موختار ئەحمەدی
کێشەو ململانێکانی ئیسرائیل لەگەڵ دونیای عەرەب لە پێناو بوون و مانەوەی خۆی تا هاتووە هەوراز و نشێوی جۆراوجۆری تێپەڕ کردووە. وڵاتانی میسر و عەرەبستان دو لە گەورە وڵاتانی عەرەب تاهاتووە پێوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردوەتەوە و سوڵحی ئیبراهیمی کە بە پێشنیاری واشنگتۆن و تێل ئاویڤ لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە هاتە گۆڕی تا رێژەیەک دەستی ئیسرائیلی واڵاکرد کە بتوانێ زیاتر پەرە بە جۆغرافیاو هێژموونی خۆی بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنێت. دیارە سوودمەندی ئەم ئاشتییە سەرەتا ئیسرائیل و دواتر عەرەبستانە چوون ئەم کەسابەتە سیاسییە لەپێناو دامەزراندنی بنکەی ئەتۆمیی عەرەبستان و بەهێزکردنی هێزی ئاسمانی و ئاوی و کۆی هێزی سەربازی عەرەبستانە ئەویش لەپێناو بەرانبەرکێ لەگەڵ تاران و پێشگرتن بە زێدەخوازیییەکانیەتی لەناوچەکە. ئەمانە لە پێناو پلان و ستراتێژەکانی ئەمریکایە لە پێناو کەمکردنەوەی هێژموونی تارانە لەناوچەکە. قەیرانی ئەتۆمی و هەوڵەکانی تاران بۆ پێکهێنانی هێزە پرۆکسییەکان لەناوچەکە وایکردووە کە رۆژاوا لەڕیگای ئیسرائیلەوە گورزی جۆراوجۆر لەتاران بوەشێنێت. کوژرانی زانا ئەتۆمییەکان، تەقاندنەوەی ناوەندە ئەتۆمییەکان، کوژرانی قاسم سلێمانی و فەرماندە پلە باڵاکانی رژیم، تەقاندنەوەی باڵوێزخانەی رژیم لە سوورییە، کوشتنی ئیسماعیل هەنییە و دواتر کوشتنی دوهەمین کارەکتەری جیهانی شێعەگەری لە ناوچەکە حەسەن نەسروڵا وایکردووە کە گورزی کاریگەر وەبەر رژیمی تاران بکەوێت و لەراستیدا ئەوانە شکستی گەورەبوون بۆ رژیم. پاش کوژرانی قاسم سڵێمانی بەرپرسانی رژیم داوای( انتقاد سخت)یان کرد و پاش کوژرانی ئیسماعیل هەنییە (وعدە صادق) و پاش نەمانی نەسروڵڵا داوای سەبری ستراتژیکیان کردوە. عەلی خامنەیی راگەیاندنێکی دا کە هەڵگری هیچ پەیامێک نەبوو، ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رژیم لە کۆنفرانسێک بۆ میدیاکان داوای لە وڵاتانی ئیسلامی کرد کە بە هانای لۆبنان و غەزەوە بچن و بەرەورووی ئیسرائیل ببنەوە. هەم لە پەیامەکەی خامنەیی و هەم وەزارەتی دەرەوە ئەوە دەگەیەنێت کە تاران نایەوێت خۆی لە شەڕ بدا یا بەواتایەکی دیکە توانای بەرپەرچدانەوەی شکستەکانی لەبەرانبەر ئیسرائیل نییە. ئاخووندەکان خۆیان خوێندوەتەوە کە ئەگەر کاردانەوەیەکیان هەبێت تووشی شکستی زیاتر و ئەگەری رووخانی دەسەڵاتیان بوونی هەیە. بێدەنگە کردنی تاران لەو شکستانە و بە هاناوە نەچوونی هێزە نیابەتییەکانی لە لۆبنان،عێراق و یەمەن لە رژیم دڵسارد دەبنەوە و هەر ئێستا وەک سەرەتایەک ئەو دڵساردییە خەریکە خۆی نیشان دەدات. بەشار ئەسەد سەرەڕای بۆردومانکردنی رۆژانەی وڵاتەکەی لە لایەن ئیسرائیلەوە کاردانەوەیەکی نەبووە ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئەگەر تاران نەبوایەت دەسەڵاتی رژیمەکەی بەرەو رووخان و چارەنووسێکی نادیار هەنگاوی دەنا. بۆچی نەتانیاهو لەم کاتەدا هەوڵەدات پلانەکانی خۆی یەک لەدوای یەک جێبەجێ بکات، یەکەم هەڵبژاردنی ئەمریکایە کە بڕیارە ٥ نوامبێر بەڕێوە بچێت هەرکام لە دیمۆکراتەکان یا کۆمارییەکان بێنە سەرکار هەر پاڵپشتی لە ئیسرائیل دەکەن بەڵام ئەم ٤٠ رۆژە کە ماوە بۆ هەڵبژاردن دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئیسرائیل کە کەڵکی لێوەربگرێت چوون جووەکان لە هەڵبژاردنی ئەمریکا هەمیشە کاریگەرییان بووەو بایدێن نایەوێت ئەو پاڵپشتییە لەدەست بدات و ئیسرائیل ئەمەی بە باشی و زیرەکی خوێندوەتەوە تا ئێستا نتانیاهوو هەرداواکارییەکی بووە لە واشنگتۆن بۆی جێبەجێکراوە. لە ناردنی بۆمبی سەنگەر شکێن و لە رۆژانی رابردویشدا بۆمبباران کردنی حوسییەکانی یەمەن بە دووریەکی زۆر و بە درێژایی ١٧٠٠ کیلۆمیتر نیشان لەوە دەدات کە ئیسرائیل دەتوانێ بە بێ نیشتنەوەی فڕۆکەکانی بۆ بەنزین تێکردن دەتوانن تا تاران و قووڵایی ئێرانیش بڕۆن، ئەمە نیشان لەوەیە کە ئەمریکا ئەم کێشەیەی بۆ نەتانیاهو چارەسەر کردووەو پەیامێکیشە بە تاران. هاوکات کەڵک وەرگرتن لە بەشێک لە ئاسمانی شاری حەمیدیە و لە دەریای سوور جۆرێک هاوکاریکردنی عەرەبستانە لەگەڵ ئیسرائیل. رژیم ئەمانەو توانا سەربازی و مووشەکییەکانی کە زۆر لاوازن بەراورد کردووەو خوێندنەوەی بۆ کردووە کە بەهیچ شێوەیەک توانای وڵامدانەوەی نییە.
تاران لە چەند خاڵێ بەهێزی ئیسرائیل دەترسێت،
یەکەم، توانای هەواڵگری،
دوهەم، توانای تەکنۆلۆژی و سەربازی،
سێهەم، پاڵپشتی ئەمریکاو وڵاتانی ئوروپایی لە ئیسرائیل.
ئەوەی تا ئێستا بەرپرسانی رژیم بە ئاشکرا ئاماژەیەن پێکردوەو لێی ترساوون توانا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیلە کە بە قەولی عەلی فەلاحیان وەزیری پێشووتری ئیتلاعاتی ئێران تا بەیتی خامنەیی نزیک بووەتەوە کە دەتوانین ئاماژە بە کاترین شەکدۆم سەرنووسەری بەشی ئینگلیسی سایتی خامنەیی و موحسن سەراوانی بەسیجی و راوێژکاری بەشی لاوانی بەیتی رێبەری کە بە تاوانی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل ئێعدامکرا سەلمێنەری ئەم راستی و نیگەرانییانەی رژیمە لە توانا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل. پاش کوشتنی فەخریزادە زیاتر لە ٣٠٠ کەس لە پلەدارە باڵاکانی دام و دەزگا ئەمنییەتییەکان لە لایەن رژیم زیندان و بەشێکیان بە بێ دەنگی ئێعدام کرد.توانا تێکنۆلۆژییەکانی ئیسرائیل بێجگە لەبواری سەربازی لە تەقاندنەوەی پەیجێرەکان، بێسیم و هەکە جۆراوجۆرەکانی بواری میدیایی، ئابووری، سەربازی و لەرۆژانی رابردوویشدا هەکی برجی راگری فڕۆکەخانەی بەیرووت لەو سەرکەوتنانەی ئیسرائیل بوون کە تاران لێی ترساوەو سیمانەی ئەوەیش دەکرێت تەقاندنەوەی هەلیکۆپتری رەئیسی بەهۆی یەک یا چەندانە لەو پەیجێرانەوە بووبێت کە رژیم تا ئێستا هیچ زانیارییەکی لەبارەی هۆکاری کەوتنە خوارەوەی هەلیکۆپتێری رەئیسی بڵاو نەکردوەتەوە. ئەم شێرە بەفرینە کە رژیمی تارانە تا هاتووە لاواز و هاوپەیمانەکانی بە تەواوی بی هێز و کراونەتە ئامانجی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل و نەیتوانیوە نە بەرەنگاریان لێبکات و نە بەرپەرچی هێرشەکانی ئیسرائیل بداتەوە. رژیمی تاران لە ناوخۆیدا تووشی چەندین کێشەی جیاواز بووەتەوە. یەکەم، کێشەی ئابوورییە دوهەم، کێشەی ناوخۆیی بازنەی دەسەڵاتە کە بە هاتنی پزشکیان و ئەو بەربەستانەی کە لەسەر رێگای دادەنرێت لە لایەن بەرەی پاوانخواز قووڵتر دەبێتەوە. سێهەم کێشەی مافە سیاسی و نەتەوەییەکانی دانیشتوانی جۆغرافیای ئێران کە لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا خۆی نواند و لە ئەگەری هەرچەشنە شەڕیک کە لەدەرەوەی سنوورەکانەوە روو لە ئێران بکات حەتمەن شکڵی ئەم وڵاتە لە پشیلەوە دەگۆڕدرێت و ئەگەر بەرەی ئۆپۆزیسیۆن بتوانێت لە سیستەمێکی فیدراڵدا خۆیان رێک بخەنۆ ئەوە دەتوانێت پێش بەو دابەشبوونە بگرێت. تاران لەبەر دوڕییانێ هەڵکەوتووە یەکەم، بەگژداچوونی ئیسرائیل یا بێ دەنگە کردن لە کوشتن و لەناوچوونی هاوپەیمان و هێزە پڕۆکسییەکانی ئەگەر ئێران هەر بە پێی ئەم سەبری ستراتژیکە بەرەو پێش بڕوات بەرەو لە ئاکامدا دەبێت تەسلیم بێت و بە تەسلیم بوونیش دەبێ هەوڵە ئەتۆمییەکانی رابگرێت و بەتەواوی پەکیان بخات و درگای ئەو ناوەندانە دابخات کە ئەمە تێچوویەکی کەمتری هەیە بۆ رژیم و لە ئاکامدا مانەوەی دەسەڵاتەکەی مسۆگەر دەکات. بەڵام ئەگەر بە پێی روانگە و سیاسەتی باڵی تووندڕەوی رژیم بەرەو پێش بچێت لەم شەڕەوە دەگلێت و تێوەگلانی راستەوخۆی رژیمیش نە نتانیاهو لێی خۆش دەبێ و نە ئەمریکایش بەڵکو چراسەوزەکانی وڵاتانی رۆژاوا بۆ لێدانی ئێران زیاتر دەبێ و ئاکامەکەشی رووخان و کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی مەلاکانە لە تاران بەڵام بە پێی لێکدانەوە و راڤەی من پێم وایە ئێران رێگای تەسلیم بوون و مانەوەی دەسەڵاتی خۆی ڕەچاو دەکات و گوێ نادات بە پرسی ئایدۆلۆژی شێعەگەری و هەموو رێبەرانی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی ناوچەکە دەکاتە قوربانی هەڕەشەکانی نەتانیاهویش بۆ گۆڕانی سیستەم و ئازادی گەلانی ئێران زیاتر دەسەڵاتداران لە تاران دەخاتە ناو شک و گومانەوە و زیاتر لەهەرکات ترسی خستوەتە ناو دڵیان و حەتمەن ئەم هەڕەشانە بە هەند وەردەگرن و بە بێ دەنگی چاوەدێری ڕەوتی رووداوەکان و لەوناوچوونی هێزە نیابەتییەکانی خۆی دەکات.