محەمەد محەمەدی
رۆژی ٢٢ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١، ژینا ئەمینی کچە کوردی خەڵکی شاری سەقز کە بۆ سەردانێک چوو بووە تاران، لە لایەن گەشتی ئیرشادی ئەو شارەوە گیرا، ئەشکنجە درا و دواتر چووە کۆماوە ودوای دوو رۆژ گیانی ئازیزی لەدەست دا. رۆژی٢٥ی خەرمانان، کاتی بە خاکسپاردنی ژینا، دوای ئەوەی ژنانی شاری سەقز لە گۆڕستانی ئایچی سەرپۆشەکانیان لابرد، کردیان بە سەرچۆپی و بە دروشمی «ژن ژیان ئازادی»، چەخماخەی بزووتنەوەیەکی سەرتاسەریان دژ بە حکومەتی ئێران لێدا، بزووتنەوەیەکی جەماوەری کە کاریگەریەکی بێ وێنەی لەسەر خەڵک و ئۆپۆزسیۆنی ئێران دانا.
بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» لە ڕووی پانتایی جوگرافی، فرەچەشنی چین و توێژە ناڕازییە بەشدارەکان، بەردەوامی و ژمارەی خۆپێشاندانەکان وهەروەها بەهێزی و چڕوپڕی گوشارەکان بۆ سەر رژیم، گەورەتر لە هەر بزووتنەوەیەکی جەماوەری دیکە، لە مێژووی ٤٦ساڵەی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو.
بەڵام هەڵسوکەوتی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن، هاوئاهەنگییەکی بەرچاوی لەگەڵ تایبەتمەندی و ڕەهەندەکانی شۆرشی ژینا نەبوو. دەکرێ بڵێین زۆربەی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ دەستپێک و جەماوەری بوونی بەرچاوی ناڕەزایەتییەکان، بەتایبەتی بە ئامادەبوونی رێژەیەکی زۆری کچان و کوڕان، کە چاونەترسانە بەرەنگاری هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دەبوونەوە، بە ئەو قەناعەتە گەیشتبوون کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەم زووانە دەڕوخێت.
هاوکات، زۆربەی لایەنەکانی ئۆپۆزسێون لەڕووی کاریگەری ڕاستەوخۆ لەسەر پێشهاتەکان، چ لە ئاستی ناوخۆ و چ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، کارێگەرییەکی ئەوتۆیان نەبوو و لە ئەنجامی ئانالیز و شرۆڤەیان بۆ ڕووخانی خێرای رژیم، هیوای ناڕاست و دوور لە واقیعیان خولقاند و ئەم هیوایە دواتر بەرەو نائومێدییەکی ڕەها لە نێو جەماوەر و خەڵکانی بەشدار لە شۆرشەکە گۆرا.
زۆرێک لە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن پێیان وابوو بە هۆی ئەو قەیرانە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیانەی کە کۆماری ئیسلامی ئێرانی گرتۆوەتەوە، و رووداوی کوشتنی ژینا کە بزووتنەوەیەکی سەرتاسەری پێک هێنابوو، سەرەنجام کۆتایی بە رژیمی کۆماری ئیسلامی دێنێ، بەڵام سەرەڕای ئەوەی شۆرشەکە جەماوەری بوو و زیاتر لە سەد شاری ئێرانی گرتەوە، لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە، نەبووە هۆی ڕووخانی رژیم.
– لێکدانەوەی هەڵەی ئۆپۆزسیۆن لەسەر بارودۆخی ئەو کاتەی رژیم، و هەروەها بێ توانایان لە ڕێکخستن و پلاندانان بۆ بەردەوامی بزووتنەوەکە؛
بەر لەهەموو شتێک، پێویستە هەلومەرجی ئۆپۆزسیۆن پێش و دوای شۆرشی «ژن ژیان ئازادی» بەراورد بکرێت. وا دیارە سەرەڕای هەموو کێشەکان، دۆخی ئۆپۆزسیۆن لە پێش شۆرشی ژینا زۆر باشتر بوو لە دوای شۆرش. لەسەر ئاستی ئێران، پەیوەندی و هاوکاریی نێوان حیزب و ڕێکخراوەکان زۆر نزیکتر بوو، یان لانیکەم وەک ئەمڕۆ بە دژی یەکتر کاریان نەدەکرد.
کۆنگرەی نەتەوەکانی فیدراڵی ئێران، هەمبەستگی بۆ ئێران، شورای مودیریەتی گوزار، بەرەی کۆماری خوازەکان، شورای تەسمیم و یەک و دوو رێکخراوی تری لەو چەشنە هاوپەیمانییان بوون، کە پێش شۆرشی ژینا بوونیان هەبوو. هەرچەند کۆنگرەی نەتەوەکان مێژوویەکی دوورو درێژتری بە نیسبەت ئەوانی تر هەبوو، وهەروەها کورد و بەلوچ رۆڵێ سەرەکیان هەم لە کۆنگرە و هەم لە شۆرشی ژینا دا هەبوو، بەڵام تەنانەت کۆنگرەی نەتەوەکانیش نەیتوانی توانای خۆی بۆ رێبەری و ڕێکخستنی بزووتنەوەی ژینا بەکاربهێنێت، چونکە عەرەبەکان و ئازەریەکان بە پێچەوانەی کورد و بەلوچ بەشداریەکی ئەوتۆیان لە شۆرشی ژینادا نەبوو.
لە کاتی شۆرشی ژینا جگە لە کۆنفەرانسی جۆرج تاون، هیچ هەوڵێکی جیدی وهاوکارییەک لە نێوان حیزب و ڕێکخراوه سەرتاسەرییەکان له ئێران پێک نەهات، هاوپەیمانییەک کە پێشەنگ بێت و ڕۆڵی ڕێبەرایەتی بگێڕێ وجڵەوی بزووتنەوەکە بە دەستەوە بگرێت.
هەرچەند، دوا بە دوای «بزووتنەوەی سەوز» هاوکاری زیاتر لە نێوان نەیارانی کۆماری ئیسلامیدا پێک هاتبوو، بەڵام هاوکارییەکان نەگەیشتبوونە ئاستێکی کارا کە وەک هاوپەیمانییەک بتوانێت رێبەرایەتی چالاکییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بەدەستەوە بگرێ. سەرکردایەتیەک لە جەنگەی شۆڕشدا، هاوکات لەگەڵ ڕێکخستنی جەماوەری خەڵک لە سەر شەقام، بتوانێت مانگرتنی گشتی بەڕێوەبەرێت، دەنگی شەقام بێت لە کۆڕ و کۆمەڵگە نێودەوڵەتییەکان وهەروەها لایەنگری جیهانی بۆ پشتیوانی لە خەباتی جەماوەری دەستەبەر بکات.
لە کاتی شۆرشی ژینا، ئۆپۆزیسیۆنی پەرش وبڵاو زۆر گەشبین بوون لە ڕەوتی ڕووداوەکان پێیان وا بوو بڵاوبوونەوەی ناڕەزایەتیەکان لە بەشی هەرە زۆری شارەکانی ئێران وەک دەرئەنجامی تووڕەیی گشتیی و داخوازیی کەڵەکە بووی خەڵک، بەهۆی پتر لە ٤٦ ساڵ چەوسانەوە و ەرکوت، دەبێتە هۆی رووخانی ڕژیم.
شرۆڤەیان بۆ تووڕەیی گشتی خەڵک بەرامبەر بە رژیم دروست و لەجێی خۆی بوو، بەڵام بەداخەوە ئۆپۆزسێون بێ ئاگا بوو لەوەی کە ئەم توڕەییە گشتییە دەبێ ڕێکبخرێت، پلانی بۆ دابرێژرێت، بۆ ئەوەی خۆپێشاندانی سەر شەقام بەردەوام بێت و دواجار ناڕەزایەتییەکان بەرەو مانگرتنی سەرتاسەری بچێت. بەشی هەرە زۆری ئۆپۆزسێون لە سەر ئەو باوەرە کە بڕیار و پلانی خۆپێشاندانەکان لە لایەن لیدرەکانی ناوخۆ جێبەجێ دەکرێ و ئەوان لەدەرەوەی وڵات نابێ دەستێوەردان بکەن و تەنیا ئەرکی پشتیوانیان هەیە، ئەرکی بەدەستەوە گرتنی رێبەری شۆرشەکەیان لەسەر شانی خۆیان لابرد و دەکرێ بڵێین شەقامیان بە تەنها جێهێشت.
یەکێک لە ئەرکە هەرە گرنگەکانی ئۆپۆزسیۆن لە داهاتوودا ئەوەیە کە سەر لەنوێ خۆیان پێناسە بکەنەوە و بە تەواوی روونی کەنەوە کە لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی و خەڵکی چەوساوەی ئێراندا چە ئەرکێک لە ئەستۆ دەگرن.
بەڵام له کوردستان دۆخەکه به ئاراستەیەکی دیکەدا ڕۆیشت، هەرچەند دواتر کوردستانیش ڕووبەڕووی هەمان کێشەی بەشەکانی تری ئێران بووەوە. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران هەر لەدەستپێکەوە هەتا ئەو کاتەی شۆرش لەسەر شەقام بەردەوام بوو، رۆڵێکی زۆر باش و کاریگەری لە رێبەریی شۆرشکە هەبوو. نەقشی کۆمەڵە وەک رێبەری دەورەیی ئەوکاتی ناوەندی هاوکاری، رۆڵی بەرچاوی لە بڕیارە گرنگەکانی ئەوکاتەی ناوەندی هاوکاری گيرا.
ناوەندی هاوکاری جگە لە بەڕێوەبردنی سەرکەوتووانەی چەندین مانگرتنی گشتیی، له چەند ڕووداوێکی گرنگدا نیشانیان دا که لێکدانەوەیان بۆ بزووتنەوەی ژینا، لێکدانەوەیەکی دروست و ژیرانە بووە. بۆ نموونە کۆماری ئیسلامی ئێران، لە رێگەی موشەکبارانی کەمپی حیزبەکانەوە و دواتر بە پڕوپاگەندای بەرفراوان هەوڵێکی زۆری دا حیزبەکان بۆ ناو شەڕێ چەکداری راکێشێ، بەڵام ناوەندی هاوکاری نەکەوتنە ئەو داوەی رژیم، ئەو پلانەی رژیمیان پوچەڵ کردووە. ئەوەش دەریخست کە حیزبەکان سەرەڕای هەموو گوشارێک، خۆیندنەوەی دروستیان بۆ رووداوەکان هەبووە.
دواتر بەڵام ناوەند بەجۆرێک بووە قوربانی ململانێی حیزبی و دوای ماوەیەک لە لایەن ڕیبەری دەورەیی ئەوکاتەی، بە تەواوی سڕ و ناکارا کرا.
لە رۆژە سەرەتاییەکانی شۆرشی ژینا لە لایەن کۆمەڵەوە، چەندین پرۆژە گرینگ ئاراستەی ناوەند کرا. بۆ نموونە، یەکێک لە ئەو پرۆژانە ئەوە بوو کە ناوەندی هاوکاری هێزە دێموکراتەکانی ئیران کۆبکاتەوە و بە چەشنێک هاوپەیمانییەکی سەراسەری لە نێوان ئۆپۆزیسێون ئێران پێک بێنی. بەداخەوە، بە پشت گوێ خستنی داواکاریەکانی کۆمەڵە و کات بە فیرۆ دان، هەمووهەوڵەکان بۆ باشتر پێشبردنی شۆرشی ژینا، پەک خرا.
– جۆرج تاون و مەنشوری مەهسا؛
وەک لە سەرەوە ئاماژەی پێکرا، نەبوونی ڕێکخراوەیەکی یەکگرتوو و بەهێز لە نێو ئۆپۆزیسیۆندا وایکرد خەڵک نەتوانن شۆرشەکە بە ئەنجام بگەیەنن. خەڵکی ئێران چاوەڕێی ئەوەیان ئەکرد کە ئۆپۆیسیۆن لەو ساتەوەختە گرینگەدا جیاوازیەکانی خۆیان وەلا بنێن و زیاتر هاوکاری یەکتر بکەن. هەرچەندە کۆنفرانسی جۆرج تاون زۆر درەنگ بەڕێوە چوو و دواجار «مەنشووری مەهسا» ش درەنگتر ئامادە کرا، بەڵام گرتنی کۆنفەرانسی جۆرج تاون و نووسینی مەنشووری مەهسا مانیفیستێکی دێموکراتیک بوو و پێداگری لە مافی رەوای خەڵکی ئازادی خوازی ئێران و بە تایبەت خەڵکی کوردستان دەکرد، هاوکات وەڵامێکیش بوو بۆ داواکاریی گشتیی شۆرشگێرانی سەر شەقام و هەر بۆیەش بەشێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن خەڵکی ناوخۆ پێشوازی لێکرا.
دیارە وا چاوەڕوان دەکرا کە تێگەیشتنی سیاسی و شیکاری لایەنەکانی تری ئۆپۆزیسیۆن لەو ئاستەدا بێت کە هاوکاری و پشتیوانی لە «مەنشووری مەهسا» بکەن، بەڵام بەداخەوە زۆرینەی ڕەهایان کەوتنە تەڵەیەکەوە کە بیرۆکە سەرەکییەکەی لە دامەزراوە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە سەرچاوەی دەگرت و ئامانجی ئەو پلانەش تەنها دابەشکردن و پەرتەوازی ئۆپۆزیسیۆن بوو.
کۆی گشتی هێرش و هەڕەشەکان لە دژی واژۆکەرانی مەنشوور لەو سەردەمەدا زۆر و ترسناک بوو. بەداخەوە چالاکییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە جیاتی ئەوەی رووی لە رژیم بێت، رووی هێرشیان زیاتر بەرەو واژۆکەرانی مەنشوور بوو.
ڕۆیشتنی ڕەزا پەهلەوی و دواتر حامید ئیسماعیلیون لە مەنشوور، درێژەدان بەم هاوکارییەی زۆر قورس کرد. هەرچەند ڕۆیشتنی حامید ئیسماعیلیون، تا ڕادەیەک لەسەر بنەمای تێنەگەیشتنی سیاسی و تەحەمول نەکردنی ئەو هەموو سووکایەتییە بوو، بەڵام ئەمڕۆ بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین کە هاتن و ڕۆیشتنی ڕەزا پەهلەوی لە مەنشووری مەهسا پڕۆژەیەکی پلان بۆ داڕێژراو بووە. ڕەزا پەهلەوی بە گوشاری ڕاوێژکاران و لایەنگرە ئیفراتیەکانی، بەبێ هیچ ڕۆشنگەرییەک، مەنشووری بەجێهێشت و دەرفەتی دا بە لایەنگرە ئیفراتیەکانی کە توندتر لە لایەنگرانی رژیم، سوکایەتی بە واژۆکەرانی دیکەی مەنشوور بکەن.
ئێستا دوای دوو ساڵ لە واژۆکردنی مەنشوور، دەرکەوتووە کە بوونی پەهلەوی لە مەنشوور، لە بنەڕەتدا بۆ پەکخستنی بوو، بۆ ئەوەی وا پیشان بدرێت کە ئۆپۆزبسیۆن توانای ئەوەیان نیە پێکەوە کار بکەن، یەکتر قەبوڵ بکەن و لەسەر ئەساسی خاڵی هاوبەش پێکەوە کار بکەن. بۆیە پێویستە خەڵک لە بری ئەوەی چاوەرێی هاوپەیمانی نێوان لایەنە جیاوازەکان بێت، بەدوای سەرکردایەتی تاکەکەسیدا بگەڕێن. سەرکردایەتی وەک خومەینی پێش شۆڕشی ٥٧، بەم جیاوازییەوە کە ڕەزا پەهلەوی میراتگری بنەماڵەی پەهلەوییە وئیدعای ئەوە دەکەن کە پەهلەوی دەتوانێت ئێران وەک پێش شۆڕشی ٥٧ بگەیەنێتە شکۆ و گەشەی ئابووری.
– وەهمی دەست لە کارکێشانەوەی بەربڵاوی هێزە ئەمنیتەکانی رژیم؛
لە سەردەمی شۆرشی ژینا بەشێک لە ئۆپۆزسیۆن بە تایبەت ڕەزا پەهلەوی و لایەنگرانی، هەروەها حیزبێکی رۆژهەڵاتیش، لە سەر ئەو هەواڵە فەیکە کە دیارە رژیم بۆ خۆی بڵاوی کردبووە، مانورێکی یەکجار زۆریان دا، کە گوایە بەشێکی زۆر لە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژیم وازیان لە کارەکانیان هێناوە، یان بەشێک لەو هێزانە ئامادەن واز لە سەرکوت کردنی خەڵک بێنن و پەیوەست بن بە جەماوەری خۆپێشاندەر، هەروەها بەشێکی زۆر لە هێزە سەرکوتکەرەکان چی دی ئامادە نین بڕیاری بەرپرسانی خۆیان جێبەجێ بکەن و هەندێک لە فەرماندەکانی باڵای سپای پاسداران و بەسیج هەڵهاتوون و پەنایان بۆ روسیە و وێنێزۆیلا بردووە.
بڵاوکردنەوە و پەرەپێدان بە هەواڵی ساختەی لەو چەشنە، ئەویش لە کاتێکدا کە ناڕەزایەتییەکان لە سەر شەقام لە لوتکەدا بوو، بیرۆکەیەکی وەهای لە نێو جەماوەری خۆپێشاندەر دروست کرد کە شۆرشەکەیان بەم زووانە سەردەکەوێ. بەڵام لە ڕاستیدا ئەو هێزانە ڕۆژانە لە سەر شەقام تەقەیان لە سەر و چاوی خۆپیشاندەران دەکرد و دواجار توانیان بە توندوتیژی وەسف نەکراو خەڵکێکی زۆر بریندار کەن و چەن سەد کەسیش بکوژن.
– نەبوونی کۆمەڵگای مەدەنی کارامە لە ناوخۆی وڵات؛
لە نەبوونی کۆمەڵگای مەدەنی بەهێز، ڕەنگە بزووتنەوەکان لە کورتخایەندا بتوانن سەرنجی خەڵک رابکێشن و تەنانەت خۆپێشاندانی گەورەی جەماوەری لە سەر شەقامەکان رێکبخەن، بەڵام دواتر لە پرۆسەی گۆڕینی خۆپێشاندانەکان بەرەوە شۆرشێکی سەرانسەری بۆ گۆڕینی رژیم کێشەی بنەڕەتییان لێ پەیدا دەبێت. چونکە ڕووخاندنی رژیم پێویستی بە پلان دانان و جێبەجێکردنی بەردەوامی ئەم پلانانە هەیە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاریگەر و بە شێوازی جیاواز ڕووبەڕووی سەرکوتی هەمەلایەنەی رژیم ببنەوە. واتا دەبێ ئەو رێکخراوانە بتوانن بۆ خۆپیشاندان، مانگرتن، بایکۆت و نافەرمانی مەدەنی پلانی بەردەوامیان هەبێ و بتوانن گوشاری هێزی سەرکوتکەری رژیم بۆ سەر خەڵک کەم بکەنەوە، و دواجار لە بەردەوامی ئەو بەرەنگاربوونەوە رژیم بە چۆکدا بێنن.
سەرکەوتنی هەر بزووتنەوەیەک لە غیابی پێکهاتەیەکی سەرکردایەتی کە پێک هاتووە لە رێبەرانی کۆمەڵگای مەدەنی، کە متمانەی بە هەموو چین و تۆیژە جیاوازەکان هەبێت و بتوانێت هەماهەنگی لە نێوانیاندا پێک بێنێت، مەحاڵ دەبێت.
بۆیە بەداخەوە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەر نەکەوتنی ئەو بزووتنەوەیە، نەبوونی رێکخراوەی بەهێز مەدەنی لە ناوەندی ئێران بوو.
هاوکاری نێوان رێکخراوە مەدەنیەکان لە کوردستان، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و حیزبەکانی تر، نموونەیەکی زۆر باشن بۆ خەسارناسی ئەم پرسە لە ناوخۆی ئێران. واتا رێکخراوە مەدەنیەکان لە کوردستان، ناوەندی هاوکاری و حیزبەکانی تر توانیان بە هاوکاری یەکتر، خۆپێشاندانەکان لە چەن شاری کوردستان بۆ ماوەی زیاتر لە سەد رۆژ رێک بخەن و درێژەی پێ بدەن، لە پاڵ ئەمانەوە بڕیاری چەندین مانگرتنی گشتی و بەڕێوەچوونی سەرکەوتوانەی ئەم مانگرتنانە، تێگەیشتنی سیاسی رێکخراوە مەدەنیەکان، خەڵک و حیزبەکانی پێشان دا.
هەر لەبەر ئەوەشە لە دوو ساڵی ڕابردوو، کۆماری ئیسلامی هەموو هەوڵێکی بۆ سەرکوتی چالاکانی مەدەنی و سیاسی لە کوردستان دا و هەروەها بۆ لە ناوبردنی حیزبەکان جگە لە موشەکبارانی بارەگاکانیان، لە رێگەی رێککەوتنی ئەمنیەوە لە گەڵ حکومەتی عێراق، گوشارێکی زۆری بۆ لاواز کردنی حیزبەکانی رۆژهەڵات خستۆتە سەریان.
– هاودەنگی و هاوکاری راستی توندئاژۆ لە گەڵ رژیم؛
لە کاتی شۆرشی ژینا و لە ماوەی دوو ساڵی رابڕدوو کەمینەیەکی بچوک لە ئۆپۆزیسێون کە خۆیان وەک لایەنگرانی سیستەمی پاشایەتی دەناسێنن، هاودەنگ و هاوکار لە گەڵ رژیم، دژ بە هەموو بەشەکانی دیکەی ئۆپۆزیسێۆن هەوڵیاندا. ئەم کەمایەتیە بچوکە کە میدیا و پارەیەکی زۆری بەدەستەوە بوو، بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی فەیک و درۆ، پەروەندەسازی بۆ چالاکانی سیاسی، تەنانەت چالاکانی سەر شەقام، جنێو و بێرێزی، فەزای دیالۆگ و هاوکاری نێوان هێزەکانی ئۆپۆزسێونیان بە تەواوەتی ئاڵۆزکرد. ئەمرۆ دوای دوو ساڵ دەتوانین بیسەلمێنن کە بەشی هەرە زۆری ئەو تاقمە ئاژاوەچییە سەربە دەستگای ئەمنیەتی رژیمن و بەڕێوەبەرانی پلانەکانی دەزگای ئەمنیەتی رژیم بوون بۆ ئەوەی ئۆپۆزیسیۆن ئێران زۆرتر پەرتەوازە بن.
بە داخەوە لە کوردستانیش بە هەمان شێوەی ناوەندی ئێران، تاقمێکی بچوک بە بەرزکردنەوەی دروشمی پۆپۆلیستی، بەڵام بە جنێودان، بێرێزی کردن و بڵاوکردنەوەی هەواڵی فەیک و ناراست بۆ لە ناو بردنی یەک ریزی و تەبایی نێوان حیزبەکان، رۆڵێکی تێکدەرانەیان گێرا.
ئێستا دوای دوو ساڵ دەتوانین بڵێن کە ئەم تاقمە بچوکە، هیچ پلان و بەرنامەیەکی ئەوتۆیان بۆ پرسی سەربەخۆیی نەبوو، بەپێچەوانە هەتا ئێشتاش جگە لە بێرێزی و هێرشکردنە سەر حیزبەکانی رۆژهەڵات، کارێکی تریان نەکردووە.