وەرزێ نوێی گۆڤاری ئاسۆی ڕۆژهەڵات لە کاتێکدا دەست پێدەکات کە لە یەکساڵی ڕابردو لەجیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆمەڵێک ڕوداوی گرینگ ڕویداوە کە کاریگەری بەرچاوی لەسەر ئاراستەی گۆڕانکارییەکان داناوە و بەلەبەرچاوگرتنی دەور و ڕۆڵی ئێران لە مڵملانێکانی ئێستادا هەوڵ دەدرێت لێرەدا ئاماژەیەکی کورت و پوختیان پێ بکرێت.
هێڕشی رووسییە بۆ سەر ئۆکراین و داگیرکردنی بەشێک لە خاکی ئەم وڵاتە کە بە مەبەستی بەچۆکداهێنانی وڵاتەکە و دانانی دەسەڵاتێکی دەستەمۆی ڕووسییە دەستپێکرا، پێی ناوەتە دووهەمین ساڵی تەمنی خۆی و هێشتا تەواوبوونی و بەلایەکداکەوتنی مسۆگر نییە و ناروونە. ئەم شەڕە دوای شەری جیهانیی دووهەم یەکەمین جەنگە لە نێوان دوو وڵاتی ئورووپایی لە سەر داگیرکاری خاکی یەکتر و بۆ جارێکی دیکە دوای شەڕێ دووهەم ڕێزبەندییەکی ئاشکرای لە دوو کەمپ لە بەرامبەری یەکدی ڕاوەستاودا لێکەوتۆتەوە. ئەو دوو گروپە لە وڵاتان تەنیا بە ئوروپا ڕاوەنەستاوە و وڵاتانی دیکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و باقی وڵاتانی دیکەی جیهانیشی کەم تا زۆر گرتووەتەوە. لە گرووپی دژی ڕووسییە سەرجەم وڵاتانی دمۆکراتیکی ڕۆژئاوا دەبینین و لە بەرامبەردا چەند وڵاتێکی نادمۆکراتیک وەک بلارووس، چین و ئێران هەن کە بە ئاشکرا لایەنگری لە ڕووسییە دەکەن. ئێران تەنانەت بووەتە سەرچاوەیەکی دابین کردنی چەک و تەقەمەنی بۆ ماشێنی جەنگی ڕووسییە و بەو شێوەیە ناراستەوخۆ هاتووەتە ناو ئەم شەڕە چەکدارانەیە.
جگە لەو قەیرانە مەترسیدارە لە ئورووپا، لە ٧ی مانگی ئۆکتوبری ساڵی پێشووی زایینی و دوابەدوای هێڕشی حەماس و بەزاندنی سنووری ئیسرائیل، لە غەزەوە و کوشتنی بە کۆمەڵ و بە بارمتەگرتنی پتر لە ٢٥٠ کەس لە خەڵکی بە زۆری سڤیل لە شارومەندانی ئەو وڵاتە، چەخماخەی شەڕێکی ماڵوێرانکەری دیکە و هەڵبەت چاوەروانەکراو، بەدوای لەشکەرکێشی هێزی سەربازی ئیسرائیل بۆ غەزە، لێدرا. تا ئێستا لە ئەنجامی ئەو شەڕە کە بە دەستپێشخەری بێپاساوی حەماس دەستی پێکرد بە ملوێن لە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە ماڵوێران و دەربەدەر بوون و دەیان هەزار کوژراو و برینداریشی لێکەوتووەتەوە. لە هەر دوو لەو کێشانەدا جێپێی کۆماری ئیسلامی ڕاستەوخۆ و ناراستەوخۆ دیارە. لە هێرشی ڕووسییە بۆ سەر ئۆکراین دڕۆنەکانی ئێران لە لایەن ڕووسییەوە دژی خەڵکی سڤیلی ئۆکراین بەکاردەبردرێ و لە هەمان کاتدا هەواڵی ئەوە هەیە کە جگە لە دڕۆنەکان، ئێران بە هەناردەکردنی مووشەک و تەقەمەنی یارمەتی ڕووسییە بدات لە شەرە بێپاساوەکەی بە دژی ئۆکراین.
کۆماری ئیسلامی کە یەکێک لە دابینکەرانی سەرەکی سەرچاوەی ماڵی، دارایی و چەک و تەقەمەنی حەماسە، هەر زۆر زوو و دوابەدوای هێرشی حەماس و کوشتنی نیزیک بە ١٣٠٠ کەس لە خەڵکی دانیشتووی شوێنە سنوورییەکانی ئیسرائیل و هەڵسوکەوتی دڕەندانە و بێبەزییەیانەیان دژی خەڵکی سڤیل و بە بارمتەگرتنی زۆرتر لە ٢٠٠ شارۆمەندی ئیسرائیل و وڵاتانی دیکەی ئورووپایی کە بە مەبەستی بەشداریی لە ڤیستیوالێک نیزیک لە سنووری غەزە و ئیسرائیل هاتبوون بۆ ئەو وڵاتە،
لە زمانی خامنەییەوە شان و بازووی تێرۆریستەکانی حەماسی ماچ کرد و لە گەڵ ئەوەش حاشای لەوە کرد کە هەر جۆرە بەشدارییەکی لەو هێرشە کردبێت و تەنانەت هەواڵی هێرشەکەی حەماسیشی پێشووتر زانیبێ. لەو کاتەوە بە ئێستاشەوە بەردەوامە لە پاکانە بۆخۆ کردن و حاشا کردن لەوەی کە دەورێکی دیاریکەری بینیبێ لە هێرشەکەی حەماس، بەڵام لە هەمان کاتدا لە ڕێگای پەلوپۆکانی (نیابەتییەکانی) لە عێراق، سورییە، لوبنان و یەمەن، چەند مەیدانێکی دیکەی شەر و پێکدادانیان بە دژی ئیسرائیل و ئەمریکا کردووەتەوە و بەو شێوەیە پشتیوانی لە حەماس دەکەن. سەرەڕای هەوڵەکانی ئەمریکا و زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی ڕۆژئاوا کە خوازیاری ئەوە نین شەڕی ئیسرائیل و حەماس تەشەنە بستێنێ و لایەنی دیکەی تێوەردرێ، بە کردەوە شەڕەکە تەشەنەی سەندووە و هەنووکە جگە لە غەزە لە کەناراوی ڕۆژئاوای ئۆردۆن لە گەڵ فلەستینییەکان، لە دەریای سوور و گەروی بابولمەندەب لە گەڵ حوسییەکانی یەمەن، لە باشووری لوبنان لە گەڵ حیزبوڵڵا، لە عێراق لەگەڵ حەشدی شەعبی و لە سورییە لە بەینی ئیسرائیل و ئێران و بە دژی هێزەکانی سوپای پاسداران بە گەرمە بەردەوامە. لە گشت ئەو جێگایانە کە ئاماژەی پێکرا، ئەوە کۆماری ئیسلامی و پرۆکسییەکانییەتی کە سیما و قەوارەیەکی ناوچەیی و بگرە جیهانیان بەو شەڕە بەخشیوە.
شەڕی ئیسرائیل و حەماس بە بروای هێندێک لە شرۆڤەکاران و لێکۆڵەران سیما و قەوارەی سیاسی و ژێئۆپۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بۆ هەمیشە دەگۆڕێت. هەڵبەت ئەم وتارە نە مەجالی و نە مەبەستیشی ئەوەیە کە بچێتە ناو قوڵایی ئەو پرسە کە هەڵبەت لە کاتی خۆی و لە دەرفەتی دیکە دەبێ بکرێ. بەڵام ئاماژە بەو ڕاستییە کە ئەو قەیرانەی ئێستا کە کاریگەری قوڵی لە سەر جوغرافیای سیاسی و هاوکێشەکان لەو ناوچەیە دەبێ جێی خۆیەتی و حاشاهەڵنەگرە. پێش هێرشی حەماس ئەو ئامانجە واتە ڕۆژهەڵاتێکی ناوەراستی دیکە، خەریک بوو لە ڕێگایەکی دیکە جگە لە شەر و پێکدادان جێبەجێ بکرێ. پرۆژەی گرێبەستی ئیبراهیم و ئاساییکردنی پێوەندییەکانی زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی عەرەب لەگەڵ ئیسرائیل دەستپێکی ئەو ئاڵوگۆڕە بوو و هێرشەکەی حەماس بە پشتیوانی کۆماری ئیسلامیش دەبێ لە چوارچێوەی دژایەتی و تێکدان و خەراپکاری لەو پرۆژەیە چاوی لێبکرێ.
شرۆڤەکردن و تاوتوێ کردنی ئەو ڕووداوانە دەهێڵینەوە بۆ دەرفەتی دیکە و بۆ لێکۆڵەران و وتارنووسانی ئاسۆی ڕۆژهەڵات لە ژمارەکانی دواییدا. ئێستا و بۆ تەواو کردنی ئەو باسە ئەوە دەڵێین کە سەرکەوتنی هەر پرۆژەیەک چ پرۆژەی ئیبراهێم و لە ڕێگای دیپلۆماسی و چ لە ڕێگای تووندوتیژی و شەڕ و پێکدادان بەو جۆرەی حەماس چەخماخەکەی لێدا و ئێڕانیش ئاگرەکەی خۆش کرد، بەبێ دۆزینەوەی ڕێگە چارەیک بۆ کێشەی فەلەستین و لایەکی بە لایەکدا خستن ناتوانێ بە سەرئەنجام بگات. ئەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە، بەڵام هەر لێرەشدا دەبێ و ناچارین ئەوەی پێ زیاد کەین کە ڕۆژهەڵاتیی ناوەراست جگە لە کێشەی فەلەستین کێشەی زۆری دیکەشی تێدایە. یەکێک لەوانە کێشەی دمۆکراسی و ڕزگاربوون بە دەستی ئیسلامی سیاسییە. لە هەمان کاتدا دەبێ بزانین کە کێشەیەکی گەورەی دیکەش، درەنگ یان زوو بەرۆکی هەموو کەس لە دەسەڵاتداران و سیاسەتمەدارانەوە بگرە تا شرۆڤەکاران دەگرێ و ئەویش کێشەی کوردە واتە کێشەی گەورەترین نەتەوەی بێ کیانی سیاسی و مافخوراوە کە ئێتر لە سەدەی بیست و یەکەم بە بەشی خۆی ڕازی نییە و وەخەبەرهاتنێکی تەواو نەتەوەیی پێوە دیارە. جیاوازیی کێشە و پرسی کورد لە گەڵ فەلەستینییەکان ئەوەیە کە زۆربەی هەرە زۆری کورد و لە پێشەوەی هەموانیش کوردی ڕۆژهەڵات داخوازی نەتەوایەتییەکەی ئاوێتە و گرێدراوی پێشکەوتنخوازی، دمۆکراسی و سێکۆلاریزمە و بە ژەهری توندرەوی و بنئاژۆیی ئایینی و ئیسلامی سیاسی لێڵ نەبۆوە.
بەڵام بگەرێینەوە بۆ ئێران، کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا چووەتە ناو ئەو کێشانەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا کە هێشتا نەیتوانیەوە ئەو برینانەی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کە لە جەستەی دا سارێژ بکات. ڕاستە خەڵکی نارازی کە خوازیاری هەڵپێچانی دەسەڵات و نیزامی سیاسی بوون، شەقامیان لێسەندرایەوە و نەیانتوانی بە ئامانج و ئارەزووی سەرەکی خۆیان کە هەڵپێچانی دامودەزگاکانی کۆماری ئیسلامی بوو، بگەن، بەڵام کۆماری ئیسەلامیش سەنگەری حیجابی زۆرەملێ تا ڕادەیەکی زۆر لەدەستداوە و بەو شێوەیە یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی دەسەڵاتە ئایینییەکەی درزی گەورەی تێکەوتووە و هەوڵەکانی بۆ دووبارە گرتنەوەی ئەۆ سەنگەرە گرینگە تا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە. سەنگەری حیجابی زۆرە ملێ تەنیا سەنگەرێک نییە کە کۆماری ئیسلامی لە دەستی داوە، زۆر ئاماژە هەن کە پێمان دەڵێ پاشەکشە پێکردنی خەڵک تەنیا شتێکی کاتییە. کۆمەڵگا ترس و خۆفی جارانی لە دەسەڵات و زەبروزەنگەکەی نەماوە و نەچووەتەوە گۆشەی ماڵێ.
سەرهەڵدانەوەی درەنگ و زووی ئاخێزێکی پان وبەرینتر لەوەی پێشوو وەک شەمشیری داموکلێس بە سەر سەری رژیم دەسورێتەوە و خەوی شیرینی لێ حەرام کردوە و وەک مۆتەکەیەک نیشتووەتە سەر سینگی و پشووی سوار کردوە.
کوردستان لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەستکەوتی گەورەی بۆ خۆی دەستەبەر کرد. کۆماری ئیسلامی بە دروست کوردستان و بزووتنەوەی کورد خەتاباری سەرەکی لە سەرهەڵدانی ئەو بزووتنەوەیە دەزانێ. کوردبوونی ژینا و گرینگتر لەوە هەڵسوکەوتی بنەماڵەکەی و دیسانیش گرینگتر پێشوازی بێوێنەی خەڵکی سەقز و دوابەدوایدا هەموو کوردستان، چ لە ئەسپەردەکردنی و دواییش لە چلەی گیانبەختکردنی بوو بە بزوێنەری بزووتنەوەکە لە سەرانسەری ئێران. ڕووسەری (حیجاب) لە سەر هەڵگرتن و دروشمی ژن، ژیان، ئازادی هەمووی لە کوردستان دەستی پێکرد و لەوێوە تەشەنەی سەند بۆ باقی ئێران. ئەو جێگەوپێگەیەی کوردستان لەو بزووتنەوەیەدا بە دەستی هێنا خۆی بەرهەمی زۆرتر لە چوار دەیە خەبات و خاوەندارێتی گوتارێکی پێشکەوتنخوازانە بوو. هەرچەند ئەوە بە مانای نەدیتنی دەور و کاریگەری ژنان و پیاوانی پێشکەوتووی ئێران لەناو نەتەوەکانی تر نییە. حاشاهەڵنەگرە کە گوتاری کۆمەڵە وەک هێزێکی پێشکەوتنخوازی نەتەوەیی لە ناو گوتاری کوردی، هەم لە هەمبەر کارلێکی(تەعامول) لەگەڵ هێزە سەرتاسەرییەکان و هەم بە بۆنەی ڕۆڵێک کە لە ڕێکخستنی ناو ماڵی کورد بوویەتی، بە هەموو ئاستەنگ و ئەو ئالەنگارییانەی هاتە سەر ڕێگای، بەڵام باشترین دەسکەوتی بۆ دۆزی کورد دەستەبەر کرد. هەر دیتنی ئەم ڕاستییەش وایکرد کە کۆمەڵە بەرەورووی زۆرترین دژایەتی ببێتەوە، چ لە لایەن بکەرانی سیاسەتی توندئاژۆ و فاشیستی لە ناو ئۆپۆزیسیۆن لە ئاستی سەرانسەری و چ لە لایەن دەزگای پرۆپاگەندەی کۆماری ئیسلامیش کە بە پێی ئامار هەزاران جار لە مێدیاکان و ڕاگەیاندنەکانی، کۆمەڵە وەک هاندەری نارەزایەتییەکان نە تەنیا لە کوردستان، بەڵکوو لە سەرتاسەریی ئێران ناو دەبا. هەرچەند ئەم ڕوانینانە لە مێدیاکانی کۆماری ئیسلامی زیادەرەوییان تێدا کراوە، بەڵام ئاماژەیەکە بە ترس و خۆفی کۆماری ئیسلامی لە بزووتنەوەی کورد و لە یەکێک لە بزوێنە سەرەکییەکانی.
ئاسۆی ڕۆژهەڵات لە وەرزی نۆیی دەستبەکاربوونی هەموو هەوڵ و توانای خۆی دەخاتە گەڕ بۆ چەسپاندنی زۆرتری ئەم گوتارە.
کورد بێ گومان دەبێ بە هەموو توانایەوە خۆی ئامادە و تەیار بکات تا بە وزەیەکی زۆرتر، بەرچاوڕوونییەکی گەشتر و بە کەڵک وەرگرتن لە دەسکەوتەکانی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بروات بەرەوپیری ئاخێزێکی دیکەی جەماوەری بە دژی کۆماری ئیسلامی و هەڵپێچانی ئەم دامودەزگا نگریس و دژەمرۆڤیە وەک پێشمەرجی ڕزگاری و ئازادی کورد و دەستەبەرکردنی مافەکانی.
ئاسۆی ڕۆژهەڵات هەوڵ دەدا پشکێکی شیاو لەو ئەرکە پیرۆزە وەئەستۆ بگرێ، بەڵام لە هەمان کات دا ئاسۆی ڕۆژهەڵات خۆی لە چەمکی ئۆرگانی کۆمیتەی ناوەندی قەتیس ناکات و لە چوارچێوەی گوتاری پێشکەوتنخوازانەی نەتەوەیی پێشوازی دەکا لە هاوکاری و یارمەتی خاوەن بیر و ئەندێشەکان کە بابەتەکان لە گۆشەنیگای جیاوازەوە هەڵدەسەنگێنن و شرۆڤەی دەکەن.