ئێران یەکێکە لە گرنگترین دەروازەکانی بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان لە جیهاندا، بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ٤٠٪ی ئەو ماددە هۆشبەرانەی لە ئەفغانستان بەرهەم دەهێنرێن، کە ڕۆژانە بە ١٠ تۆن دەخەمڵێندرێت، دەچنە ناو ئێرانەوە و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان ٦٠٪یان دەگوازنەوە بۆ عێراق، تورکیا و کۆماری ئازەربایجان و دواجاریش بۆ ئوروپا. لەلایەکی دیکەوە بەڵگەنامەیەکی دزەپێکراوی «ویکیلیکس» ئاشکرایکردووە، ٨٠٪ی تریاک و ٢٨٪ی هێرۆیین کە لە جیهاندا بەکاردەهێنرێت، لە ئێرانەوە بە قاچاخ دەهێنرێت. ئەم بەڵگەنامەیە جەختی لەوە کردۆتەوە کە ئێران کۆماری ئازەربایجان وەک ڕێڕەوی سەرەکی بۆ گواستنەوەی هێرۆیین بۆ ئەوروپا بەکاردەهێنێت. لە ساڵی ٢٠١١ی زایینیدا ٢٥ ئەندامی تۆڕێکی گەورەی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە کۆماری ئازەربایجان دەستگیرکران، کە لانیکەم ٨ کەسیان کارمەندی ناوخۆیی باڵیۆزخانەی ئێران لە باکوو بوون، کە بە پێی بەڵگەنامەکان و دان پێدانانەکان، ئەندامی سوپای پاسداران بوون لە دەرەوەی وڵات کە لە هەمان کاتدا حکومەتی ئێران بە پێداگرییەوە داوای ڕادەستکردنەوەی ئەو تۆمەتبارانەی دەکرد.
لە ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوی، وڵاتی ئاڵمان ئاشکرای کرد کە ئێران لە ڕێگای سیستمێکی داهاتی فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە ئوروپا، هەوڵی کڕین و بە قاچاخکردنی کەرەستەی بۆمبی ناوەکی وەک ئۆرانیۆمی داوە. یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ئەم تۆڕە بریکاری پێشووی وەزیری نەوت، حەبیبوڵڵا بیتەرەف بوو.
تەلەڤیزیۆنی ئەلشەڕقیە لە ساڵی ٢٠٠٧ی زایینیدا، بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی دەستەی نێودەوڵەتی کۆنتڕۆڵی ماددە هۆشبەرەکان ڕایگەیاند کە «عێراق بووەتە گۆڕەپانی تڕانزێتی هێرۆیین». هەروەها باسی لەوەش کرد کە: ئەو زانیاریانەی کە لەبەردەستدان دەریدەخەن کە سنووری نێوان عێراق و ئێران دەروازەی هاتنە ناوەوەی ماددە هۆشبەرەکانە بۆ وڵاتانی کەنداوی عەڕەبی، تورکیە، ئازەربایجان و بولغارستان. سەبارەت بەو بابەتەش، یەکێک لە ڕاوێژکارانی وەزیری ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند: ڕژێمی ئێران سەرچاوەی سەرەکی ناردنی مادە هۆشبەرەکانە بۆ عێراق.
لە مانگی ژانویەی ساڵی ٢٠١٦ی زایینیدا، دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیا توانیان تۆڕێکی سەر بە سوپای قودسی سوپای پاسداران دەستنیشان بکەن، کە ژمارەیەک تۆڕی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان بۆ یەکێتی ئەوروپا بەڕێوەدەبات. سەرچاوە ئەمنییەکانی ئیتالیا ئاشکرایان کردووە کە «ئەم تۆڕە نۆ عێراقی لەخۆدەگرێت کە سەر بە میلیشیای حەشدی شەعبی عێراقن بە سەرۆکایەتی فەرماندەیەکی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بە ناوی غوڵامڕەزا باغبانی، کە ماددەی هۆشبەری بە قاچاخ لە ڕێگەی عێراق و تورکیاوە دەگواستەوە بۆ ئیتالیا و لەوێشەوە بۆ ئوروپا».
ئەوە لە کاتێکدایە کە لە ٧ی مارسی ٢٠١٢ی زایینی، وەزارەتی گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، غوڵامڕەزا باغبانی، بە تاوانی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرەکانەوە خستە ژێر لێکۆڵینەوەی دادوەرییەوە. بەگوێرەی بەیاننامەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا، ئەو بەڵگەنامانەی دەستکەوتوون دەریدەخەن کە غوڵامڕەزا باغبانی ڕێگەی بە قاچاخچییەکانی ئەفغانستان داوە کە لە ڕێگەی ئێرانەوە ماددەی هۆشبەر بنێرن بۆ وڵاتانی ئوروپا و لەبری ئەو ماددە هۆشبەرانە چەک و تەقەمەنی بۆ هێزەکانی تاڵبان لە ئەفغانستان ناردووە. بە گوتەی دەیڤید کۆهین، جێگری وەزیری ئەوکاتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ تیرۆر و هەواڵگری دارایی، بەڵگەنامەکانی دەستکەوتوو دەریدەخەن کە سوپای قودس نەک هەر هاوکاری لە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکاندا دەکات، بەڵکوو ئەم هاوکارییە بۆ پەرەساندنی چالاکییە تیرۆریستییەکانیش بەکاردەهێنێت.
ئاژانسی هەواڵی ئەفغانی لە ڕاپۆرتی شیکاری خۆیدا لە بەرواری ٢٤/٠٥/٢٠١١ی زایینی بەناونیشانی «کێشەی چارەسەرنەکراوی ماددە هۆشبەرەکان لە ئەفغانستان» باس لەوە دەکات کە: لە دوای ڕووخانی حکومەتی تاڵبانەوە لە ساڵی ٢٠٠١ی زایینیەوە تا ئێستا، نەک ئەوەیکە چاندن و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە ئەفغانستان کەم نەبوونەتەوە، بەڵکو دەیان هێندە زیادیان کردووە. ئەم ڕاپۆرتە باس لەوەش دەکات کە: ئێران سیاسەتێکی گرتۆتەبەر کە هانی چاندنی مادەی هۆشبەر دەدات لە ئەفغانستان و پاڵپشتی بەرهەمهێنانی دەکات. لە ئەنجامدا ٦٠٪ی ئەو ماددە هۆشبەرانەی لە ئەفغانستان بەرهەم دەهێنرێن دوای چوونە ناو ئێران دەگۆڕدرێن بە هێرۆین و مۆرفین و پاشان لە ڕێگەی تۆڕەکانی مافیای ماددە هۆشبەرەکانی هێزی سپای قودسەوە دەگوازرێتەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا و ئاسیا و ئەمریکا و کانادا. بەم شێوەیە سوپای پاسداران ملیارەها دۆلار داهاتی بازرگانی مادەی هۆشبەر بەکاردەهێنێت بۆ پێشخستنی سیاسەتەکانی چەک و پاڵپشتیکردنی گروپە تیرۆریستییە جیهانییەکان و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی دراوسێ و هێرشکردنە سەریان لە ڕووی کولتوورییەوە.
مۆحسن ڕەزایی، فەرماندەی پێشووی سپای پاسداران، پێشتر سەبارەت بەم بابەتە ڕایگەیاندبوو: «ئەو سنوورەی کە قاچاخی ماددەی هۆشبەر لێیەوە ڕوودەدات، سنوورێکی دیاریکراوە و تەنیا کاتێک پەیوەندی نێوان کاربەدەستان و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان نەمێنێت، بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر لەو وڵاتەدا بنبڕ دەکرێت».
دەتواندرێت پەسەند نەکردنی یاسای FATF لە لایەن ڕژیمی ئیرانەوە بۆ ون کردنی شوێن پێی سوپای پاسداران لە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و سپیکردنەوەی پارە و تیرۆردا بەگەڕێتەوە. پێشتریش ئەکبەری هاشمی ڕەفسەنجانی، لە کتێبی یادەوەریەکانیدا باس لەوەدەکات کە لە دەیەی شەستی هەتاویدا کە ئێران لە گەڵ عێراق لە شەڕدا بوو، بەمەبەستی دابینکردنی پێداویستییە سەربازییەکان و بەهۆی گەمارۆوە، ڕژیم ڕووی کردە کڕینی چەک لە ڕێگەی قاچاخچییە نێودەوڵەتییەکانەوە. هاشمی دەڵێت کە ئەوان هەرگیز داوای پارەیان نەکردووە بەڵکوو لە بەرامبەر چەکدا ماددەی هۆشبەریان داوادەکرد. هەروەها سەعید ئیمامی کە لە دەیەکانی شەست و حەفتای هەتاویدا یەکێک لە بەرپرسانی باڵای ئەمنی ئێران بوو، کە ناوی بە قەتڵهای زنجیرەیەوە گڕی دراوە، لە وتارێکدا لە زانکۆی بوعەلی لە هەمەدان، بە ئاشکرا باسی لە گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان بۆ ئەوروپا کردووە بۆ کردنە ئامانجی ئابووری ئەو وڵاتانە.
ئەو بابەتانە کاتێک بە باشی دەردەکەوێت کە عەلی شەمخانی، بەرپرسی پێشووی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی، لە پۆستەکەی لادەدرێت، ئەوەش هۆکارەکەی بۆ ئاشکرابوونی ڕۆڵی عەلی شەمخانی لە پەیوەندی نێوان وزارەتی ئیتلاعات (زانیاری ئێران) لەگەڵ کارتێل و گەورە بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان ناجی شەریفی زەیندەشتی دەگەڕیتەوە، بە پێی زانیاریەکان شەمخانی لانیکەم ساڵانە سێ ملیۆن و نیو دۆلاری بەرتیل لە ناجی شەریفی وەرگرتووە. ناجی شەریفی یەکێک لە قاچاخچییە سەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ تڕانزێتی ماددەی هۆشبەر و تیرۆرکردنی نەیارانی ڕژیم لە دەرەوە بە تایبەت تورکیە، کە لە یونان و تورکیە حوکمی دەستبەسەرکردنی بۆ دەرچووە. ناجی شەریفی ئێستا لە ورمێ نیشتەجێیە و لەژێر پەردەی دەزگایەکی خێرخوازیدا خەریکی ترانزێتی ماددەی هۆشبەرە بۆ سپای پاسداران. تۆڕی قاچاخچێتی لەژێر چاودێری ئەودا لانیکەم پێنج تیرۆر و یەک ڕفاندنی بۆ سوپای پاسداران ئەنجامداوە. لە بەرامبەر ئەم هاوکارییە، سوپای پاسداران ڕێگە بە زەیندەشتی دەدات کە ماددەی هۆشبەر بە شێوەیەکی بەرفراوان لە ئێراندا دابەش بکات. عەبدولسەلام کەمال تورگوت، گەورەترین بازرگانی مادەی هۆشبەر لە تورکیە، عەلیڕەزا نەقاشزادە، ئەندامی پێشووی موجاهیدینی خەلق و هاوکاری سوپای پاسداران و هەروەها کەسێکی سەر بە سپای پاسداران بە ناوی عەبدولخالق مەلەکزادە ناسراو بە «فەرهاد» لە هاوکارانی ناجی شەریفی بوون لە تورکیە و یونان.
هەروەها لە ١٢ی ئاگۆستی ٢٠١٦ی زایینی «ئاژانسی ڕۆیتەرز» لە زاری بەرپرسێکی حکومەتی ئێرانەوە ڕایگەیاندووە، کە «سپای پاسداران لە ڕێگەی بە قاچاخکردنی ماددەی هۆشبەرەوە پارەی میلیشیا حوسییەکان دابین دەکات». بە پێی ڕاپۆرتی سایتی «مارب پرێس»، بە پشت بەستن بە سەرچاوە ئەمنییەکان، لەو کاتەوەی حوسییەکان شاری سەنعایان کۆنترۆڵ کردووە، قاچاخی هەموو جۆرە ماددەیەکی هۆشبەر لە یەمەن زیادی کردووە. سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە حوسییەکان لە پارێزگای سەعدە ٩٥٠ قاچاخچیی حەشیشی پیاو و ٥٠ قاچاخچی ژنیان دەستبەسەر کردووە کە دواتر لە تۆڕە مافیاکانی سەر بە حوسییەکان وەرگیران و ناچار بە هاوکاری لەگەڵ سپای پاسداران و مافیاکانی حیزبوڵڵا دەکرێن بۆ ئەوەی پلانەکانیان بۆ زیادکردنی داهات لە ڕێگای گەشەپێدانی بازرگانی ماددەی هۆشبەر پەرە پێبدەن.
بەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٨ی گوڵانی ١٤٠٢ی هەتاوی، فڕۆکەکانی ئۆردۆن گەورە قاچاخچی ماددە هۆشبەرەکانی سنووری سووریە و ئۆردۆن بە ناوی «مەرعی ئەلرەمسان»یان کردە ئامانج، کە کارگەی بەرهەمهێنانی حەبی هۆشبەری «کاپتاگۆنی» هەبوو کە بە حەبی جیهادیش دەناسرێت، مەرعی ئەلرەمسان بە «پابلۆ ئیسکۆباری سوریا» دەناسرا و لە لایەن حیزبوڵڵا لوبنان و سپای پاسداران پاڵپشتیی دەکرا. ئەوە لە کاتێکدایە کە ١٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی سامر کەماڵ ئەسەد و وەسیم بەدیع ئەسەد دوو لە ئامۆزاکانی بەشار ئەسەد لە لایەن وڵاتانی ئۆروپاییەوە بە تاوانی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی حەبی کاپتاگۆن گەمارۆیان خسترابۆ سەر. حەبی کاپتاگۆن لە لایەن ئیسلامیەکانەوە بەکاردێت تا بتوانن بەسەر ترس و دڵەڕاوکێیاندا زاڵبن تا بتوانن بگەنە ئامانجەکانیان.
بەڵام کاپتاگۆن (حەبی جیهادی) تەنیا بۆ فرۆش لە دەرەوە ئێران نیە و سەرجەم ئەندامانی گروپە بە وەکالەتەکانی سەر بە ئێران بە کاری دەهێنن و تەنیاش لەو گروپانەدا سنووردار نەکراوەتەوە. بەڵکوو ئێستا بەڵگەی حاشا هەڵنەگر هەیە کە دەریدەخات کە هێزە ئەمنیەتی و میلیشیاکانی کۆماری ئیسلامی وەک هێزەکانی بەسیج و حیزبوڵڵا و هێزی پۆلیسی تایبەت، بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران و هەڵکوتانە سەر خەڵک، حەبی «کاپتاگۆن» بەکار دەهیێنن. چوار ئەندامی کۆمەڵگەی پزیشکی ئیران لە چاوپێکەوتنێکدا بەکارهێنانی حەبی کاپتاگۆنیان وەک دەرمانی دەروونی لە لایەن هێزەکانی ڕژیم پشتڕاست کردۆتەوە. پزیشکێکی دەروونی لە پارێزگای تاران باس لەوەدەکات کە دایکی گەنجێکی بەسیجی سەردانی کردووە و باسی لەوەکردووە کە کوڕەکەی: «کاتێک شەوانە دێتەوە ماڵەوە ئەوەندە تووڕە دەبێت کە دەیهەوێت لە منیش بدات و شەو تا بەیانی ناخەوێت».
لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی کاتێک هێزەکانی ڕژیم هێرش دەکەنە سەر نەخۆشخانەی مووسەوی لە شاری گۆرگان، کە ژمارەیەکی زۆر لە بریندارەکان بۆ چارەسەر چووبوونە ئێوێ، سەرۆکی ئەم نەخۆشخانەیە لە نامەیەکدا باس لەوەدەکات کە: هەندێک سەرباز حاڵەتی دەروونی تایبەتیان هەیە کە دەتوانن باتوم لەسەر هەرکەسێک بدەن و تەنانەت فەرماندەکانیش خۆیان بەزەحمەت دەیانتوانی کۆنتڕۆڵیان بکەن.
دکتۆر سیرۆس خورسەند، پزیشکی نەخۆشخانەی هێزە زەمینییەکانی سوپا لە تۆربەت جام، لە ڕاپۆرتی پشکنینی جەستەی هێزە سەرکوتکەرە کوژراوەکاندا باس لەوەدەکات کە: لە پشکنینی خوێنیان ڕێژەیەکی زۆر ماددەی ئەمفیتامین دەبیندرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسانە تەرمەکانیان تەنیا ڕادەستی پاراستنی زانیاریی سوپای پاسداران دەکرێتەوە. خورسەند هەروەها پشتڕاستی کردەوە کە ئەو کەسانە مادەی هۆشبەریان بەکارهێناوە.
ڕۆڵی تێکدەرانەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا پرسێکی شاراوە نییە. دروشمی ساختەی حکوومەت سەبارەت بە پشتیوانی خەڵکی فەلەستین، لوبنان و یەمەن، تەنیا بەرگێکە بۆ چالاکییە تاوانکارییەکانی عەلی خامنەیی لە ناوچەکەدا. لەگەڵ دۆزینەوەی چەند بارێکی ماددەی هۆشبەر بە بەهای چەندین میلیۆن دۆلار کە هەموویان بە جۆرێک پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە، بەشێک لە ستراتژی جیهادی خامنەیی لە ناوچەکەدا ئاشکرا بووە. پێویستی بەردەوامی عەلی خامنەیی بە سەرچاوەی دارایی زەبەلاح بۆ پێشخستنی ئامانجە تیرۆریستیەکان و جێبەجێکردنی سیاسەتی تاوانکاریەکانی لە دەرەوەی وڵات، بەتایبەتی دوای شکست لە شەڕی ٨ ساڵەی لەگەڵ عێراق، وای کردووە کە تڕانزیتی ماددە هۆشبەڕەکان لە لایەن ئەو ڕژیمەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیاد بووندابێت. هەر بۆیە تۆڕی فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەکان وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ بەدەست هێنانی بەرژەوەندە ئابوورییەکانی سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم، لە هەموو شوێنێکی ئەم کۆمەڵگایەدا ڕەگ و ڕیشەی داکوتاوە. ڕوونە کە ڕزگار بوونی یەکجاری لە تەڵەی ئەو تۆڕە فراوان و بەهێزە، جگە لە ڕزگاربوون لە دەستی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران ناگاتە ئامانج.