ئاڵەنگارییەکانی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی_خامنەیی (دەوڵەتی چواردەیەم) بەشی ٣
بەشی سێهەمی ئەم زنجیرە وتارە دەکەوێتە ڕۆژانی دوایی پاش هەڵبژاردنەوەی دۆناڵد ترامپ وەک سەرۆک کۆماری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بێ گومان بەهۆی پێگەی حاشاهەڵنەگر و شوێندانەری ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی و ناکۆکییە ٤٥ ساڵانەکەی ئەو وڵاتە لەگەڵ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی دەبێت لانیکەم بۆ ماوەی چوار ساڵی داهاتوو.
وەک لە دوو بەشی پێشوودا تێکۆشاین دوو تەوەرەی « گەمارۆ ئابوورییەکان و تەریک کەوتنەوەی لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی؛ قووڵبوونەوەی بەریەک کەوتنە ناوچەییەکان»مان تاوتوێ بکەین، لەم بەشەی ئەم زنجیرە وتارەشدا چالاکییە گوماناوییە ناوکییەکانی و «بەرجام» و پێوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا تاوتوێ دەکەین.
پێویستە وەبیر خوێنەری بەڕێزی بێنینەوە ساڵی ٢٠١٦ و بە لە هاتنەسەرکاری و لە جەرگەی ململانێکانی لەگەڵ «هیلاری کلینتۆن» و لە کاتێکدا زیاتر لە ٧٠٪ لێکۆڵەران و چاودێرانی سیاسی ئەمریکا و جیهانی پێیان وابوو «هیلاری» دەیباتەوە و دەبێت بە سەرۆک کۆماری ئەمریکا نووسەر پێی وابوو کە دۆناڵد ترامپ براوە دەبێت و هەر واش دەرچوو و دواجار لە توێی وتارێکدا تێگەیشتن و لێکدانەوەمان بۆ ئەو پێشبینییە خستە ڕوو!. لە پاش ئەوەی کە خولی پێشوو لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا ترامپ بە بایدێنی دۆڕاند، پێم وابوو «مەگەر بیکوژن، دەنا دەبێتەوە بە سەرۆک کۆمار!» و هەر واش دەرچوو و سەرەڕای هەموو لەمپەر و دادگا و شکایەت و شکایەتکاری و هەوڵەکان بۆ تیرۆرکردنی سەرەنجام دۆناڵد ترامپ وەک ٤٧ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەنگی تەواوی بۆ بوون بە سەرۆک کۆماری ئەمریکا وەدەست هێنایەوە و ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ژانویەی ٢٠٢٥ بۆ جاری دووهەم ( وەک سەرۆک کۆمارێک کە جاری پێشوو شکستی هێنابوو پاش ١٣٠ ساڵ) دیسانەوە دەگەڕێتەوە کۆشکی سپی.
پێشبینی کردارەکانی داهاتووی ترامپ بە هۆی گرێدراوی کەسایەتی ئەو بە گۆڕانکارییە جیاجیاکانەوە، ئاڵەنگارییەکی ئاڵۆز و دژوازە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی پێشینەی سیاسی، تایبەتمەندییە کەسییەکان و لۆژیکی بڕیاردانی، دەکرێت تا ڕادەیەک سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکان وێنا بکەین.
ترامپ کەسایەتییەکی بەرزەنگ، چاوەڕواننەکراو و پەیوەست بە بارودۆخی کاتییەوەی هەیە و زۆرتر بیر لە بەرژەوەندی تاکەکەسی دەکاتەوە کە بەدەرە لە ئاراستە کلاسیکی و ئیدئۆلۆژییە چەسپاوەکان، زۆرتر لە سەر بنەمای بەرژەوەندی کورت ماوە و بە پێوەری لۆژیکی تایبەتی خۆی بڕیار دەدات. پێشینەی ترامپ دەریدەخات کە پاڵنەرەکانی بە گشتی لە سەر سێ تەوەر سوارن؛ بەهێزکردنی پێگەی تاکەکەسی خۆی، پاراستنی پێگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کاریگەری دانانی خێرا لە سەر ڕای گشتی و بۆیە شرۆڤە و پێشبینی دەربارەی کردارەکانی داهاتووی ترامپ پێویستی بە لێکهەڵپێکان و تاوتوێ کردنی وردی ئاکارەکانی ڕابردوو، لێکدانەوەی ژینگەی سیاسی و پێشبینی چۆنییەتی کاردانەوەکانی بەرامبەر بە گوشارە ناوخۆی و دەرەکییەکانە.
ترامپ و کۆماری ئیسلامی (خامنەیی)
جیا لە ڕەهەندی تاکەکەسی (کە بۆ ترامپ زۆر گرنگە) و دوو لایەنەی ئەمریکا و ترامپ بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی و خامنەیی، چەند جەمسەر و ڕەهەندی دیکەش بە هاوکێشە ئاڵۆز و دڕدۆنگییەکانی ئەم دوو لایەنە زیاد بووە و ئەویش پرسی ئیسرائیل و چالاکی گوماناوییە ناوکییەکان، هێزە پرۆگسییەکانی کۆماری ئیسلامی و خستنە مەترسی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایە لە ڕؤژهەڵاتی ناوەڕاست و یاری کردنی کۆماری ئیسلامییە لە بازنەی بەرژەوەندییەکانی ڕووسیە و چین.
کورد وتەنی؛ «مانگەشەو سەر لە ئێوارێ دیارە!» بە چاوخشاندنێک بە سەر ئەو کەسانەی کە دەست نیشانی کردوون بۆ وەزارەتی دەرەوە (مارکو روبیو)، وەزارەتی بەرگری (پیت هێگسێس)، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی (مایکێل واڵتز) و سەرۆکی سی ئای ئەی (جان رەتکلیف) کە هەموویان لە کۆماریخوازە نەریتی و توندڕەوەکانن، دەردەکەوێت کە ترامپ چ پلان و بەرنامەیەکی بۆ پرسە جیهانییەکان هەیە.
لە نێو پرسە جیهانییەکان بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چۆنییەتی هەڵسوکەوتی ترامپ لەگەڵ هاوکێشە ئەمینی، سیاسی، سەربازی و ئابوورییەکان و لە سەروو هەموویانەوە کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل گرنگییەکی تایبەتی هەیە. ترامپ دەزانێت کە ئەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەی ئەمڕۆ لەگەڵ ئەو ڕۆژهەڵاتە ناوەڕاستەی کە جێی هێشت زۆر جیاوازن. گەورەترینی ئەو گۆڕانکارییانە ڕوودانی کارەساتی ٧ ئۆکتوبر و کاردانەوە خوێناوییەکەی ئیسرائیلە.
بە دوای ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ لە ململانێ و بەریەک کەوتنی قورس و گەڕانەوەی بۆ نییە. ئەو بەربەیانە نگریسەی کە «حەماس» بە بیر و تیری کۆماری ئیسلامی هێرشیان کردە سەر خەڵکی سڤیل و مەدەنی ئیسرائیل و بە کوشتنی ١٤٠٠ کەس و ڕفاندنی سەدان کەس ڕۆژێکی ڕەشیان لە مێژووی هاوچەرخی ئیسرائیل و خۆیان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆمار کرد و «خامنەیی شان و دەستی ماچکردن» لاپەڕەیەکی دیکە هەڵدرایەوە. بە دوای ئەو هێرش تیرۆریستییە جینایەتکارانەیە بەریەک کەوتنە دوو لایەنەکانی کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل پێی نایە قۆناغێکی ڕاستەوخۆ و چەند جار ئاگر و درۆن و موشەک و فانتۆمیان بە سەریەکدا باراندووە. بۆچی بەریەک کەوتنەکانی کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل لە سەر پێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا گرینگە!؟
بە چاوپۆشی لە مێژووی هاوپشتی ئەمریکا بۆ دەوڵەت و دەسەڵاتی ئیسرائیل و بەهێزی لۆبی یەهوودییەکان لە ئەمریکا، دۆناڵد ترامپ خۆی بە باشترین و بە وەفاترین دۆستی ئیسرائیل دەزانێت کە تا ئێستا لە کۆشکی سپی بەخۆیەوە بینیوە. بەڵام ئایا دەتوانێ لەم ڕۆژهەڵاتە ناوەڕاستە ئاڵۆزەی ئەمڕۆدا جارێکی دیکە باشترین و بەوەفاترین دۆستی ئیسرائیل بێت و بمێنێتەوە! و دەوڵەت و دەسەڵاتێک کە هەڕەشەی سڕینەوەی لە سەر نەخشەی گۆی زەوی دەکات دابمرکێنێت؟!
ئەو تێگەیشتنە لە ترامپ هەڵە و ناڕێکە کە بە کەسێکی ئیزۆلەگەرا و یان تەریکخوازی بزانن (لانی کەم لە پێوەند لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا) ناتوانێ وابێت. چونکا ناتوانێ بەرامبەر بە ئیسرائیل لە چەقی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەریکخواز و بێ هەڵوێست و خەمسارد بێت. وێنەی دۆخی ئەمڕۆی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی بەم جۆرەیە؛
١. ترامپ کە لە دەوری یەکەمی سەرۆک کۆمارییەکەی لە ڕێکەوتننامەی بەرجام (ڕێکەوتنەکەی ئۆباما لەگەڵ کۆماری ئیسلامی) هاتەدەرێ، ٢. قورس ترین گەمارۆکانی دژی کۆماری ئیسلامی و بە تایبەتی نەوت و شەخسی عەلی خامنەیی سەپاند. ٣. قاسم سلێمانی (کەسی دووهەمی کۆماری ئیسلامی) کوشت! ٤ دەزگا ئەمنییەکانی ئەمریکا کۆماری ئیسلامی بە هەوڵ و پیلانەکان بۆ کوشتنی ترامپ دەزانن. ٥. خامنەیی بە پیس و ناشیرین ترین دەستەواژە باسی لە ترامپ کردووە و ٦.لەگەڵ ئەوەش لە ٧ بەرەدا دژی ئیسرائیل لە شەڕدایە.
بە گشتی هەڵوێست و سیاسەتی ترامپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بریتی دەبێت لەم ٥ خاڵە؛
١. پشتگیری لێبڕاوانە لە ئیسرائیل؛
ئەگەر پێوەرمان هەڵسووکەوتی خولی پێشووی و دروشمەکانی سەردەمی کەمپینی هەڵبژاردنەکان و ئەو بەربژێرانە بێت بۆ پۆستە ئەمنیەتی و سەربازییەکان، ئەوا دەردەکەوێت کە ترامپ ئامادەیە لێبڕاوانە پشتگیری ئیسرائیل بکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرامبەر بەو هێرشانەی دەکرێتە سەری و لە هەمانکاتدا ئەو کاردانەوە سەربازییانەی کە ئیسرائیل بۆ وڵامدانەوە بە هێرشەکان ئەنجامی دەدات. پشتگیرییەکانی ترامپ و ئەمریکا بۆ ئیسرائیل سیاسی، سەربازی، ئابووری و دیپلوماتیک دەبێت. ئەمریکا لە بواری سیاسی دا بەردەوام دەبێت لە ناسینی ئۆرشەلیم وەک پێتەختی ئیسرائیل، پشتگیری دروست کردنی شارۆچە یەهوودی نشینەکان دەکات و هەوڵ دەدات کە پێوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە. لە بواری سەربازی پابەندی ئەو ڕێکەوتنە پێشووە دەبێت کە ساڵانە بڕی نزیک بە چوار میلیارد دۆلار یارمەتی سەربازی دەدات بە ئیسرائیل، جیا لەو بودجەیەی کە کۆنگرێس بۆ یارمەتی ئیسرائیل دژی تیرۆر (حەماس) لە دوای ٧ی ئۆکتوبرەوە بۆی پەسند کردووە و یارمەتی ئیسرائیل دەکات لە پاراستنی سنووری ئاسمانی وڵاتەکەی. لە بواری ئابووریشدا پشتگیری لە ڕێکەوتنە بازرگانی و سەرمایەگوزارییەکان دەکات لە پرۆژە هاوبەشەکانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی و یارمەتییە ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ پرۆژە هاوبەشەکانی بواری تێکنۆلۆژی و ئاسایشی سایبێری پەرە پێ دەدات. لە بواری دیپلۆماتیکیشدا لە سەر سیاسەتەکانی پێشووری بەرامبەر بە چالاکییە ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامی کە هەڕەشەی سەرەکین بۆ لە ناوچوونی ئیسرائیل لە سەنگەری پێشەوەی شەڕی دیپلۆماتیکە لە بەرژەوەندی ئیسرائیل و لە لایەکی دیکەشەوە لە کۆڕوکۆبوونەوە نێونەتەوەییەکان دژی ئەو بڕیارنامانە دەوەستنەوە کە ئیسرائیل مەحکووم دەکەن و دەبێت بە سپەری دیپلۆماتیکی ئەو وڵاتە.
٢. گوشار بۆ سەر کۆماری ئیسلامی
خاڵی سەرەکی کاراکتەری ترامپ دژایەتی ئاشکرا و لێبڕاوانەی ئیسلامی سیاسییە. لە بەرامبەر ئەو سازش و سازانە پاڵەوانانەیەی خامنەیی و ئۆباما بۆ ڕێکەوتنی ناوکی بەرجام، لەو ڕێکەوتنە هاتەدەرێ. بە پێچەوانەی دکتورینی ئۆباما و دێمۆکراتەکان بۆ ئەوەی پێگەی هێزی ناوچەیی کۆماری ئیسلامی لە بەرچاو بگیردێت، قورسترین گەمارۆکانی خستە سەر ئەو ڕژیمە. نەک تەنیا گەمارۆ ئابوورییەکان بەڵکوو لەوە نەپرینگایەوە کە قاسم سولەیمانی کەسی دووی کۆماری ئیسلامی و سەرۆکی «مەیدان»ی ئەو ڕژیمە لە ناوچەکە بکوژێت و شکۆی سپا تیرۆریستەکەی لە ناوچەکە بشکێنێ. بەو یارگیرییەی کە بۆ دەوڵەت و تیمەکەی دەستی پێکردووە چاوەڕان دەکرێت هەمان ئاراستەی بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی هەبێت. هەڵبەت بە دەستی بەهێزترەوە و لە بەرامبەردا دەستی کۆماری ئیسلامی لاوازترە. ڕەنگە گۆڕانی جیددی لەوبواردەا هاوتەریب کردنی «عەرەبستانی سعوودی» بێت. عەرەبستانی سعوودی پاش هێرشە درۆنییەکەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کێلگە نەوتییەکەی «ئارامکۆ» و بێ دەنگی و بێ هەڵوێستی ئەمریکا و ترامپ لە دەوری پێشوودا، بەرامبەر بە ترامپ و ئیسرائیل و پرسی غەزە و بەرنامەکانیان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک جاری پێشوو ئامادە نین. بەڵام ترامپ پابەندە بەوەی کە کۆماری ئیسلامی نابێ دەستی بە چەکی ناوکی ڕا بگات و بەکارهێنانی هەموو بژاردەکانیش بۆ ئەو مەبەستە ڕێگە پێدراو دەبینێ.
٣. پێکهێنانی یەکیێتییەکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛
خولی ڕابردوو ترامپ خۆی بە سیاسەتی «پەیمانی ئیبراهیم» بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناساند. پەیمانی ئیبراهیم، هەنگاوێکی گەورە بوو بۆ ئاسایی کردنەوەی پێوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و پەیوەست بوونی وڵاتانی ئیمارات، بەحرەین، مەرکیش، سودان نیشانەی ئاراستەی ئەو هەوڵەبوو بۆ پێکهێنانی یەکێتییەکی نوێ لە ناوچە لە دەوری ئیسرائیل و پەراوێز و تەریکخستنەوەی کۆماری ئیسلامی. کۆماری ئیسلامییەک کە لە چەند لاوە بووەتە ئامانجی هێرشە چەند ڕەهەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە. کۆماری ئیسلامی لە لایەکەوە بە تەرخان کردنی و بە فیڕۆدانی نزیک بە ٥٠٠ میلیارد دۆلار (بەراوردی کارناسانی نێودەوڵەتی) بۆ چالاکییە گوماناوییە ناوکییەکەی و لە لایەکی دیکەوە لە سەر گیرفانی خەڵکی وڵاتەکەی دامەزراندن و ڕێکخستن و تەیارکردنی گرووپە پرۆگسییە شەڕاشۆکانی لە سوریە و یەمەن و لوبنان و عێراق و فەلەستین(حەماس، جەهاد، حەشدی شەعبی، حوسی و بەشار ئەسەد، حیزبوڵڵا و…) ، بووەتە هۆی برسییەتی و هەژاری خەڵکی وڵاتەکەی و نائارامی و ناسەقامگیری ناوچەکە.
سەرباری ئەو پلانانە، ترامپ وەک کارەکتەری مەعامەلەچییانەی خۆی لایەنی بەرامبەر تەواو بێ بڕست ناکات و هەموو کات دەربیجەیەک بۆ دەربازبوونی بۆ دەهێڵێتەوە. بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامیش هەر وا دەکات، بەڵام ئەوە کۆماری ئیسلامییە چۆنی لێک دەداتەوە و ئایا ئامادەی سازش و تەسلیم بوون لە دوو پرسی سەرکی واتە دژایەتی ئەمریکا و ئیسرائیل دەبێت یان نا!؟ واتە ئامادەی ڕێکەوتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەیە و دەشخوازێ وەک سەرکەوتن و بردنەوەیەکی سیاسی بە خەڵکی ئەمریکا و دۆستانی خۆی بفرۆشێتەوە.
ئاڵەنگارییەکانی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە ترامپ (ئەمریکا)
لە بەرامبەردا کۆماری ئیسلامی لە ٨ بواردا بۆ سازان لەگەڵ ئەمریکا (ترامپ) تووشی ئاڵەنگاری جیددییە؛
١. قورسترکردنەوەی گوشار و گەمارۆ ئابوورییەکان؛
ترامپ لە خولی پێشوو «ئەوپەڕی گوشار»ی دژی کۆماری ئیسلامی ڕەچاو کرد و پێ دەچێت لەم خولەشدا هەمان سیاسەت پێڕەو بکات کە بریتین لە؛ گەمارۆی بەرفراوان دژی پیشەسازییە هەستیارەکانی ئێران لەوانە نەوت، پێترۆشیمی، بانکەکان و تێکنۆلۆژی، گەمارۆ دژی کۆمپانیا بازرگانییەکان بۆ سنووردارکردنی دەستپێڕاگەیشتووی کۆماری ئیسلامی بە سەرچاوە پووڵی و ئابوورییەکان و بەرزکردنەوەی گوشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕەچاوکردنی گەمارۆ چەند لایەنییەکان دژی کۆماری ئیسلامی.
٢. هەڕەشەی سەربازی و بەریەک کەوتنی ڕاستەوخۆ
چاوەڕوان دەکرێت کە ئاستی پێکدادان و ئاگرگۆڕینەوەکانی کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل گرژتر ببێتەوە و ئەمریکا ناچار بکات بەشداری لەو کێشەیەدا بکات و ئەمەش ڕێک ئەو شەڕەیە کە ترامپ لە کەمپینەکەیدا بەڵێنی دەدا کە خۆی لێ دەبوێرێت، بەڵام بیرمان نەچێت کە ئەم بەریەک کەوتنە سەربازییەی لە خولی یەکەمیشدا بە کوشتنی قاسم سولەیمانی تاقی کردەوە.
کۆماری ئیسلامی لە وڵامدانەوەدا زۆر لاواز دەرکەوت و لە هێرشەکەی بۆ سەر عەین ولئەسەد و کوشتنی هەندێک مارمێلکە و تەق و تۆق چی تری پێ نەکرا، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت ترامپ لە هەر ئان و ساتێکدا هێرشی سنووردار و ئامانج دار بۆ سەر دامەزراوە ناوکی و سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی تاوتوێ بکات. لە لایەکی دیکەوە هەڕەشەی بەریەک کەوتنی سەبازی بەرفراوان بە مەبەستی کۆنترۆڵ کردنی پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە و بۆ بەرەوڕووبوونەوە و کۆنترۆڵی چالاکییە دەریاییەکانی سپای پاستاران هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کەنداو بەهێزتر بکات.
٣. هەڕەشەی گوشار بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامی
دیارە پلانی ترامپ لە ئەوپەڕی گوشارەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی، ناچار کردنییەتی بە ڕێکەوتنێکی دیکە لە سەر چالاکییە گوماناوییە ناوکییەکانی. ڕێکەوتنێک کە قورس و قایمتر بێت لە ڕێکەوتنی بەرجام. ئەم وتارە لە کاتێکدا ئامادە دەکرێت کە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی ڕۆژی ٢٢ی نوامبری ٢٠٢٤ لە توێی بڕیارنامەیەک کۆماری ئیسلامی بە پێشێل کردنی پەیمانە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەردەوامی چالاکییە ناکییەکانی تۆمەت بارکردووە و کەماڵی تەبریزیش باسی لەوە کردووە کە فرمانیان پێ کراوە لە پیداندنی یۆرانیۆمی سەروو ٦٠٪ بەردەوام بن. بۆیە چاوەڕان دەکرێت لەوبوارەدا؛ هێرشی سایبیری دژی دامەزراوە ناکییەکانی کۆماری ئیسلامی ئەنجام بدات (وەک هێرشەکەی ستاکس نێت)، هەوڵە دیپلۆماتییەکانی بۆ پەراوێزخستنی زیاتری کۆماری ئیسلامی لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی چڕتر بکاتەوە و دواجار ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەوتەوە یەکگرتووەکان بۆ گوشاری زۆرتر دژی بەرنامە ناوکییەکەی کۆماری ئیسلامی بەکار بێنێت.
٤. گوشار بۆ سەر گرووپە پرۆگسی و نیابەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە؛
لە سەر ئەو بنەمایەی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەمڕۆ تەواو جیاوازە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی چوارساڵ لەمەوبەر، واتە ئەگەر چوار ساڵ لەمەوبەر کۆماری ئیسلامی گرووپە پرۆگسییەکانی لە پێناو وەرگرتنی ئیمتیازی زۆرتر لە هاوکێشە سیاسییە ناوچەیی و جیهانییەکان لە بەرامبەر ئەمریکادا بە کار دەهێنا، ئەمڕۆ بوون بە ئۆباڵی و بە دوای هێرشەکانی ٧ی ئۆکتۆبر و بەریەک کەوتنە موشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل بوونەتە خاڵی لاوازی کۆماری ئیسلامی و بە دڵنیاییەوە دەستی ئیسرائیل لە لێدانی ئەو گرووپانە ئاواڵەتر دەکات و ڕەنگە بۆ خۆشی هاوکاری ڕاستەوخۆی هەبێت. هەوڵ دەدات باقی ئەو تاقمە لە سەرکردە و فەرماندەکانیان بکوژن، گەمارۆکان بۆ وشک کردنی سەرچاوە ئابوورییەکانی چڕتر بکاتەوە و هەوڵ دەدات هاوپەیمانییەتییەکی دژ بە کۆماری ئیسلامی و گۆپاڵ و دەست و پێوەندەکانی لە ناوچەکە پێک بێنێت.
٥. هەوڵ بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەتییەک دژی کۆماری ئیسلامی
ترامپ لە خولی یەکەمدا بۆ بەهێزترکردنی پێگەی ئیسرائیل لە ناوچەکە «ڕێکەوتنی ئیبراهیم»ی هێنایە گۆڕێ و چاوەڕوان دەکرێت کە لە خولی دووهەمیش دا بۆ پێشگرتن لە دەستڕۆیشتووی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە بچێتەوە سواغی ئەو ڕێکەوتنە، هاوکاری زانیاری و سەربازی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە دژی کۆماری ئیسلامی بەرزتر بکاتەوە و هەندێک وڵاتی تر بخاتە ژێر گوشارەوە کە پێوەندییەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بوەستێنن یان کەمی بکەنەوە.
٦. بەریەک کەوتنی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی لە بابەت مافی مرۆڤ و پشتگیری لە ئۆپۆزیسیۆن
ترامپ و تیمەکە لە ڕابردوودا پشتگیرییان لە ناڕەزایەتی و بزووتنەوە ئیعترازییەکان کردووە لە ئێران دژی کۆماری ئیسلامی و ڕەنگە لە خولی دووهەمیش دا ئەم سیاسەتە ڕەچاو بکاتەوە کە بریتی دەبن لە؛ کەڵک وەرگرتن لە میدیا و سۆسیال میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ هاندانی ناڕەزایەتییەکان لە ناوخۆی ئێران، خستنە ژێر گوشاری کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی پرسی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە دامەزراوە نێونەتەوەییەکانەوە و پشتگیری و پشتیوانی ڕاستەوخۆتر لە گرووپە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات.
٧. بەریەککەوتنی لەگەڵ چین و ڕوسیە و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆماری ئیسلامی
ترامپ پێوەندییەکی نادۆستانەی لەگەڵ چین و ڕوسیە هەیە و لە خولی دووهەمیش دا چاوەڕوان دەکرێت ململانێکانی لەگەڵ چین بەرزتر بکاتەوە و ڕەنگە ئەمە کاریگەر بخاتە سەر ڕێکەوتنە ئابوورییە ٢٥ ساڵەکەی چین و کۆماری ئیسلامی، لە بواری سەربازی و ئابووری سنووری پێوەندییەکانی چین و ڕوسیە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی تەسک بکاتەوە و لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بیانخاتە ژێر گوشارەوە کە پشتگیرییەکانیان لە کۆماری ئیسلامی کەم بکەنەوە.
٨. دوژمنایەتی تاکەکەسی خامنەی لەگەڵ ترامپ و برینی سارێژنەبووی کوشتنی قاسم سولەیمانی
عەلی خامنەی لە چەندین شوێن بەوپەڕی بێ ئەدەبی و دوور لە زمانی دیپلۆماسی هێرشی کردووەتە سەر ترامپ و «هیوای مەرگی بۆ خواستووە کە بە زەلالەت لە کۆشکی سپی وەدرنراوە» و کارنامەی ساردکردنەوەی قاسم سولەیمانی و ئەبوو موهەندیس لە گیرفاندایە. ئەگەرچی «تەقییە» بۆ پاراستی نیزامی ئیسلامی لە ئەوجەبی واجیبات هەموو کات ئەگەرێکی کراوەیە، بەڵام بێ گومان تیمە دیپلۆماسییەکەی خامنەیی چ لە دەوڵەت (عێراقچی) نوێنەری تایبەتی خۆی (عەلی لاریجانی) و نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (سەعیدی ئەیرەوانی) بەربەستی قورسیان لە بەردەمە بۆ دانیشتن و سازان لەگەڵ ئەمریکا.
قسەی کۆتایی ئەم بەشە؛
هاڵفرێد مەکیندێر(باوکی زانستی ژیئۆپۆلۆتیک) تیۆرییەکی بە ناوبانگی هەیە بە ناوی تیۆری «دڵی زەوی» کە باس لەوە دەکات هەر وڵاتێک توانیبێتی دڵی زەوی کۆنترۆڵ بکات ئەوا توانیوەیەتی هەموو جیهان کۆنتڕۆڵ بکات. بەڵام دڵی زەوی کوێیە!؟ دڵی زەوی ئەو بەشە لە خاکی گۆی زەوییە کە پان و بەرینترینە واتە ڕوسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست!. ئەگەرچی تیۆرییەکەی ماکیندێر ساڵی ١٩٠٤ هاتەئاراوە و مرۆڤایەتی و سیاسەت و هێز و ژیئۆپۆلۆتیک لەماوەی ئەم ١٢٠ ساڵەدا گەلێک گۆڕانی بە خۆیەوە بینیوە، بەڵام ئەگەر دڵی زەوی وەک جاری جاران ئەو پێگە سەرەکییەی نەمابێت، بەڵام لە شوێنە هەر هەستیار و یەکلاییکەرەوەکانی جیهانە. ئایا ترامپ دەخوازێت بۆ کۆنترۆڵی جیهان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هەبێت و بۆ ئەوەی ڕۆژهەڵاتی ناەڕاستی هەبێت، پێویستە ئێرانی هەبێت!؟ یان ئەوەی کە پێی وایە چین ئەو دێوە زەبەلاحەیە کە لە قۆرییەکەی عەلائێدینەوە هاتووەتە دەرێ و بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی دەبێت بچێت بەرەو ئاوەکانی ئیقانووسی ئارام و کەنارەکانی ئۆستراڵیا!؟ بەڵام هەرچییەک بێت ترامپ بیر لە ڕێکەوتنێکی سینەمایی دەکات لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەکاتەوە کە بتوانێت وەک سەرکەوتنێکی سیاسی و دیپلۆماسی تاکەکەسی خۆی بە ئەمریکا و جیهانی بفرۆشێتەوە لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی بۆ ئەو ماچە سینەماییەش پێویستی بە تەقییە و نەرمشێکی قارەمانانەی تر هەیە! ئایا ناچار دەبێت دەست لە پرۆگسییەکانی خۆی هەڵبگرێت و چالاکییە ناوکییەکانیشی زۆر سنوودار بکاتەوە، تێدەگات کە چین و ڕوسیەش دۆستی نین و ئەو خۆی پێوە هەڵواسیون و هەر ئان دەکرێت بیکەن بە قوربانی!؟
ئەگەر قسە لە سەر سازانێک بێت لە نێوان ئەمریکا و ڕوسیە و چین، چاوەڕوان دەکرێت چوار ئۆستانی ئۆکراین بدرێت بە ڕوسیە. چین، تایوان بەرێت و ئێرانیش بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل. ئەگەریش سازان نەکرێت بەریەک کەوتنەکان نەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەموو جیهان قورستر دەبێتەوە. هەموو ئەمانە لە ئەگەری مانەوەی خامنەییە وەک ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و لە ئەگەری لادان یان نەمانی لەو پێگەیە، زۆرشت گۆڕان بە خۆیەوە دەبینێت و دەبێ چاوەڕوان بین.
درێژەی هەیە…