بەشی چوارەم
لە بەشەکانی پێشوودا پێناسە، جیاوازی و گرینگایەتی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی، پیشەیی و مەدەنییەکان بەگشتیی و، مێژووی ئەم جۆرە بزووتنەوانە لە ئێران کەوتە بەر دیدەی خوێنەران. لەم بەشەدا چاوێک بەسەر کارتێکەری و لێکەوتە و داهاتوووی ئەم بزووتنەوەگەلە لە ئێران دەخشێنین.
بە پێی لێکۆڵینەوە نوێکان، پیشەوەران یەکێک لە گرینگترین ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکانن کە کارتێکەری راستەوخۆیان لەسەر گەشەی ئابووری وڵاتان بووە. گەشە چەندڕەهەندییە و زۆربەی ڕەهەندەکانی پێکەوە گرێدراون. لە وڵاتانی گەشەنەسەندوو کە زۆربەیان گیرۆدەی بەرێوەبەرایەتی و دەسەڵاتێکی سیاسی نادێمۆکراتیکن، بزووتنەوە پیشەیی و مەدەنییەکان دەتوانن بۆشایی کۆمەڵگەی مەدەنییەکی ڕێکخراو پڕ بکەنەوە و وەکوو ئاڵترناتیڤێک لەنێوان دەسەڵات و خەڵکدا ناوبژێوانی بکەن. سازبوونی تۆڕگەلی کردەوە-تەوەر و بەشداریی گروپگەلی هاوبەرژەوەند، پەیوەندی و لێکتێگەیشتنی ئەندامەکان هەموار دەکا و بەرهەمهێنەری متمانە و زانیاری و ئاگایی بەکۆمەڵ دەبێت. هەرچی ئاستی پێوەندی ئەندامان و بەشداربووان زیاتر بێت، متمانەی بەرانبەر لەنێوان ئەندامان و خەڵکەکەدا زیاتر و هاوکاری هاسانتر دەبێت. ئەو شارومەندانەی کە لە بەستێنێکی بەربڵاو و بەرفراوانی کۆمەڵایەتیدا گرێدراوی یەکترن، کارلێکی زیاتریشیان پێکەوە هەیە. سەرکەوتن یان دەسکەوتی هەڵقوڵاو لە هاوکارییە پێشووەکان، دەبێتە هۆی متمانەبەخۆ و متمانە بەویتر و، هەوێن و نموونەیەکی سەرکەوتووی کەلتووریی بۆ هاوکاری لەداهاتوودا.
لە ڕوانگەی دورکهایمەوە ئەرکی سەرەکی دامەزراوە و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتی و پیشەییەکان توانای بەرزکردنەوەی ئاستی ئاگایی کۆمەڵایەتییە، بە واتای باسکردن و فورموڵەکردن و ڕوونکردنەوەی پرسە گرینگە کۆمەڵایەتییەکان لە لایەن ئەم دامەزراوانەو بەدواداچوونیان لە چوارچێوەی دەسەڵات. باوڕەکان، هەستەکان، خواستەکان و ئامانجەکانی تاک و گروپە کۆمەڵایەتییە بچووک و سەرەتاییەکان بەربڵاو و نایەکانگیر و ناڕێکخراوە، ئەگەر ڕێکنەخرێت، نە کێشەوگرفتە بنەڕەتییەکان دەردەکەون و نە توانا و چاوەڕوانی چاکسازی و گۆڕانکاری تیاندا بەدی دەکرێت. لەم روانگەوە هەرچی ئاست و پانتایی پێوەندی نێوان دەسەڵات و پێگەی جەماوەرییەکەی زیاتر بێت، حکومەت زیاتر ئاگای لە کێشە و خواستەکانی کۆمەڵگە دەبێت و شێوەی ڕێوەبەری و ئیدارە بەرەو دێمۆکراسی دەڕوات، کۆمەڵگەش بە نیسبەت ماف و خواستەکانی ئاگاتر و وشیارتر دەبێت.
ڕێکخراو و بزووتنەوە مەدەنی و پیشەییەکان یارمەتیدەر و رێگەخۆشکەری گەشەی سیاسین و پێش لە سەرهەڵدانی پۆپۆلیزم دەگرن. دەوڵەتی دێمۆکراتیک تەنیا گوێڕایەڵی جەماوەری بێ قەبارە و بێ فۆرم نییە بەڵکوو پێویستە وەک ناوەندێکی سەربەخۆ سەرەڕای لەبەرچاوگرتنی خواستە گشتییەکان، لەپێناو بەرژەوەندی باڵای گشتییدا بڕیار بدات. ئەگەر دەوڵەت راستەوخۆ لەژێر گاریگەری و نفوزی خەڵکانێک، کۆمەڵێک یان کۆبوونەوەگەلی کاتی و ساتی بێت، پێوەندیی دەوڵەت و کۆمەڵانی خەڵک ئەوەندە ڕاستەوخۆیە کە لەوانەیە عەقڵانییەتی دەسەڵات بکەوێتە ژێر کاریگەری نەرێنی و، تووشی بڕیاردانی هەیەجانی و ئیحساسی و پەرداختەنەکراو بێت. توانای پلاندانانی درێژخایەن و بنەڕەتی نەمێنێت، گیرۆدەی ناهاوسەنگی و قەیرانی ڕۆژانە بێت و ئەم هەلومەرجەش مەجال بۆ کەسانی هەلپەرەست و پۆپۆلیست بقۆزێتەوە. رێکخراوە مەدەنی و پیشەییەکان ئەم بۆشاییە پڕ دەکەنەوەو لە بەشداری کۆمەڵگەی مەدەنی لە بڕیاردان، بەڕێوەبەرایەتی و نەمانی ناوەندگەرایی کاریگەرن. بەشێوازێک دەسەڵات ناچار بە دابەشکردنی دەسەڵات، بەرپرسایەتی و چاودێری دەکەن. بەبێ ڕێکخراو یان ناوەندگەلی هێزی سەربەخۆ، حکومەت مەیل و بەرپرسایەتییەکی بەرانبەر بە وڵامدەربوون لە هەمبەر گۆڕەپانی گشتیی نییە.
هەرچی ڕەوتی گەشە پێشکەوتووتر و پارامێترە هاوپێوەندەکان زیاتر بێت، بەستێن بۆ بەشداری گروپە پیشەیی و مەدەنییەکان لە کۆمەڵگە گونجاوترە. لە ڕوانگەی سیستەمییەوە، لە بڕیاردان و یاسا داڕشتنی وڵاتدا پێویستە پێداویستی و کێشە و چەڵێنجەکانی کۆمەڵگە لەبەرچاو بگیردرێت. لە نەبوونی خواست و ویستێکی فۆرمولە و پەرداختکراودا دەسەڵات لەگەڵ کۆی خواستە جیاواز و بەربڵاوەکانی تاکەکان ڕووبەڕوو دەبێت و ئەمە لە ناوەڕۆکی خۆیدا ئەرکی حکومەت بۆ ئاگابوونەوە لە پێداویستی و پێویستییەکان قورس یان بەرانبەر بە وڵامدەربوون بێ منەت دەکا.
ڕێکخراوە پیشەییەکان جگە لە پێداگربوون بۆ خواستە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی تایبەت بە خۆیان، لە بار پەروەردە و گواستنەوەی ئەخلاقی حرفەیی و بەکۆمەڵ، پێبەندبوون بە خواستگەلی گشتیی تر، فێربوون و فێرکردنی بنەما و بەهاکانی دێمۆکراسی، بەشداری لە بڕیاردانی گشتیی و ڕاگرتنی هاوسەنگی لەنێوان دەوڵەت و کۆمەڵگە کاریگەرن.
لە نەبوون یان بۆشایی کۆمەڵگەی مەدەنی لە دەسەڵاتگەلی ئۆتۆریتاریانیست و تۆتالیتر کە هوشیاری کۆمەڵایەتی بە مەترسی دەزانن، بزووتنەوە پیشەییەکان لە توانا و کاپاسیتی باش بۆ پڕ کردنەوەی بۆشایی و بە ئەزموونکردنی کردەوەی بەکۆمەڵ بەهرەمەندن و دەتوانن ڕێگە بۆ بەشداری و هوشیاری کۆمەڵایەتی و سیاسی بکەنەوە. ئاگایی سیاسی و کۆمەڵایەتی مەرجێکی سەرەکییە بۆ بونیاتنانی دێمۆکراسی، ڕێکخراوەکانیش یەکێک لە ئەرکەکانیان ئاگایی بەخشینە. بەشداری لەم ڕێکخراوگەلە ئاستی خۆوشیاری و ئاگایی و زانیاری کۆیی دەباتە سەرەوە، ڕوانگەی کارلێکی، هاوبەشبوون و لێهاتوویی و، هەست بە بەرپرسیارەتی هاوبەش بۆ هەوڵدانی بە کۆمەڵ پێکدەهێنێت. کاتێک تاکەکان لەگەڵ بەشداربووانی دیکەی ڕێکخراو کە لەوانەیە ئامانج و خواستی جۆراوجۆری دیکەشیان هەبێت بەپێی بەرژەوەندییەکی باڵاتر هاوکاری دەکەن، بەهۆی کارلێکی بەرانبەر، گوشاری ناوگروپی و کردەوەی بە کۆمەڵ، ئامانج و خواستەکانیان لەگەڵ گروپەکە هاوئاهەنگ و یەکانگیر دەبێت. ئەم ئەزموونانە، پێش لە سەرەڕۆیی و زیادەخوازی تاکەکان دەگرێت، هەست بە بەرپرسایەتی تاک بەرانبەر بە کۆ بەهێز دەکا و، لە دەرەنجامی چێژوەرگرتن لە دەستکەوت و هێزی کردەوەی بەکۆمەڵ، یەکڕیزی و هاودڵی کۆمەڵایەتی پتەوتر و ئەخلاقی بە کۆمەڵ پەرە پێدەدات. بە واتایەک دەتوانێت پرسەکانی وەک ئابووری بە کۆمەڵایەتی بکا بە مەرجێک کە بەستێن یا ئاسۆیەکی دێمۆکراتیکی هەبێت. ڕێکخراوەکان چ بۆ کردەوەی رادیکاڵ و لەناکاو چ بۆ چاکسازی هەنگاو بە هەنگاو دەوری ئەرێنی دەگێڕن بەڵام مەرج نییە ئاکامەکەیان سەداسەد بە دێمۆکراسی بگات.
لە ڕوانگەی ئالێن بێنوا[1]، ڕێکخراو و دامەزراوەکان نین کە پێکهێنەری دێمۆکراسین بەڵکوو ئاست و ڕێژەی بەشداربووان لە ڕێکخراو و دامەزراوەکان دێمۆکراسی بەرهەم دەهێنن. لەم ڕوانگەوە ئاستی بەشداری بنەمای سەرەکی دێمۆکراسییە نەک دەنگی گروپی زۆرینە یان هەڵبژاردن. زۆربوونی ڕێژەی بەشداری و بەشداربوون، فۆرمی حکومەت بەرەو دێمۆکراسی هان دەدا چون لەو کاتەدا داواکارییەکان نوێنەرایەتی دەنگی زۆرینەی مومکین دەکا. دامەزراندن و ڕۆیشتن بەرەو دێمۆکراسی پرۆسەیەکی تێکئاڵاو، درێژخایەن و دژوارە، لە سەرەوە بۆ خوار یان بە زۆرەکی ناسەپێندرێت. لەگەڵ ڕۆیشتن بەرەو تەواوی و کامڵ بوون، دەکەوێتە ژێر کاریگەری ڕووداوەکان و پێشبینی دەرەنجام و داهاتووەکەی هاسان نییە.
تایبەتمەندی دیکەی بزووتنەوە و رێکخراوە مەدەنی و پیشەییەکان ڕاکێشانی ڕای گشتیی و سەرنجی ڕاگەیاندنەکان و سەرقاڵکردنی هێزی ئەمنی و سەرکوتە کە دەتوانێت هاوسەنگی هێز لە نێوان کۆمەڵگە و دەسەڵایت بگۆڕێت و مەجاڵ بۆ سەرهەڵدانی بزووتنەوەگەلی دیکە بخولقێنێت.
لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا یاریکەرانی سەرەکی بزووتنەوە پیشەییەکان کرێکاران، خوێندکاران، مامۆستایان، خانەنشینکراوان، پەرەستاران، شۆفێران، جووتیاران، بازاڕیان، پارێزەران و گروپەکانی دیکە بوون و هەن کە بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دۆزی سەپێندراو یان باشتربوونی پێگەی کۆمەڵایەتی و دۆخی کار، زۆربوونی مووچە و دەستڕاگەیشتن بە مافە پێویست و سەرەتاییەکان هەوڵیان داوە. هاوکات بزووتنەوە مەدەنییەکان بە پێشەنگایەتی توێژ و گروپە کۆمەڵایەتییەکان بە خواست و داواکاری دیارەوە لە مەیداندا بوون. ڕاستە لەدوای خۆسەپاندنی ڕژیم هەموو سەرچاوەکانی هێز و دەسەڵات قۆرخ کرا و چالاکییە مەدەنییەکان کەوتنە ژێر گوشار و لێدانی زیاتر بەڵام کۆمەڵگە خۆی ڕێکخستەوە و لە دەیەی ٧٠ی هەتاوییەوە چالاکی ژنان و خوێندکاران و چالاکانی مافی مرۆڤ هاوتەریب لەگەڵ کرێکاران پەرەی سەند. ژنان لە روانگە و یاساوڕێسای هەڵقوڵاو لە هەڵاواردنی ئایینی و پیاوسالاری هەروەها لە باوڕ و ڕوانگەی ڕژیمدا هیچ ماف و پێگەیەکیان پێنەدراوە و بەردەوام پەراوێزکەوتوو و سەرکوت کراون. بزووتنەوەی خوێندکاران لە پووشپەڕی ٧٨ەوە هاتنەوە مەیدان و لەهەمبەر سیاسەتی دژ بە ئازادی سیاسی و مەدەنی و کۆمەڵایەتی وەستانەوە. بزووتنەوەی کرێکاریش هەر لە سەرەتای دامەزرانی ئێرانی مۆدێڕن بۆ چاکسازی لە هەلومەرجی کار، بەرزبوونەوەی داهاتی دەستڕەنج و دەستڕاگەیشتن بە خواستە پیشەییەکان سەریان هەڵدا و هەر لە کرێکارانی کەرتی نەوت و هاتوچۆ هەتا دوایین نموونەکانی وەک کرێکارانی هەفت تەپە و فولاد و پێترۆشیمی لە جموجۆڵدا بوون. هەموو ئەم بزووتنەوانە خەساریان بەرکەوتووە و کەسیان لێ گیراوە و سەرکوت کراون بەڵام کۆتاییان بە چالاکییەکان نەهێناوە. هەندێکجار وەک کرێکاران و مامۆستایان و پەرەستاران توانیویانە دەستکەوتگەلێکی هەرچەند بچووک لە دەسەڵات وەرگرن یان وەک بزووتنەوەی ژنان ئاگایی گشتیی بە نیسبەت کێشە و پرسەکانی ژن لە نێو کۆمەڵگە بەرز بکەنەوە.
جێگەی ئاماژەیە سەرکوت و گوشاری ئەمنییەتی، قوڵبەستکردنی چالاکانی پیشەیی و مەدەنی، پێشگرتن بە هەرجۆرە خۆپیشاندان و گردبوونەوە و مانگرتنێک وە بەربەستە یاسایی و ڕاگەیاندنییەکان بووەتە کێشە و لەمپەر، هاوکات لاوازبوونی ناوەند و دامەزراوە پیشەییە سەربەخۆکان بەهۆی چاودێری و ڕێگری حکومەت هەروەها گوشار و مەترسییەکانی دوای چالاکی، توانای ڕێکخستن و گەشەی ئەم بزووتنەوانەی لاواز کردوە. کێشەی دیکە فرەڕەنگ بوون و جیاوازییەکی حاشاهەڵنەگری نێو کۆمەڵگەی ئێران لە بوارە جیاوازەکانی وەک شوناس و کەلتوور و ئایین و هتادە کە هەوڵ دەدرێ بەپێی هەڵاواردنێکی ڕێکخراوەیی و بەیاسایی کراو و بە زۆرەملێ، لەسەرەوە بەشێوەی نابەرابەر و نادادپەروەرانە پێکەوە بلکێندرێت و شوناسێکی یەکدەست و ساختە و سەپاویان بۆ دیاری بکرێت. ئەمەش لەپاڵ ناهاوسەنگییەکی کەموێنە لەبار ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتووری، بووە بە کەلێنێکی ڕاستەقینە و بەربەستێک لەپێناو گەشە و پەرە و پەیوەندی هەرچی زیاتری بزووتنەوەکان. کۆی ئەم فاکتەرانە لەمپەرە بۆ سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەکی گشتگیر و بەرفراوانی سەرەوماددی و تەنانەت لەهەمبەر بزووتنەوە ماددی و بچووکترەکان و سنوورداریان دەکا.
لە بەشەکانی پێشوودا ئاماژە کرا کە ناوەڕۆکی خواست و ئامانجی بزووتنەوەکان بەگشتیی و بۆ جارێکی دیکە، لەجیاتی گرینگیدان بە خواستە سەرەو ماددیی و مەعریفییەکان بەرەو ڕووی خواستە ماددییەکان ڕۆشتووە. ئەم ئاسۆیە بەتایبەت لە ئێران و لەکاتێکدا بارودۆخی ئابووری لەو پەڕی خراپیدایە، گلەیی و گازندەیەک هەڵناگرێ. خەڵک سەرەتا نیگەرانی پێداویستییە هەنووکەیی یان بەرەنگاری لەگەڵ مەترسییەکانی سەر بژێو و ژیانیانن تا ئەو خواستانەی کە دوور لە دەستڕەس دەنوێنن. خەڵکی برسی زیاتر لەوەی بیر لە پێداویستی و دەستڕاگەیشتن بە خواستی مرۆیی و مەدەنی بکاتەوە بەدوای تێر کردنی سکی خۆی و بنەماڵەکەیدا دەگەەڕێت. لەم دۆخەدا بەها و ئەرزشەکان دەبنە بژاردەیەکی پەراوێزکەوتوو. سەرەڕای ئەمانەش، دەبینین فرەڕەنگی و هەمەڕەنگی بزووتنەوەکان هەروەها هەژماری ناڕازییان و ڕێژەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەشێوەگەلی نامیلکەی بەکۆمەڵ، کەمپەین، خۆپیشاندان و مانگرتن و کۆبوونەوەکان زیادی کردووە. جێگای سەرنجە کە دروشم و خواست و جووڵانەوەی بزووتنەوە پیشەیی و مەدەنییەکان، زۆربەی جار و کاتەکان تەنیا پیشەیی نەماوەتەوە و داواکاری بنەمایی و گشتگیریشی لەخۆگرتووە. ئێستا بزووتنەوەکان وەک کرێکاران، خوێندکاران و مامۆستایان بەڕێکخراوەیی پاڵپشتی یەکتر دەکەن و ئەگەری هەیە لە ئاستێکی سەرتردا پێکەوە گرێ و پەیوەند بدرێن. وەک ئەوەی لەم دواییانەدا مامۆستایان و فەرهەنگیان، خوێندکاران، کامیۆنداران و شۆفێرەکان و خانەنشینکراوان پشتگیریان لە ناڕەزایەتی کادری دەرمان و پەرەستاران کرد.
«روشایمر و هاوکاران» ڕۆڵ و دەورێکی گرینگ بۆ حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان دیاری دەکەن و پێیان وایە تا کاتی گەیشتن بە دەسەڵات ئەوانیش بەشێکن لە کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەم دەور و نەخشە چ لە ڕۆیشتن بەرەو دێمۆکراسی چ لە سەقامگیربوونی دێمۆکراسی گرینگ و کاریگەرە. حیزبەکان توانای بەسیجی کۆمەڵگە و چینی بندەست و جەماوەریان هەیە. چینە دەستڕۆیشتوو و هێزەکانی بەشدار لە دەسەڵاتیش پێشووتر بە یارمەتی حیزب و ڕێکخراوە بە دەسەڵات گەیشتوون. هاوکات «گریم گەیل» باس لە سێ قۆناغی تێپەڕبوون بەرەو دێمۆکراسی دەکا واتە مامڵە، بەدەستەوەدان و جێگۆڕکێ. لەم ڕوانگەوە هەرچی کۆمەڵگە ئەتۆمیزەتر بێت، ئەگەری سەرهەڵدانی بەرهەڵستکاریەکی ڕێکخراو کەمترە. بەدەستەوەدانی دەسەڵات بەپێی ڕێککەوتن، بە بێ کەلێن کەوتنە ناو ڕیزەکانی ڕژیم و بەشداری چالاکانەی گروپی شەریک و کۆمەڵگەی مەدەنی نامومکینە. ئەگەر هێزەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەهێزتر بن ئەوە بەدەستەوەدانی دەسەڵات یان جێگۆڕکێ ڕوودەدات و لە ئەگەری لاوازبوون، کۆمەڵگەی مەدەنی ناچار بە مامڵەیەک دەبێت کە تێیدا زەرەرمەندە. لە کۆمەڵگەی دێمۆکراتیکدا دەسەڵات و کۆمەڵگەی مەدەنی هاوئارستە و هاوبەرژەوەندن، بەپێچەوانە لە دەسەڵانی نادێمۆکراتیک ئەم دووانە دەکەونە ململانەیکی هەمیشەیی تاکوو گەیشتن بە هاوسەنگی. ئەمە لە دەسەڵاتی تۆتالیتر تا ئاستی دوژمنایەتی دەڕوات و هەردوولا لایەنی بەرانبەر نەک لە خۆ بەڵکوو بە دوژمن دەزانن. حکومەت هەوڵ دەدا پشتبەستوو بە دەزگای سەرکوت، ئیرادە و توانای پەیگیری خواست و ماف لە خەڵک بسێنێتەوە و بەمەش پارەسەنگی هێز بەرەو لای خۆی ڕابکێشێت. هەر شێوە ناڕەزایەتییەکی ڕێکخراو ئەم پیلانە پووچەڵ دەکاتەوە و هاوسەنگییەکە دەگۆڕێت. بەم پێیە هەرجۆرە جووڵانەوە و کردەوەیەکی بەکۆمەڵ دەبێتە مەشقی ناڕەزایەتی دەربڕین و مافی دەنگهەڵبڕین بۆ خەڵک و، دەرفەت و ژینگەیەکی باش بۆ حیزبەکان تاکوو بە یارمەتیدان بە ئاگابوونەوەی گشتیی و خۆوشیاری تاکەکان، پارەسەنگی هێز لە بەرژەوەندی خۆیان و کۆمەڵگەی مەدەنی بگۆڕن.
هەر کردەوە یان دژەکردەیەکی ناڕەزایەتی بەستێن و هۆکارێکی هەیە، لە ئەگەری چارەسەرنەکردنی هۆکار و چاکسازی نەکردن بۆ بەستێنەکە، ئەنگیزەی بزوێنەر لەناو ناچێت بڵکوو تەنیا بۆ ماوەیەکی کاتی سەرکوت و کپ دەکرێت. هەر بۆیە ناڕەزایەتی لە حکومەت زیاد دەکا، متمانە کەمتر و هەستی بێگانەبوون لە حوکمڕانی بەرز دەبێتەوە، ناڕەزایەتی کۆدەبێتەوە و جارێکیتر بەشێوەی بەرفراوانتر و قووڵتر سەرهەڵدەدەنەوە. کۆمەڵگا دەچێتە سووڕی خەساری تاکی و کۆمەڵایەتی و، ئەمەش بەرزبوونەوەی ئاستی تووڕەیی گشتی، بێهیوابوونی کۆمەڵایەتی و لە نیهایەتدا سەرمایەی کۆمەڵایەتی تووشی قەیران دەکا.
لە دەسەڵاتگەلی تۆتالیتێر وەک کۆماری ئیسلامی، حکومەت هەوڵ بۆ کۆنترۆڵی هەموو لایەن و ڕەهەندەکانی کۆمەڵگە ئەدات و هەرجۆرە ڕێکخراو و ناوەندێکی هێزی سەربەخۆ سەرکوت دەکا. لەم قۆناغەدا کۆمەڵگەی مەدەنی و بزووتنەوە پیشەییەکان وەک سەنگەری پێشەوەی بەرەنگاری دێنە هەژمار. جیا لە ئەرکی ئاگاییبەخشی و پەرەپێدان بە کەلتووری بەرەنگاری و ناڕەزایەتی دەربڕین و شکاندنی دیواری ترس و بێدەنگی، دەتوانن کارامەیی و باری ئابووری حکومەت زیاتر بخەنە ژێر پرسیار و ناچار بە پاشەکشێی بکەن. بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان ئەگەر پاشەکشێ بە کۆماری ئیسلامی بکەن ئەوە ڕاستەوخۆ هەبوون، پێکهاتە و ناوەڕۆکی دەسەڵاتیان کردووتە ئامانج. لە ئەگەری وڵامدەرنەبوون و چارەنەکردنی هۆکاری سەرهەڵدانەکانیش، ئەم کردەوانە بەردەوام و بگرە بەهێزتر دەردەکەون. لە ئێران دامەزراوەی مەدەنی، سەندیکا و یەکییەتی سەربەخۆ بوونی نییە و، گروپە کۆمەڵایەتیەکان و پیشەوەران توانای چەنەلێدان و ململانێیان نییە، کەوابوو بۆ مسۆگەرکردنی خواست و مافەکانیان ڕێگایەکیان جگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی گشتییەتی دەسەڵات و حکومەت نییە. لە بۆشایی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی ڕێکخراو و بەهێز، ئەرکی حیزبەکانە ئەم بزووتنەوانە هاوئاراستە و یەکڕیز بکەن، ڕێکارێکی بۆ بدۆزنەوە و ڕێنوێنی و پاڵپشتیان بکەن. بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ئێریکا چنووت لەسەر ٣٠٠ نموونەی بەرەنگاری لەگەڵ دیکتاتۆرەکان، سەرەڕای توندوتیژی بێسنووری دەسەڵاتەکانیش، خەباتی مەدەنی لە زۆربەی گۆڕەپانەکاندا لە خەباتی توندوتیژانە کاریگەرتر بووە. کەوابوو ئەم ڕەهەندەی خەباتیش پێویستی بە بایەخدان و ئاوڕدانەوەیەکی جیددیە.
سەرچاوەکان:
- بررسی انتقادی نقش انجمنها و اتحادیه های صنفی در اقتصاد. تیر ۱۴۰۰. مرکز توانمندسازی حاکمیت و جامعه.
- مسائلی، محمود. ۲۰۲۱. اصول مقاومت مدنی در مبارزه با استبداد. آگورا.
- دانش نیا، فرهاد. حسینی، طیبه. ۱۳۹۴. جهانی شدن و تحول ماهیت جنبشهای اجتماعی در جوامع غربی. فصلنامه مطالعات راهبردی جهانی شدن. ۶: ۱۶.
- آخته، قاسم. ۱۳۹۲. نقش اصناف در جنبش های تاریخ معاصر ایران.
- موشار، دانیل، دورما گن، ژان-ایو ۱۳۸۹. مبانی جامعه شناسی سیاسی، ترجمه عبدالحسین نیک گهر، نشر آ گه
- سـردارنیا، خلیـل، جاهدیـن محمـدی، ساسـان. ۱۳۹۵. سـازوکارهای حقوقـی تعامـل اصنـاف بـا دولـت و ضعـف نهادمنـدی اتحادیههـای صنفـی در ایـران، مجلـه مقـالات حقوقـی دانشـگاه شـیراز، دوره هشـتم، شـماره اول: ص ۶۰
- سردارنیا، خلیل. البرزی، هنگامه. ۱۴۰۱. تحلیل اعتراضات صنفی-اجتماعی اخیر در ایران از منظر نظریه سیاست خیابان. پژوهشهای راهبردی سیاست. دوره ۱۱. ش ۴۰.
- Erica Chenoweth and Maria J. Stephen. (2012). Why Civil Resistance Works: The Strategic Logic of Nonviolent Works. Colombia University Press.
- Erica Chenoweth and Maria J. Stephen. (2021). The Role of External Support in Nonviolent Campaigns: Poisoned Chalice or Holy Grail? International Center on Nonviolent Conflict.
- Sardarnia, Khalilollah. Alborzi, Hengameh. 2022. Analysis of Social Guild Protests in Iran from Perspective of Street Politics Theory. Quarterly of Political Strategic Studies. 40 (11) 107-150
- Putnam, Robert. Leonardi, Robert. Nanetti, Raffaella. 1994. Making Democracy Work: Civic Traditions in Modern Italy
- Stevis, Dimitris. Boswell, Terry. 2007. Globalization and Labor Democratizing Global Governance..
[1] Alain de Benoist