بەشی سێهەم:
لە بەشەکانی پێشوودا ئاوڕێکمان لە پێناسە، جیاوازی و کارکردی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بەگشتیی و مێژووی ئەم بزووتنەوانە لە ئێران دایەوە. لەم بەشەدا سەرنج دەدەینە سەر بزووتنەوە پیشەیی و مەدەنییەکان و، ئامانج و کارتێکەری و لێکەوتە و داهاتووەکەی بۆ بەشی داهاتوو دەهێڵینەوە. هیچ یەک لە بەربەستە حکومییەکان یان شێوازەکانی سەرکوتی نەرم و ڕەق تا ئێستا نەیتوانیوە پێش بە شەپۆلی خواست و ئیرادەی خەڵک و جەماوەر بگرێت و، ئەمە بزووتنەوەکانن کە تەنگیان بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هەڵچنیوە. بزووتنەوە پیشەییەکان لە ڕێژەی جێکەوتووترین و کەم تێچووترین بزووتنەوەکانن کە بەشێکی بەرچاو لە پارێزکار و کۆنسێرواتیڤەکانی کۆمەڵگایان هێناوەتە مەیدان.
بزووتنەوە پیشەییەکان کۆمەڵێک چالاکی ڕێکخراوی کۆمەڵایەتین کە لەلایەن چین و توێژ یان گروپێکی کۆمەڵایەتی، بە مەبەستی باشتربوونی دۆخی بژێو و پارێزگاری لە پێگەی کۆمەڵایەتی، داکۆکی لە مافی پیشەیی، مەدەنی و مرۆیی خۆیان دەکەن. پیشەکان لە ڕێگای پێکهێنانی یەکیەتی، سەندیکا و کۆمەڵەکانەوە ماف و بەرژەوەندی گشتیی خۆیان دیاری دەکەن و دەیپارێزن. یەکیەتییە پیشەییەکان لەپێناو ئامانجێکی سەرەتایی و دیار واتە پێشکەوتن و پاراستنی دەستکەوتە هاوبەشەکانی ئەندامان یان زیندووکردنەوەی بەرژەوەندییە لە دەست ڕۆشتووەکان پێکدێن. لە ڕوانگەی تایبەت بە کارتێکەری پیشەوەران دوو بۆچوونی سەرەکی هەیە: لە ڕوانگەیەکدا بەو ئارگۆمێنتەی چونکا لە سەدەی ١٤ی زایینییەوە هەتا ئەمڕۆ هەن و هێشتاکە چالاکن کەوابوو کارامەیی و کارتێکەریان هەیە؛ بۆچوونی بەرانبەر دەلێت بەبۆنەی پیشەوەری ڕێگا بۆ پاوانخوازی دەوڵەمەند و دەسەڵاتداران دەکرێتەوە و، پاوانخوازی کارتێکەری نەرێنی لەسەر گەشەی ئابووری و خۆشبژێوی هەیە، بۆیە ئەم بزووتنەوانە لە درێژماوەدا ناکارامەن.
پیشەوەران بە شێوەی مێژوویی دوو تایبەتمەندییان بووە، یەکەم یەکدەستبوون بەو واتایە کە هەموو کەس دەزانێت کێ سەر بە کام پیشەیە؛ دووهەم، پێوەندی چەندلایە و چەندلایەنە لەنێوان ئەندامەکانی هاوپیشە. ئەندامان جیا لە پیشەی هاوبەش پەیوەندی خزمایەتی، شارومەندی، زمانی، ئیتنیکی و دۆستانەشیان هەیە و لە بوارە جیاوازەکانی وەک چالاکی کەلتوری و ئابووری و خێرات و هتد هاوکاری دەکەن. بزووتنەوە پیشەییەکان بەگشتیی لە دوو دەستە پۆلێنبەندی دەکرێن. یەکەم یەکییەتییە پیشەییەکانی تایبەت بە خاوەنکاران(کارفرمایان)، دووهەم یەکییەتییە پیشەییەکانی تایبەت بە کرێکاران. هەردوو لایەن بۆ دەستەبەرکردنی بەرزترین ئاستی بەرژەوەندی و زۆرترین ماف یان دەسکەوتی ئابووری تێکۆشان دەکەن. هەرچەن ئەمەش لەخۆیدا دەتوانێ رێگەخۆشکەری سازشکاری و دەستێکەڵکردن و گەندەڵی بێت.
پیشە و سینفەکان گروپی هاوبەرژەوەندن. گروپگەلی هاوبەرژەوەند و هاوقازانج بە واتای هەر پێکهاتەیەکی ڕێکخراوە لەنێو سیستەمێکی سیاسی دیار کە بەشێوازی بە کۆمەڵ لە ماف یان بەرژەوەندییەکی دیار و هاوبەش داکۆکی دەکەن. بزووتنەوە پیشەییەکان لە بەرانبەر گرفت یان هەڵاواردنی ئابووری، بارودۆخی نالەبار یان نادادپەروەرانەی کار و، نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست و یاسای پاڵشتیکەر و گونجاو سەرهەڵەدەن. جیاوازی نێوان ئەم گروپانە و حیزبی سیاسی لەوەدایە، حیزبی سیاسی بەدوای بەدەستەوە گرتن یا گۆڕانکاری لە سیستەمی سیاسی و دەستڕاگەیشتن بە دەسەڵاتە بەڵام یەکییەتییە پیشەییەکان بە ئامراز و شێوە و کەرەستەی جیاواز لەوانە دانوستاندن و مانگرتن تاکوو خۆپیشاندان و توندوتیژی سەر شەقام، بەدوای کارتێکەری و کاریگەربوون لەسەر دەسەڵاتی سیاسی هەنووکەیی دان.
فیلیپ برود گروپی هاوبەرژەوەند بەسەر دوو بەرەی گشتی دابەش دەکا. یەکەم، ئەوانەی ئارمانگەران و لە ئامانج، بەها یان ئایدیایەکی گشتگیر وەک ئاشتیخوازی، ژینگەپارێزی، مافی لەباربردنی منداڵ و هتاد داکۆکی دەکەن و، ئەگەری زۆرە گروپی کۆمەڵایەتی و چین و توێژەکانی دیکە وەک خوێنکاران، ژنان و ڕووناکبیران لە دەوری خۆیان کۆ بکەنەوە. دووهەم، ئەوانەی بەپێی شوناسی هاوبەش و بە ئامانجی بەرگری لە ناسنامەیەکی تایبەت پێکدێن. ئامانجی ئەوان داکۆکی لە بەرژەوەندی و مافی لایەن، چین و توێژێکی تایبەتە، هەر لە پێشترەوە بوونیان بووە و بەپێی پێناسە و پێوانەگەلی تایبەت دیاری دەکرێن، لەوانە ئابووری، کۆمەڵایەتی، پیشەیی، ئائینی و کەلتووری و مێژوویی. لەم شێوەدا پێویستە گروپی هاوبەرژەوەندی(همسود) شوناسخواز، بۆ مۆبیلیزاسیۆنی خەڵک ڕەوایەتێکی گونجاو و نوێ لەو چین و توێژەی نوێنەرایەتی دەکا بگێڕەتەوە، ڕەوایی پێ ببەخشێت و ڕەوابوونی نوێنەرایەتی خۆی بسەلمێنێت. لەم ڕوانگەوە سەندیکاکان گروپێکی هاوقازانجی شوناسخوازن. زۆربەیان ڕابردوو و داهاتووی گرێدراویان هەیە و هاوپیشە و هاوچارەنووسن، شوناسی پیشەیی هاوبەش و شێوەکار و ئەرکی تایبەتیان هەیە، لە چوارچێوەی دەسەڵاتێکی سیاسی دیار چالاکی و داوای ماف دەکەن، ڕا و بۆچوون و ئامانجی هاوبەشیان هەیە، کاراکتێری یاسایین و وەک گروپێکی کۆمەڵایەتی تایبەت دەردەکەون کە لەوانەیە بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ گروپی دیکە یەکانگیر نەبێت.
پێکهاتە، ناوەڕۆک، نەخش و توانای کارگێڕی پیشەوەران، لەگەڵ فۆڕماسیۆنی کۆمەڵایەتی و سیستەمی سیاسی حکومەتەکان پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە هەر بۆیەش بزووتنەوەکانیان ناتوانن بە تەواوی لە سیاسەت جودا بکرێنەوە. لەبیرمان نەچێت کە چەندایەتی دۆخی ئابووریش لەخۆیدا دەرکەوتەی چۆنییەتی بەڕێوەبەری و دەسەڵاتی سیاسییە. پیشە جۆراوجۆرەکان بۆ گەشەی ئابووری پێویستیان بە سەقامگیری و ئەمنییەتە. بۆ پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی توێژەکەیان لەسەر دواکارییە هاوبەشەکان پێداگرییان کردووە بەڵام گۆشەنیگایەکیشیان لای بەرژەوەندی ئابوورییە. پیشەوەران بە پێی مەجال لە داڕشتنی یاسادا لەگەڵ دەوڵەت هاوئاراستە دەجووڵێن تاکوو بەرژەوەندی هەردوولا پارێزراو بێت.
بزووتنەوە پیشەییەکان لە ڕوانگەی مارکسیزمەوە، وەک بەشێک لە ململانێی چینایەتی لەنێوان سەرمایەدار و کرێکار دەناسرێت کە هەنگاوی دەستپێکی ئاگابوونەوەی گشتیی و بەربەرەکانێی چینایەتییەو دەتوانێ بەستێنێکی گونجاو بۆ خەباتی سیاسی جیددی و شۆڕشگێڕانە بڕەخسێنێت. بەڵام ئەگەر بەدوای گۆڕانکاری قووڵەوە نەبێت و مل بە چاکسازی بچووک بدات ئەوە دەبێتە پارێزەری سیستەمی سەرمایەداری و وزەی چینی کرێکار دەفەوتێنێت. ئەم ڕوانگەیە، بزووتنەوە پیشەییەکان تەنیا بە چینی کرێکار و سەرمایەدار سنووردار دەکرێنەوە و ئاڵۆزییەکانی مۆدێڕنیتە، تایبەتمەندییە مێژوویی و کەلتووری و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگە جیاواز یان پاشکەوتووەکان، سەرهەڵدانی بزووتنەوەگەلی شوناسخواز هەروەها فرەڕەنگ بوونی چینە کۆمەڵایەتییەکان لەبەرچاو ناگیرێت. دەرگای چاکسازی دادەخات، شۆڕش و کردەوەی ڕادیکاڵ بۆ گۆڕین وەک ئامانج پێناسە دەکا نەک ناوەڕۆکی گۆڕینەکە بخاتە ڕۆژەڤ.
لە فۆرماسیۆنی سەرمایەداریدا بزووتنەوە و ڕێکخراوە سینفییەکان بۆ ئەوەی کارامە بن و دەور و نەخش بگێڕن پێویستە بە شێوەی گشتیی لەلایەن حکومەت و کۆمەڵگا بە فەرمی بناسرێن و ڕەوایی و دەسەڵاتی یاساییان پێ بدرێت. هەر بۆیە لە نێوان پیشەوەران و دەوڵەت پەیوەندییەکی دوولایەنە هەیە کە لەسەر خواست و ڕەزامەندی دوولایەنە بەڕێوەدەچێت. لەم سونگەوە پیشەوەران بە کونترۆلکردن و کاریگەریدانان لەسەر ئەندامانی هاوپیشە، دابەشکردنی داهات، دانی باج و هەدیە بە دەوڵەت و ناوەند و کارگێڕانی، دانی خەڕاج و یارمەتی کۆکردنەوە یان قەرز دان بە دەوڵەت لەکاتی پێویست وەک شەڕ و قەیرانی ئابووری، هەروەها گەشەی پیشەسازی و پاڵپشتیی سیاسی لە دەسەڵات یارمەتیدەری دەوڵەتن، لە بەرانبەردا دەوڵەت بە فەرمییان دەناسێت، پشتیوانی سیاسی و یاسایان بۆ هەموار دەکا و لە بەرانبەر گروپی نوێ و ڕەقیبدا پاڵپشتییان لێ دەکا. ئەم پەیوەندییە لەکاتێکدا دەوڵەتان توانای دابینکردنی تێچووەکانیان نامێنێت و تووشی قەیرانی ئابووری و ڕەوایی دەبن، بەشێوەی یەکلایەنە دەپسێت.
لە ڕوانگەی لیبڕاڵ دێمۆکراسییەوە، سینفگەرایی لە دەوڵەتانێکدا دەستکەوتی هەیە کە ململانە و دانوستاندنی سێ لایەنە لەسەر پرسەکانی وەک نرخ، مووچە، دەستڕەنج، پلاندانان و وەبەرهێنان لە نێوان نوێنەر یا یەکێتی خاوەنکاران، کرێکاران و حکومەت، ببێتە هۆی پێکهێنانی هاوسەنگی لە نێوان ئەم ناوەندانە و لە ئەنجامی ڕێککەوتنێکی سێ لایەنە، سەقامگیری و باڵانسی سیستەمی سەرمایەداری بپارێزرێت. ئەگەرچی ئەم شێوەیە لە نئولیبڕالیزمدا کارامەیی نامێنێت چونکا لەم سیستەمەدا یاسای بازاڕ بە پێی ڕەقابەت و کێبڕکێ دامەزراوە نەک وتووێژ و چەنەلێدان.
لە سیستەمی ئۆتۆریتاریانیزم و فاشیزمدا کۆمەڵێکی بەربڵاو لە سەندیکا و یەکییەتییەکان لەژێر چاودێری ڕاستەوخۆی دەوڵەتدا دادەمەزرێن بەڵام مافی مانگرتنیان نییە و سەرۆکەکەیان لە لایەن دەوڵەتە دادەنرێت بۆیە زۆر لە ناوەڕۆک و کارکردی خۆیان دوور دەکەونەوە. لەم ڕژیمانەدا پێکهاتەی پیشەیی، حکومییە و زۆرتر دواکەوتوو و هێمای ئیدئۆلۆژییە تا کۆمەڵەیەکی سەربەخۆی نوێنەرایەتی پیشەکان. پیشەوەران و ڕێکخراوەکان لەسەرەو بەرەو خوار سازدەکرێن و نەخش و پێگەی هێمایینیان پێ دەدرێت و پێکهاتەکەیان لە لایەن دەوڵەتەوە دیاری دەکرێت. لە سیستەمی تۆتالیتێریشدا ئەساسەن ڕێکخراوە و ناوەندی سەربەخۆ قەدەغەیە و حکومەت، لە ئەگەری پێویست ناوەند و ڕێکخراوەی نەک سەربەخۆ بەڵکوو ساختە و سەر بە خۆی دادەمەزرێنێت.
لە سۆسیال دێمۆکراسی کە ئاوێتەیەک لە سۆسیالیزم و لیبڕاڵ دێمۆکراسییە، بزووتنە پیشەییەکان پێگەیەکی گرینگ و ستراتیژیکیان هەیە. لەم روانگەوە ڕاگرتنی هاوسەنگی مەرجدارە و، یەکەم بەربەست و کەرەستە لەهەمبەر زیادەخوازی و سەرەڕۆیی سەرمایەداری، پاڵپشتی لە مافی چینی بندەستە. وتووێژ و
دانوستاندن کاریگەرە، ڕێژەی ماڵیات بەپێی داهات و، خزمەتگوزاری لە کەرتی کۆمەڵایەتی و تەندروستی و پەروەردە و، پشتیوانی تەواو لە کاتی کار کردن و دواتر خانەنشین بوون بنەمایە. لەسەر مافی هەموو توێژەکان و لەوانە کرێکاران چ یەخە ئاوی چ یەخە سپی و، عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامان پێداگری دەکرێت. بزووتنەوە پیشەییەکان بە هێز و وزەی کاریگەری پێشوەچوونی ئەم ماف و داواکارییانە دادەنرێن کە بۆ چەسپاندنی دێمۆکراسی لە کۆمەڵگا پرسێکی سەراتییە. ئەگەرچی هەمدیسان لە کاتی سەرهەڵدانی قەیرانی ئابووری، بزووتنەوەکان توانای چەنەلێدانیان لە دەست دەدەن و پێویستە چاوەڕوانی پاڵپشتی دەوڵەت بن.
کۆرپۆراتیزم (سینفگەرایی) بە هەندێک جیاوازی لەگەڵ پلۆڕالیزم و بە واتای ئەوەیە کە کۆمەڵگەی پێکهاتوو لە بەشە جۆربەجۆرەکان، لە هەیکەلەیەکی یەکانگیردا و بەپێی بەرژەوەندی هاوبەش خۆیان دەبیننەوە و پێکهاتە و پەیکەرەیەک پێکدێنن. بەپێچەوانەی پلۆڕالیزم کە گروپە کۆمەڵایەتییەکان بەشێوەی سەربەخۆ و بەپێی ڕکابەری بەشداری لە دەسەڵات دەکەن، لە کۆرپۆراتیزمدا گروپەکان بەهاوبەشی لە بڕیاردانی گشتییدا بەشدارن. دەسەڵات لەپێناو مانەوەیدا ئەگەرچی جیاوازییەکانیش نەبینێت بەڵام ناچارە بەبۆنەی درێژەدان بە دەسەڵاتەکەی و ڕاگرتنی سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی، دادوەری نێو کۆمەڵگە لەبەرچاو بگرێت. لەم سونگەوە دەوڵەت بۆ ئەوەی بەسەر خەباتە چینایەتییەکاندا زاڵ بێت و رێگری بکات لە پێکهێنانی یەکێتییەکی گشتگیر، هەوڵ بۆ سازش و سازان و ڕاگرتنی باڵانس لە نێوان بەرژەوەندیی خۆی و مافی چینەکان دەدات.
جێگەی وەبیرهێنانەوەیە لە کۆماری ئیسلامیدا مافی پێکهێنانی سەندیکا و کۆمەڵ و یەکییەتیە سەربەخۆکان بە پیشە و سینفەکان نادرێت مەگەر ئەوەی لەژێر کونترۆڵ و چاودێری حکومەتدا بن، هاوکات ئەو ڕێکخراوانەی هەوڵی دامەزران و سەربەخۆ بوون ئەدەن، دەکەونە ژێر گوشار و سەرکوت دەکرێن. بەڵام دەبینین کە کۆمەڵگە لە بەرانبەردا بێ هەڵوێست نەبووە و وەک دژەکردەوە، بەردەوام هەوڵی خۆ ڕێکخستن دەدا و زۆریەک لە پیشەکان بە کەڵکوەرگرتن لە ئیمکاناتی سەردەم و بەشێوەی خۆڕسک، دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان دەردەبڕن. لە هەزارەی سێهەمدا تکنۆلۆژی لە پێکهاتن و گەشەی بزووتنەوەکان دەورێکی سەرەکی دەگێڕێت، بۆ نموونە کەڵکوەرگرتن لە ڕێگای پەیوەندی نوێ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ڕێکخستن و، گەیاندنی خێرا و کارامەی دەنگ و هەواڵ و خواستەکان بە گوێی کۆمەڵگە و دەسەڵات و ڕای گشتیی جیهان.
لە بەشی چوارەمدا، ئاوڕێک لە ئاسۆ و لێکوتە و داهاتووی ململانێی نێوان کۆماری ئیسلامی و بزووتنەوە پیشەییەکان ئەدەینەوە.
*سەرچاوەکان لە کۆتایی زنجیرە نووسراوەکەدا هاوپێچ دەکرێت.