وەرگیڕان لە ئینگلیزییەوە: کەوسەر فەتاحی
پێشەکی
نووسراوی بەردەست وەرگێرانی بابەتی»رۆڵی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سیاسەتی جیهانیدا» نووسینی سۆفی کروکێتە، کە ساڵی ٢٠١٢ نووسراوە و بڵاو کراوەتەوە، لە بەر گرینگی ئەو بابەتە و نەبوونی لە کتێبخانەی کوردیدا بە باشم زانی وەریگێرمەوە بە کوردی و لە روانگەی خۆشمەوە پوختەیەکی لە سەر بنوسم.
نووسەر باس لەوە دەکات کە چۆن ئەو ڕێکخراوانە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیان لە قالب داوە، هاوکاری نێوان دەوڵەتانیان ئاسان کردووە وچۆنیەتی چارەسەر کردنی ئاستەنگە جیهانیەکانیان کردووە. هەوڵی داوە روانگە تیئۆرییەکان لە سەر رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان تاووتوێ بکات، گرینگی پاراستنی ئاشتی و ئاسایش، پێشخستنی گەشەسەندنی ئابوری و چارەسەر کردنی پرسەکانی وەک مافی مرۆڤ، ژینگە و تەندروستی جیهانی بخاتە ڕوو و هەروەها لایەنە بەهێزەکان و سەرکەوتنەکانی ئەو رێکخراوانە و لە لایەکی دیکەشەوە بەربەست و ناکارامەییشیان لە سیستمی نێو دەوڵەتیدا بخاتە ڕوو.
بە بڕوای نوسەر سەبارەت بە ناکارامەیی ئەو رێکخراوانەی لە هەندێک ڕوو وەک پاراستنی ئاسایش و ئاشتی ورد نەبووەتەوە و خۆی بورادووە لەم بەشە. بە دڵنییاییەوە ئەو ڕێکخراوانە رۆڵێکی بەرچاو و سەرکی دەگێرن لە بەڕێوە بردنی سیاسەتی نێودەوڵەتی و بە جۆرێک لە جۆرەکان هەموو جەمسەرەکانی هێز و کۆنترۆڵی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە دەستی ئەو رێکخراوانەوە دایە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەو رێکخراوانە خۆیان لە لایەن کێ و کام هێزی نێودەوڵەتتیەوە بەڕێوە دەچن و ئایا سەرکەوتوو بوون لە بەڕێوە بردنی ئەو ئامانجانەی بانگەشەی بۆ دەکەن یان نا؟
کۆفی عەنان، بەرپرسی پێشووی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وتارەکەی سەبارەت بەوەی کە چۆن گرفتەکانی سەدەی ٢١ تێپەڕ نەدەبوون ئەگەر رێکخراویە نێودەوڵەتیەکان نەبووایەن،قسەی کرد. کۆفی عەنان دەڵێت: «زۆرتر لە هەمیشە لە مێژوویی مرۆڤایەتی، چارەنووسێکی هاوبەشمان هەیە و تەنیا لە حاڵەتێکدا دەتوانین زاڵ بین بە سەریاندا کە بەیەکەوە ڕوبەڕوویان بینەوە. جا هەر بەو هۆکارەیە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بوونی هەیە»،(عەنان:٢٠٠١)
تێڕوانینی گشتی ئەوەیە کە ئەو رێکخراوانە دەبێ هەبن بۆ ئەوەی ئاشتی و سەقامگیری نێودەوڵەتی بریتی لە ئابووری، کۆمەڵایەتی یا سیاسی و هتد بپارێزن. رێکخراوەکان دەبێت لە بەرژەوەندی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا کار بکەن. بە وتەی رەخنەگران لەو دامەزراوانەدا، دەبێت شەفافیەت، یاسا و رێسا و کۆنترۆڵی زۆرتر هەبێت بە جۆرێک کە رەنگدانەوەی بەرژەوەندی وڵاتانی جیا لە وڵاتە زلهێزەکانیش بێت.
کۆڕێکی نێودەوڵەتی بۆ دانوستانی فرەلایەنە لە یەکێتی نێوان پەرلەمانەکان هاتە ئاراوە(IPU) 1889، کە تا ئێستاش چالاکە و ئەندامیەتی ١٥٧ پارڵمانی نەتەوەیی هەیە. IPU پێش کۆمەڵەی گەلان لە ساڵی ١٩١٩پاش کۆتایی شەڕی جیهانی یەکەم دروست بوو، کە دواتر و لە دوای شکستی کۆمەڵەی گەلان بۆ ڕێگری کردن لە ململانێ نێودەوڵەتییەکان بوو بە نەتەوە یەکگرتووەکان. (Thompson and Snidal: 1999: 693) میراتی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە سەرەتاییەکانی وەک یەکێتی پارڵمانەکان، کۆمەڵەی گەلان و باقی یەکیەتییە نێودەوڵەتییەکان لە کاریگەریان وەک ئەکتەرێکی سەربەخۆ نەبووە بەڵکوو وەکوو شوێنێک بوون بۆ وڵاتان کە بۆچوونەکانی خۆیانی تێدا باس بکەن و پەرە بە دیالۆگ بدەن. بە واتایەکی دیکە ئەو دامەزراوانە زۆرتر بە هۆی پێگە و رۆڵیان وەک شوێنی ئاڵ و گۆڕی بیروڕا و دروستکردنی پەیوەندی نێوان وڵاتان ناسراون تا لە بەر تواناییان بۆ هەنگاونانی کردەیی یان بەکارهێنانی دەسهەڵات. ئەوە بە بێ گومان گەورەترین دەسکەوتیان بوو، لەبەر ئەوەی تەنانەت دوای شکستی کۆمەڵەکە، دەوڵەت نەتەوەکان هێشتا هەستیان بە پێویستی بوونی دامەزراوەیەک دەکرد کە رێگەیان بدات بیرۆکەکەیان بەیەکەوە باس بکەن و هەلێک بۆ یەکلایکردنەوەی ناکۆکیەکان بە شێوەی ئاشتیانە بڕەخسێنن. بەم شێوەیە نەتەوە یەکگرتووەکان سەری هەڵدا کە تا ئەمڕۆکەش تاکە دامەزراوەیە کە ئەندامیەتی گشتگیری هەیە، گەورەترین رێکخراوی نێودەوڵەتییە هەر بۆیە لەم بابەتەدا شیکاری لەسەری دەکرێت.
ئامانجی ئەم توێژینەوەیە، لێکۆڵینەوەیە لە ڕۆڵی دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی وەک سەکۆیەک کە تێیدا وڵاتان مەسەلەکانیان بهێنە بەر سەرەنجی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەوەیکە چۆن ئەمە خۆی لەخۆیدا سەرکەوتنێکە بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، ئەو ئیدعایە بە لێکدانەوەی رەخنەکانی سەر دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان لە رێگەی تیئۆری پەیوەندیە نێودەوڵەتییەکان پشتراست دەکرێتەوە. واتە نیورئالیسم کە بەربەستەکانی زەق دەکاتەوە و گریمانە سەرەکیەکانی دەشکێنێ. پاشان بابەتەکە درێژە دەکێشێ بە لێکدانەوەی دامەزراوەگەرایی نیولیبراڵ و گوتارەکانی وەک بەدیلێک بۆ نیوریالیزم، هەروەها بونیادگەرایی(کانستراکتیویسم) و تیئۆرییەکانی کە دەڵێ دامەزراوەکان چەمکێکی کۆمەڵایەتی بنیادنراون کە بە شەیر کردنی بیرۆکەکان دیاری دەکرێن. لە کۆتاییدا بەو بیرۆکەیە کۆتایی دێت کە دامەزراوەکان رۆڵێکی گرینگ دەگێڕن لە سیستمی نێودەوڵەتیدا.
لە لایەکی دیکەوە، نیهادگەرایی نئولیبراڵ شانازی بە وێرژێنی کانتی سیستمی نێودەوڵەتی دەکات. لە حاڵێکدا هەوڵی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوئاهەنگ کردنی کرداری دەوڵەتان و هارمۆنیزە کردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تادێت بەرانبەر ئەم مۆدێلە یوتیوپیاییە زیاتر خۆی دەگونجێنێ. هەرچەند ڕووبەڕوی ئاستەنگی زۆر دەبێتەوە کاتێک وڵاتانی ئەندام پاڵپێوەدەنێ پرەنسیپە گشتیەکان و دیدگای ئەو پەیڕەو بکەن. هەروەها باس لەوەش دەکرێ کە نەتەو ە یەکگرتووەکان بۆ درێژەی دێکۆلۆنیالیزەیشن، مافی مرۆڤ، پاراستنی ژینگە و یاسایی نێودەوڵەتی ئەساسی و جەوهەری بووە. نەهادگەرایی نیولیبراڵ جەخت لەسەر گرینگی کاری نەتەوە یەکگرتووەکان لە گەڵ دامەزراوە ناوچەییەکان دەکاتەوە لە بەر ئەوەی دەبنە بەشێکی زەروری لە پێشبینی پرۆسەی دیپلۆماسی نێودەوڵەتی› کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر خۆی بەرەو کاری هاوبەشی دامەزراوە ناوچەییەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان ئاراستە دەکات. (Cassese: 2005: 338)
ئەمە دەکرێت لە پەیوەندییەکانی ئەم دواییانەی نێوان نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە ناوچەییەکان وەکوو رێکخراوی دەوڵەتانی ئامریکا (OAS) یان رێکخراوی یەکێتی ئەفریقا (AU) ، یەکێتی ئوروپا (EU) ، یەکێتی عەرەب و کۆمەڵگەی گەلانی باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیا (ASEAN). بە شێوەی بەرفراوان لە لایەن تێئوریسیەنەکانەوە وا دادەندرێ کە شکستی نیوریالیسم دەگەرێتەوە بۆ زاتی رێکخراوەکان، هەروەها پەیوەندییە نێودەوڵەتییە ئێلێکترۆنیکیەکان. ISSN 2053-8626 Page ¼
ڕۆڵی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سیاسەتی جیهانی
سۆفی کرۆکێت
باوەڕ بکەن کە ئەو رێکخراوانە توانای سەرلەنوێ پێناسە کردنەوەی هەڵسوکەوتی وڵاتانیان هەیە. ئەمەش لە ئیستدلالەکاندا زۆرتر باسی لێوە دەکرێت کە چۆن رێکخراوەکان کاریگەری دادەنێنە سەر دەوڵەتان لە دوو رێگەی دروستکردنی هاندانێکی بەهێز یان لە هەمان کاتدا پێشگرتنێکی بەهێز وەکوو گەمارۆی ئابوری. زانایانی ئەو تێئۆرییە پێیان وایە کە کاتێک هاوکاری نێوان دەوڵەتان بە دامەزراوەیی کرا، دەوڵەتان لە ترسی ئەوەی نازان چی لەوانەیە ڕووبدات لە هاتنە دەر لێی دوو دڵن. (Navari: 2009: 39)
ئەوە بۆ ئەندامانی یەکێتی ئوروپا بە تایبەتی ڕاستە، چونکە کاتێک دەوڵەتان دەچنە ناو ئەندامیەتێکی فەرمی زۆربەی کات وازی لێناهێنن. دامەزراوەکان بە پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان دەوڵەتان و پێدانی ئەم مەکۆیەیان بۆ مشتومڕ، یارمەتی دروستکردنی هاوپەیمانێتیە گرینگەکان دەدەن، و بە ڕێبازە دۆستانەکەیان یارمەتی وڵاتانی لاواز دەدەن لە گەیشتن بە ستراتیژی پەیوەندی. لێرەوە دەوڵەتان هەست بە قبوڵکران دەکەن لە ژینگەیەکدا کە پێشتر ژینگەیەکی نێودەوڵەتی دوژمنکارانە بوو. (Nye and Keohane: 1989:
36).
مرۆڤ بە بیرکردنەوە لەم بابەتە، دەتوانێت بە ئاسانی بابەتێک لە بەرژەوەندی دامەزراوەکاندا بێنێتە ئاراوە، بەڵام وا ژیرانەیە کە نەکەوینە گشتاندنی سەرکەوتنە رێژەییەکانی سیستمی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەبەر ئەوەی شیکارییەکی ئەزموونی وردی پێویستە پێش ئەوەی لێدوانێکی گشتگیر بکرێت. هەروەها گرنگە تا دەتوانین دیاری بکەین سەرکەوتن و شکست بە چی دەوترێت لە رێگەی جۆراوجۆرەوە هەڵسوکەوت لە گەڵ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن چ وەک کۆڕێکی نێودەوڵەتی یان چ وەک هێزێکی پۆلیسی جیهانی. و بەدەر لەوەی کامیان هەڵدەبژێری هەردووکی دەتوانێ عەیب و قازانجی خۆی هەبێ. هەر بەو هۆکارەیە کە ڕێبازی دامەزراوەگەرایی نیولیبراڵ چەواشەکارانەیە ئەگەرچی بەشێک لە خاڵە لاوازەکانیان باس دەکات بەڵام وانییە کە لێکدانەوەیەکی رەخنەگرانەی پێویست بکات لە پێشمەرج و کردارەکانی یان نەبوونی ئەو ڕێکخراوانە. لە ئاکامدا ڕۆڵی دامەزراوەکان زۆرتر دەبێتە ڕۆڵێکی ئیدئۆلۆژیک یان نۆرماتیڤتر کە تێیدا بەها و پرەنسیپە لیبراڵەکانی خۆیان دەخەنە ناو سیاسەتی وڵاتانی ئەندامەوە.
لە بەرانبەردا، بونیادگەرایی ئاسایی هەردووک نیوڕیاڵیزم و نیولیبراڵیزمی دامەزراوەیی تەحەدا دەکات بە بانگەشەیی ئەوەی ئانارشی لە سیستمی دەوڵەتدا سروشتی نییە، وەک ئەوەی نیوڕێئالیستەکان باسی دەکەن و نە بوونی نییە وەک ئەوەی نهادگەرایی نیولیبراڵ باسی دەکات ئەوە لە ڕاستی دا ئەوەیە کە دەوڵەتان لێی دروست دەکەن. جەخت لەوە دەکاتەوە کە دامەزراوە و پێکهاتەکان، لەناو سیستەمی نێودەوڵەتی، چەمکگەلێکی یەکتر بنیات نراون لەلایەن ئەکتەرەکانەوە کە پراکتیکی کۆمەڵایەتی بەکاردەهێنن بۆ پێناسەکردنی… ‹کایەی نێودەوڵەتی.› تیۆرییەکانی پێشوو، نیوریالیزم و نەهادگەرایی نیولیبراڵ، بیرۆکەکە بە شتێکی ئاسایی دەزانن کە دەسەڵاتی ئابووری و سەربازی سەرچاوەی سەرەکی کاریگەریین لە سیاسەتی جیهاندا. تێئۆریستە بونیادگەراکان بەرپەرچی ئەوە دەدەنەوە و پێیان وایە هێزی گوتاریش ڕۆڵێکی بنەڕەتی دەگێرێت لە تێگەیشتن لە سیستمی سیاسی جیهانی. (Hopf: 1998: 177) بونیادگەراکان لەو گریمانە نیوریالیستییە لایان داوە کە دەڵێ ئانارکی رۆڵێکی چارەنوس ساز لە هەڵسوکەوتی رێکخراوەکان دەگێڕێ. یەک لە دوای یەک گوتارێکی بە وردی وێناکراو سەبارەت بە ڕۆڵی ناسنامە و بەرژەوەندی دروست کردووە لە داڕشتنی ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان. کەواتە، ئێستا کە ئەو بانگەشەیە لەبەریەک هەڵوەشێندراوەتەوە، وادەردەکەوێت کە هەڵسوکەوتی دامەزراوەکان ناتوانرێت چیتر بە شێوەیەکی بابەتیانە لە لایەن هێزە پێوانەییەکانەوە شی بکرێتەوە لەبەر ئەوەی کارلێکە کۆمەڵایەتییەکان مانای جیاواز بە بیرۆکە، ئەکتەر و ئۆبژەکان دەدەن. هەر لەبەر ئەم هۆکارە مۆدێلی تێئۆری دەیسەلمێنێت کە ئەم کارلێکانە دەتوانن کاریگەریان لە سەر بڕیارە بە کۆمەڵەکان لە چوارچێوەیەکی جیهانیدا هەبێت. (Deitelhoff: 2009: 35) تێئۆری ئانارکی و سیاسەتی دەسهەڵات لە بنەڕەتدا کەمڕەنگ بووەتەوە و بە گوێرەی بونیادگەرای دیار ئەلێکساندر وێندیت» ئەگەر ئەمڕۆ خۆمان لە جیهانێکی پشت بە خۆ بەستوو ببینینەوە» ئەوە بە هۆی پرۆسەیەکە نە پێکهاتە. لە ئانارکیدا هیچ لۆژیکێکی سروشتی نییە تەنیا لە رێگەی ئەو کردارانەوە نەبێت کە پێکهاتەیەکی تایبەتی شوناس و بەرژەوەندییەکان دروست دەکەن. ئەم پێکهاتە بە شێوەیەکی سەربەخۆ بوونی نییە، بەڵکوو لە ڕێگەی پڕۆسەی بەردەوامەوە دروست دەبێت و بەهێز دەکرێت. (Wendt: 1992: 394) بە ڕوونی، زۆربەی ئەو پێداگرییانەی ئێئۆری بونیادگەرایی دەیکات نە لەسەر سەرکەوتنەکان و باشتر بوونی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانە بەڵکوو زیاتر لە سەر خستنە ژێر پرسیاری گریمانە سەرەکییەکانی نیئۆلیبرالیزم و نیئولیبراڵیزمی دامەزراوەگەراییە و لە روانگە ماتریالیستیەکانی ئەو تێئۆرییە دوور دەبێتەوە. تیئۆری بونیادگەرایی سەرنج دەخاتە سەر یاریی نێوان پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان و دەزگای تاکەکەسی، لەوانەش چۆن دەوڵەت و دامەزراوەکان بەرژەوەندییەکانیان بنیات دەنێن. به پێی ئەم تیئۆرییە ڕێکخراوه نێودەوڵەتییەکان ڕۆڵیان هەیه له پێشخستن و پاراستنی بەها و ئایدیۆلۆژییه دامەزراوەیەکانیان له ناو دەوڵەتدا، به پێی ئەو تیئۆریانه کاریگەریەکان کاریگەرییان له سه ڕ هەڵسوکەوتیان هەیه .
فاکتەرێکی سەرەنجراکێشی دیکە کە پێویستە لە بەرچاو بگیرێت وێنا کردنی سکرتێری گشتییە (SG)لە ناو نەتەوەیەکگرتووەکاندا.
ڕۆڵی سەرەتایی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ڕۆڵێکی کارگێڕی و سەرۆکایەتی هەموو بابەتە ئیدارییەکان لە ناو رێکخراوەکەدا بوو بڕیارێکی سیاسی بوو، چونکە گەلان وریا بوون لە گواستنەوەی چەمکی حوکمڕانی جیهانی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەڵام لە نێوان زانایان و ئینتێرناسیۆنالیستەکان مشتومڕێکی زۆری لەسەرە کە گۆڕانی ڕۆڵ و ئەرکەکانی ‹سەرۆک›ی نەتەوە یەکگرتووەکان نیشاندەری گۆڕانکارییەکی ڕەمزیە بۆ سیستەمی نێودەوڵەتی. ئەمەش بە تایبەتی لە سەردەمی کوفی عەنان بەدیکرا، کاتێک بەرپرسیاریەتی سکرتێری گشتی بۆ ڕەهەندی پێشبینی نەکراو پەرەی سەندبوو، کە تا ڕادەیەکی زۆر لە لایەن ئامریکاوە دژایەتی دەکرا. (Traub: 2007: 197) زۆر جار سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک نمونەیەکی دیاری بەرپرسیاریەتی بە بێ دەسەڵات سەیر دەکرێت. بابەتێک کە هەمیشە بەتەواوی دەرکی پێناکرێت. بەرپرسی گشتی بێبەریە لە ماف ، ئەرک و سەرچاوەی سەروەری و ئەوەش نیشاندەری رەنگدانەوەی خودی رێکخراوەکەیە. ئەو مۆڵەتەی لە لایەن دەوڵەتانی ئەندام بۆ نێوەندگیری، کۆکردنەوەی نەتەوەکان، دروستکردنی هۆشیاری بۆ پرسە دیارەکان، دراوە دەتوانرێ بۆ باقی رێکخراوەکانی سەر بە دامەزراوەکە تەعمیم بدرێت. زیاد بوونی دەسهەڵاتی بەرپرسی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بابەتی جێگەی نیگەرانی گەورەیە لە نێوان یاریزانە سەرەکیەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئەوەش لە بنەڕەتدا ئەوە نیشان دەدات کە دەوڵەتان، لە ڕاستیدا ناڕۆن بەرەوە حکومەتێکی جیهانی و نەتەوە یەکگرتووەکانیش وەک دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی ئەوەیە هەوڵ بۆ پێشخستنی دیالۆگ و گفت و گۆ لە چوارچێوەیەکی فرەلایەندایە بدات نە دەستێوەردان لە سەروەری وڵاتانی دیکەدا. نمونەیەکی ئەوە لە ڕاپۆرتی هەزارەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بوو کە دڵنیایی بە وڵاتانی ئەندام دەدات کە سکرتاریەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بە تەواوی وڵامدەرەوەیە لە ئاستی ئەواندا. لە راپۆرتەکەدا جەخت لە سەر پابەندبوونی رێکخراوەکە بە بنەما دامەزراوەییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک رێکخراوێک کە بریتین لە خزمەتکردنی وڵاتانی ئەندام و دانیشتوانیان دەکاتەوە. . (Annan: 2000: 73) لەبەر ڕۆشنایی ئەمەش، ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەیە کە وەک رێخۆشکەرێک بۆ کردەوەی هاوبەشی نێوان وڵاتانی ئەندام و ئەکتەرە بێدەوڵەتەکان کار بکات.
لە کۆتاییدا ئەو توێژینەوەیە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ڕۆڵی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سیاسەتی جیهانیدا بەندە بە چوارچێوەی تێئۆری بەکارهێنراو و چۆنیەتی لێکدانەوەی سیستمی دامەزراوەیی. لە روانگەی نیئوریاڵیستەکان، دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان هەمیشە ناکارامەن و ناکارامەش دەمێنن لەبەر ئەوەی توانایی گۆڕینی سیتمی ئانارکی نێودەوڵەتییان نییە. نیئۆلیبراڵە نەهادگەراکان پێچەوانەی ئەوە باس دەکەن، لەبەر ئەوەی پێیان وایە دامەزراوەکان کاریگەری بەرچاویان هەیە لە سەر هەڵسوکەوتی دەوڵەتان. ئەوان پێیان وایە کە دامەزراوەکان هاندەرێکی بەهێزن بۆ هاوکاری نێوان دەوڵەتان و لەهەمانکاتدا هەندێک هەڵسوکەوت بە هۆکارە بەرگریکارەکان کۆنترۆڵ دەکەن وەک ئەوەی لە حاڵەتەکانی چەکی ئەتۆمیدا دەبیندرێت. لە لایەکی دیکەوە بونیادگەراکان گریمانە سەرەکیەکانی تێئۆریەکانی دیکە دەخنە ژێرپرسیار و تیشک دەخەنە سەر گرنگی کاریگەری دوو لایەنە لە نێوان پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان و دەزگای تاکەکەسی لە داڕشتنی هەڵسوکەوتی دەوڵەتدا هەر وەک بنیاتنانی بەرژەوەندی وڵاتان و دامەزراوەکان. ئەو بابەتە بە شوێن ئەو ئیستدلالەوەیە کە پێویستە سیستمی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک مەکۆیەک بۆ کۆبوونەوەی گەلان و مامەڵە کردن لە گەڵ ئەو پرسانەی بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جێگەی نیگەرانین. ئەمەش ئامانجی سەرەکی نەتەوەیە یەکگرتووەکان بوو لە ساڵی ١٩٤٥ەوە، هەر بەو هۆکارەیە هەوڵ بۆ پەرەپێدانی بوون بە هێزێکی حکومەتی کاریگەر زۆر ناواقعی و لاواز بوو. هەر ئەوجۆرەی یاریدەدەری سکرتێری گشتی پێشوو باسی لەوە کردووە کە «وەکوو ئەکتەرێک، کەم شت هەن کە ئێمە دەتوانین بیکەین و زۆربەی کات ئەوانەی ئێمە تۆمەتبار دەکەن هەر ئەوانەن کە توانایی کارکردن لە ئێمە دەستێنن. .» (Weiss: 2008: 8) هەر بەو هۆکارە رەنگە لە بری ئەوەی سەرەنجمان لە سەر شکستەکان یان چاکسازییەک لە ناو نەتەوە یەکگرتووەکان دا بێت. پێویستە سەرەنجمان لە سەر ئەو سیفەت و فەزیلەتانە بێت کە بۆ هاوئاهەنگ کردنی گفت و گۆکان و پەرەپێدانی ئامانجی هاوبەش بۆ دەوڵەتان وەک ناوەندێکی کاریگەر کار دەکات. بە جێگەی کەمکردنەوەی چارەسەرەکان بۆ کێشە ساختارییەکان و بەربڵاوکردنی هەوڵەکان بۆ بەشداری دەبێت بەشوێن پێسخستنی نەتەوە یەکگرتووەکان وەکوو مەکۆی سەرەکی بۆ دیالۆگ و دیپلۆماسی بین کە لە سەرەتاشەوە هەر ئەوە رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە.