لە سەردەمی کۆنەوە دەرکردنی سزای مەرگ بۆ مرۆڤ، بە بڕیاری مرۆڤ و بەهۆی تاوانێکی تایبەت، لە کاتی شەڕ یان ئاشتی و، بەپێی هەلومەرجی شوێن و زەمەنی کۆمەڵگەکان بوونی بووە. ئەم سزایە لە کەلتورە جیاوازەکان و بە شێوەگەلی جۆراوجۆر وەک سووتاندن، بەردباران، بەخاچ کێشان، گیۆتین، تیرباران، لەسێدارەدان و هتد بەڕێوەچووە. سەردەمێک بە پێی بڕیاری سەرۆکانی قەبیلە و پاشا و حاکمان، سەردەمێک بە ناوی ئایین و دابونەریت، سەردەمێکیش وەک سزایەکی دابینکراو و پەسەندکراو لە چوارچێوەی یاسا و دەزگای دادی وڵاتان هەندێکجاریش وەک سزای مەرگێک ئاوێتە بە هەر سێ ڕوانگەکە. ئەم سزایە لە لەلایان حەمورابی و لە سەدەی هەژدەی پێش زاییندا وەک یاسا دانراوە، دواتر گشتگیر بووە، لە نیوەی دووهەمی سەدەی هەژدەی زایینی هەوڵەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەستپێدەکا و ئەمڕۆکە لەنزیکەی ٢٠ لەسەدی وڵاتانی جیهان جێبەجێ دەکرێت. سێدارە یەکێک لە شێوازەکانی جێبەجێکردنی سزای مەرگەو لێرەدا ئەم دوو دەستەواژەیە هاوتای یەکتر هاتووە.
سزای مەرگ بە واتای دەرکردن و جێبەجێکردنی حوکمی کوشتنی بە ئەنقەست و پێشوەختەیە بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانێکی قورس و گران کە لە لایەن تاک یا گروپ یان لە پرۆسەیەکی بەناو یاسایی بەڕێوەدەچێت. لە هەندێ کۆمەڵگەی ئایینی بە پاساوی حوکمی شەرع و لە هەندێک کۆمەڵگای عەشیرەیی، بۆ پێش گرتن لە تۆڵەی خوێن بە خوێن، لە هەندێکیش وەک کەرەستەی سەرکوت و ئامرازی ڕاگرتنی دەسەڵات. بەگشتیی بە مەبەستی جۆراوجۆر وەک سڕینەوەی ناپاکی، چاکسازی ئەخلاقی، چاوترسێنکردنی خەڵک و ڕێگریکردن لە دووپاتبوونەوەی تاوان، تۆڵە یان قەرەبووکردنەوە، دابینکردنی نەزم و ئاسایشی گشتیی و پاساوی لەم چەشنە دەسەپێندرێت بەڵام لەسەر ڕەوابوون و کاریگەربوونی گومانی جیددی هەیە. بەڵام فەلسەفەی سزای مەرگ چییە و بۆچی دەسەڵاتەکان پەنای بۆ دەبەن؟
لایەنگرانی ئەم سزایە لەو بڕوایەدان، پێویستە تاوانبار تێچووی تاوانەکەی بدات و ئاستی سزا لەگەڵ تاوانەکەی گونجاو بێت، بۆ نمونە تێچووی تاوانی کوشتنی کەسێک، سزایەکی هاوشێوەیە. پێویستە زیانی تاوانلێکراو قەرەبوو بکرێتەوەو خەسارلێکەوتووان سوکناییان بێت و، خەڵکانی دیکەش لە ترسی سزاکە خۆ لە تاوانی هاوشێوە بپارێزن. لە بەرامبەردا دژبەرانی سزای مەرگ، دژەمرۆڤبوونی سزاکە، ناڕوونی پێناسەی تاوان، مێکانیزمی دیاریکردنی تاوان و تاوانبار و پرۆسەی دادوەری، ڕۆیشتنە نێو بازنەی ڕق و تۆڵە و توندوتیژی هەروەها سەلمێندراونەبوونی کارتێکەری لەسەر دووپاتنەبوونەوەی تاوان وەک ئارگۆمێنتی ئەم دژایەتییە ناو دەبەن. روانگەی تۆڵەتەوەری (Retributivism) لەسەر قەرەبوو و تۆڵەسەندنەوە تەرکیز دەکا و سزای مەرگ بەبۆنەی وەرگرتنەوەی مافێکی زەوتکراو بە ڕەوا دەزانێت، بەپێی باوەڕی قازانجگەراکان(utilitarians)، گرنگترین ئەرکی سزا ڕێگرییە، ئەوەی سزا دەدرێت تەنیا تاوانی کاری پێشووی خۆی دەداتەوە بەڵام داهاتوو بێ کۆتاییە، تاوانی تاوانبار داوێنی خۆی دەگرێتەوە بەڵام تاوانی هاوشێوە دەتوانێ داوێنی هەمووان بگرێتەوە. ڕخنەگران لەوبڕوایەدان ئەم تێڕوانینە لەجیاتی پێشگرتن لە خەساری داهاتوو، ڕووی لە قەرەبووی پێشووەو دەرفەتی چاکسازی لەناو دەبا هاوکات بەپێی گریمانەیەک، پێشوەختە سزای ئەو تاوانانە دەدات کە ڕووی نەداوە. دەرئەنجامگەرایان(Consequentialism) لەجیاتی ئەخلاقی بوونی نەفسی کردەوەکە، کاردانەوەی سزا زەق دەکەنەوە و دەبێژن بە مەرجی ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی تاوان خێری گشتیی بەدواوەیە و ڕەوایە، چونکە مرۆڤ بۆنەوەرێکی بیرمەندەو بەپێی هەڵبژاردەی لۆژیکی، پێش لە ئەنجامی تاوان بیر لە قازانج-تێچوو دەکاتەوە بەڵام ڕخنەگران دیاریکردنی قەبارەی خێری گشتیی بە دژوار دەزانن، لەسەر ڕێگریکردنەکەی گومانیان هەیە و لەو قەناعەتەن جیاواز لە کاردانەوەکان، بەهای گەوهەریی ژیان لە ئەولەویەتدایە. لە ڕوانگەی ئەخلاقی ئەرکدارەوە (Deontology) ئەم سزایە کاتێک پاساوهەڵگرە لەسەر بنەما و یاسایەکی ئەخلاقی هەمەگیر بێت و بەپێی ئەسڵی عەداڵەت و وەڵامدەربوونی تاک لەهەمبەر کردەوەیدا بەڕێوەبچێت بەڵام ڕخنەگران دەڵێن، پێوەرەکانی ئەخلاق ڕێژەیین، دڵنیابوون لە ڕەوتی دادپەروەری ئەستەمەو پاراستنی بەهای گەوهەریی ژیان، لەسەرووی هەموو یاسایەکی گرێبەستیی و ڕێڕەوێکی ئەخلاقییە.
سزای مەرگ لە بنەڕەتی خۆیدا بەپێچەوانەی بنەما و بەها مرۆییەکان و جاڕنامەی مافی مرۆڤە کە مافی سەرەتایی و سروشتیی ژیان بۆ هەموو تاکێک بەفەرمی دەناسێت و جەخت دەکاتەوە کە قابیلی زەوتکردن و لێسەندنەوە نییە، هەموو کات ئەگەری هەیە بێ گوناحێک ببێتە قوربانی، کەوابوو لە ناوەڕۆکدا دژە ئینسانییە. ئەم سزایە لەلایان ناوەندی دەسەڵاتدار و لە ئاستێکی نابەرابەردا دەسەپێندرێت، ناتوانێت کردەوەیەکی جیهانگیر و گشتگیر بێت، توندوتیژی بەرهەم دەهێنێ کاردانەوە و کارتێکەری نەرێنی هەیە، کەرامەتی مرۆڤ دەشکێنێ و مرۆڤ وەک ئامراز ڕەچاو دەکا، سزای مەرگ واتا کۆتا ڕێگەو ناتوانێ باشترین هەڵبژاردەی بەختەوەری و کامەرانی مرۆڤ بێت، کەوابوو ئەخلاقی نییە. مافی ژیان مافێکی سروشتییەو وەک بناغەیەک بۆ یاسای سروشتیی دێتە هەژمار، یاسای سروشتیی بنەمایەکی گشتیی و بنەڕەتیی و نەگۆڕەو کە لەسەرووی ماف و یاسای دەستکرد و فۆرماسیۆنە کۆمەڵایەتییەکان جێگیر دەبێت، کەوابوو لە سونگەی یاسای سروشتیشەوە نا یاساییە. هەروا کە جەوهەری عەداڵەت چەندڕەهەندی و نایابەو عەداڵەتی ڕەوییەیی و جێبەجێکار پێوستی بە هزر و هێزی دادوەری، ئاگایی و زانیاری تەواوە. ئەم چەمکانە پوختە(انتزاعی) و ئاسمانی و موتڵەق نین، ڕێژەیین و لە چوارچێوەی کارلێکی ئینسانی – هەلومەرجی تایبەتی تاوان، تاوانکار و تاوانلێکراو و دادوەری- و لە ڕەوتێکی مێژوویی-شوێنی مانا دەگرن. هەموو لایەنەکانی هەقیقەت ڕوون نییە، سێدارە کۆتایی بە گەڕان بەدوای هەقیقەتدا دێنێت. هیچ مەعریفەو زانیارییەک تەواو نییە، لەپاڵ ئەوەی هەڵەی مرۆیی و دادوەری، گریمانە و گۆڕاوێکی(متغیر) بەهێزەو هەموو کاتێک ئەگەری هەیە ناعەداڵەتییەک ڕووبدات، کەوابوو ئەم سزایە لەگەڵ عەداڵەتیش یەکانگیر نییە. بۆیە ئێستا بەجێگەی عەداڵەتی تۆڵە-تەوەر باس لە عەداڵەتی چاککەرەوە (ترمیمی Restorative) دەکرێت، لەم ڕوانگەوە کرداری مرۆڤ لە دۆخ و پێشینەیەوە سەرچاوە دەگرێت و بە دەستنیشانکردنی هۆکارەکان و لەناوبردنی سەرچاوەکان، دەتواندرێت پیشەیەک جگە لە تاوان بۆ تاوانکار بدۆزرێتەوە. لە زۆر وڵاتدا سزای بەندیخانەی هەتاهەتایی لەجیاتی سزای مەرگ دانراوە کە هەم مرۆڤانەترە، هەم مەجاڵی پەشیمانی و چاکسازی و سەرلەنوێ پەروەردەبوونەوەی تێدایە هەمیش لەئەگەری هەر هەڵەیەک، ئیمکانی قەرەبووی هەیە. بۆ نمونە زۆرن ئەو کەسانەی لەدوای ساڵانێکی زۆر بێتاوان دەردەچن و ئازاد دەکرێن.
سزای مەرگ بە پێی بڕیاری تاک یان کۆمەڵێک دەردەکرێت. لەم کاتەدا دەبێتە ئامرازێکی سەلیقەیی-عەقیدەیی و بە پاساوی بەرێوەبردنی عەداڵەت ڕەوایی پەیدا دەکا. سەلیقەیەک کە دەتوانێ تاکەکسی و جیاواز بێت، عەقیدە و باوەڕێک کە دەتوانێ تایبەت بە گروپێک بێت و، تاوانێک کە بەپێی کەلتور و نۆرمەکانی هەر کۆمەڵگەیەک، پێناسە و ئاست و قورساییەکەی جیاوازە. بۆ نموونە پەیوەندی سێکسی لە هەندێک کەلتور دەچێتە خانەی ئازادیی تاکەکەسی و جەستەییەوە بەڵام لە هەندێک وڵات وەک تاوانێکی قورس هەژمار دەکرێت. ئەم سزایە کاتێک سامناک دەبێتەوە کە بە یارمەتی یاساوڕێساکانی ئایین و حکومەت، ڕێگەی بۆ هەموار دەکرێت، وەک بەشێک لە سیستەم، دامەزراوە و دامودەزگای تایبەتی بۆ ڕێکدەخرێت. لەم کاتەدا ئەگەری زۆرە بەشێوەیەکی رێکخراوەیی و ماشێنی نەک تەنیا بە بیانووی چەسپاندنی عەداڵەت، بەڵکو وەک ئامرازێکی ڕەها و ڕەوا و ئاسایی بەمەبەستی سەرکوت، سڕینەوە و تۆقاندن بەڕێوەبچێت. لێرەدا تەنانەت بیانوو، تۆمەت و بوختان و گریمانەش دەتوانێ ببێتە هۆی سەندنەوەی مافی سروشتیی ژیان.
بەپێی لێکۆڵینەوەکان لەنێوان وڵاتانی دیکتاتۆری لە شێوەی ئێران و سزای مەرگ پەیوەندییەکی مانادار هەیە. جۆری حکومەت و کاریگەری دامودەزگاکانی لەسەر ڕای گشتیی و پێوەرە کۆمەڵایەتی و کەلتورییەکان، وێژمانی مەرگ تۆختر دەکا. ئەگەرچی لە هەندێک لە ولایەتەکانی ئەمریکا و وڵاتێک وەک ژاپۆنیش سزای مەرگ یاساییە بەڵام لە وڵاتانی دیکتاتۆردا وەکوو ئامرازێک بۆ ڕاگرتنی دەسەڵات، سەرکوتی بەرهەڵستکار و تۆقاندنی کۆمەڵگەو دەمکوتکردنی چالاکانی سیاسی و مافی مرۆڤ، ڕۆژنامەوانان و دژ بە هەموو ئەو کەسانەی بەکار دەهێندرێت کە ناڕازی بن یان وەک مەترسیەکی (بالقوە) بۆ دەسەڵات بێنە ئەژمار. وڵاتانی دێمۆکراتیک ڕەوایی لە کۆمەڵگە وەردەگرن و وڵامدەری ئاسایش و گوزەرانی خەڵکن و بۆ مانەوە پێویستیان بە ئەشکەنجە و کوشتن و تۆقاندن نییە. بەپێچەوانە، دیکتاتۆرەکان بەهۆی نەبوونی شەفافیەت و وەڵامدەرنەبوون و، ئەوەیکە ئاسۆ و ئامانجیان لەگەڵ خواستی گشتیی نایەتەوە، ناچار دەبن بەمەبەستی بێدەنگ کردن و پابەندکردنی خەڵک ڕوو لە توندوتیژی بکەن. مەبەستی دیکەیان پیشاندانی هێز و ئیرادەی سەرکوتە تاکوو پێش بە سەرهەڵدانی هەر جووڵە و بزووتنەوەیەک بگرن.
کۆماری ئیسلامی بەپێی ڕێژەی دانیشتووانی، زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدانی لە جیهاندا بۆ خۆی تۆمار کردوە. مەجلیس و یاسا مێکانیزمەکەی بۆ بە فەرمی دەناسێنێت، دەزگای داد سزاکە دەردەکا و دامودەزگا دەوڵەتییەکەیان جێبەجێی دەکەن. واتە هەموو لایەنەکانی دەسەڵات هاوکار و یەکانگیر و تەواوکەری یەکترن بۆ کوشتنی سیستەماتیکی تاک و کۆی کۆمەڵگا. سێدارە بووەتە کەرستەیەکی حکومی بۆ سەرکوت و تۆقاندن و دەستەمۆکردن و ڕێگری لە ناڕەزایەتی دەربڕین. سەپاندنی سزای مەرگ لە ئێران بەرهەم و ئاوێتەیەکە لە دیکتاتۆری و تۆتالیتاریزم، شەریعەت و ئیسلامی سیاسی کە وەک چەکێک بۆ کۆمەڵکوژیی ڕێکخراوەیی و بەدژی کۆمەڵگە بەکار دەهێندرێت. لە ڕژیمی دیکتاتۆردا هێزی سەرکوت دەوری سەرەکی دەگێڕێت و یاساکان لەپێناو ئەم سەرکوتەدا هەموار دەکرێن بەڵام لە سیستەمی تۆتالیتێر، سەرکوت لەسەرووی یاساوە نەک تەنیا بەدژی کردەوەکان بەڵکو تەنانەت لەدژی مێشک و هزرەکانیش بەکاردەبرێت. یاساوڕێسای هەڵقوڵاو لە بیرۆکەی ئایینی و شەریعەت وەک فەرمان و پیرۆزییەکی ئاسمانی لەگەڵ بنەما و بەها زەوینی، مرۆیی و ئەمڕۆییەکان ناتەبایە. کۆی ئەم مێنتاڵیتە، جیاواز لەوەی بازنەیەکی بەرفراوان و بەرین وەک تاوانی قورسی شیاوی سێدارە ناودێر دەکا، هەرجۆرە چالاکی و جیاوازییەکی سیاسی و هزری و باوەڕی بە گوناحی کەبیرە و تاوانی قورس دەناسێنێت. لەلایەکەوە یاسای دادپەروەرانەو دەزگای دادی سەربەخۆ و ڕەوتی دادوەری عادڵانەو هەموو مافە سەرەتاییەکان قەدەغە دەکا، لەلایەکی دیکەوە بێسەروشوێنکردن، ئەشکەنجە، دۆسیەی سازکراو، تۆمەتی ساختە و دانپێدانانی زۆرەملێ دەکا بە نەریت. سەرەتا عەداڵەت و داد لەدار دەدات، دواتر قوربانییە مرۆییەکانی. کۆتا وێستگەی ئەم شەمەندەفەری تاوانە، چوارپایە و تەنافی سێدارەیە وەک شێوازی مەرگێکی بە ئازار کە دروستکردنی دڵەڕاوکێ و تۆقاندن لە تایبەتمەندییەکانیەتی. جیا لە گوشاری دەروونی لەسەر کەسوکار، تاک بۆ ماوەیەکی زۆر لەژێر ئەشکەنجە و بەنددایە، فەرمانی مەرگی بۆ دەردەچێت و تا کاتی مردن لە چاوەڕوانی مەرگدا دەمێنێتەوە.
بە پێی لێکۆڵینەوەکانی ڕێیچێر (Reicher, Dieter. 2003)، دەوڵەتان زیاتر لە کاتێکدا ڕوو دەکەنە سەپاندنی سزای مەرگ کە هەست بە مەترسی دەکەن و یەکێک لە سەرچاوەکانی ئەم مەترسییە کۆمەڵایەتییە، جیاوازی ڕەگەزی(نیژادی)، ئیتنیکی و زمانییە.[1] بە پشتبەستن بە ڕاستییە زەینی و عەینییەکان، کۆمەڵگەی ئێران لە ڕووی نەتەوەیی، ئایینی، کەلتوری و باوەڕی، فرەڕەنگ و فرەچەشنە و هەموو هەوڵەکانی پتر لە سەدساڵەی ڕابردوو بۆ پێکەوەگرێدان و یەکدەستکردنەوەیان، چ لە قەبارەی یەک نەتەوە چ لە پێکهاتەی یەک ئوممەت شکەستی خواردوە. لە ئێستادا هیچ گرێبەست و ئەڵقەیەکی لۆژیکی و بەرژەوەندتەوەر بۆ ڕاگرتنی یەکێتی و یەکڕیزی و پێکەوەژیانێکی خوازراو لە کۆمەڵگە بەدی ناکرێت. لە باری ئابوورییەوە جگە لە گەشەی ناهاوسەنگی ناوچەیی، کەلێنێکی قووڵی چینایەتی پێکهاتووە و ڕێژەی بێکاری و هەژاری لە لووتکەدایە. سیاسەتی بەرتەسک و خۆسەپێنەری ناوەند، جگە لە تاقمێکی خۆیی، هەموو کەس بە نەیار و دوژمن دەزانێت.
ئەگەر هۆکارگەلێ وەک جۆری سیستەم، ئاستی سەرەڕۆیی و پاوانخوازیی دەسەڵات، هەڵاواردن، نابەرابەری ئابووری و کۆمەڵایەتی و، هەبوونی کەمینەکان لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی تاوان و سزا بە کاریگەر بزانین، هەروەها کەڵکوەرگرتن لە ئامرازی سێدارە، لە بازنەی هەوڵێکی ڕێکخراوەیی مەبەستدار بۆ سڕینەوەی هەرجۆرە مەترسییەک لەسەر دەسەڵات، سەرکوتی بیرجیاوازان و چالاکان و دژبەران و تۆقاندنی کۆمەڵگە تاوتوێ بکەن، پەیوەندی کارەساتباری نێوان سێدارە و کورد و نەتەوەکانی دیکەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە. بەپێی ڕاپۆرتی «هێرانا»، تەنیا لە ساڵی ڕابردووی زایینیدا ٧٤٦ کەس لەسێدارە دراون و لەم ڕێژەیە ٢.٥٤ لەسەدی تۆمەتەکان سیاسی و عەقیدەتی بووە. هاوکات بەپێی ڕاپۆرتی «ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا»، ١٤١ کەس واتە نزیکەی ١٩ لەسەدی ئەم ڕێژەیە کورد بوون، بەڵام زیاتر لە ٧ لەسەدیان تۆمەتی هاوشێوەیان بووە کە نزیکەی سێ هێندەی ڕێژەی مامناوەندی گشتییە. ڕێکخراوی «هەنگاو» ئاماژە دەکا نزیکەی ٢٢ لەسەدی لەسێدارەدراوان بەلووچ بوون، واتە پشکی ٤١ لەسەدی سێدارە بە بەراوەرد لەگەڵ مەزەندەی ١٦ لەسەدی حەشیمەتی کورد و بەلووچ لە ئێران، کە دەکاتە ٢.٥ هێندەی ڕێژەی مامناوەندی. هەروەها پشتبەستوو بە ئاماری «هانا»، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ەوە تا ئێستا، ٥٥ کەس لەسێدارەدراون کە ٢٢ کەس واتە ٤٠ لەسەدیان کورد بوون. بە وتەی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی «چاودێرانی مافی مرۆڤ» لە ٢٣ی ژانوییەی ٢٠٢٤دا: سێدارەکانی ئێران کەمینە ئیتنیکییەکانی کردوتە ئامانج.
بێگومان بەهۆی ڕوانگەی ئەمنییەتی ناوەند و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ناوچە پشتگوێخراو و بێبەشەکانی وەک کوردستان و بەڵووچستان هاوکات لەگەڵ گوشار و هەڵاواردنی چەندڕەهەند، دواکەوتووهێشتنەوە و گەشەنەسەندوویی ئابووری، وەک هێزێکی پێشەنگ و کاریگەر لە مەیدانی خەباتی ڕزگاریخوازانە و دادپەروەرانەدا دەردەکەون و گەشەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی کەم وێنە ئەزموون دەکەن، ململانەیکی عەینی و کاریگەر و راستەقینە لەگەڵ دەسەڵاتی چەوسێنەر و سەرەڕۆی ناوەند بوونی هەیە. کۆماری ئیسلامی لەڕووی دەرەکییەوە هەست بە مەترسی دەکا و گیرۆدەی قەیرانێکی ناوچەیی بووە، بۆیە چەک و هاوێژ و درۆنەکانی ڕاستەوخۆ بەدژی خەڵکی سڤیل و وڵاتانی ناوچەکە وەکار کەوتووە. لە ناوخۆیشەوە بە دوای دەستپێکردنی بزووتنەوەی بەرفراوان، بەرین، قووڵ و بەردەوامی «ژن، ژیان، ئازادی» ناڕەزایەتییە جەماوەییەکانی ئەمجارە وەک هەڕەشەیەکی یەکلاکەرەوە و کاریگەر دەبینێت، هەر بۆیە ئاست و ڕێژەی بەکارهێنانی سێدارەی وەک چەکێکی ناوخۆیی -بەتایبەت لەو ناوچانەی ئامادەیی سیاسی و کۆمەڵایەتی پیویستی بۆ نارەزایەتی دەربڕین تێدایە- بەرز کردووەتەوە. حکومەت هەموو سەرچاوەکانی هێز و وەرگرتنی ڕەوایی لەدەستداوەو تەنیا هیوای مانەوەی هێزی سەرکوت و تۆقاندنە. بەرزکردنەوەی ئاستی هەوڵ و گوشارەکان بە مەبەستی ڕاوەستاندن و هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارە واتە داماڵینی یەکێک لە چەکە ناوخۆییەکانی کۆماری ئیسلامی بەڵام لەبیرمان نەچێت، سەپاندنی سزای سێدارە تەنیا یەکێک لە بوارە فرەڕەهەند و ڕێکخراوەییەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤە. هەڵپێچانی یەکجارەکی ڕژیم دەتوانێت کۆتایی بە سەردەمی سێدارەکان و هەموو سیاسەتە دژەمرۆڤانەکان بێنێت.
سەرچاوەکان:
Greenberg, David F. 2008. Siting the Death Penalty Internationally. Law & Social Inquiry, Vol. 33, No. 2 (Spring, 2008), pp. 295-343
Berns, Walter & Collaborators.1997. Death Penalty: A Philosophical and Theological Perspective, 30 J. Marshall L. Rev. pp: 463-506
Deogaonkar, Anant. 2020. The Philosophy of Death Penalty. International Journal of Criminal Justice Sciences. Vol 15, Issue 1. pp: 51-69
The Ethics Of Capital Punishment: A Philosophical Perspective.
[1] Siting the Death Penalty Internationally. p:297