بەشی دووەم
کۆماری ئیسلامی بە ئیدئۆلۆژی وەلایەتی فەقیهی ئوممەت-تەوەر لەسەر بنەمای ئایینی ئیسلامی شێعەی دوانزە ئیمامی هەروەها ئێرانێکی یەک نەتەوە و فارسی زمان بنیاتنراوە. ئەمە لەکاتێکدایە ئێران لە ڕووی نەتەوەیی و ئائیینی و ئائینزاییەوە وڵاتێکی فرەنەتەوە و فرەچەشن و فرەڕەنگە کەوابوو ئەو بنەمایانەی بۆ وەرگرتنی ڕەوایی دانراوە گشتگیر نییە و لای هەمووان جێگەی متمانە و باوەڕ و پشتبەستن نییە. مانای وەلی فەقێ ئەوەیە خەڵک سەغیر و نەزانن، توانای بیرکردنەوە و بڕیاردانیان نییە و پێوەندییەکان بەپێی گوێڕایەڵبوونە هاوکات کەلتووری پیاوسالارانە، نیوەی کۆمەڵگە واتە ژنانی لەم پرۆسەیە سڕیوەتەوە. ڕەوایی، نۆرمێکە و ئیدعای دروستبوونی هەر نۆرمێک پێویستی بە لێکتێگەیشتن و گرێبەستێکی ژیرمەندانە و سازانێکی ڕاستەقینەیە کە پێویستە قابیلی پشتڕاستکردنەوە و گشتاندن بێت نەک لەپێناو سەپاندنی پێوەندییەکی زۆرەملێ و سەپێندراو. وەک گریمانەی نامومکین داینین کۆماری ئیسلامی لە قەیرانی شوناس تێپەڕیوە، ئایا ڕەوایی هەیە؟ کام جۆر لە ڕوایی؟
گرنگترین سەرچاوەی قەیرانی ڕەوایی لە ئێران، ناتەبایی و ناهاوسەنگی جۆرەکانی ڕەوایی و دەسەڵاتە لەگەڵ یەکتر. لە سەردەمی مەشروتەخوازییەوە و بەهاتنە بەر باسی دووانەی مەشروعە و مەشروتە هاوکات تێکهەڵپێچانی دوو گوتاری مەزەبی و مۆدێڕنیتە، ڕەوایی سوننەتی پاشاکانی قاجار بەبۆنەی ناکارامەیی و لاوازی و کولتوری پیاوسالارانە کەوتە ژێر پرسیارەوە و، چەنددەستەیی لە سەرچاوەکانی هێز پێکهێندرا. دواتر و لە سەردەمی پەهلەوی جیاواز لە پرسی پاشایەتی، باسگەلێک وەک نوێگەرایی ڕۆژاوایی لەسەرەوە سەپێندرا و، سێکۆلاریزم و ناوەندگەرایی سیاسی هاتە ئاراوە کە لێکەوتەکەی بوو بەهۆی تێکگیران لەگەڵ سوننەت و مەزهەبدا. لەدوای راپەڕینی گەلانی ئێران، ئەمجارە دوو جۆر لە ڕەوایی سوننەتی بەرامبەر یەک بوونەوە، ڕەوایی وەلایی و ئایینی بەرامبەر بە ڕەوایی پاشایەتی. دەسەڵاتی کاریزماتیکی خومەینی بەرامبەر بە زۆرینەی دەنگی خەڵک بۆ سەرۆک کۆماری بەنی سەدر وەستایەوە، سەرۆک وەزیر بازەرگان و سەرۆک کۆمارەکانی دواتری -بە وتەی من دایدەنم نەک هەڵبژێردرا- ناساند و لە ساڵی ١٣٦٨دا مەجمەعی تەشخیسی مەسڵەحەتی دامەزراند لەکاتێکدا لە یاسای بنەڕەتی وڵاتدا نەبوو، ئەمە تێکگیرانی دوو شێوازی ڕەوایی سوننەتی و کاریزماتیک لەگەڵ ڕەوایی عەقڵانی و یاسایی بوو. پاشان بە دابەشبوونی دەسەڵات بەسەر دوو بەرەی بناژۆخوازی و ئیسڵاحات، دیسانەوە درز کەوتە نێوان ڕەوایی سوننەتی وەلایی و ئایینی. ڕوانگەی یەکەم لەو باوەڕەدابوو وەڵامی هەموو پرسیار و ڕەواییەک لە لای ئایین و سەرچاوە ئاسمانییەکانە کەوابوو تەواوییەتیان هەیە، ڕوانگەی دووهەم ئایینی وەک هەر دیاردەیەکی دیکە داینامیک و قابیلی نوێبوونەوە دەبینی و هەوڵی بۆ گۆڕانکاری ئەدا. دواتر خامنەیی بوو بە یەکلاییکردنەوەی هەڵبژاردنەکان لە ساڵی ٨٨ و دووجەمسەرییەکی لەنێوان ڕەوایی سوننەتی و یاسایی پێکهێنا.
سەرهەڵدانی ئیسڵاحات و شۆڕش و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوو دەیەی ڕابردوو بەجوانی دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە کۆمەڵگە چیتر ڕەوایی سوننەتی کۆماری ئیسلامی قبووڵ ناکا. دەستپێکی ڕەتکردنەوەی ئەم ڕەواییە سوننەتییە لە ناوچە جۆراوجۆرەکان جیاواز بوو، بۆ نمونە لە بەشێکی زۆری کوردستان هەر لە سەرەتاوە، بەڵام لە ئاست تەواوی ئێران، لەدوای دروستبوونی ڕەوتی ئیسڵاحات، دوو گوتاری ڕەوابوونی شەرێعەت و ئایین و یان ڕەوایی بەها ئەمڕۆییەکان و پێویستی گرنگیدان بە خواستەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و مۆدێڕن بەرامبەر یەکتر وەستانەوە ئەگەرچی هەردوولایەن ئۆمانیزم و سێکۆلاریزمیان ڕەت دەکردەوە بەڵام دەرهاویشتەی ئیسڵاحات پێویستیی کۆڵدان بە ڕەوتی دێمۆکراسی و بایەخدان بە کۆمەڵگای مەدەنی و بەها مۆدێڕنەکان بوو. ئەم بەربەرەکانێیە بەڕوونی پیشانی دا کە فەرمان و بڕیاری ئایینی و ئاسمانی نەگۆڕ و حوکمی موتڵەق نییە. ڕووبەڕووبوونەوەی جیددی دیکە لە ساڵی ٨٨ و لەدوای بزووتنەوەی سەوز هاتە ئاراوە کە بەشێکی زۆر لە خەڵکی ئێران پێیان وابوو دەنگەکانیان فەوتاوەو متمانەیان بە ڕێبەران و کاربەدەستانی ڕژیم نەما و لە دژیان وەستانەوە. هەر لەو سەروبەندەدا بوو کە خامنەیی وەک وەلی فەقێ و یەکەم کەسی لووتکەی ئەو دەسەڵاتە کەوتە بەر پەلاماری خەڵکی سڤیل و تەنانەت هاوڕێ و هاوبیران و دەسەڵاتدارانی دیکەی نێو بازنەی کۆماری ئیسلامی و، هەموو ئەو هەوڵانەی بۆ سەلماندنی ڕەوایی سوننەتی و بە کاریزما بوونی درابوو فەشەلی هێنا. لەو کاتەدا تەنانەت مەراجێعی متمانەپێکراوی دەسەڵاتی سوننەتی هاتنە دەنگ و کەلێنێکی گەورەیان لەنێوان ئەم شێوازە لە ڕەوایی دروست کرد.
سێهەم کۆڵەکەی وەرگرتنی ڕەوایی لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامییەوە ڕەوایی عەقڵانی و یاساییەو بنەمای ئەم ڕەواییە دەگەڕێننەوە بۆ ڕێفراندۆمی ١٢ی خاکەلێوەی ٥٨ و دەیان گاڵتەجاڕی بەناو هەڵبژرادنی دیکە کە تا ئێستا بەڕێوەچووە. لەکاتێکدا پێنج نەوەی جیاواز لە دەیەی ٥٠(بەهۆی کەمبوونی تەمەن) هەتا ٩٠ی هەتاوی پێگەیشتوون کە هیچیان لە هەڵبژاردنی کۆماری ئیسلامی بەشداریان نەکردووەو دەنگیان پێنەداوە، ئێستاش بە ڕاشکاوی، بە وتە و بە کردەوە ڕەتی دەکەنەوە. هیچکام لە پێوەرە ناسراو و دیارەکانی هەڵبژاردنی دێمۆکراتیک و ئازاد لە بەناو هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی بەدی ناکرێت. لە ڕوانگەی حکومەتەوە بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنەکان وەک ئەرکێکی ئایینی و شەرعی دادەنرێت نە وەک کردەوەیەک بۆ بەشداری لە سیاسەت. مێسباح یەزدی دەڵێت: «حکومەتی ئیسلامی، حکومەتی ئیلاهییە نەک خەڵکی و، کاروباری لەشێوەی شورا و بەیعەت، نە یاساکان یاسامەند دەکا و نە ڕەوایی بە حکومەت ئەدا» (آذرخشی دیگر از آسمان کربلا. ص ۴۵) هەروەها جەختدەکاتەوە سیستەمی کۆماری بەمانای ڕەتکردنەوەی پاشایەتییە نەک بەو واتایە کە خەڵک ڕەوایی بە دەسەڵات ئەدەن، تەنیا ئەرکی خەڵک یارمەتیدان بە حاکمی ئایینییە تاکوو ئەرکەکانی باشتر بەڕێوەببات و پشتبەستوو بە «ان الحکم الا الله» کە باواتای ئەوەیە تەنیا خودا بەرژەوەندی و چاکەکانی مرۆڤ دەزانێت و تەنیا ئەوە دەسەڵاتی دانانی یاسای هەیە، دەڵێت مرۆڤەکان ئیختیار و توانای خۆبەڕێوەبەری و دارشتنی یاسایان نییە. لەم ڕەوانگەوە «مەجلیس لە کۆمەڵگای ئایینی، تەنیا نەخشی باسکێکی ڕاوێژکاری هەیە بۆ وەلی ئەمر و وەلی فەقیه کە لە ڕەواڵەتی ڕەهبەردا خۆی دەبینێتەوە»(آذری قمی، احمد. ١٣٧١. ولایت فقیه از دیدگاه قرآن کریم. ل ٢٦٦). جێگەی سەرسووڕمانە هاوکات لەگەڵ ئەم بیرۆکەیە، خومەینی دەڵێت «پێوەر دەنگی خەڵکە»، دەسەڵاتدارانیش دەڵێن ئاستی بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنەکان پیشاندەری ڕەوایی هزرمەند و یاساییە.
خاڵی بوونی فەلسەفەی هەڵبژاردن لە ناوەڕۆکی خۆی، مێکانیزمی بەڕێوەچوونی ناعادڵانە و نا ئازاد هەروەها ناکارامەیی هەموو کاربەدەستانی پێشووی ئێران، هەتا هاتووە خەڵکی لە بنکەکانی دەنگدان دوورخستووتەوە. لە هەموو خولەکانی پێشووی هەڵبژاردنەکان، سەرەڕای هەموو فێڵ و بانگەشەیەک بۆ بەشداری زیاتری خەڵک بە مەبەستی سازکردنی ڕەوایی یاسایی، هەتا هاتووە ڕێژەی بەشداری دابەزیوە و دوو هەڵبژاردنی ئەم دواییانە واتە ١٤٠٠ی سەرۆک کۆماری و ١٤٠٢ کەمترین ئاستی بەشداری خەڵکیان تۆمار کردووە. ئەمانە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە کۆماری ئیسلامی سێهەم بە ڕەواڵەت سەرچاوەی ڕەواییشی لەدەستداوە.
ئەگەر وایدانین و وەبزانین کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتێکی یاسایی و عەقڵانی بووە، بێگومان بەو ئاکامە دەگەین کە ئێستا گیرۆدەی قەیرانی ڕەواییە. کاتێک سەبارەت بە هاوکێشەی سەرچاوەی دەسەڵات و جێبەجێکاری دەسەڵات، لێکتێگەیشتنێک لەنێوان خەڵک و دەوڵەتدا دروست نەبێت، قەیرانی ڕەوایی ڕوودەدات. هەروەک گوترا پێوەندی لە ئاست ئەم سیستەمانەدا لە نێوان شارومەند-دەوڵەتە. تی ئێچ مارشاڵ(marshall, 1973) سێ شێوە ماف بۆ شارومەند دیاری دەکا، مافی مەدەنی، وەک مافەکانی تاک لە یاسادا کە پێویستە بەپێی بنەماکانی مافی مرۆڤ بێت و زۆر لایەن لەخۆ دەگرێت. دووهەم مافی سیاسی، وەک مافی بەربژێربوون و هەڵبژاردن و بەشداری بەرابەر و ئازادانە لە بڕیار و چارەنووسی سیاسیدا. سێهەم مافی کۆمەڵایەتی، کە بریتییە لە مافەکانی وەک دەستپێڕاگەیشتن بە لانیکەمی خزمەتگوزاری و ستاندارەکانی ژیان و تەندروستی و دابینکردنی ئاسایش و خۆشبژێوی. لە کۆماری ئیسلامیدا هیچکام لەم سێ ڕەهەندەی مافی شارومەند پارێزراو و سەلمێندراو نییە، یان باشترە دووپاتی کەینەوە پێوەندییەکان لە بنەڕەتدا شارومەندتەوەر نییەو خەڵک ئوممەت و شوێنکەوتووی حکومەتن.
دوو ڕوانگەی زاڵ سەبارەت بە قەیرانی ڕەوایی عەقڵانی و یاسایی لە دەوڵەتە نوێکان بوونیان هەیە، یەکەم هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی ڕادەبەدەرە لەلایەن دەوڵەت و دووهەم تیۆری قەیرانی ڕەوایی یورگەن هابێرماس. ڕوانگەی یەکەم لە زمانی بیرمەندگەلی وەک ڤێبێر و لاک و ڕاڵز و هاڵوی لەو باوەڕەدایە حکومەت و دەوڵەتەکان بەردەوام ئەرک و بەرپرسیارەتی زیاتر لەشێوەی خاوەندارییەتی گشتیی کێڵگەکانی بەرهەمهێنان و پیشەسازی، سیستەمی هاتوچۆ و گواستنەوە، خزمەتگوزاری خۆشبژێوی، تەندروستی و سلامەت و هتاد وەئەستۆ دەگرن، ئەم بەرپرسیارەتییە لەسەرووی ئاستی توانا و لێهاتوویی و ئیمکاناتی ماڵی و بەڕێوەبەری دەوڵەتەو هەتا دێت تێچووەکانی دەوڵەت زیاتر لە لە داهاتەکانی دەبێت و، کۆتا وێستگە گیرۆدەی ناکارامەیی و قەیرانی ڕەوایی دەکا. لەلایەکەوە کۆمەڵگە چاوەڕێی خزمەتگوزاری زیاتر دەبێت و لەولایەوە دەسەڵات توانای دابینکردنی داخوازیی و پێداویستییەکان و پۆشتەکردنی کۆمەڵگای نامێنێت. لە ڕوانگەی دووهەم دەسەڵاتەکان بە بیانووی پاراستنی بەرژەوەندی گشتیی و مسۆگەرکردنی پێداویستییەکان بە باشترین شێوە، بەرزترین ئاست لە بەشداری خەڵکی دەکەن بە بنەما و سەرچاوە و هەقانییەتی خۆیان دەچەسپێنن، لە نەبوونی ئەم بەشدارییە تووشی قەیران دەبن.
لە ڕوانگەی هابێرماسەوە ڕەوایی بەواتای پشتڕاستکردنەوە و بە فەرمیی ناسینی شایستەبوونی نەزمێکی سیاسییە. کاتێک هاوسەنگی نێوان بنەماکانی ڕەوایی و کارکرد و ناوەڕۆکی دەسەڵاتێکی سیاسی تێکدەچێت، قەیرانی ڕەوایی سەرهەڵدەدا. لە نئوکاپیتاڵیزمدا دەوڵەت بە ڕەواڵەت سەرچاوەی ڕەوایی دەسەڵاتەکەی لە دەنگی خەڵکەوە وەردەگرێت بەڵام ئەو دەسەڵاتە بۆ پاراستن و خزمەت بە سەرمایەداری بەکار دەبات، ئەمە لەکاتێکدایە هەمان پەتێرن بۆ کۆماری ئیسلامیش دەگونجێت، بەو جیاوازییەی کە لەجیاتی خزمەت و پاراستنی دەسەڵاتی سەرمایەداری، لە بەشداری خەڵک بۆ پاراستنی ئیدئۆلۆژی زاڵ کەڵکوەردەگیردرێت، هەروا کە لە تیۆرییەکانی وەلایەتی فەقیهدا باسی لێکرا. قەیران دوو لایەنی زەینی و عەینی هەیە، کەلێنێکە لەنێوان هەستی و پێویستی و، ئەوەی هەیە و ئەوەی کە ئەشێ وابێت. لە کاتی قەیران، هێزێکی عەینی هەبوونی هەیە کە زەین لەهەمبەریدا هەست بە ناتوانی دەکا و توانای کۆنتڕۆڵیکردنی نییە، کارلێکی ئەم دووانەیە قەیران قووڵتر دەکاتەوە. لە دونیای ئەمڕۆدا مرۆڤ خۆی بڕیاردەر و بکەرە بەڵام لەکاتی قەیراندا ئەم کاریگەری و توانایە لەدەست ئەدا کەوابوو هەست بە دوورکەوتنەوە لە سیستەم و کۆمەڵگە دەکا.
لەلایەکەوە ئەرکی حکومەت خاوەندارییەتی و دابینکردنی بژێوی ژیان و داخوازییەکانی خەڵکە بەڵام لەلایەکی دیکەوە ئیدئۆلۆژی زاڵ دەبێتە بەربەست لەهەمبەر ئەم کارکرد و ئەرکەدا. دەوڵەت هەموو توانا و ئیمکانێک دەخاتە خزمەت پێشوەچوونی ئیدئۆلۆژی لەکاتێکدا وادەی داوە ئەم سەرچاوە و تواناگەلە بۆ خزمەت بە خەڵک تەرخان بکا و هەر بەم وادەش پاڵپشتی خەڵکی وەرگرتووە. هاوکات ئەرکی ڕاگرتنی هاوسەنگی لەنێوان خواستی گشتیی و مانەوەی دەسەڵاتی لە ئەستۆیە لەکاتێکدا نە سەرچاوەکانی بەرگەی زیادەخوازییە ئیدئۆلۆژیکەکانی دەگرێت و نە توانای دابینکردنی لانیکەمی خواستەکانی کۆمەڵگەی هەیە. ئەرکی دەوڵەت لەلایەکەوە پاراستنی ئیدئۆلۆژی و پێکهاتەکەیەتی لەولاوە ڕاگرتنی دەسەڵات و سەرچاوەکانی، ئەم دووانەش لە ناوەڕۆکدا دژ بە یەکن، کەوابوو ئەمە دەستپێکی تێکچوونی باڵانسە. ئەم بارودۆخە سیستەم تووشی قەیرانی ئابووری دەکا و، ئەمە بەواتای ناکارامەیی و، نەبوون یان نوقسانی هزر و عەقڵە. نوقسانی عەقڵ بەواتای ناکارامەیی دەسەڵاتە و حکومەت لەم کاتەدا توانای بەڕێوەبەری کۆمەڵگە و بڕیاردانی نامێنێت و سەرەنجام ناتوانێت وەفاداری شارومەندان بەدەست بێنێت.
دەسەڵات لەلایەکەوە لەگەڵ ئابووری و بژێوی خەلک پێوەندی هەیە و لەلایەکی دیکەوە لەگەڵ کۆمەڵگە و کەلتور و ویست و خواستە کۆمەڵایەتییەکان. ئەگەر دەسەڵات دەستێوەردان لە کەلتور و کۆمەڵگە بکا و لەسەرەوە بۆ خوار و بەساختەکاری و ڕوانگەی کەرەستەیی هەوڵ بدا مانا بەرهەم بێنێت، گیرۆدەی قەیرانی کەلتوری و کۆمەڵایەتی دەبێت چونکا لەگەڵ لۆژیکی خۆڕێخەر و داینامیزمی کەلتور ناتەبایە. دەرچووی سیستەمی کەلتوری و کۆمەڵایەتی هەنگێزە و هاندانە کە لەگەڵ ڕەوایی پێوەندی ڕاستەوخۆی هەیە. قەیرانی هەنگێزە، هەستی بەرپرسیارەتی و خۆبەخاوەنزانین لەناو دەبات و، مەیل و خواست بۆ بەشداری لە پرسە گشتیی و سیاسییەکان کەم دەکاتەوە. لەم قۆناغەدا گشتییەت، تەواوییەت و ئەنتێگراسیۆنی کۆمەڵگە تێکدەچێت و دەرەنجامەکەی دەبێتە هۆی لەناوچوونی شوناس. کۆی ئەم زنجیرەیە دەبێتە دوورکەوتنەوەی خەڵک لە حکومەت و بەشداری نەکردن لە بڕیار و پرسە بنەماییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان کە بۆ هەر دەسەڵاتێک بە واتای نەبوونی پشتوانە و سەرچاوەی عەقڵانی و یاساسییە.
ڕوایی کارتێکەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر سەقامگیری سیاسی، هاوکاری کۆمەڵایەتی و پەزێرانی سیاسەت و کردەوەکانی دەسەڵات لەلایەن خەلکەوە هەروەها ئاستی متمانەی گشتیی و ڕاگرتنی هێمنی و ڕێکوپێکی کۆمەڵگە. لە قەیرانی ڕەواییدا کەلێنێکی گەورە لەنێوان دەسەڵات و، خواست و چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگە پێکدێت و، ناڕەزایەتی گشتیی و جەماوەری لێدەکەوێتەوە. ئەم ناڕەزایەتییە لە ئاست ناوخۆیی متمانە و پشتیوانی خەڵک لەناو دەبات و دەتوانێ ببێتە هۆی بشێوکە، داڕمانی دەسەڵات، خۆپیشاندان، شۆڕش و ڕاپەڕین و تەنانەت شەڕی ناوخۆیی، لەئاست دەرەکیشدا کاریگەری نەرێنی دادەنێتە سەر پێوەندی و هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دیکە و کۆمەڵگەی جیهانی و، وڵات بەرەو گۆشەگیری دەبات. وەرگرتنی ڕەوایی کارێکی درێژخایەن و دەرەنجامی کارامەیی و توانای بەڕێوەبەری دەسەڵاتە بەڵام پڕکردنەوەی بۆشاییەکەی، پێویستی بە عەقڵانییەتی تێگەیشتن و هەمەلایەنەیە و، گۆڕانکاری و چاکسازی قووڵە لە هەموو بوارەکانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، کەلتوری و هتاد.
ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی هەوڵیدابوو ئاوێتەیەک لە هەر سێ سەرچاوەکەی وەرگرتنی ڕێوایی بۆ خۆی دابین بکا بەڵام بە لەبەرچاوگرتن و هەڵسەنگاندی هەموو فاکتەرەکان بۆمان دەردەکەوێ کە لە هیچکام لە ڕەهەندەکانەوە ڕەواییەکی نەماوە و لە ئێستادا تەنیا پشتی بە فاکتەری هێزی سەرکوت بەستووە. هێزیش، بەردەوام نییە و تا سەر نامێنێتەوە و، لە ئەگەری تێکچوونی باڵانس لەناودەچێت.