لە بەشی یەکەمدا بە گشتیی پێکهاتە و شێوازەکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان خرایە بەر باس، لەم بەشەدا هەوڵ دەدرێت تەرکیز بخرێتە سەر مێژووی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە چوارچێوەی ئێران و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی.
کۆماری ئیسلامی وەک دەسەڵاتێکی ئیدئۆلۆژیک و تۆتالیتێر و ناوەندگەرا بە ناوەڕۆک لەگەڵ کۆمەڵگای مەدەنی و ماف و خواستی گشتیی خەڵک نایەتەوە و لە فۆرمیشدا لە هیچ جۆرە کردەوەیەک بۆ کپکردنی دەنگی کۆمەڵگە سڵی نەکردووە. دامەزراندنی هەرجۆرە پێکهاتە و ناوەندێکی سەربەخۆ و جیاواز وەک مەترسییەک بۆ سەر هێز و دەسەڵاتی ناوەندی دەبینێت. هەر بۆیە لە پێشدا بە سەپاندنی یاساوڕێسای دڵخواز و نادادپەروەرانە یان بە واتایەک سەرکوتی نەرم هەوڵ دەدا پێش بە پێکهاتنی ناوەند و ڕێکخراوگەلی کۆمەڵایەتی سەربەخۆ بگرێ و، لە ئەگەری سەرهەڵدانیشدا پەنا بۆ سەرکوتی ڕەق دەبا.
سەرەڕای هەموو بەربەستە یاساییەکان و زەبر و زەنگێکی ڕژیم لە پێناو پێشگرتن بە پاگرتنی هەر کردەوەیەکی بە کۆمەڵ یان ڕێگری لە پێکهاتنی هەرجۆرە دامەزراوە و ڕێکخراوێکی کۆمەڵایەتی، دەبینین بزووتنە کۆمەڵایەتی، پیشەیی و مەدەنییەکان یەک لە دوای یەک سەرهەڵدێنن و دەنگیان لە پێشووتر بەرزتر دەبێتەوە. لە دوو دەیەی ڕابردوو دەیان بزووتنەوەی گەورە و بچووکی کۆمەڵایەتیی مافخوازانە و دادپەروەرانەی تایبەت بە چین و توێژەکان سەریان هەڵداوە، هەندێکیان سەرکوت کراون، هەندێکیان خۆیان ڕێکخستووتەوە و هەندێکشیان هێشتاکە بەردەوام و چالاکن. ١٨ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٧٨، بزووتنەوەکانی ناسراو بە سەوز لە ٨٨، بەفرانباری ٩٦، خەزەڵوەری ٩٨ و بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» لە ١٤٠١ یان بزووتنەوەی ژنان، کرێکاران، ژینگەپارێزان هەروەها ناڕەزایەتی دەربڕینی ماڵخوراوان، خانەنشینکراوان، شۆفێرانی ئۆتۆبوس و کامیۆنەکان، مامۆستایان، بازاڕیان، پاڕێزەران، هونەرمەندان و وەرزشکاران و پەرەستاران لەم نموونانەن. هاوکات و هاوتەریب دەیان ئەنجومەن و کەمپەینی عەداڵەتخواز یان دژ بە یاساورێسای دژەمرۆڤانە پێکهاتوون. لەوانە بنەماڵەی قوربانیانی فڕۆکەی ئۆکراینی، دایکانی خاوەران، دایکانی شۆڕش، دایکانی پارکی لالە، کەمپەینی نا بۆ سێدارە، شەممەکانی ناڕەزایەتی دەربڕین، چوارشەممەگەلی سپی یان ڕێکخراوگەلی تایبەت بە بەندکراوانی سیاسی، بنەماڵەی شەهیدان و برینداران. تەنانەت بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان هەتا ئەو دیوی دیواری گرتووخانەکانیش ڕۆیشتووە.
بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێکان هەڵقوڵاوی کۆمەڵگەی مەدەنییەکی بەهێزن. هاوکات یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی دەسەڵاتگەلی ئیدئۆلۆژیک و تۆتالیتێر و دەسەڵاتخواز ئەوەیە کە هیچ ناوەندێکی هێزی دیکەی پێ قبووڵ ناکرێت و کۆمەڵگەی مەدەنی بە هەڕەشە دەزانێت. لێرەدا خواست و ئیرادە و بەرژەوەندی دوولایەن تێدەگیرێن و ئەمەش دەبێتە هۆکاری ململانەیەکی لۆژیکی، عەینی، هەمیشەیی و شیاوی(بالقوە) لەنێوان کۆمەڵگا و دەسەڵاتدا. کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوگەلی مەدەنی پیشاندەری هێزی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە لەهەمبەر دەسەڵاتی سیاسیدان. کۆمەڵگەی مەدەنی پانتایی ژیانێکی کۆمەڵایەتی ڕێکخراو، ئیرادی، خۆڕسک و سەربەخۆ لە دەوڵەتە کە هەموو ناوەندە پیشەیی و مەدەنییەکان و، کۆی چالاکییە ئابووری، کەلتووری، ئاگاییبەخش، ڕاهێنەرانە، ڕاگەیاندنی و هتاد لە مەودای نێوان گۆڕەپانی خۆیی(عرصه خصوصی) و دەوڵەت (دەسەڵاتی سیاسی) لە خۆ دەگرێت. ئاماژەیەکە بە کۆی دامەزراوە و ڕێکخراوگەلێکی سەربەخۆ و خەڵکی و ناحکومی کە ئیمکانی ئەوە دەڕەخسێنێت شارومەندان لە پرسە گشتییەکانی کۆمەڵگا و گۆرەپانی گشتیی(عرصه عمومی) بەشداری بکەن، خواستەکانیان بخەنە بەر باس و، مافەکانیان لە هەمبەر دەسەڵاتی ناوەند بپارێزن تاکوو بەم شێوەیە لە نێوان حکومەت و کۆمەڵگە هاوسەنگییەک دروست بکەن و، هەروەها داکۆکی لە ماف و ئازادییە مەدەنییەکانیان بکەن و پەرەیان پێبدەن.
مارکس پێکهاتەی سیاسی ستەمکارانەی لە روانگەی پێکدادانی بەرژەوەندی چینەکانەوە تاوتوێ دەکرد بەڵام لێکۆڵەران و کۆمەڵناسانی وەک هانا ئارێنت و دورکهایم بەپێچەوانە لەو باوڕەدان کە ستەمکاری دەسەڵاتی سیاسی کاتێک دەسەپێندرێت کە کۆمەڵگە ئەتۆمیزە و بێ قەبارە(تودەای) بێت. بە گوتەی دورکهایم ڕیشەی ستەمکاری حکومەت لەو شوێنەدا دەچەقێت و دەسەپێت کە هیچ پێکهاتە و ڕێکخراوێکی سەرەتایی یا ناوبژێوان یان کۆمەڵ و رێکخراوێکی مەدەنی و پیشەیی بۆ سنوودارکردنی دەسەڵاتی سیاسی بوونی نییە. لەو دۆخەدا دەوڵەت بەرانبەر بە خواست و ویست و فرەرەنگی و فرەچەشنی کۆمەڵگە بێ ئاگا و نامۆ دەبێت و لەبەرچاوی ناگرێت، کەوابوو بۆ سەپاندنی دەسەڵاتەکەی پەنا بۆ توندوتیژی و پێشێلکردنی ئازادییە تاکی و کۆمەڵایەتییەکان دەبات و، هاوکات لە بەرانبەر حەوزەی دەسەڵاتی خۆیدا هیچ بەربەست و هێزێک بە ڕەوا نازانێت و بە فەرمی ناناسێت. لەم کاتەدایە بەستێن بۆ سەرهەڵدانی دەسەڵاتخوازان و هەلپەرەستەکان ئامادە دەبێت.
دیکتاتۆری بە واتای دەسەڵاتی ستەمکار و خۆسەپێنەر و تاکڕەوە، ئۆتۆریتاریانیسم کاتێکە دەسەڵاتی ستەمکار هەوڵ ئەدا هەموو جومگەکانی کۆمەڵگە و ڕەهەندەکانی ژیانی خەڵک کۆنتڕۆڵ بکا، ئەگەر بتوانێ بە کەڵکوەرگرتن لە ئایین و دابونەریت و ڕێوڕەسمی تایبەت(مناسک) خەڵک بەسیج بکا ئەوە بەرەو تۆتالیتاریزم دەڕوات و کاتێک پێشەنگایەتی ئەم ڕەوتە بە دەست ڕێبەرانی مەزەبییە بێت ئەوە فاشیزمی مەزهەبیش ئاوێتەی دەبێت. کۆماری ئیسلامی تێکهەڵکێش و ئاوێتەیەکە لەم پێناسە ڕەشانە. لە دیکاتۆریدا دەنگ و مافی تاکێک بەسەر خەڵکی دیکەدا و بە فاکتەری هێز دەسەپێت بەڵام تاکەکان هێشتا تاکبوونی خۆیان لەدەست نەداوە و توانای بیرکردنەوەیان هەیە کەوابوو دەتوانن خۆیان لەو دۆخە ڕزگار بکەن. لە دەسەڵاتی تۆتالیتێردا کۆمەڵگە ئەتۆمیزە دەکرێتەوە و مرۆڤەکان، شوناس و کەسایەتیی ئەخلاقی و یاسایی و مەدەنی خۆیان هەروەها ئازادی، ئاگایی، ئیختیار و خەلاقییەت و توانای هەڵبژاردن و بیرکردنەوەیان لێ زەوت دەکرێت. دەسەڵاتی تۆتالیتێر دامەزراوە و رێکخراوگەلی مەدەنی سەرکوت دەکا، ئازادی ڕادەربڕین و کۆبوونەوە سنووردار ئەکا و ڕاگەیاندنی سەربەخۆ کۆنتڕۆڵ دەکا. هەوڵ دەدا لەجیاتی ڕێکخراو و ناوەندی کۆمەڵایەتی سەربەخۆ، دەستە و گروپ و دامەزراوەی هاوشێوە و هاوئاراستەی(موازی) ساختە ساز بکا وەک ئەوەی لە ئێران دەیبینین: دامەزراندنی ناوەند و دامەزراوە و ڕێکخراوگەلی حکوومەتی وەک خوێندکارانی پەیڕەوی خەتی ئیمام و پێبەند بە ولایەت یان لە لوتکەی خۆیدا بەسیج کە سازکردنی کۆمەڵگەیەکی ساختە لە دڵی راستییەکاندایە. کۆمەڵگەی مەدەنی ڕۆحی کۆمەڵگا یەکدەخا و هەستی بەرپرسیارەتی و هاودڵی لە نێوان تاکەکان و کۆمەڵگە دروست دەکا بەڵام دەسەڵاتی تۆتالیتێر خەڵک بەرامبەر بە خەڵک هان دەدا. کەوابوو دەسەڵاتی تۆتالیتێر ستەمکاری یاسامەند دەکا و لە کاتێکدا تێکەڵ بە فاشیزمی مەزهەبی ببێت، بە ستەمکارییەکانی ڕەواڵەتی ڕەوابوونی پشتبەستوو بە ئایین و شەریعەتیش دەبەخشێت.
گرەیم گێڵ لە تیۆریسییەنە ناسراوەکانی قۆناغی ڕۆیشتن بەرەو دێمۆکراسی، لەلایەکەوە کۆمەڵگەی مەدەنی بە ناوەڕۆکێکی سیاسییەوە پێناسە دەکا و وەک فاکتەرێکی پێویست و سەرەکی بۆ دێمۆکراسی دەیناسێنێت بەڵام هاوکات لەو باوڕەدایە لە ژێر کاریگەری دەسەڵاتی ئۆتۆریتارییەن، کۆمەڵەگەی مەدەنی بە ناوەڕۆکی سیاسییەوە یان بوونی نییە یان لاوازە هەر بۆیە پێکهاتنی بزووتنەوەگەلێک کە توانای داکۆکی لە مافی ئەندامەکانیان هەیە -ئەگەرچی سیاسیش نەوێت- وەک بنەمایەک بۆ سازکردن و بەستێنی شیاوی(بالقوە) کۆمەڵگەی مەدەنی دەزانێت کە دەتوانن کۆمەڵگە بەرەو دێمۆکراسی هان بدەن.
مێژووی سەد ساڵەی ڕابردووی ئێران لەگەڵ بزووتنەوە و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی لە ئاست و پانتایی جیاوازدا نامۆ نییە. ئەگەر بۆ پێشووتر نەگەڕێینەوە، بزووتنەوەی مەشروتەخوازی یەکەم بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی بەرفراوان لە ئێرانی نوێدا بووە. ئەم بزووتنەوە لەژێر کاریگەری گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگای ڕۆژاوا، بەدوای سنووردارکردن و یاسامەندکردنی دەسەڵاتی ڕەهای پاوشا و دامەزراندنی بنەمایەکی یاسایی و مەشرووتە بوو. بەشداربووانی ئەم بزووتنەوەیە ڕووناکبیران، مەلاکان و بازەرگانەکان بوون. هۆکارەکانی بۆ ناڕەزایەتی لە سیاسەتگەلی ئابووری، ناوەندگرایی و هەڵاواردنی کۆمەڵایەتی و گەندەڵی قاجارەکان دەگەڕایەوە. لێکەوتەکانی ئەم بزووتنەوەیە بوو بە هۆی نووسینی یاسای بنەڕەتی، دامەزراندنی مەجلیسی شۆرای میللی و هەوڵ بۆ دروستکردنی قەبارەیەکی دێمۆکراتیک. ئەگەرچی هەوڵەکانی ئەم بزووتنەوەیە دواتر بەهۆکاری هاتنەوەی ستەمکاری بێ ئاکام مایەوە بەڵام وەک بنچینەیەکی پێویست بۆ گۆڕانکاری، لەسەر چۆنییەتی ئاڵوگۆڕ و بزووتنەوەگەلی دوای خۆی کاریگەری دانا. هەر لەو سەروبەندەدا هەتا دوای شەڕی جیهانی دووهەم کۆمەڵێک بزووتنەوەی شوناسخواز، دژەداگیرکاری و ڕزگاریبەخش لە نێو نەتەوە بندەستەکانی ئێران بە بەکگراوندی جیاواز سەریان هەڵێنا کە هیچیان بە ئاکام نەگەیشت.
لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە گرنگەکانی دوای ئەوە، بزووتنەوەی بە نیشتمانیکردنی کەرتی نەوت بوو کە لە دڵی ناڕەزایەتییە ئابووری و سیاسییەکانەوە سەری هەڵێنا و بە ئامانجی سەربەخۆبوونی دەسەڵاتی ناوخۆیی لە بواری بەڕێوەبەرایەتی وزە و، کۆتایی هاتن بە باڵادەستی کۆمپانیا دەرەکییەکان لە کەرتی نەوت پەرەی سەند. دەرەنجامەکانی ئەم بزووتنەوەیە بوو بە هۆی بە نیشتمانیکردنی کەرتی نەوت و لاوازبوونی دەسەڵاتی بریتانیا لەم کەرتەدا. ئەگەرچی دواتر و لە ئەنجامی کودەتای ٢٨ی گەلاوێژ شکەستی خوارد بەڵام دەستکەوتەکەی، ناسیۆناڵیزمی ئێرانی و بزووتنەوەی دژە داگیرکەری لە ئێڕان بەهێزتر کرد. دواتر کۆمەڵێک بزووتنەوەی دیکە بە تێمی چەپ لە شێوەی ٤٦-٤٧ لە کوردستان یان ٤٩ لە سیاهکەلی باکووری ئێران هاتنە مەیدان کە بەپێی پێوەرەکان ناتوانین بەدڵنیاییەوە ناوی بزووتنەوەیان لێ بنین چونکا فاکتەری مەودا و کۆمەڵگە و چۆنییەتی پەیوەندی لەگەڵیا، لەم کردەوە بە کۆمەڵانەدا زۆر ڕوون و ئاشکرا نییە.
یەکێ تر لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە هەرە گرنگەکانی دوای ئەوە کە وەک نموونەی بزووتنەوە کلاسیکەکان دێتە هەژمار ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بوو کە کۆتایی بە دەسەڵاتی پاشایەتی هێنا. سەرهەڵدانی ئەم ڕاپەڕینە لێکەوتە و دەرەنجامی ستەمکاری و سیاسەتگەلی ناوەندگەرای ئابووری، سیاسی و کەلتووری پەهلەوی بوو کە بە بەشداری لایەنە چەپەکان، مەلاکان، کرێکاران، خوێندکاران و چینە بندەست و مامناوەندەکان دەستی پێکرد، دواتر مۆرکی ئیسلامی پێوە نرا و بوو بەهۆی کۆمەڵێک گۆڕانکاری قووڵ لە پەیوەندییە کەلتووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی و نێونەتەوەییەکانی ئەم وڵاتە. هاوکات لەگەڵ ئەم بزووتنەوە ناوەندییە، کۆمەڵێک بزووتنەوەی ڕزگاریبەخش و عەداڵەتخوازی دیکە بە خواستی شوناسی و کەلتوورییەوە لە هەندێک ناوچە وەک کوردستان سەریان هەڵێنا کە سەرکوت کران بەڵام هێشتاکە بە ڕێڕەوی مێژوویی خۆیاندا تێدەپەڕن و زیندوون.
لەدوای سەپاندنی دەسەڵاتی پاوانخواز و ئیدئۆلۆژیکی کۆماری ئیسلامی و تەواوبوونی شەڕی دوولایەنەی ئێران و عێراق، لە دەیەی ٧٠ی هەتاویدا دوو کردەوەی بەکۆمەڵ و ڕووداوی دیکە هاتنە ئاراوە، یەکەمیان جۆزەردانی ١٣٧٦ بوو کە لە هەندێک ڕوانگەوە وەک بزووتنەوە ناوی دەبەن و، بەرەی بە ناو ڕێفۆرمی لە نێو گۆڕەپانی سیاسی کۆماری ئیسلامی ناساند، هەڵبەت بە وادەی گرنگیدان بە ئازادی تاکەکەسی، پاراستنی مافی مرۆڤ و گەشەی سیاسی لە قەبارە و چوارچێوەی ڕژیمدا. ئەگەرچی ئەم ڕەوتە دژایەتی لایەنە ڕاستەکانی نێو بازنەی دەسەڵاتی لێکەوتەوە بەڵام کرانەوە و دەرفەتێکی بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی ڕەخساند کە دەرهاویشتەکانی بوو بە هۆی سەرهەڵدان و پێشوەچوونی بزووتنەوەگەلی دوای خۆی. ئەوی دیکەیان ١٨ی پووشپەڕی ١٣٧٨ بوو کە ئەگەرچی وەک خۆی بزووتنەوە نەبوو بەڵام کارتێکەری جیددی لەسەر بزووتنەوەی خوێندکاری دانا و خوێنێکی تازەی بە دەمارەکانی ئەم بزووتنەوە کپکراوە بەخشی. پاشان بزووتنەوەی سەوز لە ساڵی ١٣٨٨ سەری هەڵدا کە بۆ یەکمجار کۆمەڵگە بە پێداگری لەسەر پڕەنسیپ و بەها بنچینەییەکانی دێمۆکراسی و مافی شارومەندی لەهەمبەر دەسەڵاتدا وەستایەوە. چینی مامناوەند و دەنگدەران لە بەشداربووانی ئەم بزووتنەوەیە بوون و داوای مافێکیان دەکرد کە دەسەڵات بە تەزویر لێیانی زەوت کردبوو. ئاستی سەرکوت، تۆقاندن و توندوتیژی ڕژیم لەبەرانبەردا وەهابوو کە بۆ نزیکەی یەک دەیە، کۆمەڵگە نەیتوانی کردەوەیەکی بەکۆمەڵ و جیددی ڕێکبخا(مەبەست هەموو پانتایی ئێرانە). ئەم ڕەوتە نەرێنییە بۆ ماوەی ٨ ساڵ بەردەوام بوو هەتا بەفرانباری ١٣٩٦ کە بەبۆنەی بەرزبوونەوەی ئاستی هەژاری و نابەرابەری، قووڵتربوونی کەلێنی چینایەتی و ناڕەزایەتیەکی بەرین بە نیسبەت سیاسەتە سەقەتەکانی ڕژیم لەڕووی ئابوورییەوە، لە ناکاو تووڕەیی خەڵک تەقییەوە و چینی بندەست و پەراوێزنشین و هەژار هاتنە سەر شەقام. ئەم کردەوە لە جیاتی ئەوەی یەکدەنگ و ڕێکخراو بێت، چەند دەنگ و خۆڕسک و بەربڵاو بوو. ئەگەرچی هێزی سەرکوتی ڕژیم لەم بەربەرەکانەیشدا سەرکەوت بەڵام ناسەقامگیربوونی بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا جارێکی دیکە سەلمێندرا. دوو ساڵ دواتر و لە خەزەڵوەری ١٣٩٨ جارێکی دیکە شەقام جووڵا و لە یەکێک لە خوێناوی ترین بزووتنەوە و شۆڕشەکانی مێژووی کۆماری ئیسلامی، بەهۆکاری گران کردنی نرخی سووتەمەنی، بە هەزاران کەس بوون بە قوربانی. لوتکەی ئەم ناڕەزایی و بزووتنەوە زنجیرەییانە لە ساڵی ١٤٠١ و لەدوای کوشتنی حکومەتی ژینا یان بە واتایەک دەستپێکی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بوو.
لە هەموو ئەم ساڵانەدا بزووتنەوەگەلی کۆمەڵایەتی، مەدەنی و پیشەیی لە ئەندازە و پانتایی جیاواز و هاوئاراستەی بزووتنەوە گشتی و گشتگیرەکان، کەم تا کورت بوونیان بووە، بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بە بزووتنەوەی کرێکاران، ژنان و خوێندکاران بکەین کە مێژوویەکی درێژیان هەیە و لەژێر کاریگەری ئیدئۆلۆژی جیاواز و لە سەردەمی جیاواز سەریان هەڵداوە، هەندێک جار بەهێز و هەندێک کات لاواز، بەڵام بەردەوام بوونیان بووە و خۆیان ڕێکخستووە.
بەپێی لێکۆڵینەوەیەک لەسەر بزووتنەوە و ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران لە ڕوانگەی «سیاسەتی شەقام» لە نێوان ساڵەکانی ٩٦ بۆ ١٤٠٠، ئەم بزووتنەوانە خۆڕسک، ڕاستەوخۆ شەقام-میحوەر- بێ ڕێبەر، داهێنەرانە لە تاکتیکی خەبات، زنجیرەیی و لە پێوەندی ئاسۆیی(افقی) لەگەڵ خۆپیشاندانە هاوشێوەکان بوون. بەپێی ئەم لێکۆڵینەوە ناڕەزایەتی و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ٩٦ و ٩٨ بە نیسبەت بزووتنەوە پیشەیی و سینفییەکان بێ متمانە بوون. لوتکەی بزووتنەوە جەماوەری، پیشەیی و مەدەنییەکان بۆ نێوەی دووهەمی دەیەی ٩٠ی هەتاوی دەگەڕێتەوە کە تا ئێستاش ماوە و بەرەو هەڵکشانە. لەو ماوەدا ناڕەزایەتی ماڵخوراوان، کرێکاران، خانەنشینکراوان، مامۆستایان، کامیۆن داران و سەرجەم چین و توێژەکان شێوەیەکی تازەی بەخۆوە گرتووە. ئەم زنجیرە ناڕەزایەتییە لە ٧ی بەفرانباری ٩٦ و لە شاری مەشهەدەوە بەهۆی گرانی، گەندەڵی و بێکاری دەستیپێکرد و لە مەودایەکی کەمدا لە ١٦٠ شار بڵاو بوویەوە. ئەم ناڕەزایەتییانە لە ٩٧یشدا بەردەوام بوو و لە ٩٨دا بە هەموو ئێراندا تەقییەوە کە زۆر زوو لە لایەن حکومەت و خەڵکەوە بە توندوتیژی کێشرا. لەم لێکۆڵینەوەدا و بە پێی دروشمەکانی خەڵک داواکاری و خواستەکان بەسەر ٦ تەوەری سەرەکیدا دابەش کرابوون، ئابووری ٣٥.٦ لە سەد، سیاسی ٣٢.١ لە سەد، کۆمەڵایەتی-کەلتوری ١٢ لە سەد، ژینگەیی ٥.٤ لە سەد، مافخوازی و حقوقی ٤.١ لە سەد و، بزوێنەر(انگیزشی) ١٠ لە سەد. لەم سونگەوە فاکتەری ئابووری-بژێوی زیاتر لە فاکتەرەکانی دیکە ڕەنگ ئەداتەوە و بواری سیاسی لە پێگەی دووهەمدایە. بەواتایەک دوو لەسەر سێی داواکارییەکان بە هۆکاری ئابووری و سیاسی بووە. دەرەنجامەکانی ئەم لێکۆڵینەوە چەند کێشە و هۆکاری سەرەکی دەردەخا: هەژاری و نابەرابەری کۆمەڵایەتی و ئابووری لە نێوان چین و توێژە جیاوازەکان، ئیهمالکردنی زۆریەک لە پیشە و شوغڵەکان، بوونی گەندەڵی ئابووری و ئیداری بنەمایی و بەربڵاو، گۆڕانی دڵخواز و لایڤ ستایلی خەڵک بەهۆی هاتنی سۆشیالمێدیا و جیهانییبوون، بێ متمانەیی خەڵک و پیشەڤانەکان بە نیسبەت حیزب و حکومەت و، لە کۆتایی هەست بە تەنهایی و بێ پشتوانەیی. ئەوەی سەرنجڕاکێشە ئەم بزووتنەوە جۆراوجۆرانە لە بوارەکانی شێوازی ڕێکخستن، شوناس و پێکهاتەی ئەندامان یان بەشداربووان، چۆنییەتی پێوەندی لەگەڵ دەسەڵات هەروەها شێوەکاری کردەوەیی و خواست و داخوازییەکان، نەیانتوانیوە پێوەندییەکی ستراتیژیک و درێژخایەن پێکەوە بگرن.
بێگومان لەنێوان داواکاری بۆ نان و کار و مافی ژیان، خواست بۆ بە فەرمی ناسینی جیاوازی و شوناس و کەلتوور و، پێداگری لەسەر مافی شارومەندی و سەربەستی جیاوازی هەیە بەڵام سەرچاوەی کێشەی هەموویان یەک شوێن و ئادرەسە. ئەمە بەرهەمی هەڵاواردنی چەندلایە و چەندڕەهەندی و گەشەی ناهاوسەنگ لە سیستەمێکی ناوەندگەرا و ئیدئۆلۆژیک و تۆتالیتێرە. لەوانەیە هۆکاری یەکنەگرتنەوەی بزووتنەوەکانیش هەبوونی کۆمەڵگەیەکی ساختە و سەپێندراو و زۆرەملێ بێت کە ڕۆحی یەکێتی و هاوبەشبوونی تێدا بەدی ناکرێت و جیاوازییەکان زیاتر لە لێکچوونەکانە. هەر بۆیە چارەسەرکردنی ئەم ململانێ و گرفتە بنەڕەتییانە، پێویستی بە گۆڕانکارییەکی قووڵ و ڕێککەوتنێکی کۆمەڵایەتی نوێوە.
لە بەشی داهاتوودا ئەم بابەتە زیاتر شی دەکەینەوە و باس لە گرنگایەتی، کاریگەری و دەورونەخشی بزووتنەوە پیشەیی و مەدەنییەکان لە ئێران و داهاتووی ملمانێیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەکەین.