لەژمارەی پێشوو لە وتارێکدا لەژێر ناوی «سێدارە، سزا یان تاوان؟» باس لەوە کرا سزای مەرگ، یەکەم: تاوانێکی دژەمرۆڤانەیە و لەگەڵ پێوەرەکانی ئەخلاق و یاسای سروشتی و عەداڵەت ناتەبایە؛ دووهەم: لە دەسەڵاتی تۆتالیتێری کۆماری ئیسلامیدا بەناوی شەریعەت وەک ئامرازێک بەمەبەستی سەرکوت و تۆقاندن و پاکتاوکردنی دژبەران و جیاوازبیران، لە دەزگایەکی نادادپەروەرانە و بەشێوازی سەلیقەیی جێبەجێ دەکرێت؛ سێهەم: زۆرجار تەنانەت ئەو یاسا سەقەتەش پێشێل دەکرێت و لە ڕوانگەی ئەمنییەتییەوەو بە بیانووی پاراستنی تەناهی گشتیی دەردەکرێت. لێرەدا دەپرژێینە سەر خواستی گشتیی هەڵوەشاندنەوەی یەکجاریی سزای سێدارە لە ئێران کە هەتا دێت بەهێز و بەرفراوان دەبێتەوەو وزەی نووستووی ئەوەی تێدایە ببێتە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی کاریگەر دژ بە کۆماری ئیسلامی.
سزای مەرگ و سێدارە لە سەردەمی «پەهلەوی»شدا هەبوو، بەڵام لەدوای شۆرشی گەلانی ئێران بوو بە یەکێک لە پێناسە و کۆڵەکەکانی کۆماری ئیسلامی. لەسەرەتاوە وەک هەر شۆڕشێکی کلاسیکی دیکە کە دەستبردن بۆ توندوتیژی باوە، دادگای شۆڕش دامەزراو دژبەران و دەسەڵاتدارانی ڕژیمی پێشوو لەسێدارەدران. دواتر و لە چەند قۆناغی جیاواز لە دەیەی ٦٠ی هەتاوی بە هزاران کەس بەتۆمەتی بیرجیاوازی سیاسی و بەرهەڵستکاری کۆمەڵکوژ کران. لە دەیەی ٧٠یشەوە، دادگای شۆڕش هێشتاکەو هەتا ئێستا بەرپایە و هەموو ساڵێک بە سەدان کەس دەبنە قوربانیی ئەم دەزگای کوشتاری سیستەماتیکە. سەرەتا هەرچی لە تاران و ناوچەکانی دیکە بەناوی شۆڕش و تۆڵەسەندنەوەی شۆڕشگێڕانە بەڕێوەدەچوو و لەلایەن دەسەڵات و بەشێک لە خەڵکیشەوە وەک کردەوەیەکی ئاسایی و بگرە پێویست دەهاتە هەژمار، لە کوردستان دژ بە شۆڕشگێڕان بەکار دەهێندرا و بە سەدان کوڕ و کچی چالاکی سیاسی و شۆڕشگێڕ و خەباتکاری کورد، بە تاک و کۆ لەسێدارەدران بۆیە کوردستان هەر لە سەرەتاوە دژ بەم سزایە وەستایەوە. سەردەمی خەڵخاڵی و پاشان سێدارەکانی دەیەی ٦٠ لە بیرەوەری مێژوویی گشتیی خەڵکدا وەکو خاڵێکی ڕەش مایەوە و سێدارەکانی دواتریش بە بەردەوامی وەک ئامرازی ڕەهای سەرکوت لە کوردستان بەرێوەچوو، هەربۆیەش کۆمەڵگە خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم کەرەستە حوکوومەتییە ڕێکخست. لەم ساڵانەدا زۆرن ئەو نموونانەی کە خەڵکی کوردستان خۆڕسک و بەکۆمەڵ ڕۆیشتوون بۆ وەرگرتنی ڕەزایەت لە بنەماڵەکان یان پارەیان کۆکردووەتەوە لەپێناو خۆشبوون لە خوێن.
یەکەم دژەکردەوەی گشتیی و کرداریی کۆمەڵگە لەهەمبەر سێدارە لە کوردستان ڕێکخرا. کاتێک لە ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی فەرزاد کەمانگەر و چوار بەندکراوی سیاسی و هاوڕێی دیکەی لەسێدارەدران، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین لە 23ی گوڵاندا مانگرتنێکی گشتیی و سەرکەوتوویان بەڕێوەبرد. هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دەستڕاگەیشتنی زۆرینەی خەڵک بە ئینتەرنێت هەروەها گەشەی کۆمەڵگەی مەدەنی و ناوەندەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ، چالاکوانانی مەدەنی و مافی مرۆڤ و، بنەماڵەی قوربانیان و لایەنە سیاسییەکان گرینگی و پێویستیی هەڵوەشداندنەوەی سزای سێدارەیان زیاتر ڕوون و زەقکردەوە. هەڵمەتی کردەوەیی دیکە، هەشت ساڵ دواتر و هەمدیسان لە کوردستانەوە سەریهەڵدا. لە ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧دا و بەدوای کەمپەینێکی سەرتاسەری -کە ساڵێک پێش لەوە دەنگی ناڕەزایەتی بۆ سێدارەی تا ناوچەکانی دیکەی ئێران و دیاسپۆرا گەیاندبوو- ڕامین حسەینپەناهی و زانیار و لوقمان مورادی لەسێدارەدران و هاوکات مەقەڕەکانی حیزبی دێمۆکرات مووشەکباران کرا، کوردستان جارێکی دیکە لە ٢١ی خەرماناندا مانگرتنێکی بەرین و سەرکەوتووی بەڕێوەبرد.
کەمپەینی دژەسێدارە چیتر نەوەستایەوە و بوو بە دادخوازی و داخوازییەکی گشتیی و جیددی. هەتا هات بەربڵاو و بەرفراوانتر بووەوە و لە دۆسییەی بەندکراوانی مەحکووم بەسێدارەی ناڕەزایەتییەکانی ئەم ساڵانەی ڕابردوو لە ئێران، بەتایبەتی خەزەڵوەری ٩٨ بەدواوە بەبەردەوامی و چالاکانە پەرەی سەند. لووتکەی بانگەوازی ئەم داخوازییە، کەمپەینی «نا بۆ سێدارە» بوو کە هاوتەریب و هاوئاراستەی ئاخێزی «ژن، ژیان، ئازادی» ڕەوایی و حەقانییەتی خۆی چەسپاند. دوو بەش لە سێکۆچکەی دروشمی ئەم ڕێنێسانسە کەلتورییە واتە «ژیان و ئازادی»، لەگەڵ خواستی هەڵوەشاندنەوەی سێدارە کە لە بنەڕەتدا دژی ژیانە و بەدژی ئازادیخوازان بەکار دەهێندرێت، بەتەواوی یەکانگیر و پێکەوەگرێدراو بوون. شەپۆلێکی نوێی سەپاندنی سزای سێدارە بەدوای سەرهەڵدانی ئاخێزەکە بەسەر خۆپیشاندەراندا سەپێندرا و دواتر چوار پێشمەرگەی کۆمەڵە سزای سێدارەیان بۆ دەرچوو. ڕژیم هەر زۆر زوو و بە مەبەستی چاوتۆقاندن و سەرکوتی ناڕازییان و ناڕەزایەتییەکان، چەندین خۆپیشاندەری قۆڵبەستکراوی لە ماوەیەکی کورتدا لەسێدارەدا.
لەبەرامبەردا کۆمەڵگەی سیاسی و مەدەنی، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، کەمپەینگەلی جۆراوجۆ و چالاکی سەربەخۆ و، هێزگەلی دژ بە ئیعدام خۆیان ڕێکخست و توانیان وزەکانیان پێکەوە بلکێنن. دەرهاویشتەی ئەم ڕابوون و هەست بە زەرورەت و بەرپرسیارەتییە، لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە جاران سەرنجی کۆمەڵگەی ئێران و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بۆ پرسی سێدارە ڕاکێشا. جیاواز لە فەزای مەجازی، ئەمجارەیان پرسەکە هاتە سەرشەقام و دەنگی نا بۆ سێدارە لە هەموو چین و توێژەکانەوە بیسترا. هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی نیگەرانی لە لەسێدارەدانی چەندین بەندکراوی سیاسی و چوار ئەندامی کۆمەڵە کە تەنیا تاوانیان وەستانەوە بەرامبەر بە حکومەت بوو، زۆربەی گروپە کۆمەڵایەتییەکان لەوانە نووسەران، خوێندکاران، هونەرمەندان، مامۆستایان، ڕۆژنامەوانان، بنەماڵەی شەهیدان، دایکانی شۆڕش، دایکانی دادخواز و هتد بەدژی ئیعدامەکان هەڵوێستیان گرت و داواکاری هەڵوەشاندنەوەی بوون. جێگای ئاماژەیە مامۆستایانی ئایینی لە کوردستانەوە هەتا بەلووچستان هاتنە دەنگ و هەندێک لە کاربەدەستانی پێشووی کۆماری ئیسلامیش بەڕوونی داوای ڕاگرتن و پێداچوونەوە بە سزاکانیان کرد. ئەم هەڵوێستە لە دوو ڕەهەندەوە گرینگ بوو، یەکەم ڕەوایی ئایینی سزای سێدارەی بردە ژێر پرسیارەوە و دووهەم پیشانیدا لایەنگرانی نێو دەسەڵاتیش هاوڕا و یەکدەست نین.
هەر لەم پێوەندەدا ٦١ بەندکراوی ژنی زیندانی ئێڤین، بۆ یەک ڕۆژ مانگرتنیان لەخواردن ڕاگەیاند و سەدان چالاکی دیکە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات پێیانەوە پەیوەست بوون. هاوکات کەفیلە سیاسییە بیانییەکان و هەوڵە دیپلۆماتیکەکان لە دیاسپۆرا توانی دەنگی نا بۆ سێدارە بباتە ناو ناوەندە نێونەتەوەییەکان و پارڵمانی وڵاتە جۆراوجۆرەکان. لە حەفتەی کۆتایی بەفرانباردا کارزاری جیهانی نا بۆ سێدارە، بە بەشداری زیاتر لە ١٠٠ لایەن و حیزبی سیاسی و پتر لە ٨٠٠ چالاکوانی کورد و ئێرانی و بیانی ڕاگەیەندرا و ڕۆژی ٣٠ی بەفرانبەر لە ١٥ وڵات و زیاتر لە ٤٠ شاری جیهان خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی بەڕێوەچوو. دەرەنجامی ئەم ناڕەزایەتی و خواستە پەنگخواردوو و وزە کۆکراوەیە لە ڕۆژی ١٠ی ڕێبەندان و تەنیا ٢٤ کاتژمێر لەدوای لەسێدارەدانی چوار پێشمەرگەی کۆمەڵەو دواتر بانگەوازی بوێرانەی هەندێک لە حیزبە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی مەدەنی و مافی مرۆڤ، مانگرتنێکی کەم وێنە و گشتی و سەرکەوتووی لێکەوتەوە کە بازار و شەقامەکانی لە چەندین ئوستان و شاری کوردستانی ڕۆژهەڵات بەتەواوی یان بەڕێژەیی داخست. ئەمە دەنگدانەوەی دەنگی «نا»یەکی بەرز و بەهێز و یەکگرتووی کۆمەڵگەی کوردستان بوو بە دژی سێدارە.
خواستی هەڵوەشاندنەوەی یەکجاریی سزای سێدارە داخوازییەکی گشتگیر و بەهێزە کە بەرهەم و هەڵقوڵاوی چەند بابەتە. ڕاستە شۆڕشی تێکنۆلۆژیا و سەردەمی ئینتەرنێت و ڕاگەیاندن ئاستی زانیاری و هوشیاری تاک و کۆی کۆمەڵگەی بەڕادەیەکی بەرچاو بەرز کردوتەوە، بەڵام دەکرێت کاریگەری و کارتێکەری چەند هۆکاری دیکەش وەک پاڵنەری ئەم ڕەوتە دیاری بکەین:
ئاستی جێگربوونی و جیهانگیربوونی بنەما و بەهاکانی مافی مرۆڤ لە ئێستادا وەکو پێوانە و پێوەرێک بۆ دیاریکردنی ڕادەی پێبەندی بە ئۆمانیسم و عەیاری پێگەشتوویی و پێشکەوتنی هەر تاک و کۆمەڵگەیەک دێتە هەژمار. پاراستن و باوەڕمەندبوون بە بەهاکانی مافی مرۆڤ، کاکڵە و هەیکەڵەی مرۆڤی سەردەم و سەردەمی نوێیە کە زۆربەی یاسا و ڕێساکانی وڵاتە دێمۆکرات و پێشکەوتووەکان بەو پێیە داڕێژراوە. سێدارە بازنەی توندوتیژی لە کۆمەڵگە بەردەوام دەکا و، کارتێکەری دەروونی لەسەر تاکەکان، بنەماڵەکان و کۆمەڵگە دادەنێت. ئەو کەسەی بۆ ماوەیەکی زۆر زیندانی دەکرێت، هەڕەشەی ئەشکەنجەی لەسەرەو فەرمانی مەرگی بۆ دەردەچێت تا کاتی مردنەکەی چاوەڕوانی مەرگ دەکا، لە هەموو ئەم پرۆسەدا ئازار دەچێژێت، هەر بۆیە تاک و کۆمەڵگە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەم ڕەنجانەدا دەژین و هەست بە هاوبەشبوون لەو ئازارەدا دەکەن.
هۆکارێکی دیکە بەربەرەکانی سوننەت و مودێڕنیتەیە، یان بە وردی قۆناغی تێپەڕبوون لە سوننەت. «فوئێرباخ» سێ پارامێتر بۆ مۆدێرنیتە دیاری دەکا: «بیرکردنەوەی ڕێفلێکسیڤ، بەجیهانیبوونی سێکۆلاریزم و فرەچەشن گەرایی». بیرکردنەوە لە پرسیارەوە دەستپێدەکا و خۆیشی پرسیارهەڵگرە، واتە بازنەی بیر کۆتایی نایەت. ئەم تایبەتمەندییە سەبارەت بە بابەتی سێدارە وا دەکات مرۆڤ پرسیاری بۆ دروست بێت و لە ڕەوایی، عادڵانە و ئەخلاقیبوون و، خێری گشتی ئەم کردەوەیە بکۆڵێتەوە. سێکۆلاریزم بەمانای گەڕان بەدوای وەڵامی پرسیار و چارەسەر لەسەر گۆی زەوییە بەپێی بابەت و پرسی ئۆبژێکتیڤ و یاساگەلی مرۆڤتەوەر و فرەپەسەند بە دوور لە گریمانە و بڕیارگەلی ڕەهای ئایینی-ئاسمانی و بەڵگەنەویست. مێژووی سەدان ساڵەی جیهان و، ئەزموونی ژیانی بەتایبەتیی زیاتر لە چوار دەیەی پێشووی خەڵکی ئێران پیشانی داوە ئایینی سیاسی چەندە بۆ خەڵک و تەنانەت بۆ ئایینەکەش کارەساتبارە. فاکتەری سێهەمیش کۆڵدان بە فرەچەشنییە، یانی قبوڵکردنی ئەوەی کە هەموو مرۆڤەکان وەکو یەک نین و لە زۆر بواری زەینی و عەینییەوە جیابیریی و جیاوازیان هەیە و پێویستە کۆمەڵگە هاوکات لەگەڵ ڕاگرتنی هاوسەنگی گشتیی، ئەمەش ڕەچاوبکات.
یەکێکی تر لە هۆکارەکان دیاردەی جیهانیی بوونە، ئەگەرچی هەندێک لەو باوەڕەدان جیهانیی بوون بەرهەمی مۆدێڕنیتەیە، بەڵام پێدەچێت ئەم دووانەیە لە چەمکی نزیکایەتی هەڵبژێردراوی (قرابت گزینشی) «ماکس وێبێر»ەوە نزیک بێت، واتە کارلێک و پێشوەچوونی هاوشانیان هەبێت. دەزانین بەبێ دیاردەی جیهانیبوون، مۆدێڕنیتەش بڵاو و گشتگیر نەدەبوویەوە. پاراستنی مافی مرۆڤ و دژایەتی لەگەڵ سزای سێدارە لە زۆرینەی جیهاندا ڕوانگەیەکی زاڵە و ئەمەش بێگومان لەسەر کۆمەڵگەی کوردستان و ئێران وەک بەشێک لە کۆمەڵگەی جیهانی کاریگەری دادەنێت.
هۆکاری دیکە، لایەنی سیاسی بابەتەکەیە. دەسەڵاتی تۆتالیتێری کۆماری ئیسلامی بەبۆنەی کارنامەیەکی پڕ لە سەرکوت، جینایەت و ناکارامەیی و گەندەڵی، لە قەبارەی حکوومەت و سیستەمدا فەشەلی هێناوە و کەلێنێکی قووڵ و هەسێڵێک لە خوێن لە نێوان خۆی و خەڵکدا دەبینێت. خەڵکی ئێران متمانە و هیوایەکی بەم ڕژیمە نەماوە و بەتەمایە هەموو ئامرازەکانی سەرکوت و سەرچاوەکانی ڕەوایی و هێزی لێوەرگرێتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش بە دەربڕینی ناڕەزایەتی و نافەرمانی مەدەنی، لە هەر مەجالێکدا بەرامبەر دەسەڵات دەوەستێتەوە، دوایین نموونەکەشی بایکۆتی بەرینی بەناو هەڵبژاردنەکان بوو.
بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی بەردەوامی هەیە و لە بەستێن و ڕەوتێکی مێژووییدا باڵا دەکا، سەرەتا پێشینەی هوشیارکەرەوە و شوناسبەخشی هەیە، دواتر لە ساتێکی مێژووییدا سەرهەڵدەدا و ئینجا وەک هەلێکی مێژوویی گۆڕانگاری پێکدێنێ و مێژووی داهاتوو ساز دەکا. ئەگەر بەپێی ڕوانگەی کۆمەڵناسان، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان بە تایبەتمەندیگەلێکی وەک بوونی یاریکەرانی نوێ، داخوازی نوێ، شێوەگەلی ئاشتیخوازانە و داهێنەرانە بۆ بەدواداچوونی خواستێکی ڕوون بناسرێنەوە، ئەوە ئێستا لە کوردستان و ئێران، دژبەرانی سزای سێدارە شوناسی خۆیان پێناسە کردوەو یاریکەری مەیدانن، داخوازییەکەیان ڕوونە و، شێوەکاریشیان ئاشتیخواز و کردەوەیی و داهێنەرانەیە. کەمپەینی نا بە سێدارە لەئەگەری وەدەستهێنانی پاڵپشتیی پێویست و گەشەی زیاتری، دەتوانێت ببێتە بزووتنەوەیەکی کاریگەر و لە داهاتوو بەرەیەکی نوێی و بەهێز بە دژی کۆماری ئیسلامی بکاتەوە.