بەشی یەکەم
هەر حکومەت و دەسەڵاتێک بۆ دامەزراندن و مانەوە و بەردەوامبوون پێویستی بە وەرگرتنی شێوەیەک لە ڕەواییە. ڕەوایی واتە ئەو سەرچاوەو هۆکارگەلەی کە پاساو بۆ پێویستبوون و مانەوەی فۆرماسیۆن یان سیستەمێکی سیاسی دەهێنێتەوە و بڕوامەندی و متمانەی پێ دەبەخشێ. بەواتایەک ڕەوایی هۆکارێکە بۆ پێڕەوی خەڵک و پاساوێکە بۆ دەسەڵاتی حکومەت. ئاستی ڕەوابوونی هەر سیستەم و دەوڵەت و حکومەتێک بە پێوەرگەلی وەک یاسایی بوون، ئاسایی بوون، پەزێران و قەبووڵکردن، جێگەی ڕەزامەند بوون، کارامەیی و هتاد دەبەسترێتەوە. کارامەیی دەزگای سیاسی و ڕەزامەندی زۆرینەی خەڵک پێوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ڕەوایی هەیە، ڕەوابوون ڕەمزی هاتنەسەرکار و بەردەوامی و، سەرچاوەی هێز و دەسڕۆیی حکومەتەکانە، ئەو دیوی ئەم بابەتە سەلمێنەری ناڕەوابوونی دەسەڵاتەو دەرەنجامەکەی ڕووخان و داڕمانی قەبارەکەی. کۆماری ئیسلامی لەکوێوە ڕەوایی وەرگرتووە؟ ئایاکوو ڕەوایی ماوە یان تووشی قەیرانی ڕەوایی بووە؟ لێکەوتەکانی نەمانی ئەم ڕەواییە چین؟
بۆ تێگەیشتن لە چەمکی ڕەوایی سەرەتا پێوستە بە جیاوازی دوو چەمکی هێز(Power) و دەسڕۆیی یان دەسەڵات(authority) هەروەها جۆرەکانی وەرگرتنی ڕەوایی ئاماژە بکەین. هێز بە واتای توانای سەپاندنی ئیرادەی تاک یان گروپ بەسەر لایەنێکی دیکەدایە و، بەپێی ئاستی زۆر و بڕشت، توانا، ئیمکان و لێهاتوویی دەسەپێندرێت بەڵام بەردەوام و پایەدار نییە و لە ئەگەری تێکچوونی هاوسەنگی هێز لەناو دەچێت. واتە تەنیا هۆکار و سەرچاوەی فەرمان کردن و فەرمان بردن، هێزی زەبر و زەنگە. لە بەرامبەردا دەسڕۆیی و دەسەڵات بە مانای ماف و ئیمکانێکی مسۆگەرە بۆ بڕیاردان و فەرمان کردن بەسەر گروپێکدا و چاوەڕێی قبوڵکردنی دڵخوازانەی فەرمان لەلایەن فەرمانبەرەوە. سەپاندنی هێز پشتبەستوو بە کەڵکوەرگرتن لە زۆرە بەڵام دەسەڵات لە ڕەواییەوە سەرچاوە دەگرێت. دەسەڵاتی سیاسی کاتێک ڕەوایە کە خەڵکانێک بۆ پێڕەوی و فەرمانبەری پەیدا بکا.
ماکس ڤێبێر سێ جۆر لە دەسەڵات و هەر لەم پێوەندەدا سێ سەرچاوەی وەرگرتنی ڕەوایی بۆ دەسەڵاتەکان دیاری دەکا. یەکەم جۆر دەسەڵات و ڕەوایی سوننەتییە بەواتای شوێنکەوتنی خەڵک بە پێی دابونەریت، نۆرمی جێکەوتوو و یاساوڕێساگەلی کەلتوری، ئاسمانی و مێژوویی. لێرەدا نەریتگەلی وەک باوک-پیاوسالاری یان ئەحکامی ئاسمانی و ئایینی یا پاوشایەتی و میراتی دەبنە بنەما و هۆیەک بۆ ملکەچی و پێڕەوی خوازیارانەی خەڵک لەهەمبەر فەرماندەردا. وەک ئەوەی خەڵک لە مامۆستایەکی ئایینی یان پاشایەک فەرمان دەبەن. جۆری دووهەمی ڕەوایی کاریزماتیکە کە تاک-تەوەرە و ئاماژە بە کەسێک دەکا بە بۆنەی کردەوەی سەیروسەمەر و تواناگەلی تایبەت و نا ئاسایی وەک قارەمانییەتی یان بەهرەمەندی لە توانایەکی ئاسمانی و سحراوی و نا سروشتی دەبێتە پێشەوا و فەرماندەر و خەڵک ملکەچی دەبن. ئەم شێوازە لە بەرامبەر ڕەوایی سوننەتیدایە ئەگەرچی دەکرێت لەدرێژەی ڕەوایی سوننەتیشدا بێت، بۆ نموونە پاشا یان ڕێبەرێکی ئایینی بەپێی نەریت بە دەسەڵات دەگا بەڵام دواتر بە هۆی توانا و تایبەتمەندییەوە دەبێتە کاریزما بەڵام بەگشتیی لەم ڕەهەندەی ڕەواییدا هەموو بڕیار و فەرمانێک بەپێی تێگەیشتن و دەستنیشانکردنی کاریزماوە دەردەچێت نەک بەپێی دابونەریتی پێشوو. ئەگەرچی ئەم دوو ڕەهەندەی ڕەوایی لەسەردەمی مۆدێڕن و ئەمڕۆییدا بەهۆی پەرەسەندنی زانست و پێشکەوتن و گەشەی عەقڵانییەت و گشتگیربوونی بەها مرۆیی و زەوینییەکان ڕوو لە کاڵبوونەوە و لەناوچوونە بەڵام هێشتاکە و لە هەندێک شوێن ناوەناوە سەرهەڵئەدا و دەبیندرێت. وەک فاشیزم، پۆپۆلیزم یان حکومەتگەلی پاشایەتی، وەڵایەتی و ئەمارەتی لەجۆری سەعودی، کۆماری ئیسلامی و تاڵەبان.
سێهەم جۆری ڕەوایی کە ئەمڕۆکە زۆربەی دەسەڵاتەکان ڕەوایی خۆیان بەوەوە دەبەستنەوە، ڕەوایی عەقڵانی و یاساییە. دەسەڵاتی ژیرمەند و یاسایی لە شوێنێکدا دەچەسپێت کە دامەزراوە و یاساوڕێساگەلی دادوەری و ڕێوەبەری، بەپێی بنەماگەلی قابیلی لێکۆڵینەوە و شیکاری، بۆ هەموو ئەندامانی گروپی هاوبەش جێگەی پەسەند و متمانە بێت. لەم شێوازەدا کاربەدەستان و دەسەڵاتداران لە دەرەنجامی سازوکارێکی حقوقی و یاسایی هەڵدەبژێردرێن یان دادەنرێن و، لە ئاراستەی پێشکەوتن و ڕاگرتنی ڕێکوپێکی و دابینکردنی هێمنی کۆمەڵگە دەجووڵێنەوە، فەرمانبەرانیش پێڕەوی لە سەروەری یاسا دەکەن نەک دەسەڵاتداران و هەموو لایەک لەهەمبەر یاسا بەرابەرن. لە دوو جۆر ڕەوایی سوننەتی و کاریزمایی پێوەندییەکان یەکلایەنەیە و لەسەرەوە بۆ خوارەوەیە بەڵام لە ڕەهەندی سێهەمدا پێوەندی دوولایەنە و ئاوێتە بە کارلێکە. لە فۆرماسیۆنە کۆمەڵایەتییە سەرەتایی و سوننەتییەکان، ڕەوایی زۆرتر لە دەسەڵاتی سوننەتی و کاریزماتیکەوە سەرچاوەی دەگرت بەڵام ئەم شێوە لە دەسەڵات و ڕەوایی تایبەت بە حکومتگەلی نوێ و مۆدێڕنە کە زۆربەیان چەند تایبەتمەندی هاوبەشیان هەیە، لەوانە نەزمی یاسایی و ڕێوەبەری کە پێکهاتنی ئاڵوگۆڕ تێیدا پێویستی بە پەسەندکراوەی یاساییە، بروکراسی و دامودەزگای گونجاو لەگەڵ یاساوڕێسا پەسەندکراوەکان، سەپاندنی زۆرەملێی دەسەڵاتی یاسا و، ڕەوابوونی بەکارهێنانی زۆر بەپێی یاسا. کۆڵەکەکانی ئەم ڕەواییە بریتییە لە یاسایی بوون واتە دەسەڵات لە ڕێڕەوێکی یاسایییەوە دامەزرێت و بەپێی یاسا بەردەوام بمێنێتەوە، ڕەزامەندی گشتیی واتە پەزێران و پشتیوانی خەڵکیی و ڕەخساندنی هەلی بەشداری لە سیاسەت و بڕیاردان -کە لەڕووی ئاستی بەشداری لە هەڵبژاردنەکان یان ڕاپرسی و شێوەگەلێکی هاوشێوە هەڵدەسەنگرێت-، عەداڵەت و دادپەروەری کە دەبێت لە کردەوە و هەڵسوکەوتی حکومەت و دامودەزگاکانی بەدی بکرێت، کارامەیی کە دەگەڕێتەوە سەر توانای دەسەڵات بۆ دابینکردنی گونجاو و کارامەی پێویستیی و پێداویستییەکانی خەڵک و کۆمەڵگە، هەروەها شەفافییەت و وەڵامدەربوونی دەسەڵات کە حکومەت پێبەند بکا بەوەی زانیاری و ڕاپۆرتی دروست بداتەوە و لەهەمبەر کەموکوڕی و هەڵەکانیدا وەڵامدەر بێت.
لە ڕوانگەی ڤێبێرەوە دەسەڵاتی سوننەتی وەک تایبەتمەندی هەمیشەیی کۆمەڵگەی بنەماڵەیی دەتوانێ بەهۆی گۆڕان و پێکدادانی جیلەکان لاواز بێتەوە بەڵام گۆڕانکاری تێدا بەدی ناکرێت. دەسەڵاتی کاریزمایی سەرهەڵدانێکی لەناکاوی هەیە و دواتر بەهۆی نەمانی کاریزماکە و گرێدراوبوون بە تاکەوە لەناو دەچێت. تەنیا دەسەڵاتی یاساییە و ژیرمەندە کە لێکەوتەی گۆڕانکارییەکی پلە بە پلەیەو بەردەوام دەمێنێتەوە. دەسەڵاتی یاسا بە قارەمانێکی مێژوویی یان بە نەریتێکی پیرۆز بەرتەسک نابێتەوە، نە وەک یەکەمی لەناکاو سەرهەڵدەدا و نە وەک دووهەمی نەگۆڕ دەمێنێتەوە. ڕەوایی یاسایی لە سیستەمە سیاسییە مۆدێڕنەکاندا بە ڕێژەی بەشداریی سیاسی، ڕادەی ڕەزامەندی و پاڵپشتیی شارومەندان یان ئاستی ناڕەزایەتی جەماوەرییەوە گرێدراوە. لە ئەگەری تێکچوون و دروستبوونی ناهاوسەنگی لە هەرکام لە سەرچاوەکانی ڕەوایی، قەیرانی ڕەوایی ساز دەبێت.
کۆماری ئیسلامی ئێران یەکێ لەو دەگمەن سیستەم و وڵاتانەیە کە بۆ وەرگرتنی ڕەوایی دەستەوداوێنی تێکەڵاوەیەک لە هەر سێ سەرچاوە و ڕەهەندەکەی ڕەوایی بووە. سەرەتا وەک دەسەڵات و حکومەتێکی ئیدئۆلۆژیک و تێئۆکرات خۆی بەنوێنەرایەتی دەسەڵاتی ئاسمانییەوە دەبەستێتەوە، بەم پێیە ڕەوایی خۆی لە ئایین و حوکمی شەرێعەت و فەرمانی خودا وەردەگرێت. لە سەردەمی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران خومەینی بە لێدوان و کردەوەی سەیروسەمەرە لە قەبارەی کاریزمایەکەوە دەرکەوت و وەهابوو کە خەڵکانێک لەنێو مانگدا دەیاندیت، دواتر هەوڵی زۆریان دا دەموچاو و جێگەوپێگەیەکی هاوشێوەش بۆ خامنەیی داتاشن کە بۆ ماوەیەک و تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بوون. هاوکات بە گاڵتەجاڕی بەناو ڕێفراندۆم و دانانی مێکانیزمی بەناو هەڵبژاردن وایان شوبهاندووە کە ڕەوایی و دەسەڵاتێکی ئەمڕۆیی و یاسایی و عەقڵانییان دامەزراندووە. بەڵام لە ئێستادا و لەژێر کاریگەری هۆکارگەلی دەرەکی و ناوخۆیی هەر سێ سەرچاوەکەی وەرگرتنی ڕەوایی و دەسەڵاتی لەدەستداوەو تەنیا فاکتەری هێزی بۆ ماوەتەوە. بۆ سەلماندنی ئەم گریمانەیە زۆر ئارگۆمێنت و نموونەی ئۆبژێکتیڤ لەبەردەستە.
لە جیهانی پێشکەوتوو و سەردەمی پیشەسازیدا، بایەخە سوننەتییەکان پیرۆزایەتی جارانیان نەماوە. هاوکات لەگەڵ هاتنی سەردەمی پێشکەوتن و ڕۆشنگەری و گەشەی زانست و گەڕانی زانیاری لە پاڵ گەشە و پەرەسەندنی ڕێگا و ئیمکانی پێوەندیی، دامەزراوە سوننەتییەکان هەروەها توانا تایبەت و سەرووی سروشتییەکان هەرچی زیاتر کەوتنە بەر ڕەخنە و کەمتر قبووڵکراون. سەردەمی مۆدێڕن زۆربەی پێوانە و پێوەر و دابونەریتە کۆنەکانی ڕەتکردەوە و بەها و بایەخی زەوینی و مرۆڤانەی لەجیاتییان جێگیر کرد. سەلمێندرا مێژوو یان دابونەریت و بەردەوامبوونی هەر نۆرم و دیاردەیە و بۆچوونێک نییە کە ڕەوایی و هەقانییەتی پێدەبەخشێت بەڵکو گونجاوی و دروستی و کارامەبوون و توانای ڕاڤە و ڕوونکردنەوەکەیەتی کە دەبێتە هۆی قبووڵکردن. کێشە و پرسی نوێ، چارەسەر و خوێندنەوەی نوێی پێویستە. زانست بە وڵامی زانستیانە بۆ پرس و بابەتەکان لە بەرامبەر خورافە و موعجیزە و باوەڕە کۆنەکان وەستایەوە و گۆڕانکاری قووڵی دروستکرد. جێگەوپێگەی مرۆڤەکان چیتر بە بۆنەی مێژوو یاکوو ئیمتیازێکی ئاسمانی یا ژێنێتیکی یان توانای تاکەکەسییەوە نابەسترێتەوە بەڵکو لەلایەن یاساوە بەشێوەی یەکسان و بە دەنگ و خواستی زۆرینەی تاکەکانی کۆمەڵگە دیاری دەکرێت. مۆدێڕنتە، دامەزراوەی سوننەتی و ئەساسی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی لە پێوەندی کۆیلایەتی-بەندەیی-ڕەعیەتییەوە گۆڕی بۆ پێوەندی دەوڵەت-شارومەند. حکومەتەکان لەدوای گۆڕانی جۆری پەیوەندی لە ئێستادا نەک خاوەنی خەڵک بەڵکو نوێنەری خەڵکن. لەم ئاراستەیەدا هەندێک ستانداردی گشتگیر و هەمەپسەند دیاریکرا کە وەکوو پێوەرەکانی هەڵبژاردنی ئازاد و دێمۆکراتیک لە دونیای نوێدا قبوڵکرا و، بوو بە سەرچاوەی هەڵسەنگاندنی ئاستی ڕەوایی ژیرمەند و یاسایی.
کۆی ئەم خاڵانە دەرخەری ئەوەن دەسەڵاتگەلی سوننەتی و کاریزماتیک ڕەواییان نەماوە هاوکات پێوەری دیار و ڕوونیش بۆ ڕەوایی هزرمەند و یاسایی دیاریکراوە. کۆماری ئیسلامیش لە دەرەوەی ئەم بازنەیە نییە. بەپێی لێکۆڵینەوەی لوشێن پای و لئۆنارد بایندێر لە کتێبی قەیران و زنجیرەکانی لە گەشەسەندنی سیاسیدا، وڵاتەکان لە ڕەوتی گەشەسەندندا پێویستە لە شەش قەیران تێپەڕ بن لەوانە: شوناس، ڕەوایی، بەشداریی، جێوەگربوون و ڕەگاژۆیی(نفوذ)، دابەشکردن و لەکۆتاییدا ئەنتێگراسیۆنی کۆمەڵایەتی کە بەواتای گشتییەت و تەواوییەت و هەست بە خاوەندارییەتی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگایە. بەم پێیە دەسەڵاتی مۆدێڕن و جێگەمتمانە و سەقامگیر پێویستە لەم شەش قۆناغە بە سەرکەوتوویی تێپەڕ بێت ئەگەرچی سەرهەڵدانی قەیران لەهەرکام لەم بوارانەدا دەبێتە هۆی قەیرانی ڕەوایی. کۆماری ئەسلامی بەسەر قەیرانی شوناسدا تێنەپەڕیوە و ئێستا لە قۆناغی دووهەمدا گیرۆدەی قەیرانی ڕەواییە.
لە بەشی دووهەمی ئەم بابەتە تەرکیز دەکەینە سەر سەرچاوە و هۆکارەکانی قەیرانی ڕەوایی لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا.