ڕۆشنگەری یان دەسیسە و پیلانگێڕی؟ لێکۆڵینەوە لە کێبڕکێی سیاسی و لادان لە بەها ئەخلاقییەکان
لە ڕوانگەی هاوچەرخی سیاسەتی جیهانیدا، کێبڕکێی نێوان ڕەوتە ئایدیۆلۆژییە جیاوازەکان وەک گۆڕەپانێکی ڕەخنەگرانە و مەترسیداری کارلێکی کۆمەڵایەتی سەریهەڵداوە. ئەم کێبڕکێیانە زۆرجار ژینگەیەک دروست دەکەن کە بنەما کرداری و ئەخلاقییەکان و بەدواداچوون بۆ راستییەکان لە بەرژەوەندی گشتی کۆمەڵگادا گرینگی خۆیان لەدەست دەدەن و جێگەیان پڕدەبێتەوە بەو کردارە نارەوایانەی کە لە خزمەتی بەرژەوەندی تاک و گروپ و لایەنێکی تایبەتدان.
پێوەیستە پێشبڕکێ سیاسییەکان لەسەر بنەمای ئەخلاقی و مرۆیی بەرێوەبچێ بۆ یارمەتیدانی هەرچی زیاتری پێشکەوتنی کۆمەڵگا. بەکارهێنانی شێوازی لادان لە راستییەکان دەتوانێت ببێتە هۆی لاوازبوونی متمانەی گشتی و زیانێکی قەرەبوو نەکراوە بە کۆمەڵگا بگەیێنێ. بۆیە دەبێ لە هەر کێبڕکێیەکی سیاسیدا گرینگی بە بەرژەوەندی گشتی کۆمەڵگا و بەها ئەخلاقییەکان بدرێت و ڕەچاوی بنەما مرۆییەکان و حەقیقەت و راستی بکرێت.
ئەم نوسینە تیشک دەخاتە سەر شیکردنەوەی بەشێک لە رەوشت و مێتۆدی لادانەکانی ئەخلاقی لە کێبەرکێ سیاسیەکانی کوردستانی رۆژهەڵات و چۆنییەتی، ئامانج و دەرئەنجامەکانی شیدەکاتەوە. بەتایبەت بەشێک وەک نمونە لەو ڕەوشتتە نزمانەی بە دژی کۆمەڵە بەکارهاتووە دەخاتە بەرچاو و هەروەها هەوڵدەدات بە گشتی ستراتیژی و مەبەستەکانی ئەم شێوازە هەڵسوکەوتە زیانبەخشانە بۆ کۆمەڵگای کوردستانی رۆژهەڵات باس بکات و لێی بکۆڵێتەوە.
کۆمەڵە هەر لە سەرەتای دامەزراندنی و ئاشکرابوونی خەباتی خۆی تابەئێستا وەک هێزێکی رەسەن و هەڵقوڵاوی ناو کۆمەڵگای سیاسی کوردستانی رۆژهەڵەت بە هۆی تابۆشکێنی سیاسی و کۆمەڵایەتی، هەروەها هەوڵدان بۆ پێشخستن و مۆدێرنیزەکردنی کۆمەڵگای کوردستانی رۆژهەڵات زیاتر لە هەر لایەنێکی دیکە کەوتووەتە بەر پەلاماری پرۆپاگاندای روخێنەر و نارەوای دوژمن لەلایەک و نەیار و رەقیبەکانییشی لەلایەکیترەوە
دیار وبەرچاوە کۆمەڵە هەرگیز باجی بەم دەسیسە وپیلانگێرییانە نەداوە و شێلگیرانە بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجە واڵاکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە رووی باوەرمەندی بە دروستی و رەواییبوونی رێبازەکەی درێژەی بە خەباتی سیاسی خۆیداوە و شێلگیرانەتر لە جاران بەردەوامە.
«بۆشایی ئەخلاقی لە پێشبڕکێ سیاسییەکان چییە؟»: یەکێک لەو تاکتیکە باوانەی کە بەشێک لە کوتلە سیاسییەکان بەکاری دەهێنن، بڵاوکردنەوەی درۆ و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختەیە بۆ لەکەدارکردنی ناوبانگی رەقیبەکانیان. کە دەرئەنجامی ئەم مانۆڕە نەک هەر یەکریزی گوتاری سیاسی تێکدەدات، بەڵکو متمانەی گشتی بە پرۆسەی دیموکراسیش بۆ ئێستا و داهاتوی کۆمەڵگای رۆژهەڵات لەناو دەبات.
لە راستیدا لێکۆلەر، کەسایەتی، حیزب و لایەنە سیاسییەکان رۆلێ دیلمانج، وەرگێڕ و موتەرجمی سیاسیان هەیە بۆ بەردەنگەکانیان کە خەڵکی کورد بن، مادام چارەنوس و بارودۆخی ژیانی هەر تاکێکی کورد بەسراوەتەوە بەو ژینگە سیاییەی تیایدا دەژین، ئەمە وادەکات ئەرکی وەرگێرەکان (سیاسییەکان) قورستر ببنەوە تاوەکو بەهەستی بەرپرسیارێتی زۆەرترەوە لە پێناو بەرژەوەندی گشتی نیشتمانی کوردیدا تێبکۆشن. بۆیە لێرەدا باش وایە بەرپرسیارێتی وەرگێر و وەرگێڕان هەروەها مەترسییەکانی خیانەت لە متمانەی گشتی وەبیر بێنینەوە.
وەرگێڕەکان وەک نێوەندگیری نێوان زمان و کولتوورەکان بەرپرسیارێتییەکی گەورەیان لەسەر شانە. ئەوان نەک هەر دەبێ دەقی ڕەسەن وەرگێڕن بۆ زمانی ئامانج، بەڵکو دەبێت بە وردی گرنگی بە لایەنە کولتووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ناوەڕۆکەکە بدەن بۆ ئەوەی وەرگێڕانێکی ورد و تەواو بۆ دەقی ڕەسەن دابین بکەن. لەم پرۆسەیەدا هەر پێشێلکارییەک یان خیانەتێک لە متمانەی گشتی دەتوانێ کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی بینەر و بەردەنگەکان(کۆمەڵگا) هەبێ.
یەکێک لە مەترسییە جدییەکان لە بواری تەرجومە و وەرگێریدا، وەرگێڕانی بە مەبەست و بەئەنقەستە کە بە شێوەیەکی هەڵە یان گۆڕینی مانای دەقی ئەسڵی بۆ سوود وقازانجی وەرگێڕە. ئەمە جگە لەوەی ناڕوونی لە تێگەیشتن لە دەقی وەرگێڕدراودا دروست دەکات، دەتوانێت جۆرێک بێت لە خیانەتکردن لە متمانەی گشتی و متمانەی بەردەنگەکان، چونکە ئامادەبووان چاوەڕێی ئەوە دەکەن وەرگێڕ، وەرگێڕانێکی ورد و ڕاستگۆیانە پێشکەش بکات کە بە دروستی ڕەنگدانەوەی مانای دەقی ڕەسەن بێت.
بۆیە لەکاتی هاتنە ئارای بابەتێکی سیاسی پێوەندیدار بە چارەنوسی مافی خەڵکی کوردی رۆژهەلات ئەگەر لایەنیکی سیاسی بە مەبەستی مزایدە و ڕکابەری تاکەکەسی، (لایەنی و حیزبی ) بۆ پاراستنی پێگەی خۆی “نەوەک ”بۆ بەرژەوەندی ئامانجەکانی کۆمەڵانی نیشتمانی کوردی رۆژهەڵات، تێبکۆشێت کە ترس و دڵەراوكێ لەناو خەڵکدا دروست بکات و رای گشتی لە زانیاری دروست و راستییەکان بەلارێدا بەرێ، هەروەها حەقیقەتەکان بەپێچەوانەوە و لەبەرژەوەندی قازانجویستیی خۆیدا بۆ بیرورای گشتی تەرجومە و وەرگێران بکات، ئەمە خەیانەتکردن لە باوەر و متمانەی بەرژەوەندی گشتی چارەنوسی کۆمەڵانی خەلکدایە.
یەکێک لەو تاکتیکانەی کە لادانە لە پرەنسیپ و رەوشتە بەرزەکان، و تەنها وەک ئامرازێک بەکاری دەهێنن بۆ پاراستنی بەرژەوەندی پێگەی خۆیان لە پێناو لێدان و لاوازکردنی پێگەی بەرامبەر و ڕکابەرەکانیان. گرتنە دەست و بەکارهێنانی شێوازی «برێک زانیاری راست و پێوەلکان و بڵاوکردنەوەی زۆریک درۆی پێوەندیدارە بە بابەتەکانەوە». ئەم شێوازە ئاوێتە وتێکهەڵکێشی شایعە و دەنگۆدروستکردنی دەکەن و دەیکەنە خوراکی دەزگا پرۆپاگاندەکانیان بۆ ئەوی راستییەکان لەبەرچاوی رای گشتی خەڵک بشارنەوە.
بەڵام ئەم شێوازانە چۆن کاردەکەن و چ کاریگەرییەکیان لەسەر کۆمەڵگا و تاک هەیە؟ خراپ بەکارهێنانی هەست و سۆزی گشتی و بەها کۆمەڵایەتییەکان وەک ستراتیژییەکی ئەم شێوازانە لەلایەن ئەم لایەنانەوە بەکاردەهێنرێت بۆ ئەوەی بیروڕای گشتی دژی ڕکابەرە سیاسییەکان هانبدەن. لەوانەیە لە وێنە و ڤیدیۆ کەڵک وەربگرن کە هەست و سۆزی جیاواز وەک توڕەیی، ڕق یان ترس لە مرۆڤەکاندا بورووژێنن. ئەم هاندانی هەست و سۆزە دەتوانێت ڕووبەڕووبوونەوە سیاسییەکان چڕتر بکاتەوە و گرژییەکان لە کۆمەڵگادا زیاتر بکات.
بەها گرینگەکانی وەک هەستی نەتەوەیی و ئایینی، ئازادی و دادپەروەری بەکاردێنن بۆ گەیشتن بە ئامانجە بەرتەسکەکانی خۆیان. ئەم بەهایانە بەکاردێنن بۆ ئەوەی ڕکابەرە سیاسییەکانیان وەک نەیار و دژی ئەم بەهایانە بخەنە ڕوو و خەڵک هان بدەن بۆ پشتگیریکردنی خۆیان و دوورکەوتنەوەیان لە ڕکابەرەکانیان. هەروەها هەواڵی ساختە و زانیاری هەڵە بەکاردێنن بۆ هاندانی هەڵوێستی نەرێنی بەرامبەر بە ڕکابەرە سیاسییەکان و ڕازیکردنی خەڵک بۆ پشتگیریکردنی خۆیان.
کاریگەری ئەم شێوازانە لەسەر کۆمەڵگا و تاک دەتوانێت جیاواز بێت، بەکارهێنانی ئەم شێوازانە دەتوانێت ڕووبەڕووبوونەوە و گرژیەکان لە کۆمەڵگادا زیاد بکات و بۆچوونە دژبەیەکەکان بەهێز بکات و بۆشاییە کۆمەڵایەتییەکان زیاد بکات. هەروەها متمانەی خەڵک بە سیاسەتوان و حیزبەکان کەم بکاتەوە و بە گشتی باوەڕ بە متمانەی سیاسەت لە کۆمەڵگادا لاواز بکات.
ئەم شێوازانە دەبنە هۆی چڕبوونەوەی گۆشەگیری و زیادبوونی دابەشبوونە کۆمەڵایەتییەکان و بەگشتی بەکارهێنانی ئەم شێوازانە دەتوانێت کاریگەری نەرێنی و ناخۆشی لەسەر کۆمەڵگا و تاک هەبێت و گرژی و ململانێ لە سیاسەت و کۆمەڵگادا زیاد بکات و هەروەها خێرایی رەوتی پێشچوون و گەشەی بزوتنەوەی ئازادیخوازی و نەتەوەیی کوردستانی رۆژەهەلات لە پێناو دەستەبەرکردنی مافە رەواکانی کز و کەم بکاتەوە.
وەک لە سەرەتادا باسکرا کۆمەڵە بەهۆی ئەکتیڤبوون و نوێگەری لە بوارە جیاوازەکاندا زیادتر لە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی دیکە لە کوردستانی رۆژهەڵات کەوتووەتە بەر هێرشی نارەوای ئەم مێتۆد و ڕەوشتتە نزمانە. کەم نەبوون و کەم نەبیستراون ئەو دەنگۆ و شایعە و درۆ و ناراست و نارەوایانەی لەلایەن سەرچاوە نامەسئول و نابەرپرسەکانی کوردیش لە بەرامبەر چارەنوسی بزوتنەوەی ئازادیخوازیی کوردستانی رۆژهەڵەت حەولدراوە و کاری بۆکراوە تاوەکو بە کۆمەڵەوە بڵکێندرێن و بەرچاوی خەڵک لە ناسینی ماهییەتیی ئەرێنی سیاسەتە رەواکانی کۆمەڵە ڵێڵ و تەمومژاوی بکەن. لێرەدا ئاماژە بە چەن نمونەیەک دەدرێ و دەخرێەتە بەرچاو:
کۆمەڵە بە بەرنامە و بەکردار باوەری بە سێکۆلاریزم و جیایی دین و دەوڵەت یان سیاسەتە، هەروەها باوەری بە پلۆرالیزم و فرەچەشنی و ئازادی رادەربرین بووە و هەیە. بەلام کەسانی نابەرپس ئەم باوەرانەیان بەپێچەوانە بۆ خەڵک و بیرورای گشتی تەرجومە دەکردەوە و ئەم دەنگۆیەیان باوەشێن دەکرد و ئێستاش دەیکەن:
کە «خەڵکینە کۆمەڵە دژی خۆدایە، دژی باوەرە ئایینییەکەتانە ئەگەر ببن بە کۆمەڵە بێ دین و بێ ئایین دەبن». کە ئەم بانگەشەیە لە ئاساسدا ناتەبا و دوورە لە شێوازی بیرکردنەوەی کۆمەڵە و چۆنیەتی ڕوانینی کۆمەڵە بە پرسی ئایین. کۆمەڵە وەک حیزبێکی سیاسی لە گەڵ ئەوەی خۆی بە حیزبێکی چەپ دەزانێ بەڵام لایەنگری ئازادی باوەرەکانە و پێی وایە دین دەبێ لە حەوزەی عمومی بهێندرێتە دەرێ و بگەرێندرێتەوە حەوزەی خسوسی. دیارە ئەگەر ئەم شێوازە بگردرێتە بەر هەم رێز لە ئایینەکان و هەم رێز لە تاکەکانیش زۆرتر دەگیرێ.
خەباتی کۆمەڵە هەرگیز خەاتێکی مەزهەبی نەبووە و پرسی دابین کردنی ئاسایش و ئاوەدانی بۆ خەڵکی کوردستان و ڕزگاری و حوکمی خەڵکی کورد بە سەر سەرزەمینی خۆی لە ئامانجە بەرزەکانی بووە و هەزاران شەهیدیش لەو پێناوە پێشکەشی خەباتی رەوای گەلەکەمان کردووە. نمونە تاریخییەکانیش پێچەوانەی ئەو دەنگۆیانە دەخەنە ڕوو بۆ نمونە مامۆستا شێخ عیزەدین کە مامۆستا و کەسایەتێکی گەورەی ئایینی بوو لە کۆمەڵە لە هەموو حیزبێکی دیکە نزیکتر بوو و پێی وابوو کۆمەڵە ئەو هێزەیە کە دەتوانێ ئاشتەوایی و سەقامگیری بۆ خەڵکی کورد بە دی بێنێ، لە گەڵ پاراستنی بیر و باوەڕی تاکەکان بەرهەڵستی کۆنەپەرەستی دەدات و کۆمەڵگا بەرەوە پێشەوە دەبات و نوێنەرایەتێکی دروستی کۆمەڵگاکەی دەکات کە بە حەق حیزبی سیاسی دەبێ ڕێنیشاندەر و متمانە پێکراو بێ بۆ کۆمەڵگاکەی. بۆیە بە درێژایی تەمەنی کۆمەڵە هەمیشە خاوەنی ئیدە و بیری تازە و ڕۆشنگەرانە بووە کە خزمەتی بۆ خەڵکی کورد و داهاتووەکەیان پێ بووە و سکۆلاریزمیش یەکێک بووە لەو دەسپێشخەریانەی.
کۆمەڵە باوەری بە مافی یەکسانی ژن و پیاو هەیە و بووە و ئەم باوەرەشی له ڕێكهوتی ١٠ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی بەکردەوە کرد، به تێپهڕبوونی ماوهیهكی كورت له بهرگری هێزی پێشمهرگهی كۆمهڵه له بهرامبهر هێرشی ههمه لایهنهی كۆماری ئیسلامی تازهبهدهسهڵاتگهیشتووی ئێران بۆ سهر كوردستان، یەکەمین دهستهی ژنانی كۆمهڵه وهك بهشێك له هێزی پێشمهرگهی كۆمهڵه به ڕەسمی ڕاگهیاندرا. دامهزراندنی دهستهی پێشمهرگهی ژن سهرهتایهك بوو بۆ دهستپێكی قۆناخێكی تازه له بهرهوپێشچوونی بیرۆكهی یهكسانی ژن و پیاو له كۆمهڵگهی كوردهواری كوردستانی رۆژههڵات و بگره تا ڕادهیهك له ههموو بزووتنهوهی كوردی دا به گشتی. لەو پێوەندییەدا لە بیرمانە کە چۆن ئەم هەڵوێستە بە شێوەیەکی دواکەوتووانە لە لایەن نەیارانی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە تەرجومە دەکراوە.
ئێستاش کە سەردەم تێپەریوە، ئەم رچەشکێنییەی کۆمەڵە و سیمای پێشمەرگەی ژن، بە گشتی بووەتە رەمز و شانازییەکی مێژویی بۆ نەتەوەی کورد هەروەک لە رێورەسمە نەورۆزییەکانی کوردستان دەبینین ژنان بە شانازییەوە بە جل وبەرگی پێشمەرگانە بەشداری دەکەن و ئەولایەنانەی موخالفیش بوون لە ئێساتادا دان بە بوونی هێزی پێشمەرگەی ژناندا دەنێن و شانازی پێوە دەکەن و حەولدەدەن لەم شانازییە بێبەش نەبن .
نمونەی ئەم چەشنە لە مێتۆدی چەواشەکارییانە بە دژی کۆمەڵە دژی بەشداری کۆمەڵە و سکرتێری گشتی کۆمەڵە لە پێکهێنانی ئێتلافێکی سیاسی بەناوی مەنشوری «مهسا» ڕوویدایەوە. پرۆپاگەندە و ناساندنی وەک پاشاییخواز بەرزاندنی بەها ئیخلاقییەکانە لە حاڵێکدا ڕەخنە و دەربڕینی هەڵوێستی جیاواز مافی هەموو کەس و لەوانە هەر بیرجیاوازییەکە.
لە کۆتاییدا بۆ گەیشتن بە ئامانجە ئەرێنییەکان و بەرەوپێشبردنی بەها ئەخلاقی و کولتوورییەکان، هەروەها بۆ ئەوەی ناکۆکی و گرژی لە کۆمەڵگادا دروست نەبێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئامرازەکانی پیلانگێری وەک درۆو چەواشەکاری و توانای کاریگەری نەرێنییان لەسەر هەڵوێست و ڕەفتاری بەکۆمەڵ هەیە، بیانناسین و بزانین کە زۆر گرینگە مرۆڤەکان زیرەکانە و بە وریاییەوە بەرەنگاری بەکارهێنەرانی ئەم ئامرازانە بببنەوە. بەکارهێنانی شێواز و مێتۆدە سیاسییەکان دەبێت پەیرەوی لە بەها ئەخلاقی و بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتیدا بکات بۆ ئەوەی کاریگەری ئەرێنی و بەردەوامی لەسەر کۆمەڵگا هەبێت. ئینجا ڕەخنە جێگای شیاوی خۆی لە گۆڕەپانی سیاسی پەیدا دەکات و کولتووری کۆمەڵگا دەباتە سەر.