لە دەسەڵاتی تۆتالیتێردا سووژەبوونی مرۆڤ و تاکەکان دەسڕدرێتەوە، مرۆڤ دەبێتە ئۆبژە و کەرەستە، مافی هەڵبژاردنی نییە و پێویستە هەمووان لەو پەنجەرەوە بۆ جیهان بڕوانن کە بۆیان دیاری کراوە. زۆرینەی وزە و توانای دەسەڵات بۆ پێشگرتن لە «کۆ»بوون و کۆنتڕۆڵی مێشک و جەستە و کردەوەی تاکەکان تەرخان دەکرێت. پێش بە ئاگابوونەوە و جموجۆڵێ کۆمەڵگا دەگیردرێت و لە ئەگەری جووڵانەوەش سەرکوت دەکرێت. بە کورتی لە ڕوانگە و ئیدئۆلۆژی و ئەو ئۆتۆپیایەی کۆماری ئیسلامی وەک دەسەڵاتێکی تۆتالیتێر بانگەشەی دەکا، جێگایەک بۆ ئەوی تر نییە و باسکردن لە ئێمە بڤەیە بەڵام لە بەرانبەردا بزووتنە کۆمەڵایەتی، پیشەیی و مەدەنییەکان هەتا دێن پەرە دەستێنن و گەشە دەکەن. چۆنە کۆمەڵگای مەدەنی کۆڵی نەداوە و بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی جۆراوجۆر سەرهەڵدەدا؟ کاریگەری ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتیانە چەنێکە و داهاتوویان چۆن دەبێت؟
ئەم زنجیرە بابەتە هەوڵ دەدات لە چەند بەشدا تیشک بخاتە سەر ئەم پرسە. بەشی یەکەم خوێندنەوەیەکی کورتە لەسەر ناوەڕۆک و پێناسەی بزووتنە کۆمەڵایەتییەکان، بەشەکانی داهاتوو دەپرژێتە سەر بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە چوارچێوەی ئێران و، تەرکیز دەخاتە سەر بزووتنەوەگەلی کۆمەڵایەتی و پیشەیی ئێستای ئێران و گرنگایەتی و داهاتوویان.
بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی بە واتای جووڵەی کۆمەڵگایە بە مەبەستی گۆڕانکاری یان پێشگرتن لە گۆڕان. شێوەیەک لە کردەوەی بە کۆمەڵە کە لەسەر بنەمای خواستێکی ڕوون، ڕێکخستنی دیار و لە بەستێنی کات و شوێنێکی تایبەتدا سەرهەڵدەدات. هێربێت بلومێر بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی وەک هەوڵێک بۆ بنیاتنانی نەزمێکی نوێ لە ژیان پێناسە دەکات. تۆماس باتۆمۆر وەک تێکۆشانێکی بە کۆمەڵ بۆ پێشوەبردن یان بەرەنگاری لەهەمبەر ئاڵۆگۆڕی کۆمەڵایەتی لەنێو کۆمەڵگایەکی دیاریدا دەیناسێنێت. هانا ئارێنت تەنانەت ئێستالینیزم و فاشیزمیش وەک بزووتنەوە ناو دەبا چون کۆمەڵگایان دەجووڵاند و، بە بڕوای ئانتۆنی گیدێنز، بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی هەوڵێکی بە کۆمەڵە لە پێناو گەیشتن بە بەرژەوەندی یان ئامانجێکی هاوبەش لە رێگەی کردەوەیەک لە دەرەوەی بازنە و چوارچێوەی دامەزراوە و ناوەندگەلی حکومی و فەرمی. تا کۆتاییەکانی سەدەی ١٣ی زایینی، ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر دەسەڵات و کردەوەی بە کۆمەڵ زیاتر وەک کردەوەی تێکدەرانە و ئاژاوە چاو لێدەکرا تاکوو لە سەدەی ١٤ەوە سیفەت و فاکتەری «کۆ» و «کۆمەڵ» بەم پێناسەوە لکێندرا. سیفەتی کۆ لەهەمبەر تاک و، کۆ جیاواز لە دەسەڵات. دواتر لە نیوەی دووهەمی سەدەی ١٨ەوە، کۆمەڵێک بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی بەهێز لە کۆمەڵگە پیشەسازییەکان هاتنە ئاراوە. لەو دەمەوە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی بوو بە ئاماژەیەک بە ڕاپەڕین و گۆڕانگاری قووڵی سیاسی لە ناوەندی دەسەڵاتی سیاسیدا.
لە ڕوانگەی کۆمەڵناسانەوە، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بە پێی مێژوو بەسەر دوو بەرەدا دابەش دەکرێن. یەکەم شێوەی کلاسیکە لەژێر کاریگەری سەردەمی سەرمایەداری و پیشەسازیدا کە خاوەن چەند تایبەتمەندین. ئەم بزووتنەوانە گشتگیر، شۆڕشگێڕانە، خاوەن ڕێکخستنێکی ناوەندگەرا، پشتبەستوو بە توندوتیژی و لەسەر بنەمای جیاوازی چینایەتی و بە پێشەنگایەتی چین و توێژێکی تایبەت سەریان هەڵدەهێنا و بەدوای سەرەوژێرکردنی دەسەڵاتی سیاسی، گۆڕانکاری بنەمایی و دەستڕاگەیشتن بە دەسەڵاتەوە بوون. زۆربەی ڕاپەڕین و شۆڕش و خرۆشەکان هەتا نیوەی دووهەمی سەدەی ٢٠ی زایینی هەروەها بەشێک لە بزووتنەوە شوناسخواز و ڕزگاریبەخشەکان لەم بەشەدا پۆلێنبەندی دەکرێن. بەڵام لەو کاتەوە بزووتنەوەگەلێکی دیکە، هاوکات و تایبەت بە سەردەمی دواپیشەسازی (بەهۆی هاتنی تکنۆلۆژیا، پێکهاتنی گروپی نوێی کۆمەڵایەتی و لاوازبوونی چینی کرێکار) بە هەندێک جیاوازی، گۆڕانکاری و نوێگەراییەوە هاتنە ئاراوە. ئەم بزووتنەوانە وەکوو نوێ و ئەمڕۆیی ناودێر کران.
ئەگەر لە ڕاپەڕینگەلی وەک ١٩١٧ی سۆڤییەت، باس و خواستی چینی کرێکار دەوری میحوەری دەگێڕا لە نیوەی دووهەمی سەدەی ٢٠ەوە چین و توێژ و گروپی کۆمەڵایەتی دیکە بە داواکاری و خواستی جیاوازەوە سەریان هەڵێنا کە بەپێچەوانەی ڕابردوو بەدوای بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسییەوە نەبوون. ئەم بزووتنەوەگەلە لێکەوتەی سەردەمی دواپیشەسازی، فۆرماسیۆنی قۆناغی دواسەرمایەداری، جیهانیبوون، پەرەسەندنی میدیا و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، هاتنی بەهاگەلی نوێی کۆمەڵایەتی و دیاریکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤ و، هاوسەنگی نوێی دوای شەڕی جیهانی دووهەم و شەڕی سارد بوون.
بزووتنەوە نوێکان لەسەر دوو پرسی سەرەکی تەرکیزیان ئەکەن: ئاگایی بەخشی و ڕۆشنگەری، ڕزگاربوون و سڕینەوەی بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان. بە گشتیی سێ جیاوازی گرنگیان هەیە لەوانە ڕێکخستن و شێوازی نوێ لە ناڕەزایەتی دەربڕین و ئەکتی بەکۆمەڵ، یاریکەرانی نوێ و پرس و خواستی نوێ. لەم بزووتنەوانە شێوازەکانی سوننەتی ناڕەزایەتی دەربڕین جێگەیان بە شێوازی نوێ و داهێنەرانە دا (وەک ڕێپێوانی هێمنانە، مانگرتن، کونتڕۆڵکردن یان دانیشتن لە شوێنە گشتییەکان، کۆکردنەوەی واژۆ، تۆمارکردنی سکاڵا لە ناوەندە نێونەتەوەییەکان و هتاد). ئەندامانی سەندیکا و حیزبەکان لە بزووتنەوە کلاسیکەکان جێگەیان بە بەشداربوو لە بزووتنەوەی نوێ دا (پێکهاتنی ڕێکخراو و دامەزراوەگەلی مەدەنی، ناوەند و شورای هاوکاری یان هەماهەنگی، هەروەها هاتنە مەیدانی ژنان، لاوان و خوێندکاران، کەمینەکان و شوناسگەلی نوێ و هتاد). پرس و بابەت و بەهای نوێ هاتە ئاراوە (لەوانە بەرابەری ماف، مافی مرۆڤ، ڕێزگرتن لە فرەچەشنی و فرەڕەنگی شوناس، ئاشتیخوازی، پاراستنی ژینگە، مافی دەستڕاگەیشتن بە کار و تەندروستی و پەروەردە و شوێنی ژیان و هتاد)، خواستەکان لە تەنیا دژایەتی کردن لەگەڵ بەهرەکەشی و چەوساندنەوە بەرەو دژایەتی لەگەڵ هەموو ڕەهەند و لایەنەکانی نابەرابەری و باڵادەستبوون ڕۆیشت. بە واتایەکی تر بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە کردەوەیەکی توندوتیژانە، هەیەجانی، ڕادیکاڵ و کورتماوە و ڕووخێنەرەوە بەرەو بزووتنەوەگەلی ئاگاییبەخش، بەردەوام، درێژخایەن، فرەڕەنگ و فرەچەشن، بەدوور لە توندوتیژی و بەدوای چاکسازییەوە، گۆڕانیان بەسەر هات. شێوازی ڕێکخستنی پشتبەستوو بە چین، سەندیکا، حیزبێکی تایبەت و ڕێبەری تاک-میحوەر بەرەو ڕێکخستنی تۆڕی، بەربڵاو و گشتگیرتر و ڕێبەرایەتی کۆ-تەوەر یان چەند ڕێبەری گۆڕدرا. هەموو فۆرماسیۆن و پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی شێوازێک لە ڕێکخستن و ڕێگەی پەیوەندی دابینکراوی لەنێو خۆیدا هەیە. لە بزووتنەوە کلاسیکەکاندا ڕێکخستن زیاتر ناوەندگەرا، ستوونی(عمودی) و لەسەرەوە بۆ خوارەوە بوو بەڵام ڕێکخستنی زۆربەی بزووتنەوە نوێکان بەربڵاو، ئاسۆیی(افقی) و لە خوارەوە بۆ سەرەوەیە. هەڵبەت لە زۆربەی نمونە نوێکان ئاوێتەیەک لەم دوو شێوازەیە.
لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێکاندا نیگەرانی یان عەلاقە زیاتر بە نیسبەت پرسە جیهانییەکانە، ڕوو لە گۆڕانکاری لە نێو کۆمەڵگایە تاکوو گۆڕانی ناوەندی دەسەڵات و حکومەت، فرەچەشنی و فرەڕەنگی بە فەرمی دەناسرێت، ناوەندگەرایی ڕەت دەکرێتەوە. بەشداربووان لە ناڕەزایەتی سەمبۆلیک و داهێنەرانە کەڵک وەردەگرن و، گرنگیی بە نەخش و دەوری ڕاگەیاندن و میدیا دەدەن. بزووتنەوەگەلی مافی مەدەنی، ژنان، ژینگەپارێزی، دژی ڕەگەزپەرەستی، دژی چەکی ناوەکی و هتاد لەم نموونانەن.
بزووتنەوە نوێکان لەدوای شەڕی جیهانی دووهەم و لە سەردەمی شەڕی سارددا زیاتر شوناسی-کەلتووری بوون و داواکارییەکانیان مەعریفی و سەرۆتر لە ماددیات بوو وەک بزووتنەوەی خوێندکاری و ژنان و هتاد بەڵام دواتر لەژێر کاریگەری قۆناغی دواسەرمایەداری و بەهۆی زیاتربوونی کەلێنی ئابووری (بە تایبەت لە دونیای ڕۆژاوا) زیاتر بەرەو داواکاری ماف-تەوەر، عەداڵەتخواز و خواستی ئابووری و ماددی ڕۆیشتن.
لە ڕوانگەی هابێرماسەوە دەرکەوتەی گەشەی «ئابووری بەکارهێنەر» و پەرەسەندنی دەوڵەتی ئاسوودەژیان (رفاه) لەدوای شەڕی جیهانی دووهەم، بوو بە هۆی «بە کاڵایی بوون» و تەشەنەکردنی بۆ ناو ژیانی خۆیی و تاکەکەسی خەڵک، ئەمەش هۆکارێکە بۆ سەرهەڵدانی بزوووتنەوە نوێکان. پەرەپێدان بە بازاڕ و دەوڵەت، بەها و هاندانە سوننەتییەکان لاواز دەکا، بۆیە بزووتنەوە نوێکان بە مەبەستی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی عادڵانە و هاوبەش لەسەر بنەمای بەشداری کاریگەر کە بەشێوەیەکی عەقڵانیتر خۆی ڕێکخستبێت و تەنیا بەدوای بەهاکانی سوود-تەوەرەوە نەبێت، سەرهەڵدێنن و تێدەکۆشان دەکەن (ئینگلهارت، 89:1379). بە پێی ڕوانگەی کلاوس ئۆفێ، چینی مامناوەندی تازە پێگەیشتوو، کارمەندانی دەوڵەت و ئەو گروپانەی هێشتا بە کاڵایی نەکراون وەک خوێندکاران، ژنانی ماڵدار و ئەوانەی یارمەتی ماڵی و خزمەتگوزاری لە دەوڵەت وەردەگرن، بە خێراییەکی زیاترەوە و هاسانتر لەگەڵ خواستی بزووتنەوە نوێکان خۆ دەگونجێنن کە جیهان پەسەند و نا چینایەتییە. چونکا ئەگەری زۆرە ئەم گروپانە زووتر ئاگایی پەیدا بکەن و زیاتر لەگەڵ کێشە و گرفتە نا لۆژیکییەکانی دونیای سەرمایەداری دەستەویەخە بن.
بە پێی تیۆری گۆڕانکاری بەهاکان لە لایەن ڕۆناڵد ئینگلهارت، کۆمەڵگا پێشکەوتووە پیشەسازییەکان لە دەیەکانی دوای شەڕی جیهانی دووهەم، لەگەڵ گەشەیەکی بێوێنەی ئابووری و داهاتێکی چەند قاتە ڕووبەڕوو بوون. ئەم پرسە لەگەڵ سەرهەڵدانی دەوڵەتی ئاسوودەژیان(رفاه) و گەشەی خێرای زانست و تکنۆلۆژیا، گۆڕانکاری لە بەها و ڕوانگەکانی تایبەت بە سیاسەت، کار، مەزهەب و بنەماڵە دروست کرد و، تەنانەت داخوازییەکان لە تەرکیز لەسەر خۆشگوزەرانی و ئاسوودەیی مادی و ئاسایشی گیانی بەرەو بەرزبوونەوەی ئاستی کوالیتەی ژیان ڕۆیشت. خۆڕێکخستنەوەی سەرمایەداری، گەشەی ئابووری هەڵقوڵاو لە دەوڵەتی ئاسوودەژیان، ڕێژەی بەرهەمهێنانی زۆر، ئاسایشی و ئەهوەنی تەواو، پەروەردەی گشتیی و چوونەسەرەوەی ئاستی وشیاری و ئاگایی سیاسی، گرنگایەتی بەها سەرەو مادییەکانی زەق کردەوە. لەدوای قەیرانی ئابووری دەیەی ٧٠ی سەدەی ٢٠ جارێکی دیکە ڕێگا بۆ تیۆرییەکانی نئولیبرالیزم کرایەوە. سەندیکا کرێکارییەکان کەوتنە ژێر گوشار و، هێزی کاری مرۆڤیی هەرزان لە وڵاتانی دیکە و گەشەی تکنۆلۆژیا، توانای چەنەلێدانی چینی لاواز و کرێکارانی لاواز کرد. لێکەوتەی ئەم بابەتە بوو بە هۆی ئەوەی لە دەیەی ٨٠ەوە ناکارامەیی سیستەم بێتەوە ڕۆژەڤ. قەرزی دەوڵەتان زیادی کرد، پاشەکشەی ئابووری (رکود)، هەژاری و گرانی و بێکاری پەرەی سەند و جیاوازی چینایەتی بەرز بوویەوە. زۆرترین گوشاری نئۆلیبڕالیزم بۆ سەر چینی کرێکار و کۆچبەرانی وەرزی بوو کە زۆربەیان بەرەو پەراوێزی شارەکان ڕاونران یاکوو بوون بە قوربانی ڕەگەزپەرەستی. جارێکی دیکە کەلێنی ئابووری لەنێو سەرمایەدار و خەڵکی مامناوەند و بندەست زیادی کرد، بۆیە بزووتنەوەکان هەمدیسان لەسەر خواستە مادی و ئابووریەکان تەرکیزیان کرد و بەها سەرەوماددییەکان کاڵ بوونەوە. تەنانەت بزووتنەوەگەلێکی تایبەت لە دژایەتی بازەرگانی جیهانی و نئۆلیبراڵیزم هاتنە ئاراوە لە نموونەی سیاتل ١٩٩٩، ملبورن و سئول لە ٢٠٠٠ هەتا واڵ ستریت لە ساڵی ٢٠١٢.
لە کۆتاییدا جێگەی ئاماژەیە لە هەزارەی سێهەمدا کۆمەڵێک بزووتنەوەی دیکە هاتوونەوەتە ئاراوە کە وەک بزووتنەوەی بێ سەر دەناسرێن، لەم شێوەدا کە ژیانی تاک و دونیای مەجازی تێکەڵ بەیەک بووە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تکنۆلۆژی جێگەی ڕێبەرانی پێشووی گرتووەتەوە. شێوەی ڕێکخستنەکەی بە ڕەواڵەت خۆڕسک و پەیوەندییەکەی لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، ئەگەرچی خواست و داخوازییەکانی ئاوێتەیکە لە نموونەکانی هاوشێوە. بزووتنەوەی جلیزقە زەردەکانی فەڕانسە، بەهاری عەرەبی، هۆنگ کۆنگ و تەنانەت بە جۆرێک بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەو نموونانەیە. سەردەمی سەرهەڵدانی بزووتنەوە نوێکان بە واتای کۆتایی هاتن بە سەردەمی بزووتنەوە کلاسیکەکان نییە. لەوانەیە هەرکام لەم شێوە بزووتنەوانە ئاڵۆگۆڕیان بەسەردا بێت، لە ڕەوتی چالاکی و ڕووداوەکان بە ئاقارێکی دیکەدا بڕون و بەپێی پێویست خۆیان نوێ و ڕێکبخەنەوە. بە گشتیی دەرکەوتە و لێکەوتەکانی قۆناغی نئۆلیبڕالیزم و پاش سەرمایەداری بووەتە هۆی ئەوەی زۆربەی بزووتنەوەکانی ئێستا لە داخوازی سەرەوماددی، شوناسی و کەلتووری و گرنگیدان بە بەها مەعریفی و مەعنەوییەکان دوور بکەونەوە و قورساییەکەیان بەسەر بەرەی داخوازی ئابووری و بەها ماددییەکان بشکێتەوە. ئەگەرچی ئەم خوێندنەوەیە تایبەت بۆ کۆمەڵگە گەشەسەندوو و پێشکەوتووەکانە و تا ڕادەیەک توانای گشتاندنیشی تێدایە بەڵام سەبارەت بە کۆمەڵگایەکی سەرکوتکراو و گەشەنەسەندوو وەک ئێران کە پڕاوپڕ لە قەیران و کێشەگەلی کۆمەڵایەتی، ئابووری، ژینگەیی و شوناسی و کەلتوورییەو هاوکات دەسەڵاتێکی تۆتالیتێر بەسەریدا زاڵە، هەر کردەوەیەکی بەکۆمەڵ و بزووتنەوەیەک سەرەتا بۆ چەسپاندنی هەبوون و بە مەبەستی پاراستنی کەرامەت و بەهای مرۆڤایەتییە.
لە بەشی دووهەمدا زیاتر باس لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران دەکەین.
*سەرچاوەکان لە کۆتایی زنجیرە نووسراوەکەدا هاوپێچ دەکرێت.