کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی «ژن ژیان ئازادی»دا، لە ڕێگەی توندوتیژییەکی بێ سنوور و سیستماتیک دەستی دایە سەرکوت و پێشێلکردنی زەقی سەرجەم مافەکانی مرۆڤ کە هەنووکەش لێی بەردەوامە و نیازی دەستهەڵگرتنیشی نییە.
هەر لە ئەشکەنجە و دەستدرێژی سێکسی و سووکایەتی بە ژنان لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا بگرە تا دەگاتە پلۆمپکردنی دووکانی خەڵکی کاسبکار بە بیانووی بەشداریکردنیان لە خۆپێشاندان و مانگرتنەکان، هێرشی کیمیایی بۆ سەر خوێندنگەی منداڵان، دەستبەسەرکردن و هەروەها لەسێدارەدانی لاوانی ئازادیخواز و زۆر بوار و شێوازی دیکەش، لە هیچ کردەوەیەکی نامرۆڤانەی هاوچەشن دەستی نەپاراستوە.
ئاکار و کردەوەکانی ڕژیمی ئیسلامی هێندە زەق و بێبەزەییانە بوون کە جگە لە ناڕەزایەتییە نێوخۆییەکان، دەنگدانەوە و دژکردەوەی نێونەتەوەیی و جیهانیشی بەدوادا هات.
پاش دەستبەکاربوونی کۆمیتەی ڕاستیدۆزی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ تاوتوێ و لێکۆڵینەوە لەم تاوانانەی کۆماری ئیسلامی لەهەمبەر خەڵکی ولاتەکەی خۆی و بەتایبەتی لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، چالاکی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، سارا حوسێن، دادوەری بەنگلادیشی وبەرپرسی کۆمسیۆنی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە تیشک خستنە سەر حاڵەتەکانی: کوشتن، ئەشکەنجە، بێڕێزیکردن و ئاکاری توندوتیژانە و هەڵاواردنی پێکهاتەیی و ڕەگەزی دژی ژنان و نەتەوەکان، بە تایبەت دەستدرێژیی سێکسی بۆسەر خۆپیشاندەران و بەتایبەتی ژنان، ئێستا پاش تاوتوێکردنی سەرجەم بەڵگەکان بەو ئەنجامە گەیشتووە کە تاوانی دژی مرۆڤایەتی لە ئێران هاتووەتە ئاراوە کە کاربەدەستانی باڵای ئێران بڕیاردەر و هێزە ئەمنییەکانی بکەری بوون.
ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان پاییزی ساڵی ڕابردوو، میکانیزمێکی تایبەتی بۆ دڵنیابوونەوە لە ڕاستییەکان سەبارەت بە کوشتن و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی دامەزراند کە لێکۆڵینەوە لە سەرکوت و شێوازەکانی بەرەنگاربوونەوەی خۆپێشاندەران و خەڵکی ناڕازی بکات کە لە دوای کوژرانی ژینا(مەهسا) ئەمینی، هاتنە سەر شەقام و بە دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی»، ناڕەزایەتی هێمن و شارستانییانەی خۆیان لە دژی جەنایەتەکانی ڕژیم بەگشتیی و کوشتنی بەئەنقەست و سیستماتیکی ژینا ئەمینی بەتایبەتی، دەربڕی.
لیژنەکە ڕاپۆرتی خۆی بۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ لە جنێڤ لە ١٨ی مانگی مارسدا پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران ساڵی ڕابردوو لە کاتی خۆپیشاندانەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، بە سەرکوتکردن و پێشلکردنی مافەکانی مرۆڤ تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجامداوە.
هەروەها بە پێی لێکۆلینەکانی کۆمیتەی ڕاستیدۆزی نەتەوە یەکگرتوەکان، دەستدرێژیی سێکسی لانیکەم بۆ سەر زیاتر لە ٦٢ کەس خۆپیشاندەری ژن، ئەنجام دراوە، ژنانێک کە بەدروشمی ژن، ژیان، ئازادی سەرەنجی تەواوی جیهانیان بۆ پرسی ژن و دۆخی نالەباری ژیانیان لە کوردستان و ئێران ڕاکێشا. ژنانێک کە لەگەڵ کۆمەڵگەی دواکەوتووانەی پیاوسالار لەلایەک و ئایین و یاسای بنەڕەتیی کۆنەپارێزانەی ئێران کە خۆی نەک مێکانیزمێکی پاراستن بەڵکوو ئەمرازێکە بۆ چەوساندنەوە و دەمکوتکردنی ژنانی مافخواز لەلایەکی دیکەوە بەرەوڕوون.
سارا حسێن سەبارەت بە ئەنجامی کرداریی ڕاپۆرتەکە و ئەگەری لێپێچینەوەی یاسایی بۆ ئەو کەسانەی بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ تاوانبارن دەڵێ: گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە پێشێلکارییە بنەڕەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ و حاڵەتەکانی سزای کوشتن و لەسێدارەدان لە دادگاییەکی نادادپەروەرانەدا، دەستگیرکردنی لاوانی خوازیاری ئازادی، بەکارهێنانی نایاسایی هێز و دەستدرێژیی سێکسی هەبووە کە ئێمە باوەڕمان وایە هەموو ئەمانە تاوانن دژی مرۆڤایەتی. وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە کە بنەمای دەسەڵاتی دادوەریی نێودەوڵەتی بەکاربهێنن لە هەر شوێنێک کە تاوانی لەم چەشنە دەکرێت و پێویستە ئەو کەیسانە ببەنە بەردەم دادگا و تەواوی تاوانباران بە بێ هیچ چاوپۆشی و لێبوردنێک سزا بدرێن.
ڕاپۆڕتی کۆمیتەی ڕاستیدۆزی نەتەوەیەکگرتووەکان لەوانەیە ئاکامی ڕاستەوخۆو و هەنووکەیی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی نەبێت، بەلام جگە لەوەی کە جەختکردنەوە و دانپێدانانێکی بەرفراوان و جیهان تەوەرە لەسەر بێتاوانی خەڵکی مافخوازی کوردستان و ئیران و تاوانباربوونی کۆماری ئیسلامی ئێران بە جەنایەت دژی مرۆڤایەتی، دەتوانێ لەسەر ورەی مافخوازیی و بەردەوامیی خەبات بەگشتی کاریگەریی ئەرێنی بەرفراوانی هەبێت و هاوکاتیش نموونەیەکی دیکەش لە ریسوایی و شەرمەزاربوون لە کارنامەی ئەو ڕژیمەدا تۆمار بکات و پەڵەی ڕەشی زیاتری بخاتە نێوچاوانی.