پاش هێرش بۆ سەر باڵاخانەیەکی نزیک کونسوولخانەی کۆماری ئیسلامی لە سوریە و کوژرانی فەرماندەیەکی باڵا و هەندێک بەرپرسی سپای قودسی سەر بە سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی، ململانێ و بەریەک کەوتنی دوو دەوڵەتی ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی پێی نایە قۆناغێکی نوێوە.
کۆماری ئیسلامی بە نزیکەی ٣٥٠ موشەک و درۆن شەوی ٢٥ی خاکەلێوە هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و ئەگەرچی بە وتەی بەرپرسانی باڵای ئیسرائیلی بە هاوکاری هێزەکانی ئەمریکا، بریتانیا، فەڕانسە و ئۆردۆن لە سەتا ٩٠یان پووچەڵ کرانەوە، بەڵام باس لەوە دەکرێت لانی کەم ٩ موشەک گەیشتووە خاکی ئیسرائیل و بە دیاریکراوی سەربازگەی «نواتیم»یان کردە ئامانج. لە بەرامبەر دا ئیسرائیل بە سێ مووشەک کە گومان دەکرێت لە خاکی عێراقەوە بە فڕۆکەی F15 یان F35 هێرش کراوەتە سەر سەربازگەی هەشتی شکاری ئیسفەهان لە قووڵایی خاکی ئێران.
ڕەوایەتی هەر دوو لا بۆ هێرشی بەرامبەر کەم و بچووک و بێ کاریگەری و تەنانەت ئینکار و حاشا لە هێرش بووە، کە چاوەڕان دەکرا، چونکا ئەم شەڕە بۆ مەزڵووم نەمایی نییە کە بارستایی وێرانی و کاریگەرییەکان بەرجەستە بکرێتەوە، بە پێچەوانەوە شەڕی نواندنی هێزە. واتە قەبڵاندنی ڕێژەی کەم کاریگەر بوونی هێرشەکان، لاوازی لایەنی بەرامبەر دەردەخات و شەڕەکە لە ئێستادا بۆ ئەوەیە. ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی بە هەموو دەزگا پرووپاگەندەکانییەوە لە سەرتاسەری جیهان هەوڵی ئەوەیە کە هێرشەکەی خۆی وەک هێرشێکی مەزن و تاقانە بشوبهێنێ کە پیشاندەری هێز بێت، لە بەرامبەردا تا کاتی نووسینی ئەم وتارە ئیسرائیل بە شێوەی فەرمی هێرش بۆ سەر سەربازگەی هەشتی شکاری ئیسفەهانی وە ئەستۆ نەگرتووە و هەموو زانیارییەکان لە ڕێگەی ئەمریکا و لە زار ئەم و ئەوەوە دەگێڕدرێنەوە.
ئەگەری شەڕ
ئەسڵی بابەتەکە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی بە نواندنی هێزی شەڕئەنگێزانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخوازێت وەک زلهێزی ناوچەیی ئەژمار و هەڵسووکەوتی لەگەڵ بکرێت، ئەوەی ئیسرائیل و نەیارانی ئیدئۆلۆژی ئیسلامی سیاسی شیعەیە، دژی ئەمەن و لەمڕۆی جیهانیش ئەو بەریەک کەوتن و ململانێیانە پێیان ناوەتە قۆناغێکی هەستیار.
ئیسرائیل وەک تاقانە وڵاتی یەهوودی لە سەر گۆی زەوی لە لایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە هەڕەشەی سڕینەوەی لە سەر نەخشەی جیهانی لێ دەکرێت. پشتگیری ڕۆژئاوا و ئەمریکاش وەک پابەندبوون بە بەڵێنک بۆ پاریزگاری کردن لە نەتەوەیەک کە مەترسی فەوتانی لە سەرە، ڕەها و بێ سنوورە. وڵاتانی ئۆرووپایی و ئەمریکا خۆیان بە شەرمەزاری گەلێک دەزانن کە بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە جینووساید کران و هەوڵی قڕکردنیان درا. ئیرادەی گەلی یەهوود و پشتگیری زلهێزەکانی جیهان بە ڕووسییەشەوە کە شەریکی ئەو سەرکەوتنە ئەخلاقییە بەرامبەر بە نازیزم و فاشیزمی ئاڵمانی، ئیسرائیلی کردووەتە هێزێکی حاشا هەڵنەگری ناوچەیی. ئەم هێزە ئەمڕۆ لە لایەن ڕژیمی و دەسەڵاتێکی فاشیستی ئیسلامی سیاسیی ناوچەییەوە هەڕەشەی لەناوبردنی لێ دەکرێت.
ئەگەر جۆرج بووشی کۆماریخواز کۆماری ئیسلامی وێڕای کورەی باکوور و عێراق بە سێ کوچکەی شەڕئەنگێزی دەناساند، دکتورینی ئۆبامای دێمۆکرات ئەوە بوو کە لە ڕێگەی پێوەندی و ڕێگە بۆ کردنەوەی کۆماری ئیسلامی و ئیعتراف بە زل هێز بوونی ناوچەیی، دەتوانن کۆنترۆڵی بکەن و وەک دەسەڵاتێکی نۆرماڵ ببێتە ئەندامی یانەی وڵاتانی جیهانییەوە. دکتورینی بایدێنیش هەر ئەوەیە.
ئیسرائیل بۆ بە پلەی یەکەم بۆ پارێزگاری لە بوونی خۆی و کیانەکەی و بە پلەی دووهەم بۆ سەرهەڵدان و گەشەی لە بوارە جیاجیاکان هەموو کات جیا لە پشتگیری ڕۆژئاوا و ئەمریکا، لە دروست کردنی ئامرازێکی بەرگریکارانە و ڕێگری کارانە، پشتی بە تواناییەکانی خۆی بەستووە.
بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیایی وڵاتی ئیسرائیل و ئەوەی کە لە سەرەتای دروست بوونییەوە بەردەوام لە لایەن وڵاتانی دراوسێیەوە هێرش کراوەتە سەری و لە چل و چوار ساڵ لەمەوبەرەوە بە دوای وتاربێژییەکی خومەینی سڕینەوەی لە سەر نەخشەی گۆی زەوی بوو بە بەشێک لە ئەجێندای سیاسەتی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە_ بۆ پارێزگاری کردن لە بوونی خۆی و نواندنی هێزی ڕێگریکردن (بازدارندگی _Deterrence)، لە ساڵی ١٩٦٠ تا ٦٣ بە هاوکاری فەڕانسە یەکەم تاقیکردنەوە ناوکییەکانی خۆی ئەنجام دا و ئەگەرچی تا ئەمڕۆش ئیسرائیل هەرگیز دانی بە خاوەنداربوونی چەکی ناوکی نەناوە، بەڵام ڕاگەیاندنە ناڕەسمییەکان باس لەوە دەکەن کە دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٦٦وە خاوەنی چەکی ناوکییە و ژمارەیان بە ٨٠ بۆ ٤٠٠ کڵاوەی ئەتۆمی دەخەمڵێنرێت. ئیسرائیل توانای سوارکردنی ئەم بۆمبانەی لە سەر فڕۆکە شەڕکەر و موشەکە کروز و بالیستیکییەکان و ژێردەریایی هەیە و دوکتورینی چەکی ناوکی ئیسرائیل وا بنیات نراوە بە پشت بەستن بە زیرەکی، هێزی مانۆر و هێزی تەقەی یەکەم، خاڵی لاوازی، نەبوونی قووڵایی ستراتیژیک قەرەبوو بکاتەوە.
توندبوونەوەی ناکۆکییەکان و ئەم هێرشانە یەک ئەنجامی دەبێت؛ شەڕی گەرمی کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل. ئاسۆی ئاسایی بوونەوە پێوەندییەکان و ئاشتەوایی لیڵ و تاریکە. خوێندنەوەیەکی خێرای ڕەفتاری ئیسرائیل (بە پێچەوانەی کۆماری ئیسلامی) بۆ بەرگری کردن یان هێرش دەریدەخات کە لە ئامانجی بچووکەوە دەست پێ دەکات و لەئەگەری بەردەوام بوونی لایەنی بەرامبەر ئامانجی گەورە و گەورەتر دەکاتە ئامانج.
بە پێی لێکۆڵینەوەکان و هاوشێوە کردن (simulation)ی ژانوییە، نوامبر و دێسامبری ٢٠٢٣ی تێل ئاڤیڤ و ئارلینگتۆن سەرەڕای خواستی لایەنەکان بۆ تەشەنە نەسەندنی شەڕەکە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی بوونی بەراوردکاری هەڵە و ڕێکەوتی نەخوازراو بۆ خەمڵاندنی ئاستی وڵامە سەربازییەکان ئەگەری شەڕ زۆر بەهێزە و سەرئەنجامی هەر دوو لێکۆڵینەوەکەی تێل ئاڤیڤ و ئارلینگتۆن دەبێت بە شەڕی گەرمی کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل. تەنیا بەربەست بۆ پێشگرتن لە شەڕ لادان و نەمانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی خاوەن ئیدئۆلۆژی فاشیزمی ئیسلامی سیاسی شیعەیە.
ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا (بەهۆی لاوازی ئابووری و بێ پشتیوانی خەڵکەکەی) خوازیاری تەشەنە سەندی لەوە زیاتری بەریەک کەوتنەکان نییە، لە بەرامبەردا ئیسرائیل خوازیاری کۆتایی پێهێنای ئەم شەڕە کوشەندەیەیە و بە تایبەتی کە مەیدانی ڕۆژئاواییەکاندا یاری دەکات و پشتگیری ئەوانیشی لەگەڵە. کۆشکی سپی و بایدن کە لە ساڵی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری دان خوازیاری تەشەنە سەندنی شەڕەکە نین. چین کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرچاوەی دابین کردنی وزە و نەوتییەتی و ئەگەری شەڕ قۆرت دەخاتە کارەکەیی و بەرز بوونەوەی نرخی نەوت، خوازیاری تەشەنە سەندنی شەڕەکە نییە. ڕووسیە بەڵام بە دوو ئامانجی بەلاڕێدا بردنی ڕای گشتی جیهانی لە سەر شەڕەکەی لە ئۆکراین و لە هەمانکاتدا سەرقاڵ کردنی ئەمریکا و ئۆرووپا بە پرسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، بێ مەیل نییە و کەمتاکورتیش یارمەتی کۆماری ئیسلامی دەکات.
ساویلکەیییە ئەگەر پێمان وابێت کێشە و ناکۆکی و بەریەکەوتنەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل بە ئاڵوگۆڕ کردنی ئەم دوو هێرشە کۆتایی دێت، چونکا ستراتێژی ئەم دوو لایەنە دژ بە یەکە (دوو پاڵشا لە هەرێمێکدا جێیان نابێتەوە و…) و درەنگ یان زوو (لە مانگ و ساڵدا) ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی بەگژ یەکتردا دەچنەوە و ئەگەری شەڕێکی گەرمی بەرفراوان، زۆر بەهێزە.
سیاسەتی کورد و ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی
یەکێک کە کاریگەرترین پیلان و کارەکانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چڵ و پێنج ساڵی ڕابردوو بریتی بووە لە پێشگرتن لە سەرهەڵدانی بەدیل و ئاڵترناتیڤێک بۆ خۆی لە ڕێگەی دووبەرەکی نانەوە و شەڕ لە نێوان لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی خۆی. کوردی ڕۆژهەڵات کە هەر لە سەرەتاوە دژی ئەم ڕژیمە تۆتالتێر و شێوە فاشیستییە بووە، ساڵانێکی زۆر بە تەنیا بەرەنگاری و مقاومەتی نواندووە. بە هەزاران ڕۆڵەی لەخۆبردووی ئەو گەلە لە مەیدانی بەرگری پێشمەرگانە و یان بە پەتی سێدارە لە سیاچاڵەکانی کۆماری ئیسلامی گیانیان بەختکردووە. بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە بەرین و بەرفراوانەکانی ئەمساڵانەی دوایی (بزووتنەوەی سەوز، بزووتنەوەی ئابانی ٩٦، ٩٨ و بە تایبەتی شۆڕشی ژینا) لە هەموو کات زیاتر ڕەوایی بەخشێوەتە خەبات و خواست و داواکارییەکانی.
کەسی ژیر و نۆرماڵ گومانی لە کاریگەرییە ماڵوێرانکەرانەکانی شەڕ نییە. کوژرانی ژن و منداڵ و خەڵکی سڤیل و لە ناوچوونی ژێرخانەکانی وڵات و قات و قڕی و ئاگر و ئاسن ژیانی چەند جیل دەفەوتێنێ و جگە لە نەهامەتی و ڕۆژ ڕەشی دیارییەکی دیکەی بۆ مرۆڤ نابێت. بەرپرسایەتی و خۆشەویستی بەرامبەر بە گیان و ژیان و بەختەوەری مرۆڤی کورد و ئێرانی لەوەدا نییە بۆ پێشگیری لە شەڕ وەک سیای لەشکری هێزی بازدارەندە و ڕیگریکاری کۆماری ئیسلامی بجووڵێینەوە. ئەو شەڕە تەنیا خواستی کەمینەیەکی شێت و هاری توندئاژۆیە و هیچ پێوەندییەکی بە بەرژەوەندی و خواستی خەڵکانی ئێرانییەوە نییە.
تەنیا نەمانی کۆماری ئیسلامی دەتوانێ ببێتە بەربەست بۆ تەشەنە نەسەندی شەڕەکە و کۆتایی هێنانە بە سووڕانەوە لەم بازنەی دژایەتی و وێرانی و بەش مەینەتییە و لێرەدایە و ڕەنگە ئەمە دوا دەرفەت بێت بۆ پساندنی ئەم بازنە بێ کۆتایییە. بەردی بناغەی هەوڵ بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ دروست نەبوونی ئاڵتیرناتیڤ و بەدیل لەبەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا دەخوازێت کورد و هەموو ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی لە دەوری یەک کۆ ببنەوە و وێڕای دڵنیایی بەخشین بە خەڵکی ئێران بۆ داهاتوویەکی گەش و ئارام و بەهرەمەندانەی سەربەرزانە وێڕای ژیانێکی ئاشتەوایانە لەگەڵ هەموو دەر و دراوسێکانی ناوچەکە و هەموو دنیا، سەرنجی جیهانیش بۆ پشتگیری کردنی خەڵکی ئازادیخوازی ئێران و هێزەکانیان ڕابکێشن چونکا خەڵکی ئازادی و ئاشتیخوازی ئێران بە کورد و لوڕ و فارس و عەڕەب و بەلووچ و تورکەوە شایستەی ژیانێکی باشترن.