئیسرائیل، بەشێکیش لە مووشەکەکان هەر لە نیوەی رێگادا بە هۆی لاواز بوونی تەکنۆلۆژییەکەی نەگەیشتە شوێنی مەبەست.
ئەگەرچی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دەڵێن ئەوە هەمووی تواناکانمان نەبووە، بەڵام لە ڕاستیدا بە وتەی بەشێکی زۆر لە شارەزایانی سەربازی ئەگەر ئەوە هەمووی تواناکەشی نەبێت بەڵام دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە تەکنەلۆژی بەکارهاتوو لەو مووشەکانەدا لاواز و پێشبینی کراوە و کۆماری ئیسلامی سورپرایزێکی تایبەت لە داهاتوودا ناتوانێت بخاتە ڕوو، لە ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی بەبێی ئەوەی دەستکەوتێکی ئەوتۆ بەدەست بێنێت یەکێك لە کارتە گرینگەکانی لەدەستدا.
- کۆماری ئیسلامی لەو سالانەدا بە یارمەتی چین هەوڵی دابوو بە جۆرێک پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەت لەگەل عەرەبستان و ئیمارات ئاسایی بکاتەوە، بەڵام یارمەتی ئەو وڵاتانە لە ئیسرائیل دەری خست کە ئەوان کۆماری ئیسلامی بە مەترسییەکی زۆر جدی تر لە ئیسرائیل بۆ سەر داهاتووی خۆیان دەزانن.
- پرسی بە تێرۆریستی ناساندنی سپای پاسداران لە لایەن یەکێتیی ئورووپا، بریتانیا و کانادا تا ڕادەیەک دوبارە هاتووەتەوە بەر باس ئەگەرچی ئەو پرسە لەلایەن بەشێک لە سەرکردەی وڵاتانەوە و جۆزێڤ بۆرێل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی ئورووپا پشتیوانی ناکرێت، بەڵام پەسەندکرانی لە داهاتوویەکی نزیکدا مسۆگەرە، لە دوایین ڕووداویشدا لەو بارەیەوە پارڵمانی ئورووپا دووبارە بریارنامەیەکی بۆ بە تیرۆریستی ناساندنی سپای پاسدران پەسەند کرد.
- بابەتێکت تری گرینگ کە لە زەرەری کۆماری ئیسلامی پەرەئەستاندنی گوشارەکانە لەسەر بایدن بۆ سەپاندنی سزای نوێی و گرینگتر لەوەش چاودێرێکردن بەسەر سزا نەوتییەکانی کۆماری ئیسلامی، بایدێن لەو ساڵانەدا هەوڵی دابو بە گرتنەبەری سیاسەتێکی لەسەر ئەساسی ئاواڵە ڕاگرتنی دەرگاکانی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران تا ڕادەیەکی بەرچاو خۆی لە جێبەجێکردنی سزاکان بە تایبەت لە بواری فڕۆشتنی نەوت و پێترۆشیمی بگرێت، بەلام هێرشەکەی ئێران کارێکی کرد کە هەڵهینانەوەی هەر جۆر هەنگاوێک لەلایەن بایدێنەوە بەو ئاراستەیە تێچووی زۆری بۆی دەبێت، هاوکات یەکێتی ئەورووپا پاکێجێکی نوێیی لە سزاکان بۆ سەر ئێران پەسەند کردوە کە بەرنامە مووشەکی و دڕۆنییەکەی و چەند بەرپرس و ڕێکخراوە لە خۆ دەگرێت ، هاوکات پەسەندکرانی یاسای مەهسا لە کۆنگرێسی ئەمریکا دا وەک خاڵێکی گرینگ و چارەنووساز دوایین ڕووداوی گرینگ بوو.
پەسەندکرانی یاسای مەهسا بزماری ئاخر بوو لەسەر بووژانەوەی ڕێککەوتنی بەرجام، چونکە باس لە چین و گەرانەوەی بەشێک لەو گەمارۆیانەی نەتەوەیەکگرتوەکان دەکات لە لایەن ئەمریکاوە، تەنانەت ئەو بەندەر و پاڵاوگایانە دەچنە ژێر سزاکانی ئەمریکا ئەگەر هەر جۆر مامەڵەیەک لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا بکەن، هەنگاوێک بە ئاراستەی هەر جۆر لە دەربازبوون لە سزاکان و فشاری زیاتر بۆ سەر چین وەک یەکەمین و سەرەکی ترین کریاری نەوتی ئێران لە ئێستادا.