هیوا سەلیمی
١- جیهانی هاوچەرخ کۆمەڵێک چەمک و دەستەواژەی نوێی بە هەگبەی فەرهەنگ و ئینسکلۆپیدیای سیاسی زیاد کردووە و یەکێک لەم دەستەواژە تازانە “سوپێر ئێستار” یان “ سێلێبریتی سیاسی”یە. لە پرۆسەی کۆنسێپتۆلۆژی( چەمکناسی)ی ئەم واتایەدا بەردەنگی سەرەکیی “سێلێبریتی سیاسی” خەڵکی ئاسایی کۆمەڵگان ، خەڵکانێک کە لەژێر رێژنەی سلۆگانە پۆپۆلیستییەکان و کارتێکەریی بەردەوامی گێڕانەوە میدیاییەکانن و زەمیینە و بەستێنێکی لەبار و هەمیشە ئامادە بۆ شووناسێکی نوێ و بۆ پاڵەوانێکی نوێن. سێلێبریتیەکان پاڵەوانانی جیهانی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن و دواجار ئەم کارەکتەرانە سنوورەکانی جیهانی میدیا و “پیشەسازیی کات بەسەربردن”تێدەپەڕێنن و بۆ ناو جیهانی سیاسەت هەنگاو دەنێن.
“سێلێبریتی سیاسی” لەسەرەتادا نمایشێکی سادە و ساکاری میدیایی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە و بەهۆی بەردەوامبوونی دەرکەوتن و گێڕانەوە میدیاییەکان ناوبانگ دەرئەکا و لەدوای ناوداربوون و ناوبانگی گەورە بەدواداچوون بۆ خەونەکانی ئەکا. سەرۆکی ئۆکراین لە چەندین شانۆدا رۆڵ دەگێڕێ، پێناسەی کۆمدیەنێکی سەرکەوتووی پێدەبەخشرێ و دواجار بارگەوبنەی بۆ جیهانی سیاسەت دەگوازێتەوە. “ترامپ”، “ئامیتا پاچان”، “ئارنۆڵد”، “زلنسکی” و دەیان ئەکتەر و سێلێبریتیتر هەن کە پیشە و ناوبانگیان بۆ ئەم مەبەستە و وەک پردێک بۆ پەڕینەوە و جێگۆڕکێ بەکارهێناوە. لە هەرێمی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا لەدایکبوون ، لایەنگر و ناوبانگی کۆمەڵایەتییان بەدەستهێناوە و دواجار بە قەولی فارس :” تغیر کاربری”یان داوە.
ئەم دەرکەوتە نۆێیە فۆرمێکی نۆێی جیهانی سیاسەتە، فۆرمێک کە سنوورە باو و ناسراوەکانی تائێستای پێناسەی سیاسەت و کارەکتەرە سیاسییەکانی تێدەپەڕێنی و ئالەنگاری و تایبەتمەندیی تازە دەخولقێنێ. لەم تێرمە نۆێیەدا “حیزب” وەک دەرکەوتەیەکی جیهانی مودێڕن رۆڵ و پێگەی رابردووی خۆی لەدەستدەدا و ئەکتەر و پاڵەوانێکی نۆێ ئەبێتە تەرجەمەی سیاسیی “حیزب” لە کۆمەڵگا. لەم شێوازە نۆێیەدا لایەنە بەربڵاو و فرەڕەهەندەکانی سیاسەت خانەنشین ئەبن و کارەکتەری نوێ وڵامی سەرراست و سادە بۆ هەموو پرسیارە پەیوەندیدارەکان بەردەست دەخا. لەم چوارچێوەدا لێهاتوویی و پسپۆڕبوون گرنگیی رابردووی نامێنێ و رۆشنبیری، فەلسەفە و زانستی سیاسی پێگە و رۆڵی واقعی و راستەقینەی خۆی لەدەستدەدا. ئەوەی لەم قۆناغە دا روودەدا بریتیە لە نمایشتکاری و “سێلێبریتی تەوەری” و هەموو پەیوەندییەکان بە پەیوەندی راستەوخۆی نێوان “پیشەسازی میدیا”یی و “سیاسەت’ دەگۆردرێن.
٢-چەند ساڵی رابردووی ئەمریکا ساڵانێکی پڕ لە کێشە و کەمووکوڕی بوون و ئەم دۆخە زۆربەی سێکتێرەکان و بوارەکانی کۆمەڵگای تەنیەوە. بێکاری زیادی کرد و زۆربەی کاڵا و شتومەکەکان بەرەورووی گرانی بوونەوە. کۆچبەرانی وڵاتانی دراوسێی ئەمریکا بەلێشاو روویان لەو وڵاتە کرد و دەوڵەتی بایدن تارادەیەک کۆنترۆڵی دۆخەکەی لەدەستدا. لەسەردەمی بایدن کاریگەریی پێکهاتە بۆرۆکتراتیکەکان لە تانوپۆی سیاسیی کۆمەڵگای ئەمریکا بەباڵاترین ئاستی خۆی گەیشت و گونجانی پێویست لە نێوان گەشەی ئابووری و گەشەی بورۆکراسیی بەرەورووی ئاڵۆزی بوویەوە. رانت و گەندەڵی بەشێک لە جومگەکانی سیستەمی گرتەوە و چەندین بەرپرسی باڵای دیموکرات و تەنانەت کوڕی سەرۆکی ئەمریکا بەرەورووی دادگاییکردن بە هۆی گەندەڵی بوونەوە. لە ئەمریکا بەشێوەیەکی نەریتی کۆمارییەکان پاڵەوانانی بازرگانین و دیموکراتەکان داکۆکیکاری بەرژەوەندیی کرێکاران و کەچی لەسەردەمی بایدن چینی کرێکار هەژارتر بوون و هەر ئەوەش بووە هۆکار بۆ ئەوەی سەندیکا و کۆمەڵە کرێکارییەکان بە پێچەوانەی رابردوو روو لە کۆمارییەکان بکەن و دەنگیان بە ترامپ دا.
زۆربەی ئەمریکاییەکان پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی وڵاتەکەیان بە نائاسایی ئەبینن و پێیانوایە ئەمریکا بۆتە کۆێلە و قوربانیی بازاڕی ئازادی جیهانی. رەفتار و سیاسەتەکانی دیموکراتەکان بەدبینی بەرامبەر بە سیاسەتی نێۆدەوڵەتی و گلۆبالیزاسیۆنی لە ناو سپی پێستە کەم داهاتەکانی ئەمریکا و چینی مامناوەندی ئەو وڵاتەی بەلوتکە گەیاند و گەڕانەوە و گەشەی کاندیدی کۆمارییەکان و هەڵچوونی ناسیۆنالیزمی ئەمریکی یەکێک لە دەرئەنجامەکان و سەنتێزەکانی ئەم هاوکێشە بوو.
“ترامپ” بەرهەمی ئەو بارودۆخە و بەزمانێکیتر بەرهەمی قەیران لە کۆمەڵگای ئەمریکایە و بردنەوەی ئەم “سێلێبریتی سیاسی”یە و ئەم “سوپێر ئێستار”ە وڵامدانەوەیەکی پۆپۆلیستی بەو بارودۆخە بوو. توڕەیی بەشێکی گەورەی کۆمەڵگا تەنیا تووڕەیی لە بایدن و دیموکراتەکانیش نەبوو بەڵکوو تووڕەیی لە نئۆلیبرالیزم و گلۆبالیسمیش بوو کە لەلایەن بایدن و تیمەکەیەوە نۆێنەرایەتی ئەکرا. ئەو هۆکارانە و زۆر هۆکاریتریش لە پەیوەندییەکی دیالکتیکدا “ترامپ”ی بە “ژانووس”ی رزگاری گۆڕی و شکستێکی گەورە و مێژوویی بۆ نۆێنەری دیموکراتەکانی بەدیاری هێنا.
٣- “ترامپ” ئەمرێکی کتوپڕ و گوڕ و کەفێکی کورت ماوە نیە، کردە و رەفتارێکی کۆمەڵایەتییە کە خۆی لە فۆرمی تیۆرییەکی تێکەڵاو لە ناسیۆنالیزم، مێژووگەرایی و ئاییندا فۆرمولە ئەکا. لەم گریمانەدا خوێندنەوەی دووبارە بۆ مێژووی ئەمریکا و گەڕانەوە بۆ رۆژانی شکۆمەندی رابردوو وەک ئەرک دیاریدەکرێ و پلانە و سیاسەتە ناوخۆیی و دەرکییەکان لەم ئاراستەدا رێکدەخرێ. ئێندێکس و پێکهاتەکانی ئەم قۆناغە فرەرەهەند و هەمەجۆرە و بەڵام لە کوێ هاوکێشەکاندا یەک خاڵ بەرجەستە ئەبێ و ئەویش بریتییە لە وەلانانی کڵێشە ناسراوەکانی تائێستای ئابووری و سیاست.
لەم دونیابینییە نوێیەدا هاتنەدەرەوە لە کۆڕوکۆمەڵ و رێککەوتنە جیهانیەکان و هەڵوەشانەوەی بەشێک لە گرێبەستە نیۆدەوڵەتییەکان لەپێشەوەی هەموو پلانەکاندایە و هەوڵ دەدرێ زۆرتر کار لەسەر رێککەوتنی دوو قۆڵی لە نێوان ئەمریکا و وڵاتانیتر بکرێ. بەپێچەوانەی گریمانە و پێشبینیە رۆشنبیرییەکانی رابردوو سەرنجەکان لەئاراستەی بەهێزبوونی دەوڵەت-نەتەوەکان هەنگاودەنێ و بانگەشەکانی “کۆتایی مێژوو” و سەرکەوتنی هەتاهەتایی لیبراڵ دیموکراسی بەرەو کاڵبوونەوە ئەچێ. هاتنەئارای ریزبەندی و بلۆکبەندی نوێی جیهانی، گۆڕانکاری لە هاوکێشەکان و هاتنەئارای هێزە نوێیە جیهانیەکان دەرکەوتەیەکی تازەی ئەم قۆناغەیە و جیهان بە چەند جەمسەرێکی نوێ دابەش دەبێ . ئەمریکای نوێ چیتر پۆلیسی جیهانی و دابینکاری ئاسایشی رۆژئاوا و بیزنێسی جیهانی نابێ و تێچووی گەورەی ئەم بوارە لە کۆڵ خۆی ئەکاتەوە. بۆ بەرەوپێشبردنی ئیستراتژییە ئابووری و سەربازییەکانی ئەمریکا سەرجەم پابەندبوون و حەزەرە یاساییەکانی جێگەی خۆیان بە هێز و هەڕەشە ئەدەن و هەڵوێستە تازەکانی “ترامپ” بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران نموونەیەکی روون و نوێی ئەم بابەتەیە.
تۆماس پیکێتی نووسەری کتێبی بەناوبانگی “سەرمایە لە سەدەی بیست و یەکەمدا”لە یاداشتێکی نوێ باس لەوەدەکا کە ئەمریکا لە لێواری لەدەستدانی کۆنترۆڵی جیهاندایە و بەرزبوونەوەی ناسیۆنالیزمی ئەمریکی ئەم دابەزینە خێراتر دەکات. پیکێتی ترامپ و ترامپیزم بە “لیبرالیزمی نەتەوەیی” یان “سەرمایەداریی نەتەوەیی” پێناسە دەکات و پێیوایە ئەم بابەتە لەدژی سیاسەتە جیهانیەکانی تائێستای ئەمریکایە. ئەم لێکدانەوانەی تۆماس پیکێتی لەکاتێکدایە کە لێدوانەکانی ترەمپ سەبارەت بە گرینلاند، پەنەما و کانادا وێنەیەکی پێچەوانە لە ئیستراتژی گشتی سەرۆک کۆماری نوێ بەدەستەوە ئەدات و ئەڵبەت ئەم هەڕەشانە رەنگە وڵامدانەوە بەوانەش بێ کە پێیانوایە ئەمریکا بەرەو لاوازبوون ئەچێ. ئەگەری ئیزۆلەبوون و گۆشەگیری نیگەرانییەکی ناوەندەکانی بیرکردنەوە و تینک تەنکەکانی ئەمریکایە و هەڕەشەکانی “ترامپ” لە ئەگەری چاپکردنی دراوێکی نوێ لەلایەن “برێکس”یش رەنگە هەر لەم نیگەرانیە واتە لە کزبوونی هەژموونی ئەمریکا و دۆلارەوە سەرچاوە بگرێ.
لەدەرەوەی هەموو دژایەتییەکان و هەموو پارادۆکسەکان یەک شت ئاشکرایە و ئەویش ئەوەی کە جیهان لەبەردەم نەزمێکی نوێیە و پریشکی ئەم گۆڕانە گەورانە ئێران و ناوچەکەش و لە گەڵ ئەوە هەڵبەت کوردستانیش ئەگرێتەوە. کۆتایی بەم پرسیارە دەستپێبکەین: تا چەند بۆ ئەم قۆناغە نوێیە ئامادەین؟