سیاسەتی دەرەوەی هەر وڵاتێک بریتییە لە کۆمەڵێک بڕیار، ستراتیژی و چالاکی ئەو وڵاتە بۆ رێکخستن و دروستکردنی پەیوەندی لە گەڵ وڵاتانی دیکە و سەرجەم ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان. هەروەها لە ڕوویەکی دیکەوە بریتییە لە گەیشتن بە سەقامگیری و دەستەبەر کردنی بالانسی هێز، لە سیستمی ئاڵۆزی نێودەوڵەتی کە تێکەڵێکە لە زلهێزەکان، دەوڵەتە بچوکەکان، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و تەنانەت ئەو ئەکتەرانەی کە خاوەنی دەوڵەت نین. ئەم سیاسەتانە لە ژێر کاریگەری فاکتەرە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی وەک ئیدئۆلۆژی، هێزی سەربازی، ئابووری و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان بە مەبەستی دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و پاراستنی ئاسایش و باشترکردنی پێگەی وڵات لە جیهاندا و گەیشتن بە ئامانجە ئابووری و سیاسی و کولتووریەکان، پێکدێن. کۆماری ئیسلامی ئێران لە وەدیهێنانی ئەو ئامانجە سەرکەوتوو نەبووە. لێرەدا و لەو بابەتە هەوڵ دەدەین بە کورتی لە قۆناغی جیا جیادا سەرەنج بدەینە سەر هەڵسوکەوت و بڕیارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و پاشان دەرئەنجامەکەی. بۆ ئەوەی راستی و دروستی گریمانەی بابەتەکە دەربخەین.
بۆ تێگەیشتن لە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران پێویستە نەزمی جیهانی لە کاتی سەرهەڵدانی لەبەرچاو بگیردرێت . لە سەدەی بیستەمدا گۆڕانکاری گرنگ ڕوویدا وەک ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت و گۆڕانی دەسەڵات لە چین و کوبا. ئێران لە پێناو دروستکردنی سیستمێکی سیاسی و ئابووریی نوێ، کە سەنتەری دەسەڵاتی ئیسلامی بوو، لە هەردوو ڕەهەندی ناوخۆیی و دەرەکییەوە کاری بۆ کرد. لە ڕوانگەی ناوخۆییەوە ئەم سیاسەتە، مۆهەندیسی کردنی کۆمەڵگای بۆ کۆنترۆڵ و بەرەنگاری مۆدێرنیزم لەخۆگرتبوو. لە ڕەهەندی دەرەکییەوە، بە جەختکردنەوە لەسەر دژایەتی ئیسرائیل و ئەمریکا ئێران هەوڵیدا بە کاریگەری دانان لەسەر شیعە و عەرەبی ناوچەکە خۆی وەک زلهێزێکی ناوچەیی و شۆڕشی ئێران وەک شۆڕشێکی ئیسلامی لە ناوچەکەدا بناسێنێت. چالاکییەکانی وەک هێرشکردنە سەر سەفارەتی ئامریکا و بە بارمتەگرتنی دیپلۆماتکاران، پێشێلکارییەکی جددی بەها نێودەوڵەتییەکان بوو. سیاسەتی دەرەوەی ئێران تا ئێستاش لەسەر بنەمای دژایەتیی ڕۆژئاوا ستراتیژی خۆی دیاری دەکات.
بە جۆرێکی تر دەکرێ ئاماژە بەوە بدەین کە لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران دژی رژیمی پاشایەتی لە ساڵی ٥٧ واتە ساڵی ١٩٧٩ زایینی و هاتنە سەرکاری خومەینی وەک ڕابەری سەرکەوتووی ئەو شۆڕشە، سێ بنەما وەک سیاسەتی دەرەوە دیاریکرا کە بریتی بوون لە بێ لایەنی و دژایەتی هەردوو بەرەی شەرق(رۆژهەڵات) و غەرب(رۆژئاوا)، سەربەخۆیی (ئیستقلال) و گرنگتر لە هەموویان رەساڵەتی هەناردەکردنی ئینقلابی ئیسلامی شیعی و فکری ئیسلامی سیاسی بۆ سەرتاسەری دنیا و بەتایبەت وڵاتانی ناوچەکە و دروستکردنی هیلالی شیعە و بەدەستەوە گرتن و پەرەپێدانی دەسهەڵات لەو ناوچانەدا. لێرەدا ئیدئۆلۆژی کۆماری ئیسلامی، بەتایبەتی پێداگری لە سدوری ئینقلابی ئیسلامی، بەرەنگاربوونەوەی ئیمپریالیزم و پشتیوانی و دامەزراندنی گروپەکانی موقاومەت (وەک حیزبوڵڵای لوبنان، حوسییەکانی یەمەن و حەماس) وەک فاکتەری سەرەکی لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران شی دەکرێنەوە.
لە روویەکی دیکەو بە شێوەی دامەزراوەیی رۆڵی سپای پاسداران لە دیاری کردنی سیاسەتی دەرەوەی ئێران لایەنێکی دیکەیە کە پێویستە لە بەرچاو بگیردرێت. سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی بە تایبەتی لە ڕێگەی سپای قودسەوە کە لقی دەرەکی سپای پاسدارانە و ئەرکی هەناردەکردنی ئینقلابی ئیسلامی و پشتیوانی لە گرووپەکانی بەرەی موقاومەت لە سەرتاسەری ناوچەکەدا لە ئەستۆدایە رۆڵی راستەوخۆی نواندووە لە دیاری کردنی سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە. ئەمەش بەشێکە لە ستراتیژی سیاسەتی دەرەوەی ئێران، کە کاریگەریی ئێران لە وڵاتانی وەک لوبنان، عێراق، سوریا، فەلەستین و یەمەن لە ڕێگەی پشتیوانی دارایی، سەربازی و پەروەردەیی بۆ گروپە سەربازی و سیاسییەکان بەهێز دەکات. ئامانجی سەرەکی ئەم پاڵپشتییانە بەرپەرچدانەوەی نفوزی ئەمریکا و ئیسرائیلە لە ناوچەکەدا. سپای پاسداران تا ئەو رادەیە بەهێز بووە لە ناو دام و دەزگاکانی ئێران کە ئەگەرچی پرسی دانوستان و دیپلۆماسی ئەرکی سەرەکی وەزارەتی دەرەوە و دەوڵەتە بەڵام کەم نین ئەو کاتانەی سپا بڕیارەکەی خۆی داسەپاندووە بە سەر دیپلۆماسی و نەبوونی هاوئاهەنگی بەینی مەیدان و دیپلۆماسی زۆرجار بەدی کراوە. ئەو جۆرە چالاکییانەی سپا و بەهێز کردنی گروپە نیابەتییەکان لێرە و لەوێ و مەسەلەی چەکی ئەتۆمی و بەرنامەی موشەکی ئێران ئەو بەشانەن کە لە پەیوەندی هێز لە سیاسەتی دەورەوەی ئێران دەکرێت ئاماژەیان پێبکرێت.
لە رووی ئابوورییەوە زیادەرۆییەکانی کۆماری ئیسلامی و هەڵە ستراتیژەکانی وەک گرتنی سەفارەتی ئامریکا و بە دیلگرتنی زیاتر لە پەنجا دیپلۆماتکاری ئەو وڵاتە، بڕیاری شەڕ لەگەڵ عراق و درێژەدانی ئەو شەڕە بێ دەسکەوتە بۆ ماوەی ٨ ساڵ و قبوڵ نەکردنی پێشنیاری ئاگربەستی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ماوەی ئەو هەشت ساڵەدا، پشتیوانی خەیاڵی ماڵی لە گروپەکانی موقاومەت و پێداگری لە سەر پیتاندنی ئۆرانیۆم و ئەگەری گەیشتن بە چەکی ئەتۆمی و دەستێوەردانی لە ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا و لە ساڵانی دوایی تەنانەت یارمەتی دانی روسیە لە شەڕی بەرانبەر ئۆکراین و ناردنی درۆن و موشەک بۆ ئەو وڵاتە چۆن ئێرانی لە رووی ئابورییەوە توشی تەنگانە کردووە و لە راستیدا ئەو بڕیارە نادروستە یەک لە دوای یەکانە جگە لە گەمارۆ و بەربەستی ئابوری دەسکەوتێکی دیکەی بۆ ئێران و خەڵکەکەی نەبووە.
رۆڵی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و عەلی خامنەیی لایەنێکی دیکەی دارشتنی سیاسەتی دەرەوەی ئێرانە کە پێویستە ئاماژەی پێبدرێت. عەلی خامنەیی کە وەک جێنشینی خودا و ئیمامی زەمان خۆی دەناسێنێ و بەو شێوەیە حوکمی خودا دەکات لە سەر عەرز، پێگەی لە سەرووی هەموو بڕیارێکی دامو دەزگاکانی دەوڵەت و دەسهەڵات دادەندرێ و عەمەلەن هیچ بڕیارێک بە بێ رەزامەندی ئەو ناتوانێ بچێتە بواری جێ بە جێ کردنەوە. ڕۆڵی عەلی خامنەیی لە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕوانگەی تیۆری ڕۆزنووەوە لە سەر سیاسەتی دەرەوەی وڵاتان لە سێ ئاستدا قابلی لێکۆڵینەوەیە. لەسەر ئاستی تاکەکەسی، بیروباوەڕی ئیدئۆلۆژیی خامنەیی کە جەخت لەسەر دوژمنایەتی لە گەڵ ڕۆژئاوا دەکات، سیاسەتی دەرەوەی ئێرانی بەرەو ئینزوا و ڕووبەڕووبوونەوەی ناپێویست لەگەڵ سیستەمی نێودەوڵەتی پاڵناوە. لەسەر ئاستی نەتەوەیی، چڕبوونەوەی دەسەڵات لە دەستی ئەو و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی وەک سپای پاسداران، ڕۆڵی دامەزراوە تایبەتمەندەکانی لە سیاسەتی دەرەوەدا سنووردار کردووە و وڵاتی بەرەو ڕێبازێکی ئەمنیەتی و ئیدئۆلۆژیک بردووە. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، خامنەیی بە پشتیوانیکردنی گرووپە نیابەتییەکان و گرتنەبەری سیاسەتی شەڕانگێزی، لەبری هەڵکردنی بنیاتنەرانە لەگەڵ جیهان، پێگەی ئێرانی لە گۆڕەپانی جیهانی لاواز کردووە و سزای زیاتری بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندووە. شەڕانگێزی خامنەیی لەگەڵ رۆژئاوا و کەڵک وەرگرتن لە گروپە نیابەتییەکان بۆ شەڕ کردن لە دەرەوەی سنورەکانی خۆی و بە دەستی خەڵکی تر نهایەتەن نەیتوانیوە ململانێی راستەوخۆ لە ئێران دوور بکاتەوە و بەپێچەوانە گرژییەکان لە گەڵ ئیسرائیل لە بەرەی موقاومەت و گروپە نیابەتییەکان جێگۆرکەی کردووە و وردە وردە شەپۆلی ئاگرەکە سەر و ماڵی خۆیانی گرتووەتەوە.
بابەتێکی دیکە کە لە خوێندنەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئێران پێویستە ئاماژەی پێبکرێ ئەوەیە کە ئێران لە هەر قۆناغێک کە پێی وابوو مانەوە و بوونی دەکەوێتە مەترسیەوە پراگماتیستانە جوڵاوەتەوە و بە ئاسانی ئەو بەهایانەی خەڵکی پێ بەسیج کردووە خستووەتە ژێر پێ و لەو پرەنسیپ و بەها ئیدئۆلۆژییانەی بانگەشەی بۆ دەکات لایداوە. بۆ نمونە باسی لە هەناردەکردنی شۆرشی ئیسلامی بۆ وڵاتانی ناوچەکە کردووە و لە ژێر پەرچەمی ئەو ستراتیژییەوە لە هەوڵی بەربەرەکانێی و لاواز کردنی دەسهەڵاتەکانی ناوچەکە بووە و بە بەردەوام هەوێنی دروستکردنی گرژی و ئاڵۆزی بووە، لاواز کردنی دەسهەڵاتەکانی حاکم لەسەر وڵاتانی ناوجەکە لە نمونەی ئەو تەناقوزە بووە کە بانگەشەی بۆ دەکات.
ئێرانێک کە خۆی بە دژە ئامریکایی لە قەڵەم دەدا و بەو ناوە هێز و پێگە بۆ خۆی کۆ دەکاتەوە چوار جار هاوکاری کەڵانی لە گەڵ ئامریکا بووە. لە کاتی داگیرکردنی ئەفغانستان لە لایەن شۆڕەوییەوە و لە ماوەی ئەو دە ساڵە سیاسەتی دەرەوەی ئێران هاوئاهەنگ بووە لە گەڵ سیاسەتی دەرەوەی ئامریکا، جاری دووهەم و لە ساڵی ١٩٩١ کاتێک سەدام پەلاماری کووەیتی دا لە کەنداوی فارسەوە یارمەتی گەیاندە ئامریکا و سیاسەتەکەی رێک لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی ئامریکا دیاری کرد.
لە ساڵی ٢٠٠١ و لە دوای ١١ سێپتامبر، ئێران بە شێوەی رەسمی رێگەی بە ئامریکا و هێزی ئاسمانی ئامریکا دا لە خاکی ئەوەوە ولە خوراسانەوە هێرش بکەنە سەر تاڵبان، لە دوای دروستبوونی هێزی داعەش بۆ جارێکی دیکە ئامریکا و ئێران و ئیسرائیل هاوکاریان کرد و هاو ستراتیژی بوون لەوەی نەیاندەویست داعەش جێگەی بەشار ئەسەد لە سوریە بگرێتەوە.
بەهەمان شێوە و لە ساڵی ٢٠٠٣ هاوکاری ئێران لەگەڵ ئامریکا و ئیسرائیل تەنانەت بەربڵاوتریش بوو. ئێران گروپی ئەلفەجری دروست کرد و بۆ ڕاهێنانی ئەو هێزانە بە شێوەی ناڕاستەوخۆ پوڵی لە ئامریکا وەردەگرت. یەکەمین گروپ کە چوونە ناو خاکی عێراقەوە لە دوای ڕووخانی سەدام ١٢ هەزار گروپی ئەلفەجر بوون کە سپای پاسداران رێبەری دەکردن. دیارە هەم هاوئاهەنگی تاکتیکی و هەم ئاڵوگۆڕ لە سیاسەتی وڵاتێک بە پێی بەرژەوەند و دۆخی مەوجودی ئەو وڵاتە شتێکی نامۆ نییە بەڵام هەڵسوکەوتی سیاسی ئێران نیشانی داوە مەسڵەحەت لە قۆناغە جیاجیاکان و جا نە مەسڵەحەتی خەڵک بەڵکوو مەسڵەحەتی دەوڵەت و دەسهەڵات و پاراستنی دەسهەڵات کەوتووەتە پێش باوەرەکان و ئیدئۆلۆژییەکی ئیسلامی کە لە سەرەتاوە تا بە ئێستا بانگەشەی بۆ کردووە و پرۆکسی و گروپی نیابەتی بۆ خۆی پێ کۆ کردووەتەوە.
لە ڕووی تیئۆری ریالیزمەوە هێز و ئاسایشی نەتەوەیی وەک ئەولەویەتی سەرەکی بۆ دەوڵەتان پێناسە دەکرێت و سیاسەتی دەرەکی هەر وڵاتێک بە پێی بەرژەوەندی نەتەوەیی و بۆ بەرزکردنەوەی هێز و دەسهەڵات و گارانتی کردنی بەقا و ماناوە پێناسە دەکرێت. لەو رووەوە ئێران بە پێی ئەو تێئۆریە و بە سیاسەتی تەهاجومی یان شەرانگێزی و بەکارهێنانی گروپە نیابەتییەکان، لە ناوچەکە بوەتە هۆی ناسەقامگیری و هاوکات بووەتە هۆی پەراوێز کەوتنی نێودەوڵەتی وڵاتەکەی خۆی.
لە لایەکی دیکەوە نیولیبرالیزم بە پێچەوانەی ڕیالیزمەوە کە تیشک دەخاتە سەر کێبڕکێ و پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان، جەخت لەسەر میکانیزم و نهادەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە نێودەوڵەتییەکان دەکاتەوە.
لە ڕوانگەی نیولیبراڵییەوە، سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ڕەتکردنەوەی هاوکاری بنیاتنەرانە لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و دوورکەوتنەوە لە هاوکاری لە بوارەکانی وەک مافی مرۆڤ و بەرنامەی ئەتۆمی و … دەرفەتەکانی بۆ چارەسەر کردن و باشتر کردنی پێگەی ئابوری خۆی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە کیس بردووە، رێکەوتننامەی بەرجام نمونەیەکە لەو هاوکارییە کە نەیتوانی بە سەرئەنجام بگات و شکستی خوراد.
لە ڕوی ئیئۆری ساختارگەرایی یا کانستراکتیویسمەوە وەک پێشتر باسمان کرد ئێران بنەمای دارشتنی سیاسەتەکانی تەنیا بەرژەوەندی ئابووری نەبووە بەڵکوو لە سەر ئەساسی هۆویەتێکی ئینقلابی و ئیسلامی دارێژراوە و هەناردەکردنی ئەو شۆرشەش بەشێکە لەو هۆویەتە سیاسی و ئیدئۆلۆژیکە کە ئێران سیاسەتی دەرەوەی خۆی لە سەر بنیات ناوە. لە لایەکی دیکەوە بە پێی تیئۆری وابەستەبوون یان دێپێندێنسی، کە باس لەوە دەکات نەزمی جیهانی بریتییە لە ئیستسماری وڵاتانی دواکەوتوو لە لایەن وڵاتانی پێشکەوتووەوە، سیاسەتی دەرەوەی ئێران بە تایبەت بە ئاراستەی وەستانەوە بە دژی ئیمپریالیزم و هەژموونی ئابووریی ڕۆژئاوا، لە چوارچێوەی ئەم تیۆرییەدا دەکرێ وەک هەوڵێک بۆ دەرچوون لە سووڕی وابەستەیی لێکبدرێتەوە. کە ئەگەرچی لێرەشدا ئێران نا سەرکەوتوو بووە و نەیتوانیوە پەیوەندی بنیاتنەر لە سیستەمی جیهانی دروست بکات و دەرفەتەکانی بە جیهانی بوون بە قازانجی خۆی بقوازێتەوە. کە ئەوەش بەرهەمێکی نەبووە جگە لە تەریک کەوتوویی هەرچی زۆرتری ئێران لە بواری ئابورییەوە و ئێرانی ناچار کردووە پشت ببەستێت بە سەرچاوەناوخۆییەکان و هاوکاری لاوازی وڵاتانی وەک چین و روسیە، کە زۆرتر شەریکێکی تجاری بوون و هەمیشە ئێرانیان وەک هاوستراتیژی خۆیان نەپاراستووە. هەر کام لەو روانگانە لایەنێکی سیاسەتی درەکی ئێران دەخەنە ڕوو و پێناسەی دەکەن بە گشتی ریئالیستەکان سیاسەتی دەرەکی ئێران لە دروستکردنی پێگە و هێزی ناوچەیی هەرچەند بە مێتۆدی تێرۆریستیانە و نێگەتیڤ بە سەرکەوتوو و نیولیبرالیستەکان ئاماژە بە هەلە لەدەست چووەکانی ئێران لە هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان دەدەن و دواجار ساختارگەرایی باس لە کاریگەری نەرێنی هۆویەتە ئیدئۆلۆژیکەکانی کۆماری ئیسلامی دەکات لە سەر سیاسەتی ناوچەیی.
بەڵام بەدەر لەو هەڵسەنگاندنە تێئۆریانە ئەگەر بڕوانینە ستراتیژ و تاکتیکەکانی کۆماری ئیسلامی، لە ناو پێناسەیەکی گشتی و ساکاری سیاسەتی دەرەکی، پێگەی کۆماری ئیسلامی و دەرئەنجامی سیاسەتەکانی دەتوانین دیاری بکەین . سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران جگە لە نەهامەتی و ماڵوێرانی و بەفیڕۆ چوونی سەرچاوەکانی دارایی و سروشتی ئەو وڵاتە قازانجێکی دیکەی بۆ خەڵک نەبووە و لە ڕاستیدا هیچکام لەوانە لە بەرنامە و ستراتیژیشیدا نەبوون و بەشی هەرە زۆری ستراتیژەکان بۆ خزمەت بە پاراستنی دەسهەڵاتی کۆماری ئیسلامی و مانەوەی ئەو دەسهەڵاتە بووە و بۆ گەیشتن بەو ئامانجەش نە تەنیا بەرژەوەندی خەڵکی خۆی بەڵکوو خەڵکی ناوچەکەشی کردووەتە قوربانی.