خومەینی لە یەکەم ساڵوەگەڕی شۆڕشی ئێران لە ساڵی ١٣٥٨ وتی: «ئێمە شۆرشەکەمان بۆ هەموو دنیا هەناردە دەکەین!» مەبەستی خومەینی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی شیعە بوو. بەدوای ئەو ڕۆژەوە پێوەندی و تەیارکردن و دروستکردنی گرووپ گەلی ئیسلامی بۆ هاندانیان لە شۆڕشێکی ئیسلامی بوو بەشێکی جیانەکراوەی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی. لەجەرگەی شەڕی ماڵوێرانکەر و بێهوودەی ئێران و عێراق کە شەڕی دوو سەفی و دێوانەی وەک خومەینی و سەدام بوو، دروشمی «ڕێگەی قودس، لە کەربەلاوە تێ دەپەڕێ!» واتای ئەوەی دەدا کە پاش شکستی دەوڵەتی عێراق شەڕ بەرەو قودس یان ئورشەلیم، قیبلەی یەکەمی موسوڵمانان بەردەوام دەبێت کە ئێستا بەشێکە لە خاکی ئیسرائیل. تەنانەت چاوپۆشی لەوە دەکرا کە ئیسرائیل پاش سوریە تاکە وڵاتی ناوچەکە بوو کە یارمەتی لۆجیستیکی بە کۆماری ئیسلامی دەفرۆشت لە شەڕ لەگەڵ سەدام حوسێن. دواتر خومەینی ڕێبەری ئەو کاتی کۆماری ئیسلامی دوایین ڕۆژی هەینی هەموو مانگێکی ڕەمەزانی ناو نا «ڕۆژی قودس» و لەم ساڵانەی دواییشدا وەک ڕۆژێکی جیهانی و بە تایبەتی ئیسلامی قودس ناودێر کراوە. واتە دەسەڵاتی شیعە لە ئێران و بە تایبەتی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی خۆی بە وەلی ئەمری موسڵمانانی جیهان ناوزەد و خۆی بە داشداری کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل بە لەناوبردنی ئیسرائیل کردە ئەجێندای ئەرک و سیاسەتی خۆی تەواو بوو بە پرسێکی ئیدئۆلۆژیکی بۆ ئەو ڕژیمە.
لە ئەنجامی پرۆسەیەکی چەند ساڵەدا دژایەتی ئیسرائیل وێڕای دژایەتی ئەمریکا وەک شەیتانی گەورە بوو بە بەش چەسپاوی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی و بە تایبەتیش لە دوای مەرگی خومەینی و هاتنە سەرکاری خامنەیی وەک ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بە دەست ئاواڵە هێشتنەوەی سپا لە هەموو جومگەکانی سیاسی و بەڕێوەبەرایەتی ئەم سیاسەتەی وەک بەشێک لە پێناسەی نەگۆڕی کۆماری ئیسلامی بەڕێوە بردووە.
ساڵی ١٣٧٩ی هەتاوی کە بۆ یەکەمجار دۆسییەی چالاکییە نەهێنی و گوماناوییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ
پیتاندنی ئۆرانیۆم و دروست کردنی بۆمبی ئەتۆم لە جیهاندا دەنگی دایەوە تا ئەمڕۆ بووەتە خاڵی جێی مشت و مڕ و سەبەبی گەلێک ڕووداو.
یەکەم کاردانەوەکان ئیسرائیل بەرامبەر بەو
هەواڵە نواندنی، بەومانایە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە دەیانجار لە زمان ڕێبەران و گەورە بەرپرسانییەوە خوازیاری سڕینەوەی ئیسرائیل لە سەر نەخشەی گۆی زەوی دەبوون، لە هەوڵدان بۆ دروست کردنی چەکی کۆمەڵکوژی
ئەتۆمی و لۆژیکەن گەورەترین مەترسی دەبوو بۆ سەر خاک و خەڵکی ئیسرائیل.
ئەمریکا کە دۆست و هاوپەیمانی ئیسرائیلە و باقی وڵاتانی جیهان و لە سەروو هەموویانەوە
ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (چین، ڕووسیە، فەرانسە، بریتانیا) و ئاڵمان کەوتنە خستنە ژێر گوشاری کۆماری ئیسلامی بۆ ڕوونکردنەوە لەوبارەیەوە و ساڵانێکی ساڵە ئەم بابەتە هەوراز و نشێوی زۆری بەخۆیەوە بینیوە. خواستی کۆمەڵگای جیهانی ڕوون و ئاشکرایە و دەڵێت؛ «کۆماری ئیسلامی نابێ ببێ بە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی!» و لە بەرامبەریشدا کۆماری ئیسلامی ئیدیعا دەکات ئەو چالاکییانەی مەبەستی ئاشتیخوازانەی هەیە و نیازی بەرهەم هێنانی چەکی ئەتۆمی نییە. ئەمە لە کاتێکدایە سەدان فایل و دێکۆمێنت بوونیان هەیە کە کۆماری ئیسلامی مەبەستی لە پیتاندنی ئۆرانیۆم بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی و ئەتۆمییە، بەرەبەرە کۆمەڵێک گەمارۆی جەرگبڕ دژی کۆماری ئیسلامی و کەسایەتییە حەقیقی و حقووقییەکان لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی جیهان و بە تایبەتی ئەمریکاوە سەپاوە.
ئەم گەمارۆ و گوشارانە تا هاتووە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تەریک و دووخراوەتر کردووە لە کۆمەڵگای جیهانی. ئەگەرچی باس لە پرۆسەی هەڵوەرین و تیاچوونی ڕژیمە ئیدئۆلۆژیکە تۆتالیتێرەکان لە تاقەتی ئەم وتارە بەدەرە بەڵام، وەک بنەمایەک بە پێی تیوری و بۆچوونی گەورە بیرمەندی سیاسی هانا ئارێنت، ئاشکرایە ئەم ڕژیمانە پاش ماوەیەک مەشرووعییەت و ڕەوایی جەماوەری خۆیان لە دەست دەدەن، دژی هەرچەشنە ڕێفۆرم و چاکسازییەک دەوەستنەوە و تێکی دەشکێنن و دواجار تەنیا بە پشت بەستن بە سەرکوت و زیندان و کوشتن و ئیعدام درێژە بە ژیان دەدەن. کۆماری ئیسلامی نموونەیەکی بەرچاوی زیندووی ئەم ئەزموونەیە و ئێستا لە قۆناغێک دایە کە تەنیا بە پشت بەستن بە هێزی سەرکوت و داپڵۆسین ماوەتەوە.
ئەم ڕژیمانە جیا لەوەی لە ناوخۆی وڵاتەکەیان وەک ڕژیمێکی داگیرکەر و تاڵانکەر لەگەڵ خەڵک و سەروەت و سامانە نیشتمانییەکان هەڵسووکەوت دەکەن، لەڕێگەی پروپاگانداوە وا وێنا دەکەن کە دوژمن لە بەردەرکەیە وئەگەری هاکا خۆبکەن بە ژوورەوەدا.
جیا لە ڕەهەندە تیوری و نەزەرییەکان کۆماری ئیسلامی جیا لە دەمکوتی ناوخۆیی ناڕازاییان و سەرکوتی داخواوزییەکانیان بۆ باج وەرگرتن لە کۆمەڵگای جیهانی و یان لە پێناو مانەوەی خۆی دوو پیلانی هەبووە؛
١. دەست پێڕاگەیشتن بە چەکی کۆمەڵکوژی ناوکی (ئەتۆمی)
٢. دروست کردنی گرووپە چەکدارە تیرۆریستییەکانی سەربەخۆی
دوو جەمسەری ئەم پلانانە بریتین لە سپای پاستارانی ئینقلابی ئیسلامی و سازمانی هێزی هەوافەزای کۆماری ئیسلامی کە لەم ساڵانەی دواییدا قاسمی سولەیمانی و فەخریزادە سەرپەرشتییان دەکرد.
جیا لەم دوو جەمسەرە هێزی دەریایی و بە تایبەتی بەلەمە خێراکانی ئەرتەش و موشەکە بالیستیکەکانی کۆماری ئیسلامی وەک دوو لەنگەری دەستێوەردانە شەڕەنگێزییەکانی لە ناوچەکەن.
گرووپە نیابەتییەکان
موساسەدر، چەمڕان و قاسم سولەیمانی
موسا سەدر سالی ١٣٣٨ بە مەبەستی ڕێکخستنی بزووتنەوەی شیعەکانی لوبنان یەکەم کەس بوو کە لە ئێران و لە سەردەمی حەمەرەزا شای پەهلەوی چوو بۆ لوبنان و مەجلیسی باڵای شیعەکانی لوبنان و حیزبی «ئەمەل»ی دروست کرد کە بەهۆی دۆخی ئەو دەم کە هاوتەریب بوو لەگەڵ خواستی زۆرینەی شیعەکانی لوبنان بۆ ڕێکخراوبوون لەبەرامبەر مەسیحییەکانی ئەو وڵاتە و مەیلی شای ئێران بۆ گەشەی شیعەکان و لە لایەن حافز ئەسەد و معەمەر قەزافییەوە یارمەتی دارایی دەکرا. مستەفا چەمڕانیش ساڵی ١٣٥٠ چوو بۆ لوبنان و یارمەتی دەری موساسەدر و حیزبی ئەمەلی بوو، کە دواتر موساسەدر بێ سەروشوێن کرا و چەمرانیش پاش شۆڕشی گەلانی ئێران گەڕایەوە بۆ ئێران.
لە میانەی شەڕی ئێران و عێراق سپای قودس کە بەشی چالاکییەکانی دەرەوەی سپای ئینقلابی ئیسلامی و بە تایبەتی لە خاکی عێراقی لە ئەستۆ بوو لە ساڵی ١٣٧٦ فەرماندەییەکەی درا بە قاسم سولەیمانی تا ڕۆژی ١٣ی سەرماوزی ٩٨ هەتاوی کە لە لایەن ئەمریکاوە کوژرا، فەرماندەیی فەیلەقی قودسی لە ئەستۆ بوو کە کۆمەڵێک حیزب و گرووپ و لایەنی لە خۆ دەگرت.
کۆماری ئیسلامی بۆ مانەوەی خۆی وەک تەعبیرە ناسراوەکەی وەک ئۆختاپووسێک کۆمەڵێک گرووپی چەکداری توندئاژۆ و تیرۆریستی پەروەردەکردووە و بەم شێوەیە باسک و لق و پۆی هاویشتووە لە ناوچەکەدا.
ڕژیمی ئیسلامی تاران لە ٧ وڵاتی (فەلەستین، یەمەن، لوبنان، سوریە، عێراق، ئەفغانستان، ئازەربایجان) چەندین گرووپی چەکداری هەیە کە ناسراوترینەکانیان بریتین لە؛ حیزبوڵڵای لوبنان، حەماس و جیهادی ئیسلامی لە فەلەستین، حەشدی شەعبی عێراق (کە خۆی لە چەندین گرووپ و دەستەی جیاجیا پێک هاتوون ) حوسییەکانی یەمەن، فاتمیونی ئەفغانستان، زەینەبیون سوریە، حوسەینیونی ئازەربایجان
گرنگترین کاری کۆماری ئیسلامی لە پێوەند لەگەڵ گرووپە نیابەتی یان پرۆگسییەکان ڕێکخستن، ڕاهێنان، تەیارکردن، دروستکردنی ڕایەڵەی پێوەندی نێوانیانە.
پێوەندی ئەم گرووپانە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی
بۆ تێگەیشتن لە جۆری پێوەندی نێوان ئەم گرووپانە و کۆماری ئیسلامی سەرەتا پێویستە قەوارە و پێکهاتەی ئەم گرووپانە بناسرێن؛
بە گشتی ئەم گرووپانە دوو بەشی سەرەکییان هەیە؛ بەشی سیاسیی و بەشی سەربازی و پێکهاتەی ئەم گرووپانەش لە خەڵکانی سەر بە ئایینزاکانی سونی، شیعەی چواردە ئیمامی، شیعەی عەلەوی و شیعەی زەیدین.
بۆیە پێوەندی ئەم گرووپانە و ڕێژەی فەرمانبەرداری و گوێڕایەڵییان لە کۆماری ئیسلامی بەندە بەو هۆکارانە و دواتر ڕێژەی بەشداری پێ دانیانە لە پرۆژە ئابوورییەکانەدا. جیابوونەوە و ئینشعاباتەکانی ناو ئەم گرووپانەش و جیاوازی هەوڵوێستەکانیشیان هەر بۆ ئەو هۆکارانەوە دەگەڕێتەوە.
ئەگەرچی حیزبی دەعوە و نوری مالیکی (سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق) و تەنانەت خەڵکانی وەک مهدی موهەندیس ئەندامی پەرلمانی پێشووی عێراق یان هادی عامری کە وەزیری ڕێگەوبانی پێشووی عێراق بوون بەشدارییان لە پرۆسە سیاسییەکاندا کردووە، بەڵام گرووپگەلی دیکەی عێراقیش هەن کە بە پێی پلان و بەرنامەی کۆماری ئیسلامی تەنیا کەڵکی سەربازییان لێ وەردەگیرێت. بۆ وێنە لە سەر بەشداری کردن یان نەکردن لە پرۆسەی سیاسی عێراق ساڵی ٢٠١٤ کەتائیبی سەیدولشوهەدا لە کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق کە ئەبوو مهدی موهەندیس دامەزرێنەری بوو، جیابوونەوە و هەڵوێستی ئەم دواییانەی «نوجەبا»ش بەرامبەر بە هێرشەکانی سەر بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا هەر لە چوارچێوەی ئەم باسەدان. ….
ئەگەرچی نابێ لەبیرمان بچێت کە ئەم گرووپانە دەمامکی کۆماری ئیسلامین لە ناوچەکە و دەمامکێکی وەک نوجەبا ئامادەی تەسلیم بوون دەبێت و کەتائیبی حیزبوڵڵا هەڕەشە دەکات.
ئەو هێزەی ئەمڕۆکە بە ناوی حەشدولشەعبی دەناسرێت، ٨٥٪ی ئەو هێزانەن کە بە فیتی قاسم سولەیمانی لە موقەتەدا سەدر جیابوونەوە.
لە کاتێکدا خەڵکانێکی وەک نووری مالیکی و هادی عامری و ئەبومهدی موهەندیس لە دەوڵەتی ئەمریکایی (بە وتەی خۆیان) وەزیر و ئەندام پەرلمان و سەرۆک وەزیران بوو، کەسێکی وەک موقتەدا سەدر دژی هێزە ئەمریکاییەکان دەجەنگا و شەڕی دەکرد، بەڵام لە ئان و ساتی فەتوای ئایەتوڵڵا سیستانی بۆ جیهاد دژی داعش، قاسمی سولەیمانی وێڕای ڕێکخستنی دەیان هەزار شیعەی ئامادەی شەڕ، بەشی هەرەزۆری گرووپ و لایەنەکانی لە موقتەدا سەدر تەکاندەوە و بە جیا ڕێکخستنی بۆ کردن.
لە فەلەستین جیهادی ئیسلامی زۆر زیاتر گوێڕایەڵی کۆماری ئیسلامییە لە حەماس و ئێستا لە میانەی شەڕی حەماس و ئیسرائیل، حەماس گلەیی و ڕەخنە زۆرە لە کۆماری ئیسلامی کە بۆچی بە مەبەستی یارمەتی بە حەماس ناهاتووەتە ناوشەڕەکەوە، لە بەرامبەردا کۆماری ئیسلامی و حیزبوڵڵا تەنانەت ئەو خەڵکانەی لە کە ڕووداوی هاتوچۆش دا مردوون، بە شەهیدی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیلی لە قەڵەم دەدەن یان بە ڕاگەیاندنی کردنەوە کوژرانی هێزەکانیان لە سوریە بۆ ئەوەیە کە بە حەماس بڵێن ئێمە هەر ئێستاش لە شەڕ داین و ڕێژەی کوژراوەکانمان دەلیلی ئەم ئیدیعایەیە.
فاتمیونی ئەفغانستان تەنیا بەشی سەربازیی هەیە و وەک قۆنتەرات بۆ کاری پرۆژەیی کارییان پێ دەکرێت و هیچ جۆرە بەشداری و چالاکییەکی سیاسییان نابێت، یەکەم بەهۆی ئەوەی ئەو شوێنەی کە کۆماری ئیسلامی بەکاریان دێنێت ئەفغانستان نییە و دووهەمیش تەنیا کارایی ئەوان بۆ کۆماری ئیسلامی قۆچی قوربانین.
حوسەینیونی ئازەربایجان کە زۆر لە ئاستێکی سەرەتایی و لاواز دایە و بواری گەشەکردنیشی زۆر زەحمەتە تەنیا بۆ کاری تێکدەرانەی سنووردار ڕێکخراون.
لە کەس شاراوە نییە کە حیزبوڵڵای لوبنان بەهێزترین و نزیکترین گرووپی نیابەتی کۆماری ئیسلامییە لە ناوچەکەدا و هەم کارایی سیاسی و هەم سەربازی هەیە. گوێڕایەڵی حیزبوڵڵای لوبنان لە کۆماری ئیسلامی بێ سنوورە.
بەڵام بەم تێبینیانەوە بە پێی ئامارە ناڕەسمییەکان ڕێژەی هێزە نیابەتییەکان لە ٤٢ گرووپ و ١٢٨ گوردان ڕێکخراون، ٥٣٠ هەزار کەس مەزندە دەکرێت. هەندێک لەو گرووپانە لە سفر تا سەد لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە دامەزراون، ڕاهێنراون، تەیارکراون و ڕێژەی گوێڕایەڵیشان هەر بەو ئاستەیە، و هەندێکی دیکە لەو گرووپانە یان تەیار کراون، یان ڕاهێنراون و یان تەنیا ڕێکخراون و بەو پێیە ڕێژەی گوێڕایەڵیشان بەرز و نزم دەکات.
بۆیە تەنیا فاکتەری شیعەی دوانزە ئیمامی بوون یان نەبوون پێوەر نییە بۆ فەرمانبەردای و گوێڕایەڵی، بەڵکوو زۆرتر خوێندنەوەیان بۆ فکر و بیری ئیسلامی سیاسی و بەشداری پێدانیان لە پرۆژە ئابوورییەکان یەکلاییکەرەوەیە لەم بابەتەدا. خاڵی جێی ئاماژە ئەوەیە کە بەشێک لەو هێزانە شیعەن و پێڕەوی مەرجەعی تەقلیدن، زۆرێک لەوانە مەرجەعییەتی عەلی خامنەییان قبووڵە و نەک شەڕکردنی بۆ بەرژەوەندی وڵاتەکەی خۆیان، بەڵکوو بە پێی فرمانی خامنەیی شەڕ دەکەن.
ئاماژەیەک بە ناوی هەندێک لەو گرووپانەی کە لایەن سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامییەوە دامەزراون، ڕێکخراون، ڕاهێنراون و یان تەیارکراون:
سپای قودس (کە پاش هێزی زەمینی، ئاسمانی، دەریایی و بەسیج پێنجەمین هێزی سپای پاسدرانە)، حیزبوڵڵای لوبنان (٤٠ تا ٨٠ هەزار کەس)، حیزبوڵڵای سوریە (١٥ هەزار کەس)، حوسییەکانی یەمەن (١٠٠ هەزار کەس)، جەهادی ئیسلامی(٢ تا ٣ هەزار کەس)، حەماس (٤٠ هەزار کەس)، حەشدی شەعبی (سپای بەدر، گوردانی ئەبولفەزللعباس، گوردانی فاتمیون، گوردانی زەینەبیون، گوردانی لەوائولزولفەقار، گرووپی عەسائیبی ئەهلی حەق، سەرایائولسەلام، سەرایائولخوراسانی، کەتائیبی حیزبوڵڵا، حیزبوڵڵای عێراق، کەتائیبی ئیمام عەلی، کەتائیبی سەیدولشوهەدا، حەرەکەتی نوجەبا _٢٠٠ تا ٣٠٠ هەزار کەس_)
دابینکردنی بودجەی ئەم گرووپانە؛
ئامار و ژمارەیەکی ورد و راست لەو بارەیەوە لە بەر دەست دا نییە، بەڵام بەلەبەرچاوگرتنی چالاکی و کاریگەرییەکانیان کاراناسان و هەندێک لە داتای دزە پێکراو بەراورد دەکرێت کە مانگانە نێوان ١٠ بۆ ١٥ میلیارد دۆلار هەزینە و تێچووی ئەم گرووپانەیە کە بەشی هەرەزۆری ئەم پارەیە لە ڕێگەی فرۆشی نەوت و بەبێ گەڕاندنەوەی بۆ بووجەی گشتی ئێران و پەسەند بوونی لە مەجلیس جێ بە جێ دەکرێت. ئەم ڕێژەیە نزیکەی یەک لە سەر سێی سەرانەی بەرهەمی ناخالیسی ئێرانە (٤٠٠ میلیارد دۆلار) کە لە ڕێگەی کارتێلە ئابوورییەکانی فرۆشی نەوتی ئێران بە قاچاغ و ترانزیتی ماددە هۆشبەرەکان و سپی کردنەوەی پارەکان دەگەڕێتەوە.
دەست پێڕاگەیشتنی ئەم گرووپانە بە چەک و جبەخانەکانی کۆماری ئیسلامی بێ سنوورە. فەخریزادە سەرۆکی دەزگای هەوافەزای کۆماری ئیسلامی کە ٧ی سەرماوزی ٩٩ لە کەرەج کوژرا، بە ئاشکرا ڕایگەیاندبوو کە فەرمانی قاسم سولەیمانی بۆ هێزەکانی من، وەک فەرمانی من وایە و قاسم سولەیمانی کلیلی هەموو جبەخانەکانی بەشی هەوافەزای سپای هەبوو.
ئامانج لەو گرووپانە
ئەگەرچی لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی ڕێکخستن و تەیار و ڕاهێنانی گرووپگەلی ئیسلامی لە ناوچەکە مەبەست لێی هەناردەکردنی مۆدێلی شۆڕشی ئیسلامی بوو، بەڵام لەماوەی ئەم ساڵانەدا بە هۆی پێگەی لاوازی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە و کارکردی ئەم گرووپانە بۆ شەڕی بەقا و یارمەتیدان بە مانەوەی کۆماری ئیسلامی گۆڕاوە.
جیالەوەی کە وەک سیاسەتێکی ڕاگەیەنراوی کۆماری ئیسلامی بۆ گواستنەوەی شەڕەکانیان بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران (ڕەفسەنجانی_ وتاربێژییەک بۆ بەشێک لە مەلا شیعە و سونییەکان بە بۆنەی هەفتەی لە دایک بوونی پێغەمبەری موسوڵمانان ساڵی ١٣٧٩) تەنانەت هەندێک جار بۆ سەرکوتی بزووتنەوەی ئیعترازی خەڵکی ئێران دژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هاتوونەتە سەر شەقام و بە هەزاران خەڵکی ناڕازی و ئازادیخوازی ئێرانیان لە ناوچە جیاجیاکان شەهید کردووە، بەڵام ئامانجی سەرەکی کۆماری ئیسلامی لە داڵدەدان و پەروەردەکردنی ئەو گرووپانە بەکارهێنانیان لە ناسەقامگیر کردنی ناوچەکە و پڕکردنی دەستی دیپلۆمات تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەر مێزی وتوێژ و دانوستانەکان و گەرەنتی وەرگرتنە بۆ لەسەرکار مانەوەیانە لە ئێران.
کۆماری ئیسلامی لەم گرووپە چەکدارانە ڕێگەی ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە و هێرش کردنە سەر بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و دروست کردنی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر پرۆسەی گواستنەوەی نەوتی بەرهەمهێنراو لە ناوچەکە و بە تایبەتی گەرووی هورمز و دەریای سوور بۆ وەرگرتنی ئیمتیازی گرینگ و هەمیشەیی لە پێناو مانەوەی خۆی بە کار دێنێت.
جیالەوەش کۆماری ئیسلامی بە شێوەی کاتی ئامانجێکی لاوەکی دیکەی بۆ ئەو گرووپانە هەیە کە ئەویش بریتییە لە فرۆشی نەوتی قاچاغی ئێران لە بازاڕی ڕەش، سپی کردنەوەی پارە بۆ خۆی و بۆ ڕووسییە و کەم کاریگەرتر کردنی گەمارۆکانی ڕۆژئاوا دژی کۆماری ئیسلامی و ڕووسیە، ترانزیت و گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە ئەفغانستانەوە بۆ کاراکاس و ئەوپەڕی جیهان.