مافی مرۆڤ دەستەواژەیەکی باو و جێگای مشتومڕە کە لە باسەکانی پێوەندیدار بە ئێرانی ژێر دەسەلاتی کۆماری ئیسلامی بەردەوام دەبیسترێت. مێژووی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران زۆر لە تەمەنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کۆنترە، بەلام بەهۆکاری خراپتربوونی هەلومەرجەکە و بە تایبەتی دۆخی سیاسیی و ئابووریی کۆمەڵگا و یاسا کۆنەپەرستانە و نادادپەروەرەکانی سیستەمی زاڵ، زیاتر لە هەمیشە باسی لێوەدەکرێت. لە جوگرافیای ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، سەرجەم نەتەوە و چین و توێژ و ڕەگەز و کەمایەسییەکان زەرەرمەندن و هەست بە گوشار و نادادپەروەریی دەکەن، بەلام ڕێژەی چەوسانەوە و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بە پێی هەڵکەوتەی جوگرافی و نەتەوەیی و ڕەگەزیی و ئایینی گۆڕانی بەسەردادێت. ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە و لە بواری ئایینیشدا فرە چەشنە کە لەمناوەدا، نەتەوەی کورد زیاترین خەساری بەرکەوتووە و بەمپێیەش لە ئەگەری ڕووخانی کۆماری ئیسلامیدا یەکێک لە براوە سەرەکییەکان دەبێت.
خەڵکی کوردستان لەسەر بنەمای جۆربەجۆر و لەوانەش نەتەوەیی، ڕەگەزیی، ئائینی، سیاسیی و کەلتوریی دەچەوسێندرێنەوە. واتە ڕێژەی نادادپەروەیی لە کوردستان و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەهەمبەر خەڵکی کورد بە بەراورد لەگەڵ خەڵک و شوێنەکانی دیکە، بەڕێژەیەکی بەرچاو قووڵتر و زیاترە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا، لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٣ی زایینیدا، ڕاپۆرتێکی ئاماریی تێروتەسەلی بلاوکردووەتەوە کە بۆ بەرچاوڕوونی و ئاگاداریی زیاتر لە خراپیی بارودۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ژێر ڕکێڤی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماژەیەکی خێرای پێدەکەین.
شایانی باسە کە بارودۆخی سیاسیی و ئەمنیی ئێران و بەتایبەت کوردستان بەجۆرێکە کە دیارییکردنی ئاست و ڕێژەی ڕاستەقینەی پێشێلکارییەکان زۆر ئەستەمە و بەشێکی زۆری تاوان و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، بەنەهێنیی و دوور لە چاوی مێدیا و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دێتە ئاراوە، بەلام بۆ بەرچاوڕوونی هەرچی زیاتر سەبارەت بە هەلومەرجی مافی مرۆڤ لە ساڵی ٢٠٢٣ی کوردستان، تاوتوێی ڕاپۆرت و داتاکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا دەکەین.
سەرەتای ڕاپۆرتەکەی هانا لە کۆمەڵێک زانیاریی و ئاماری گشتی پێکهاتووە و لەم بارەیەوە دەڵێت:
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندیی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لە یەک ساڵی رابردوودا ، زیاتر لە ١٢٤١ شارۆمەندی کورد دەستبەسەر کراون. ١٩ کەس لەوانە ٣ منداڵ و ١ ژن لە درێژەی نارەزاییەکانی ساڵی رابردوودا کوژراون. هەر لەم ساڵەدا، لانیکەم ٧٣ ژن دەستبەسەر کراون، لانیکەم ١٤١ کەس لەسێدارە دراون، ٣٠٥ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکدارەکانی ڕژیم کوژراو و بریندار بوون، لانیکەم ٥٣ کرێکار بەهۆی خراپیی ژینگەی کار و نەبوونی ئامرازی پاراستنی پێویست بە ڕووداوگەلی جۆربەجۆر گیانیان لەدەستداوە،٢٠ کەس بە هۆی تەقینەوەی مین کوژراون و بریندار بوون ، لانیکەم ٢٠ کەس بە بیانووی ناموسی کوژراون ، ٨٨ کەس لە یەکساڵی رابردوو خۆیان کوشتووە و هەروەها ٦ کەسیش لە گرتووخانەکاندا و لەژیر زەبروزەنگ و ئەشکنجەدا گیانان لەدەستداوە.
ئاماری دەستبەسەرکراوەکان:
مافی مرۆڤی هانا لە مەڕ دۆخی گشتیی مافی مرۆڤ لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت: لە ساڵی ٢٠٢٣دا ، بە تایبەتی لە درێژەی ئاخێزە جەماوەرییەکەی ژن ژیان ئازادی، زیاتر لە ١٢٤١ شارۆمەندی کورد لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە و بەبێ هەر چەشنە هۆکار و بەڵگەیەکی مەحکەمەپەسند و یاسایی، دەستبەسەرکراون.
لەم ژمارەیەدا ناسنامەی ١٠٤١ کەسیان بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا سەلمێنراوە کە زۆربەیان بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی، هاوکاریکردنی حیزبە سیاسییە کوردستانییەکان و ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامی، چالاکیی لە ڕێکخراوە پیشەیی و کرێکاریی و مەدەنییەکان، چالاکی لە بواری مافی ژنان و ژینگە پارێزی دەستبەسەر کراون. بە پێی ئەم ئامارە لە کۆی ئەو دەستبەسەرکراوانەی ناسنامەیان بۆ هانا سەلمێندراوە، ٧٥٧ کەس بە تۆمەتی چالاکیی مەدەنی و بەشداری لە ناڕەزایەتییەکان، ١٨٥ کەس بە تاوانی چالاکیی سیاسی، ٤٤ کەس بە تاوانی چالاکیی پیشەیی کە مامۆستا و مێدیاکارو چالاکوانە کرێکارییەکان دەگرێتەوە، ١٢ کەس بە تاوانی چالاکیی ئایینی، ٣٩ کەس چالاکوانی ژینگە پارێزو ٤ هەڵسووڕاوی مافی ژنان دەستبەسەرکراون. لە کۆی گشتیی دەستبەسەرکراوەکانیش، ٧٣ ژن و ٦٩ مناڵ بەرچاو دەکەون.
ئاماری سێدارە:
ئامارەکانی نێو ڕاپۆرتەکەی هانا باس لەوە دەکەن کە لە ساڵی ٢٠٢٣دا، لانیکەم ١٤١ شارۆمەندی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران لە سێدارە دراون کە ناسنامەی ١٣١ کەسیان لەبەردەست هانا دایە. لە یەکساڵی رابردوودا ١٠ بەنکراوی سیاسی بە تۆمەتی موحاربە و هەوڵدان لە دژی ئاسایشی وڵات لە سێدارە دراون. جگە لەمانە، ٦٠ کەس بەهۆکارگەلی تاوانەکانی پێوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان، ٥٢ کەس بە تاوانی کوشتنی بەئەنقەست، ٢ کەس بە تاوانی ڕاوڕووت و دزیی چەکداریی و ١ کەسیش بە هۆکاری دەستدرێژیی جنسیی لە سێدارە دراون.
هاوکات و هەر لەو ماوەیەدا، ٦ کەسیش بەهۆی زەبروزەنگی ناو بەندیخانە و ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون.
ژمارە لەسێدارەدراوەکان لە شار و ناوچەکانی کوردستان بەمجۆرەیە:
لە ورمێ٢٧ کەس، هەرسین١١ کەس، کرماشان٩ کەس، ئیلام٩ کەس، سەڵماس٨ کەس، کەنگاوەر٨ کەس، بۆکان٥ کەس، مهاباد٥ کەس، ڕەوانسەر٤ کەس، سەقز٤ کەس، سەردەشت ٤ کەس، سنە ٤ کەس، شوت٣ کەس، پاوە ٢ کەس، دێولان٢ کەس، کامیاران٢ کەس، سەحنە ٢ کەس، مەریوان٢ کەس، دیواندەڕە ١ کەس و شارەکانی دیکەش ١ کەس لەماوەی ساڵی ڕابردوودا لەسێدارە دراون.
لیستی ئەو کەسانەی بەهۆکاری زەبروزەنگ و ئەشکەنجەی نێو بەندیخانەکان گیانیان لەدەستداوە:
ورمێ ١ کەس، ڕەوانسەر١ کەس، سەردەشت ١ کەس، پیرانشار١ کەس، هەرسین ١ کەس و بۆکانیش ١ کەس.
ئامار و بارودۆخی ژنان:
ناسنامە و ژمارەی ژنانی دەستبەسەر کراو لە ساڵی ڕابردوودا کە بۆ رێکخراوی مافی مروڤی هانا سەلمێنراوە، ٧٣ کەسە. زۆرینەی دەستبەسەرکراوەکان بەتاوانی بەشداریی لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیی و چالاکیی سیاسیی و هاوکاریی حیزبە سیاسییە کوردییەکان و چالاکیی پیشەیی کەوتوونەتە بەندیخانە. هاوکات و هەر درێژەی چالاکییەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا، ژنێکیش لەلایەن چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کوژراوە.
لە یەک ساڵی رابردوودا لانیکەم ١٩ ژن بە بیانوویی ناموسی و کێشەی خێزانی لە لایەن بنەماڵەکانیانەوە، واتە باوک ، برا و هاوسەر کوژراون.
هانا لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا سەبارەت بارودۆخی مافی مناڵان و پێشێلکردنی مافەکانیان دەنووسێت:
لە یەک ساڵی ڕابردوودا وبە تایبەتی لە درێژەی ئاخێزە جەماوەرییەکەدا، ٤ منداڵ کوژراون و ٦٩ منداڵیش دەستبەسەر کراون. لەم ماوەیەدا ٦ منداڵیش خۆیان کوشتووە. رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ڕاپۆرتی جۆراوجۆری سەبارەت بە ئازاردانی منداڵانی کارلە لایەن خاوەنکارەکان وهەروەها بنەماڵەکان بەدەست گەیشتووە کە جێگای نیگەرانیی جیددین.
کێشە کۆمەڵایەتییەکان:
هانا لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژە بە کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەکات و لە بەشێکیدا دەڵێت کە لانیکەم ٢٠ کەس بە هۆی قەتڵی ناموسی کوژراون کە ١٩ کەسیان ژن و یەک کەسیشیان پیاو بووە.
تەقینەوەی مین:
گیانلەدەستدانی خەڵک بەهۆی تەقینەوەی مین بە تایبەتی لە ناوچەسنوورییەکانی کوردستان پێشینەیەکی لەمێژینەی هەیە. تۆمارە ئامارییەکانی ڕێکخراوی هانا باس لە کوژران و برینداربوونی لانیکەم ٢٠ شارۆمەند لە سنوورەکانی کوردستان بەهۆی تەقینەوەی مین لە ساڵی ٢٠٢٣ دەکەن. جێگای ئاماژەیە کە پاش شەڕی نێوان عێراق و ئێران ڕێژەیەکی نادیار مین و تەقەمەنی لە سنوورەکانی نێوان کوردستان و عێڕاق بەجێماوە وساڵانی دواتریش ڕێژەیەکی زۆر لەلایەن خۆی هێزە سەربازیی و ئەمنییەکانی ئێران چێندراون. لە کۆی٢٠ حاڵەتەکەدا ٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٦ کەسیش برینداربوون کە لەم ژمارەیەش ٢ کەسیان تووشی کەمئەندامیی بوون.
لەم ساڵانەی دواییشدا کە بەهۆی خراپیی دۆخی ئابووریی ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە سنوورەکانی نێوان ئێران و عێراق ڕوویان لە پیشەی سەخت و پڕمەترسیی کۆڵبەریی کردوە، ڕێژەیەکی بەرچاو لە کوژراو و بریندارەکان کرێکارانی کۆڵبەرن و بەشێکیشیان کاسبکار و جووتیار و ئاژەڵداری ناوچەکەن.
دۆخی کرێکاران:
بە پێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماریی هانا لە یەکساڵی ڕابردوودا، لانیکەم ٥٣ کرێکار لە کوردستان بە هۆی ڕووداوی کار و هەروەها نەبوونی ئەمنییەت و ئامرازی پێویستی پاراستن، گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی زۆر زیاتریش بریندار بوون. هاوکات ٢٩ کەس لە چالاکوانانی کرێکاریی و پیشەیی بە تۆمەتگەلی هەڵبەستراوی جۆربەجۆر دەستبەسەرکراون کە لەم ڕێژەیەش ١٥ کەسیان سزای بەندکرانیان بۆبڕاوەتەوە.
ژینگە و چالاکوانانی ژینگەپارێز:
ساڵی ٢٠٢٣، بۆ چالاکوانە مەدەنیی و ژینگەپارێزەکانیش بێکێشە نەبوو. لانیکەم ٣٩ کەس لە چالاکوانانی ژینگەپارێز دەستبەسەر کراون کە ٣ کەسیان سزای بەندکرانیان بۆ بڕاوەتەوە. هەروەها ٢ کەسیش لەکاتی چالاکیی و کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی ناوچەکانی مەریوان بریندار بوون.
دیاردەی خۆکوژی:
هەلومەرجی قورسی ژیان و کێشە کۆمەڵایەتیی و خێزانییەکان هۆکارگەلێکن بۆ چوونەسەرێی ڕێژەی خۆکوژیی. بەپێی داتا تۆمارکراوەکانی ناوەندی ئاماری هانا، لە یەک ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ٨٦ کەس لە شارو شارۆچکە و ئاواییەکانی کوردستان خۆیان کوشتووە کە ٣٣ کەس لە مێ و ٥٣ کەسیشیان نێر بوون.
هاوکات زانیارییەکان دەریدەخەن کە ڕێژەی لەساڵی ٢٠٢٣ بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو،لەسەدا ٥٤ دابەزیوە.
بارودۆخی ناو بەندیخانەکان:
سەرچاوە ئامارییەکانی هانا ئاماژەیان بە بارودۆخی ناو گرتووخانەکانی ئێران کردووە و دەڵێن کە لە ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ٦ بەندکراوی کورد لە گرتووخانەکانی کۆماری ئیسلامی لە ژێر زەبروزەنگ و ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە. هاوکات ٥ کەسیش کە ١ کەسیان ژن بووە، بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاریی پزشکیی بێبەشبوونیان لە دەواودەرمان، گیانیان لەدەستداوە.
هاوکات، بەهۆکاری گوشارەکان وهەلومەرجی قورسی ناو بەندیخانەکان ٢ بەندکراو خۆیان کوشتووە. لە ناڕەزایەتیی بەم دۆخە نالەبارەش، ٢٧ کەڕەت مانگرتن لەلایەن دەستبەسەرکراوەکانەوە بەڕێوەچوە.
بارودۆخی مامۆستا و چالاکوانانی ئایینی:
لە ساڵی ڕابردوودا، ١٢ مامۆستا و چالاکوانی ئایینی لەلایەن هێزەئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەرکراون کە ١٠ کەسیان لەلایەن دادگای تایبەتی ڕوحانییەتەوە لێپێچینەوەیان لێکراوە و دواتریش سزا دراون. ئەم ١٠ کەسە بەگشتیی بە ٣٨ ساڵ بەندکران سزادراون. هاوکات ٣ کەسیان بە سزای قامچی و بۆ هەرکامەیان ٧٤ قامچی حوکم دراون. هەروەها ٢کەسیشیان بە دوورخستنەوە لە پیشەکەیان و داماڵین لە جلوبەرگی مەلایەتی سزا دراون.
هەلومەرجی سیاسیی و ئەمنییەتیی زالی سەر ئیران و بە تایبەتیش کوردستان، ڕێگە نادات کە سەرجەم پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ تۆمار بکرێت ئەگەینا ئاست و ڕێژەکەی زۆر لە ڕاپۆرتەکەی هانا و سەرجەم ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ زۆر زیاتر و بەرینترە. بەشێکی زۆری تاوان و دەستدرێژییەکانی چەکدار و هێزەئەمنییەکانی ئیران بەنەهێنیی و دوور لە چاوی مێدیا و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دێنە ئاراوە. پێشێلکردنی مافی مرۆڤ دووانەی هەرگیزدانەبڕاوی ڕژیمی ئیسلامیی ئێرانن و تەنیا بە کۆتایی و ڕووخانییەتی کە دەکرێت کۆتایی بە بارودۆخەکە بێت.