لەگەڵ ئەوەی زیاتر لە دوو هەفتە لە کوژرانی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران دەگوزەرێ، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵ بێت ئەم هەواڵە و لێکەوتەکانی بەشێک لە ڕۆژەڤی میدیاکانی ئێران و جیهانی بەخۆیەوە سەرەقاڵ کردوە و چەندین پرسیاری لە ناو میدیاکان و کۆڕە سیاسییەکان دا ورووژاندوە، پرسیارگەلیک وەک ئەوەی: ئیبراهیم ڕەئیسی کێ بوو و چ کارنامەیەکی لە ماوی کار و بەرپرسیارەتییەکانی لە دوای خۆی جێهێشت؟ چوناوچۆن گیانی لەدەست دا؟ و گرنگتر لە هەمووی ئەو پرسیارانەش مەرگی ڕەئیسی چ کاریگەرییەک لەسەر داهاتووی کۆماری ئیسلامی دادەنێت؟ ئایا نەمانی کەسێک وەک ڕەئیسی کێشەیەکی جیددی لە ناو دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا دەخولقێنێت و دەتوانێت ببێتە هۆی قەیرانێک بۆ دەسەڵات یا خود نا؟ لەو وتارەدا هەوڵ دراوە وڵامی بەشێک لەو پرسیارانە بدرێتەوە.
ئیبراهیم ڕەئیسی جگە لەوەی وەک یەکێک لە ئەندامانی لێژنەی چوار کەسی ناسراو بە لێژنە یان گروپی مەرگ لە دەیەی 60ی هەتاوی بە هەزاران زیندانی لە سیاچاڵەکانی ڕژیم لە سیدارەدا کە لە تەمەنی ٢٠ ساڵییەوە بە دەیان پۆستی دادوەری لە بێدادگاکانی کۆماری ئیسلامی بە دەست بوو، کەسێک کە هیچ کات لە کردەوەکانی پەشیمان نەبووەوە و لە لایەن ڕیکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بە ئەنجامی تاوان دژی مرۆڤایەتی ناسێنراوە.
ڕەئیسی دوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆک کۆمار لەگەڵ ئەوەی تەنیا دو ساڵ و یازدە مانگ لەسەر کار بوو بە دەیان ڕێکۆردی مێژوویی لە کارنامە ڕەشەکەیدا تۆمار کرد و لە دروستکردنی دەیان قەیران و تاوان دژی مافی مرۆڤ یان دەستی ڕاستەوخۆی بوو یا خود لە جێبەجێکردنی سیاسەتە دژە مرۆڤییەکانی عەلی خامنەیی ڕۆلی سەرەکی گێرا.
ڕەئیسی لە کاتێکدا لە سێزدەهەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریدا و لە میانەی هەڵبژاردنێکی موهەندیسی کراودا هەڵبژێردرا کە ڕێژەی بەشداری بەپێی ئامارە فەرمییەکان 42٪ بوو واتە کەمترین بەشداربوو لە میژووی کۆماری ئیسلامیدا.
سەرەتاکانی دەستبەکاربوونی لە کاتێکدا بوو کە نەخۆشی کۆڕۆنا بەرۆکی بە خەڵکی ئێران گرتبوو، سیاسەتی نادروست و دژە مرۆڤی بەکارنەهێنانی واکسێنی ئەمریکایی و بەریتانیایی خامنەیی جێبەجێ کرد کە بووە هۆی گیانڵەدەستدانی هەزاران کەس.
هاوکات لەگەڵ دەستپیێکردنی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی کە دوای کوژرانی ژینا بە بیانووی مل نەدان بە حیجابی زۆرە ملێ گیانی لەدەستدا بە سەدان کەس لە سەردەمی ڕەئیسی گیانیان لەدەستدا و وەزارەتی ناوخۆی ژێر دەسەڵاتی ڕەئیسی جێبەجێکاری سەرەکی سیاسەتەکانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بوو دژی ئازادییە مەدەنییەکان.
سیاسەتی گوشار بو سەر چالاکانی مەدەنی و تەنگترکردنەوەی فەزای سیاسی لە کوردستان یەکێکی کە لە دیارییەکانی ڕەئیسی بوو.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ماوەی سێ ساڵ دەسەڵاتی ئیبراهیم ڕەئیسی بە سەدان کەس لە سێدارەدران، ئەگەرچی فەرمانی ڕاستەوخۆی سێدارەی دەرنەکردووە، بەڵام جێبەجێکاری ئەو سیاسەتە دژە مرۆڤایەتییانە بوو.
هەر بە گوێرەی ڕاپۆرتی ناوەندە مافی مرۆڤییەکان لە سەردەمی دەسەڵاتی ڕەئیسی 904 کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەتییەکان بوونەتە قوربانی.
لە بواری ئابووریش کۆماری ئیسلامی لە سەردەمی دەسەڵاتی ڕەئیسی بە دەیان ڕێکۆردی پیوانەیی تۆمار کرد، بە وتەی ناسر هیمەتی بەرپرسی پیشووی بانکی ناوەندی ئێران ڕیژەی نەخدینەیی لە سەردەمی رەئیسی گەیشتە 519 هەزار ملیارد تمەن.
لە سەردەمی دەسەڵاتی ڕەئیسی نرخی هەزار تمەن لە بەرامبەر یەک دوڵار لە 27 هەزار تمەنەوە گەیشتە 70 هەزار تمەن واتە سێ بەرامبەر ئاستی بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار دابەزی.
هاوکات شوورای هەماهەنگی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایان لە ڕاگەیەندراوێکدا سەردەمی ڕەئیسی وەک ڕەشترین ساڵەکانی پەروەردە وەسف کردوە و ئاماژە بەوە دەکەن کە ژەهراویکردنی قوتابییەکان، خانەنشین کردن و لەسەرکارلابردنی مامۆستایان و هێرش بۆ سەر قوتابخانەکان و کوژرانی زیاتر لە 80 قوتابی و خوێندکار لە دەستکەوتەکانی ئیبراهیم ڕەئیسی بوو.
فۆرم یان دامەزراوەی سەرۆک کۆماری لە ئێران لە کاتێکدا کە ڕیبەر لەو سیستمە سیاسییەدا دەسەڵاتی دەرکردنی حوکمی حکوومەتی هەیە و دەتوانێت هەر کات هەست بکات کە دامەزراوەکانی تر وەک سەرۆککۆماری یا خود مەجلیس بە ئاراستەیەکی جیاواز لەگەڵ بەرنامەکانی دەڕواتە پێشەوە لە ڕێگەی حوکمی حکوومەتی ئاراستەی بڕیارەکان دەگۆڕێت لە بنەڕەتدا لە ناوەڕۆک بەتاڵە و کارامە نییە چونکە مەرجی سەرەکی کارامەبوونی دامەزراوەیەک لە سیستەمێکی ئازاد دا ئازادی بڕیاردان و جێبەجێ کردنی بریارەکانە کە لە وەها سیستمێکدا ئەو ئازادییانە بوونی نییە.
هاوکات دامەزراوەکان لە چوارچێوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا نەک لە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هاوڵاتیان بەڵکوو لە خزمەت بە پارێزگاری کردن لە سیستەم یان فەرمانەکانی ڕێبەرە و تا هاتووە ئەو دامەزراوانە لاوازتریش بووە، تەنانەت لە وەها سیستەمێکیشدا، ئیبراهیم ڕەئیسی وەک لاوازترین سەرۆک کۆماری ئێران پێناسە دەکرێت.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو شەترەنجی سیاسی کۆماری ئیسلامی تێکدا، ڕەئیسی کەسێک بوو کە ڕیبەری کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی شوورای نیگەهبانەوە گۆڕەپانی هەڵبژاردنی بە ڕادەیەک بۆ ئامادە کرد کە مەجالی نەدا کەسێکی وەک عەلی لاریجانیش بتوانێت شانسی خۆی لە هەڵبژاردنەکان تاقی بکاتەوە بە واتایەکی تر خامنەیی ئامادەنەبوو مەجالی خۆ کاندیدکردن بە هیچ کەسێک بدات چونکە بریاری دابوو کە ڕەئیسی هەڵبژێردرێت، بەڵام لە ئێستادا دو کێشەی سەرەکی بەرۆکی دەسەڵاتی گرتوە، چ کەسێک لە شوێنەکەی دا دابنێت و هاوکات ئایا دەیتوانێت کۆدەنگییەک لە ناو چین و تاقمە جۆراوجۆرەکانی لایەنگرانی بۆ دانانی کەسیک دروست بکات یان نا؟ کێشەی دوەم قەیرانی بەشداری کەمی خەڵکە لە هەڵبژاردنەکان.
کۆماری ئیسلامی هێشتا لە ژێر گوشاری کەمترین بەشداری خەڵک لە مێژووی کۆماری ئیسلامی دا خۆی دەرباز نەکردوە و لە وەها کەشێکدا ناچارە جارێکی دیکە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماریدا لە ٨ی جۆزەردان بەڕێوەبەرێت و کەمتر لە دوو مانگ، دووبارە هەڵبژاردنێکی دیکە ئەنجام بدات.
بە چاوپێخشاندنێک بە سەر ئامارەکانی بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری دەردەکەوێت کە تا هاتووە بەشداری لە هەڵبژاردنەکان کەمتر بووەتەوە، لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری لە کەمتر لە چوار ساڵ لەمەوبەر بۆ یەکەمین جار ڕێژەی بەشداری گەیشتە کەمتر لە ٤٨٪ ئەوەش لە کاتێکدایە کە ڕیژەی بەشداری لە شارە گەورەکان لە نێوانیاندا تاران تەنها ٢٨٪ بوو.
لە هەڵبژاردنەکانی مەجلیس ڕێژەی بەشداری دووبارە کەمتر بوویەوە تا ڕادەیەک کە تێکرای بەشداری ٤٢٪ ڕاگەیەنرا و لە پارێزگاکانی تاران و کوردستان ڕێژەی بەشداری تەنیا ٢٦٪ بوو، دواتر لە گەری دوەمی هەڵبژاردنەکانی مەجلس ڕێژەی بەشداری تەنی ٧٪ بوو.
ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکان بەردەوام بۆ کۆماری ئیسلامی دەورێکی سەرەکی بووە، وەک سیستەمێک کە بە شۆڕش هاتووەتە سەر دەسەڵات بەشداری لە هەڵبژاردنەکان هێمایەک بووە بۆ بانگەشەی ڕەوایی و مەشرووعییەتی ئەو دەسەڵاتە، بەردەوام بانگەشەی ئەوەی کردەوە کە لە تەمەنی ٤٥ ساڵەی ئەو دەسەڵاتە ٤٥ هەڵبژاردن ئەنجامدراوە بە واتایەکی تر تێکرای ساڵی یەک هەڵبژاردن و کۆماری ئیسلامی هەوڵی داوە بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنەکان وەک جۆرێک لە دێمۆکراسی و ئازادی سیاسی بە جیهان بفرۆشێتەوە.
لە ئێستادا بەڵام خەڵک لە هەر جۆرە ئاسۆیەک بۆ گۆرینی دەسەڵاتی سیاسی لە ڕێگەی هەڵبژاردن لە ئێراندا بێ هیوابوون، دروشمی نە ئیسلاحتەڵەب نە ئوسوولگەرا دەدەن بە واتایەکی تر فریوی کێبڕكێی نمایشییەکان ناخۆن، وشیاری سیاسی خەڵک بە ڕادەیەکی بەرچاو چووەتە سەرەوە و دەزانن کە لە ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی دەنگدانی خەڵکی پێویستە نەک ئەنجامی پرۆسەیەک بۆ گۆڕانگاری لە دەسەڵات و پارادایمی سیاسی لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە.
کۆماری ئیسلامی لەو ماوەیەدا هەوڵی داوە بانگەشەیەکی لە ڕادەبەدەر بە مردنی ڕەئیسییەوە بکات بە دەیان گردبوونەوە و ڕێوڕەسمی ڕێکخستوە تا لەو ڕێگەیەوە فەزایەکی عاتفی بۆ بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنەکان دروست بکات، بەڵام لەوەش ئاگادارە لە دەستەبەرکردنی وەها ئاواتێک زۆر ئەستەمە و لەو هەڵبژاردنانەشدا ڕێژەی بەشداری یەکێک لە کەمترینەکان دەبێت.
ئەوەی ماوەتەوە دیاریکردنی کەسی دڵخوازی ڕێبەرە لە ڕێگەی هەڵبژارنێکی لانیکەمی تا بتوانێت بەبێ کێشەیەکی گرنگ سیاسەتەکانی بە ئاراستەی ئامادەکردنی فەزا لە ئەگەری مردنی خامنەیی و پڕۆژەی جێنشینی بەرەپێش بەرێت، هەر لەو بەستێنەدا پێشبینی دەکرێت کەسێکی سەر بە ڕێبەر و بەیت براوەی هەڵبژاردنەکان بێت و ئەگەری ئەوەی دوبارە جگە لەوەی کاندیدە بەناوبانگەکانی ڕێفۆڕمخوازەکان لە فیلتێری شورای نیگابان ڕەت نەبن، کەسانی ناسراو بە ڕەوتی نەریتی بناژۆخوازە میانەڕەوەکانیش وەک عەلی لاریجانی شانسێکیان بۆ تاقیکردنەوە پی نەدرێت.
ئەگەرچی لە ئێستادا هەموو جومگەکانی دەسەڵات لە خزمەت پرۆژەی جێنشینی خامنەیی دایە و هەر بەربەستێک لە ڕێڕەوی ئەو پڕۆژەیەدا تەحەمول ناکرێ، بەڵام گریمانەیەکی سییەمیش لە ئارادایە ئەوەش دەتوانێت مۆڵەتی بەشداری بە کەسێک وەک عەلی لاریجانی یا خود یەکێک لە کاندیدەکانی ڕەوتی ڕێفۆڕمخواز بێت بۆ گەرمکردنەوەی تەنووری هەڵبژاردنەکان بە مەبەستی بەشداری زیاتری خەڵک، بۆ ئەوەش دەبێت چاوەڕوان بین.