زۆربەی هەرە زۆری لێکۆڵەر و شرۆڤەکاران لە ئاڵوگۆڕەکانی سورییە، کە دەرئەنجامەکەی بوو بە ڕووخانی بنەماڵەی تاوانباری ئەسەد کە زۆرتر لە نیوسەدە حوکمرانی و هەڵاتنی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی وەک هاوپەیمان و پشتیوانە سەرەکییەکەیان، تورکییە وەک براوەی سەرەکی دەست نیشان دەکەن.
بەڵام کۆماری ئیسلامی ملکەچی ئەم ڕاستییە نابێت. خامنەیی دوو جار لە سەر ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی ناوچەکە قسەی کرد. لە هەر دوو مەجالدا هەرچەند ئاماژەی ناراستەوخۆی بە تورکییە کرد، بەڵام هەوڵیدا ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و کۆماری ئیسلامی لە لایەکی دیکە وەک دوو لایەنی کێشە و ململانیەکە دەست نیشان بکات و بڵێ ئەوە پلانی هاوبەشی ئامریکا و ئیسرائیلە کە بوو بە هۆکاری سەرەکی شکست پێهێنانی کۆماری ئیسلامی.
سەرەڕای هەر تێبینییەکی دیپلۆماتیک یان سیاسی کە لەوانەیە لە پشتی ئەم هەڵوێستە و خۆبواردن لە ناوهێنانی تورکییە بێت، یا تەنانەت ئەوەش بە بەشێک لەو مالیخولیایە لێک بدرێتەوە کە هەوڵ دەدات هۆکاری شکستەکان و کەموکۆڕییەکان لە پیلان و نەخشەی دوژمنە سەرەکییەکەی وەک ئەمریکادا ببینی، یەک بابەت حاشای لێناکرێ ئەویش قورسایی شکست و دۆڕاندن بەرامبەر هێزێکی ناوچەیی. ئەم ڕاستییە زۆر قورسترە لە دۆڕاندن بە زلهێزێکی وەک ئەمریکا و لێکەوتەی ناخۆشتری بۆ کۆماری ئیسلامی بەدوادا دێت، دۆڕاندن بە زلهێزێکی وەک ئامریکا ئەگەر وەک شکستێکیش بکەوێتە بەرچاو بەڵام سووکایەتی بە دوایدا نایە. خەڵکی نارازی بە دۆڕاندن بە دەوڵەتێکی ناوچەیی زۆرتر هەست بە لاوازی ڕژیمێک دەکەن کە تا ئێستا خۆی وەک زلهێزێکی ناوچەیی پێناسە دەکرد. ئاگا بوون بەو ڕاستییە وادەکا ڕژیم دەوری تورکییە لە ململانێ بخاتە پەراوێزەوە.
کۆماری ئیسلامی گۆڕەپانێکی دیکەشی بە تورکییە دۆڕاندووە ئەویش زڕاندنی خەونی پێکهێنانی ئیمپراتۆرییەکی شیعەیە کە لە ژێر ناوی مێحوەری مقاومەت ساڵانێکە خامنەیی خەونی پێوە دەبینێت، کاری بۆ دەکات و تێچوویەکی سەرسورهێنەری لە سەروەت و سامانی خەڵکی ئێرانی لە پێناوی سەرف کردووە. لە دوای شکستی سەفەوییە شیعەکان لە بەرانبەر عوسمانییە سونییەکان ئەوە دووەم جارە کە مێژوو بە شێوازی تراژێدیا بۆ کۆماری ئیسلامی دووپات دەبێتەوە. جاری یەکەم شکستەکەی سەفەوییەکان بەرامبەر خەلیفەی عوسمانی مێشکی شا ئیسماعیلی سەفەویی تێکدا و تووشی نەخۆشی دەروونی کرد، ئەم جارەش بڵێی رێبەری موسڵمانانی جیهان لە ژێر باری ئەم گورزە قورسە بە هەمان دەرد بروات. شکستی ئەمجارە تا ڕادەیەک قورس بووە بۆ کۆماری ئیسلامی کە هاوپەیمانە سەرەکییەکەشی واتا حەماس پیرۆزبایی لە گرووپە توندڕەوەکەی تەحریری شام کرد بە بۆنەی سەرکەوتنیان بەسەر ڕژیمی بەشار ئەسەد.
سەرەڕای ئەوەی ئەم لایەنە لە شکستی کۆماری ئیسلامی کەمتر لە لایەن شرۆڤەکارانی سیاسی لە میدیاکانی ئێران باسی لێکراوە، بەڵام بە ڕادەیەکی بەرچاو دەرخەری قووڵایی شکستێکی گەورەی هزری و ئیدئۆلۆژیکی کۆماری ئیسلامییە لە پێگەی کۆمەڵایەتییە ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ لاوازترەکەی و بەزۆری هێزە سەرکوتگەرەکانی و لە لایەکی تر لەناو ئەو گرووپانەی قەرار بوو لق و پۆیەکانی ئیمپراتۆرییەکەی و قووڵایی ستراتێژی بن کە وا ساڵانێکە سەرمایەگوزاریان لەسەر دەکات و ئەو گشتە سەروەت و سامانەی بە پای ڕژاندوون.
لایەنێکی گرینگی دیکەی پاشەکشە ئابرووبەرەکەی ڕژیم کە پێویستە باسی لێوەبکرێ، پۆچەڵ بوونەوەی سیاسەتی -ئاوڕدانەوە بەرەو ڕۆژهەڵات( نگاه به شرق) ی خامنەیییە.
کۆماری ئیسلامی لە دونیای شەری سارد دەسەڵاتی ئێرانی بە دەستەوە گرت، لە جیهانێکی دوو جەمسەری کە هەرکام لە جەمسەرەکان کەم تا زۆر دەیانتوانی باڵ بە سەر شەریکە بچووکەکانیاندا بکێشن و بیانپارێزن و هەرکام لە جەمسەرەکانیش ئەو ستاتوکۆیەیان بە ڕەسمی دەناسی و بەو شێوەیە پێکهاتەی جیۆپۆلێتیکی نێودەوڵەتی لە هاوسەنگییەکی ڕێژەییدا بوو. کاتێک کۆماری ئیسلامی سیاسەتە «نە شرقی نە غربی»یەکی خۆی بە (نگاە بە شرق) گۆڕی هێشتا لە حاڵ و هەوای پێش ڕووخانی یەکێتی سۆوییەت دا بوو. پێشهاتەکانی دوو حەفتەی ڕابردوو بێبنەمابوونی ئەو کاڵفامییەی ڕژیمی بە ئاشکرا و لە بەرچاوی هەموو دونیا خستەروو.
ڕووسییە هەر ئەوەندەی پێکرا و دواتر کردی بە منەت بە سەر ڕژیمدا کە لە هەڵات هەڵاتەکەی سورییە چوار هەزار کەس لە هێزەکانی ئێرانیشی دەربازکرد و نەیهێشت بە ئەسیری بکەونە بەردەستی خەڵک و هێزە نەیارەکانی ئەسەد. هەڵسوکەوتی ڕووسییە لە ئاست ئێران بە گشتی و بە تایبەت لە ڕووداوەکانی سورییە لە دوو سێ حەفتەی ڕابردوو ئەوەی دەرخست کە پشتبەستنی کۆماری ئیسلامی و ئاوردانەوەکەی لە خۆرهەڵات (شرق) واتە ڕووسییە و چین و چەند قوڵە دیکتاتۆری دیکە تا چ ڕادەیەک لە سەر بنچینەی وەهم،خیاڵات و تێنەگەیشتن لە هاوسەنگی کایەکەرەکانی نێونەتەوەیی دامەزراوە، بۆیەش بە تێرادیوی دەتوانین بلێین یەکێک لە سەرمایەگوزارییەکانی ڕژیم و بە تایبەت خامنەیی وەک دارێژەڕی سەرەکی ئەو سیاسەتە واتە ئاوردانەوە لە شەرق (ڕووسییە) بە تەواوی مایەپووچی لێدەرهات.
شکستە ناوچەییەکانی ڕژیم خورپەی خستۆتە دەڵی هەموو کاربەدەستانی دەسەڵات، لە لایەک هەستی تەریککەوتنەوەی کۆماری ئیسلامیی لەناو هێزەکانی دەسەڵاتدا دەرخستوە و لە لایەکی دیکەشەوە بە بێگومان دەبێتە هۆی هەڵوەرینی هێزەکانی ڕژیم.
هۆکاری سەرەکی هێرشی تێرۆریستی ساڵی ڕابردووی حەماس بۆ سەر شارۆمەندانی ئیسرائیل و پشتیوانی بێئەملاولای خامنەیی لەو کارەی حەماس لە بنەڕەتدا بە مەبەستی پێشگرتن و فەشەلکردنی پڕۆسەی ئاشتەوایی نێوان وڵاتانی عەرەبی و بە گشتی وڵاتانی موسڵمان ئەنجامدرا تا بەو جۆرە سەرلەنوێ کێشەی فەلەستین بکاتەوە خاڵی سەرەکی لە شکڵ پێدان بە هەرجۆرە پێوەندییەک لە نێوان ئەو وڵاتانە لە گەڵ ئیسرائیل. تەنانەت لە سەرەتاوە وادەردەکەوت کە لەم ئامانجەدا حەماس و کۆماری ئیسلامی سەرەڕای زەرەر و زیانێکی قورسی مرۆڤی و ماددی، سەرکەوتنیان بە دەست هێناوە، بەڵام سەرکەوتنەکانی ئیسرائیل لەم شەرە بەسەر پرۆکسییەکانی کۆماری ئیسلامی بە تایبەت حیزبوڵڵا و حەماس، ئەوەمان پێدەڵێت کە ئەو هەست بە سەرکەوتنەی ڕژیم کاتییە و دەوڵەتانی عەرەبی و موسڵمان چیتر بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆیان بە کێشەی فەلەستینەوە نابەستنەوە، هەرچەند بۆ ڕاگرتنی ڕواڵەتێکی قابیلی قەبووڵ بۆ خەڵکی خۆیان لە دروشم و هەڵوێستە دیپڵۆماسییەکانیان پشتیوانی لە مافی خەڵکی فەلەستین دەکەن، ئەوە شکستێکی دیکەی کۆماری ئیسلامی ئاشکرا دەکات و چەکی خاوەندارەتی لە مافی خەڵکی فەلەستین و دروشمی قودس لە دەستی ڕژیم دەسێنێتەوە.
فەلەستینییەکان زۆر زوو دوای کۆتاییهاتن بەو شەرە و تاوتوێ کردنی ئەم گشتە خەسارە گەورە مرۆییەی لێیان کەوت بەبێگومان کۆماری ئیسلامی وەک یەکێک لە دوژمنە سەرەکییەکانی خۆیان و هۆکارەکانی ئەم گشتە خەسارە پێناسە دەکەن.
سەرهەڵدانی ڕەوتێکی ئایینی تووندرەو وەک کۆماری ئیسلامی نیزیک بە نیو سەدە لەوەپێش، شەپۆلێکی گەورەی لە بزووتنەوە، تێرۆریسم و کوشتاری مەزهەبی لە سەرتاسەری دونیا وەڕێخست. هیوای هەموو ئازادیخوازێک بە تایبەت لە وڵاتانی موسڵمان و بە تایبەتیتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست ئەوەیە کە هەر وەک چۆن ئیسلامی سیاسی و دەوڵەتەکەی لە ئێران ئەو شەپۆلەی وەرێخست و ژیانی لە میلیۆنەها مرۆڤ تاڵ کرد و خەساری گەورەی لە سەروەت و سامانی خەڵک دا، ڕووخانیشی ببێتە سەرەتایەک بۆ نەمان و یان لانیکەم پەراوێزخستنی ئەم ڕەوتە دژە مرۆییە.
بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەم ئامانجە دەبێ خۆمان واتە هەموو خەڵک و پێکهاتەکان دەست بە کار بین و قۆڵی لێهەڵماڵین. شکستە یەک لە دوای یەکەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە و لە ئاست نێونەتەوەیی و پۆچەڵبوونەوەی خەونە دژەمرۆییەکانی بکەین بە گەورەترین شکست، واتە ڕووخانی یەکجاری و لابردنی لە سەر دەسەڵات.
کۆماری ئیسلامی هێشتا لەو گۆڕەپانەدا شکستی تەواوی نەخواردووە. هەڵبەت کۆماری ئیسلامی رژیمێکی تێکدەرە و دوژمنی زۆری بۆ خۆی دروست کردووە بەڵام سەرەکیترین دوژمنەکەی خەڵکی خۆیەتی و دەبێ بسێلمێندرێ کە هێشتا هێزە سەرکوتگەرەکانی کار دەکەن و شەقامیان هەر بە دەستەوەیە. خەڵک لە چەندین گۆڕەپان سەرکەوتوو بوون بەڵام هەموو شەڕەکەیان نەبردۆتەوە.
کۆماری ئیسلامی لە لاوازترین دۆخی خۆیدایە، بەڵام زەحمەتە خۆبەخشانە و بە مەیلی خۆی لە سەر کورسی دەسەڵات لاچێ. تیری خەلاس بۆ سەر جەستەی برینداری ئەم رژیمە دەبێ خەڵکی ئێران بیوەشێنێ. بۆ چێکردنی ئەو ئەرکە گرینگە نەیارانی ڕژیم دەبێ یەکگرتووبن، کورد وەک پێکهاتەیەک کە زۆرترین سوود و قازانجی پێدەبڕدرێ لە هەڵپێچانی ئەم دارودەستە نگریسە ئەرکێکی قورسی لەو بوارەدا سەر شانە.