مێژووی نیشتمان خۆشەویستی و نیشتمانپەروەری کورد کۆن و دەگەرێتەوە ساڵانی زۆر لەوەپێش کە زایڵەکەی لە شیعر و پەخشانەکانی شاعیرانی گەورەی کورد دەبیستین و دەخوێنینەوە و کولتوری کوردیان پێکهێناوە. پێش سەردەمی مۆدێرنیتە و سەرهەڵدانی نەتەوەکان، کورد وەک کۆمەڵگا و پێکهاتە ناوچەییەکانی دیکە، لەسەر بنەمای جوغرافیا، زمان و کولتوور و داب و نەریتی ناوخۆیی خۆی بەردەوام بوو. ئەم هاوبەشییە نیشتمانی، زمانەوانی و کولتوورییانە وەک فاکتەری بەیەکەوە گرێدانی کۆمەڵگا بوون و ناسنامەی نەتەوەیی کوردیان بەهێزتر کرد.
چەمکی «نەتەوە» بە مانای ئەمڕۆ بەرهەمی سەردەمی مۆدێرنیتەیە. پێش ئەم قۆناغە کۆمەڵگاکان لەسەر بنەمای گروپە قەومی و کولتوورییەکانیان بیچەمیان گرتووە، بەڵام «نەتەوە» واتە کۆمەڵگەیەک کە سنووری سیاسی و مافی هاوبەشی هەبێت بۆ هەموو خەڵکەکەی، دیاردەیەکی نوێ پەیوەستە بە سەرهەڵدانی دەوڵەتە نەتەوەییەکان لە سەدەی 18 و 19دا. مۆدێرنیتە بە جەختکردنەوە لەسەر خۆئاگایی نەتەوەیی و پێکهێنانی شوناسی سیاسی و دامەزراندنی حکومەتی نەتەوەیی، کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر کۆمەڵگاکانی کوردستان هەبووە.
کورد وەک زۆرێک لە نەتەوەکانی دیکە کەوتە ژێر کاریگەری ئەو گۆڕانکاریانە و هەوڵی دەدا وەک یەک نەتەوەی خاوەن مافە سیاسی و کولتوورییە یەکسانەکان لەگەڵ ناسنامەی نەتەوەیی خۆیدا بناسرێت. بەهەموو ئەوانەشەوە، کورد بە هۆی بارودۆخی ژیۆپۆلەتیکی تایبەتی خۆی و دابەشبوونی کوردستان لە نێوان چوار وڵاتی (ئێران، عێراق، تورکیا و سووریا)، بۆ بەدیهێنانی ئەم خەونە، بەربەست و ئالەنگاری زۆری لە سەر ڕێگای بووە.
لە ماوەی سەدەی بیستەمدا و تا ئەمڕۆش کوردی رۆژهەڵات هەمیشە هەوڵی بەدواداچوونی خواستە نەتەوەییەکانی خۆی داوە. وەک هەر نەتەوەیەکی دیکە لە پلەی یەکەم پێداگری کردووە لەسەر جیاوازییەکانی لە گەڵ نەتەوەکانی جیران و بە تایبەت نەتەوەی باڵادەستی کە حاشایان لە بوونی کردووە و سیاسەتێکی ئاسیمیلاسیۆنی لە دژی پەیرەو کردووە. لێرە زۆرتر پێداگری کردووە لە سەر تایبەتمەندییە کولتووری و زمانەوانییەکانی لە بەرامبەر نەتەوەکانی دیکە. ئەم پێداگرییە نە بۆ کورد و نە بۆ هیچ نەتەوەیەکی دیکە لە هەلومەرجێکی وێچوو، بە مانای دوژمنایەتی لە گەڵ نەتەوەکانی دیکە نیە و نەبووە. کورد بۆ بەدیهێنانی داواکارییە نەتەوەییەکان پێویستە و مافی خۆیەتی بیر لە جیاوازییەکانی لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە بکاتەوە بەڵام پێویستە هەوڵبدات لە هەموو لایەنەکانی خەبات و سیاسەتیشدا وەک نەتەوە دەربکەوێت.
لە کاتێکدا کە فرەچەشنی سیاسی و ئیدیۆلۆژی دەتوانێت ئاماژە بێت بۆ پێشکەوتن و پێگەیشتنی کۆمەڵگایەک، بەڵام لە خەبات بۆ مافە نەتەوەییەکان، پێویستە جگە لە یەک گووتاری سیاسی و کۆک بوون لە دیاریکردنی ئامانجە سیاسییەکان لە هەر قۆناغێک هەوڵ و کۆششی بەردەوام بدرێت بۆ پێکهێنانی دامەزراوە و موئەسەساتی نەتەوەیی و فەراحیزبی، واتە یەک گووتاری نابێ تەنیا لە قسە و بەرنامە و ئەدەبییاتی سیاسی دەنگ بداتەوە و سنووردار بکرێت بەڵکو دەبێ بە کردەوەش کەرەسەی سازمانی و دامەزراوەیی کە بتوانێ خەباتی هەموو حیزب و گرووپ، واتە سەرجەم وزەکانی کۆمەڵگا کۆ بکاتەوە و ڕێکیان بخات، پێک بێت و خەباتی خەڵک نوێنەرایەتی بکات.
یەکێک لە هەنگاوەکانی ئەم ئاراستەیە دروستکردنی دامەزراوەیەکە کە نوێنەرایەتی نەتەوەی کوردی رۆژهەڵات بکات لە هەموو گۆڕەپانەکانی نێوخۆیی (ئێران) و نێودەوڵەتیدا لە جیاتی نوێنەرایەتی حیزب یان لایەنێکی دیاریکراو. لە کاتێکدا کە لایەنە کوردییەکان لە ساڵانی ڕابردوودا هەوڵیان داوە ڕۆڵێکی سیاسی کارا لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران بگێڕن، هیچ کام بە تەنیا نەیانتوانیوە بەباشی وەک تاکە نوێنەری نەتەوەیی بۆ کورد مامەڵە بکەن. پێویست بە هەماهەنگی و هاوکاری نێوان هەموو لایەن و حیزبەکان هەیە بۆ ئەوەی دامەزراوەیەکی دیپلۆماسی دروست بکرێت کە بە ناوی هەموو کوردی رۆژهەڵات لە گۆڕەپانی جیهاندا کار بکات.
بۆ نموونه له زۆر شوێنی جیهان، دەستە و بەرەی دیپلۆماسی گشتی یان کۆنگرەی نەتەوەیی هەن که نوێنەرایەتی نەتەوەیەک دەکەن له گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا، تەنانەت ئەگەر ئەو میللەته هێشتا حکوومەتی سەربەخۆیشی نەبێت وەک نموونە حکومەتی تەبعیدی تەبەت کە لە ساڵی ١٩٥٠ دامەزراوە و وەک نوێنەری گەلی تەبەت لە زۆر گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا ئامادە بووە و توانیویەتی سەرنجی جیهان بۆ پرسی تەبەت ڕابکێشێت.
ئەم نموونەیە و نمونەی دیکەش ئەوەمان بۆ دەردەخات کە تەنانەت لە نەبونی حکومەتێک و یان کیانێکی سەربەخۆشدا، دامەزراوە دیپلۆماسییەکان و کۆنگرە و بەرە نیشتمانییەکان دەتوانن وەک نوێنەری نەتەوەیەک کار بکەن و دەنگی نەتەوەکەیان لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بن.
کورد دەمێکە سەرقاڵی خەباتە بۆ داکۆکی وبەرگری لە مافەکانی، هێزی پێشمەرگەش یەکێک لە هێما هەرە گرینگەکانی ئەو بەرگرییە بووە. بەڵام ئەوەیکە تا بەئێستا هەر حیزب و لایەنێک هێزی پێشمەرگەی تایبەت بۆ خۆی هەبووە، وێرای ئەوەیکە ئەم لایەنانە وەک هێزی نیشتمانی پێناسە دەکرێن کافی و بەس نییە بۆ بەدیهێنانی خواستە نەتەوەییەکان. هێزی نیزامی و پێشمەرگە دەبێت ببێتە بەشێک لە پرۆژەیەکی نیشتیمانی بەرفراوانتر کە تیایدا هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا بەشێوەیەکی هەماهەنگ و یەکگرتوو کاربکەن.
یەکێک لەو کێشە و گرفتانەی ڕووبەڕووی کوردی رۆژهەڵات دەبێتەوە، لاوازی چالاکی میدیاییە. هەر حیزبێکی کوردی رۆژهەڵات
تەلەڤزیۆنی ماهوارەیی تایبەتی خۆی هەیە، کە بە شێوەیەکی سنووردار و پەرشوبڵاو کاردەکات. ئەم جۆرو شێوازە لە کار کردنی میدیایی ئەم سەردەمە، نەک هەر یارمەتی یەکگرتوویی نەتەوەیی نادات، بەڵکو پەیامی پێناسەی نەتەوە بوونی کوردی رۆژهەڵات لاواز دەکات.
کوردی رۆژهەڵات لەبری ئەوەی چەند کاناڵی سەتەلایت و مەهوارەی لاواز و پەرشوبڵاوی هەبێت، کاناڵ و سەنتەری میدیایەکی نەتەوەیی بەهێز دابنێت کە دەنگ و رەنگی هەموو کوردی رۆژهەڵات بێت. ئەم تۆڕ یاوەکو کاناڵە پێویستە وەک زمانی ئێستای نەتەوەی کورد کار بکات و لەبری ئەوەی سەرنجی لەسەر جیاوازییە حزبییەکان بێت، پێویستە سەرنجی لەسەر پێداویستی و داخوازی نەتەوەیی بێت. تۆڕێکی لەم شێوەیە دەتوانێت چ لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و چ لە ناوخۆی وڵاتدا کاریگەر بێت و ڕۆڵێکی سەرەکی لە بەدیهێنانی مافەکانی کورددا بگێڕێت.
دامەزراندنی دامودەزگا نەتەوەییەکان، پتەوکردنی یەکگرتوویی سیاسی و فەرهەنگی و کەڵک وەرگرتن لە دەسەڵاتی میدیایی، دەتوانێت یارمەتی بزوتنەوەی کوردی رۆژهەڵات بدات کە لە خەباتی خۆیان بۆ بەدیهێنانی مافە نەتەوەییەکانیان سەرکەوتووتر بن.
تێکۆشانی کورد نەک هەر لە ناوخۆی وڵات بەڵکو لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیشدا هەماهەنگ و یەکگرتوو بێت بۆ ئەوەی ئەنجامە خوازراوەکان بەدەست بهێنرێت.