و ئاراستەی بانگەشەکردن لەو پرۆسەیەدا و دەمەزەردکردنەوەی گووتاری ئیسلاحتەڵەبیی حکوومەتی لە لایەن لایەنگرانی مەسعوود پزشکیان و پێگەی ئیسلاحخوازانی دەوڵەتی،هاوئاراستەبوونی پێکهاتەی کابینەی نوێی دەوڵەتی لەگەڵ خامنەیی،خۆبەدەستەوەدانی ئیسلاحتەڵەبەکان یان گۆرانی بنەما فیکرییەکانی خامنەیی؟،کۆماری ئیسلامی و لووتکەی قەیرانە بەرفراوانە نێوخۆیی و دەرەکییەکان و دەرەتانی دەربازبوونی لێی،دیاریکردنی ژمارەیەک ژن لە پۆستە باڵاکانی دەوڵەتدا و ئاڵنگارییەکانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بۆ دەوڵەتی نوێ و پرسی کەمایەتییە نەتەوەیی وئایینییەکانی ئێران لە دەوڵەتی پزشکیاندا ناوەرۆکی وتووێژێکی ئەم ژمارەیەی ئاسۆی رۆژهەڵاتە بە میوانداریی بەرێز دکتور هاشم ئەحمەدزادە پرۆفیسۆری یاریدەدەرلە بەشی زمانناسی و لێکۆڵینەوە لە زانکۆی ئۆپسالا لە وڵاتی سۆئێد.
شایانی باسە دکتورهاشم پاش وەرگرتنی بەکالۆرێس لە زمانی ئینگلیسیدا لە ئێران، لە زانکۆی ئۆپسالا لە بواری رۆژهەڵاتناسیدا پلەی ماستەر وەردەگرێ و سالانێک هەر لەو زانکۆیە وەک وانەبێژ لە بوارەکانی مێژوو وسیاسەت لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و زمان و ئەدەبییاتی فارسی و زمانە ئێرانییەکان بەردەوام بووە و هاوکات قۆناغی خوێندن بۆ پلەی دکتۆراکەی لە زانکۆی لەندەن درێژە پێدەدا وبۆ ماوەی حەوت ساڵ وەک پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە لێکۆڵینەوەی رۆژهەڵاتی ناوەراست لە زانکۆی ئێگزێتری بریتانیا کاری کردووە.خاوەن کۆمەڵێک بەرهەمی نووسین ووەرگێران و دەیان وتاری ئەدەبی،رەخنەیی و تێئۆریک بە زمانەکانی ئینگلیسی،سۆئێدی،فارسی و کوردییە.
ئاسۆی رۆژهەڵات: هەر رۆژانی سەرەتای بانگەشەی بەنێوهەڵبژاردنەکانی سەرۆکۆماری لە ئێران بە پێچەوانەی وتە وهەڵسووکەوتەکانی مەسعوود پزشکیان، بەبەردەوامی دەنگۆی ئەوەیە بڵاو دەبووە کە ناوبراو لە بەرەی رێفۆرخوازە دەوڵەتییەکاندایە،دواتریش لە پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێدا و بوونی چەند کەسایەتی پێشووتری رێفۆرمخوازەکان لە ریزی وەزیرەکانی دەوڵەتدا ئەم دەنگۆیەی زیاتر پەرە پێدەدا.پرسیار ئەوەیە کە پێگەی بەرەی رێفۆرخوازانی حکوومەتی لە کێشە وململانێ و تەنگەژەی سیاسی ئێران چۆن دەبینن؟ ئەگەر گریمانەی رێفۆرمخواز بوونی پزشکیان راست بێ، ئایا وەک هێندێک شرۆڤەکار و لایەنی سیاسی ئیدیعا دەکەن خامنەیی گۆرانکاری لە بیر و سیاسەتیدا هاتۆتەگۆرێ یان نەخێر لە راستیدا ئەوە بەرەی رێفۆرخوازانی دەوڵەتین کە دوایین بزماریان لە تابووتی پرۆژەی چاکسازی خۆیان دا و بەیعەتیان لە گەڵ ویلایەتی فەقیە کرد؟هەر لەو تەوەردا گووتاری رێفۆرمخوازانی کورد چۆن دەبینن؟
د.ئەحمەدزادە: پرسی باڵە جیاوازەکانی ڕژێم لە ئێران زەحمەتە بەپێی فۆرمولە کلاسیکەکانی سیاسەت شرۆڤە بکرێت. چەمکگەلی ‹ڕێفۆرمخواز› و ‹کۆنەپارێز› لە پێوەندیی لەگەڵ سیستەمی سیاسیی کۆماری ئیسلامیدا پێویستیی بە لێکدانەوەی هەمەلایەنەتر هەیە. لێرەدا بەگشتی ئاماژە بە هەندێک تایبەتمەندیی ئەم ڕژێمە و سیستەمە سیاسییەکەی دەتوانێت بەرچاوڕوونییەک بێت بۆ ئەوەی چی بووە و چی دەبێت.
دژایەتیی سەرەکیی و جەوهەرییانەی تێزی وەلایەتی فەقیهـ و وەلایەتی جەماوەر، یەک لە سەرچاوە بنەماییەکانی سیستەمی کۆماری ئیسلامییە. ڕەنگە هەر لەسەرەتاوە تێکهەڵکێشكردنی پاشگری ‹ئیسلامی› لەگەڵ ‹کۆمار› بەردی بناغەی ئەم گرفتەی دانابێت و ئێستاشی لەگەڵدا بێت دوای زیاتر لە چوار دەیە، کۆمەڵگەی ئێران بەدەست ئەم دیاردەیەوە دەناڵێنێت. ئەم بارە ئایدۆلۆژیکییە ئەوەندە بۆ وەڵاتی ئێران گران تەواو بووە کە دەکرێ مرۆڤ بڵێت تەنانەت دوای نەمانی سیستەمەکەش، دەربازبوون لە لێکەوتە کۆمەڵایەتی، سیاسی و فەرهەنگییەکانی، چەندان دەیەی دیکە دەخایەنێت. لە هەبوونی پێکهاتەیەکی لەم چەشنەدا قسەکردن لە هەڵبژاردن و ئەویش لە جۆری دێمۆکراتیک شتێکی تەواو نامۆیە بە نەریتی سیاسی و کۆمەڵایەتی.
پرسی باڵە جۆراجۆرەکانی ڕژێم نابێت بە سانایی وەک پرسێکی ئەوتۆ لێک بدرێتەوە کە یەک لە باڵەکانی ئەم سیستەمە زیاتر لە ئەوی دیکەیان ملکەچی پڕەنسیپەکانی دێمۆکراسییە. لە بنەڕەتدا باوەڕ بە دیاردەیەکی ئاوا هەڵەیە و لە وردبوونەوەیەکی هەمەلایەنەدا دەکرێ کێشمەکێشی ئەم باڵانە تەنانەت جۆرێک بێت لە پلانی ژیرانەی ڕژێم بۆ بەردەوامبوونیان لەسەر دەستەڵات. لێرەدا هاوکێشێکی ناسک لە ئارادایە و نابێ بکەوینە داوی وەڵامی هاسانی باوەڕهێنان بە تیۆریی پیلان. نا، ئەمە پیلان نییە، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی باڵانوێنی گرفتە پەنگخواردووەکانی کۆمەڵگە و سیاسەت و هەلومەرجی ئابوورین.
پرسی تەقییەی شیعە و هەڵوێستەکانی خومەینی و یاوەرە نزیکەکانی نیشان دەدات کە ئەوان بۆ پاراستنی سیستەمەکەیان پشتیوانەیەکی لەمێژینەی ئایدۆلۆژیک و ئایینییان هەیە. پڕەنسیپی تەقییەی شیعە لە کاراکتەری خومەینی و خامەنەییدا بەسانایی دەردەکەوێت. چاوێک لە هەڵوێستەکانی خومەینی بکەن ئەو کاتەی بەر لە سەرکەوتنی شۆڕش قسەی لە پێگەی «ڕۆحانییەت›› دەکرد و بەراوردی بکەن بە هەڵوێستەکانی ئەو دوای ئەوەی گەڕاوە تاران و بە قسەی خۆی «دەوڵەتی دانا›› و «لە دەمی دەوڵەتی [ئەو کاتی] دا.›› تازە لە دانانی دەوڵەتیشدا زۆر وشیارانە و زیرەکانە جووڵایەوە. بۆ چرکەیەک وای دابنێین کە خومەینی هەر لە سەرەتاوە کەسانی وەک ڕەفسەنجانی و خامەنەیی کردبوایە بە بەرپرسی دانانی دەوڵەت و سەرۆککۆماری و هتد. دانانی بازرگان و دواتر بەنیسەدر و قوتبزادە و یەزدی و فروهەر و سەحابی و یونێسی و تەباتەبایی و … لە پلە و پایەی جیاوازی دەسەڵاتدا نیشانەی نەک هەر هەلومەرجی سیاسی و هاوکێشی هێز و ئامادەبوونی جەماوەر لە شەقامەکاندایە، بەڵکوو جۆرێک لە «پراگماتیسمی›› دەسەڵاتدارانی سەرەکیی ئەو سەردەمیشی پێوە دیارە.
بەڵام کاتێ سەیری ڕەوتی ڕووداوەکان دەکەین، هێشتا ساڵێک بەسەر سەرکەوتنی شۆڕشدا دەرباز نەبووە کە شانۆی ڕووداوەکان گۆڕانکاریی بنەڕەتییان بەسەردا دێت. چارەنووسی یارانی نزیکی خومەینی لە دامەزراندنی ئەم ڕژێمەدا بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لە دڕندەیی ئەم ڕژێمە و بێڕەحمییەکانی، تەنانەت بەرانبەر بە دامەزرێنەرانی سیستەمەکە. ڕەنگە لەم بارەوە تەنێ کوشتار و قەڵاچۆکارییەکانی ژووزێف ستالین شان لە شانی کردەوە دزێوەکانی خومەینی بدات. چارەنووسی، قوتبزادە، بەنیسەدر، یەزدی، تالەقانی، مونتەزیری و دەیان و بگرە سەدان کەسی دیکە گوزارە لە دیکتارۆرییەت و پاوانخوازیی ئەم ڕژێمە دەکات. خامەنەیی و هەڵسوکەوتی لەگەڵ زۆرینەی یارانی نزیکی خۆیدا نیشان دەدات کە شاگرد چەندە بە مامۆستاکەی وەفادارە. نموونەی وەفادارییەکانی خامەنەیی بە ڕێبازی مرادەکەی لە چارەنووسی کەسانی وەک مووسەوی و کەڕڕوبی و ڕەفسەنجانیدا دەگاتە لووتکە.
ئاسۆی رۆژهەڵات: لە دیدار و رێورەسمی راسپاردنی پزشکیان بۆ پێکهێنانی کابینەی حکوومەت عەلی خامنەیی بێجگە لە هێندێک ئامۆژگاری سادە و لاوەکی وەک دیارکردنی بەرپرسانی ئیماندار ودەستپاک، جێبەجێکردنی هێندێک ئەرک و کاری هەنووکەیی شتێکی لە سیاسەتی بنچینەیی و جیددی دیکە نەگووت. ئایا بەبڕوای ئێوە خامنەیی بۆچی خۆی لە بابەتی جیددی و هەمیشەیی بۆ سەرۆککۆمار بوارد؟ ئایا ئەوە نیشانەی دڵنیایی ناوبراوە لەوەیکە حکوومەتی نوێ بە تەواوی لەژێررکێف وگوێرایەڵی خۆیەتی؟ ئایا لە روانگەی خامنەییەوە حکوومەتی نوێ بە سەرۆکایەتی پزشکیان درێژکراوەی هەمان حکوومەتەکەی ئیبراهیم رەئیسییە بۆیە بە پێویستی نەزانی راسپاردەکانی پێشووی دووبارە بکاتەوە؟
د.ئەحمەدزادە: بەدڵنیاییەوە خامەنەیی زۆر بەباشی ەزانێت چەندان ئاڵنگاریی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی، هەڕەشە لە مانەوەی ڕژێم لەسەر ڕەوتی جاران دەکەن. پرس ئەوەیە ئەگەر سەرۆککۆمارەکانی پێشوو هەر یەکەو لە دەورەیەکدا و بە شێوەیەک توانیان بۆ ماوەیەک سیاسەتی گشتیی ڕژێم بەڕێوە بەرن، ئایا سەرۆککۆماری تازەش دەتوانێ دەورەی خۆی بە سەرکەوتوویی بپرسیارە دەگرن. ڕادەی قەیرانە جۆراجۆرەکانی کۆمەڵگەی ئێران گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار و ئامۆژگارییەکانی ‹ڕێبەر› ئەستەمە بتوانێت دەرمانێک بێت بۆ ئەو برینە قووڵە. چارەنووسی سەرۆککۆمارەکانی پێشووتری ئێران ئۆلگویەکی باش نین بۆ سەرۆککۆماری تازە. ئەوەی کە سەرۆککۆمار بەردەوام گوێڕایەڵیی خۆی بۆ خامەنەیی دووپات دەکاتەوە ناتوانێت پێش لە تەقینەوەی ناکۆکییە ڕیشەدارەکانی ڕژێم و کۆمەڵگەی ئێران بگرێت.
ئاسۆی رۆژهەڵات: حکوومەتی کۆماری ئیسلامی لەکاتێکدا سەرۆکایەتی دەوڵەتی داوەتە دەست مەسعوود پزشکیان کە بێجگە لە سەدان قەیرانی قووڵ و چارهەڵنەگر لاینکەم لە سێ رەهەندی زۆر گرینگ و بنچینەییدا قەیرانی رەوایی و مەشرووعییەت لەناو خەڵک، قەیرانی قووڵی ئابووری و پەراوێزکەوتنی نێودەوڵەتی.بە چاوگێرانێک بە کابینەکەی پزشکیاندا و هەڵسەنگاندنی لێوەشاوەیی و شارەزایی و پسپۆری وەزیرەکاندا ئایا ئاسۆیەکی روونی دەربازکردنی ئەو قەیرانانە لە ماوەی چوارساڵی دەسەڵاتی حکوومەتەکەی پزشکیان بەدی دەکرێ؟
ڕەوتی پەرەی بڕیار و کارەکانی سەرۆککۆمار هەتا ئێستا نیشانی نەداوە کە توانای ئەوەی هەبێت بەرەوڕووی کۆمەڵگەیەکی سەرتاپا قەیرانلێدراو بێت. بۆ بەدشانسیی سەرۆککۆمار تەقینەوەی کێشە ناوچەییەکان و کارەساتی غەززە و بەربەرەکانیی تووندی ئیسرائیل لەگەڵ حەماس و حیزبوڵلا و حوسی و … هەلومەرجی پانتایی گشتی لە کۆمەڵگەی ئێران زیاتر لە جاران ئاڵۆز کردووە. بە لەبەرچاوگرتنی سیاسەتی دەستتێوەردەرانەی ئێران لە ناوچەدا ئەستەمە ڕژێم ئەم جارەیان بتوانێت وەک جاران بە سڵامەت لەو قەیرانانە دەربازی بێت. لە ساڵان و بگرە مانگانی داهاتوودا کۆمەڵگەی ئێران شاهیدی زۆر ڕووداوی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری دەبێتەوە کە بەستێنی کێبڕکێی هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان زیاتر لە هەمیشە بەرفراوانتر و هەمەلایەنەتر دەکات.
ئاسۆی رۆژهەڵات: لە کاتێکدا ژنان و بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بوونەتە گەورەترین مەترسی بۆسەر بناغەکانی دەسەڵاتی دژە ژن و دواکەوتووی ئیسلامی لە ئێران رۆژانەش دەبینین کە هێرش بۆ سەر ژنان و گرتن وسزای زیندان وئەشکەنجەدانیان لە بەندسخانەکان لە زیادبوون دایە،ئایا لە روانگەی ئێوەوە دیاریکردنی چەند ژنێک وەک وەزیر و وتەبێژی دەوڵەت بە مانای ئاوردانەوە لە پرسی گرینگی ژنان وپاشەکشەکردنە لە سیاسەتی سەرەرۆیانەی هەتا ئێستای رژیم بۆسەر ماف وئازادییەکانی ژنان، یان فریوکارییەکی رووتین وهەمیشەیی کۆماری ئیسلامییە؟
د.ئەحمەدزادە: لە دوای شۆڕشی ژیناوە چەمکی یەکەمین شۆڕشی فێمینیستی لە ئاستی دنیادا کەوتە سەر زمانان. دروشمی ئەم شۆڕشە لە هەناوی خۆیدا ویستی هەموو توێژەکانی کۆمەڵگەی ئێرانی حاشار داوە. هەبوونی ژن وەک لایەنێکی سەرەکیی ئەم سێگۆشەیە لە هەموو سەردەمی ژیانی کۆماری ئیسلامیدا یەک لە هەڕەشە سەرەکییەکان بووە بۆ مانەوەی ڕژێم. سەرەڕای جۆرێک لە ئاپارتایدی جینسی لە ئێران، ژنان توانیویانە ببن بە دەنگ و هێزێکی بەرچاو لە هاوکێشی ململانێی دەسەڵاتدا. دەبێ ئەو ئوقیانووسەی هێزی ژنان کارتێکەریی خۆی بە شێوەیەک لە پلانەکانی ئێستای ڕژێمدا نیشان بدات. بەڵام تۆ بڵێی ویستی خەباتی بەربڵاوی ژنان لە کۆمەڵگەی ئێراندا بە دانانی چەند وەزیر و ڕاوێژکاری ژن چارەسەر بکرێت. بە باوەڕی من وەڵامەکەی ‹نا›یەکی گەورەیە.
ئاسۆی رۆژهەڵات: لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا مەسعوود پزشکیان سەردانی کوردستانی کرد وبە شێوەیەکی ناراست و چەواشەکارانە گووتی کە کوردە ودەنگی خەڵکی کوردستانی بە گرینگ و چارەنووسساز بۆ خۆی ورژیم دەزانی و لە نێوەشدا هێندێک رێفۆرخوازی کورد بە مەبەستی جۆراوجۆر کەوتنەکاربۆ جووڵاندنی هەست وسۆزی خەلکی کوردستان وهاندانیان بۆ بەشداریکردن لە دەنگداندا.بەڵام پزشکیان پاش بوونە سەرۆککۆمار و لە پارلمانی ئیسلامیدا لە وەڵامی گلەیی وگازندەی یەکێک لە نوێنەرەکوردەکانی پارڵماندا کە گویا پزشکیان وادەوبەڵێن بە خەڵکی کورد داوە کە ئاوڕیان لێدەداتەوە و خەڵک هیوایان لەسەر ئەو بەڵێنانە هەڵچنیوە گووتی لە کوردستان خەڵک دەنگیان نەدا. ئامارەکان و بەڵگە بەردەستەکان نیشان دەدەن کە قسەکەی مەسعوود پزشکیان راستە و خەڵکی کوردستان نەک هیچ هیوایەکیان بە بەڵێنەکانی ناوبراو نەبووە بەڵکوو ئامادە نەبوون لەو شانۆگەرییەدا بەشدار بن. پرسیار ئەوەیە کە ئێوە ئەو دێنامیزمەی بزووتنەوەی کوردستان لە چیدا دەبینن کە تەنانەت پاش زیاتر لە چواردەیە پاش هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی لەسەر داخوازییەکانی خۆی سوورە و وەک هەمیشە وەڵامی بۆ دەسەڵاتی ناوەندی «نا»یە؟ هەر لە درێژەدا پێمخۆشە بپرسم کە ئایا دیاریکردنی عەبدولکەریمی حوسەینزادە بە جێگری سەرۆککۆمار بۆ کاروباری ناوچە هەژار و گەشەنەکردووەکان بە مانای ئاوڕدانەوەی کۆماری ئیسلامی لە پرسی کوردە؟ لە کاتێکدا هەم خودی حکوومەت و هەمیش بەشێک لە رێفۆرمخوازە کوردەکان زیاتر ناوبراو وەک کەسێکی سوننی نێو دەبەن لە کوردبوونی هەتا رادەیەکی زۆر خۆدەبوێرن. بەڵام ئایا بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخی هەڵگرانی باوەری ئاینزای سوننی لە ئێران ئەو کارەی رژیم دەتوانێ وەڵامێک بێ بۆ داواکارییەکانی سوننیەکانی ئێران؟
د.ئەحمەدزادە: ڕەنگە یەک لە دیاردە هەرە سەرنجڕاکێشەکانی کۆمەڵگەی ئێران لە دوای شۆڕشەوە پرسی کورد بووبێت. ئەم پرسە سەرئێشەیەکی گەورە بووە بۆ کۆماری ئیسلامی. تایبەتمەندییەکانی بزووتنەوەی کورد بەگشتی و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی، لێکدانەوەی زۆر هەڵدەگرێت. لێرەدا بەکورتی دەتوانم بڵێم ئەمە بە پلەی یەکەم پرسێکی نەتەوەیی و ناسنامەخوازە. لە هەمان کاتدا ئەم پرسە لە هەناوی خۆیدا وەک هەر کۆمەڵگەیەکی زیندوو، لایەنە جیاوازەکانی کۆمەڵایەتی، چینایەتی، فەرهەنگی و جێندەریی حاشار داوە و بۆ وەدیهێنانی ویستەکانی بەبەردەوامی لە تێکۆشاندا بووە. ئەگەر هەڵبژاردنی ئەم جارەی سەرۆککۆماری لە ئاستی ئێراندا شکستێکی مەزن بوو بۆ سیستەم، لە کوردستان دیسانەوە گورزێک بوو لە ڕژێم وەشاندرا و زۆرینەی ڕەهای کوردەکان لە بەشداری لە شانۆگەریی هەڵبژاردندا بەشدار نەبوون. ئێستا ڕژێم لە بەرانبەر ئەم جەماوەرە وشیار و بەبڕیارەدا چی بکات؟ گەیەنێتە سەر؟ زۆر فاکتۆر هەن کە پێش بە وەڵامێکی ئەرێنی بۆ ئەو
بێگومان سیاسەتی سەرکوت و تۆقاندن وەک هەمیشە بەردەوام دەبێت. بەڵام ڕژێمیشی دەرس لە ڕابردووی خۆی و سیاسەتەکانی وەردەگرێت و ڕەنگە بۆ ئەوەی خۆڵ لە چاوی خەڵک بکات هەندێ سیاسەتی تازە ڕەچاو بکات. بۆ نموونە دانانی ‹›جێگرێک بۆ سەرۆککۆمار لە کاروباری ناوچە هەژار و گەشەنەکردووەکان›› کە کورد و سوننی بێت. هەرچەند ئەمە لە ساڵانی ڕابردوودا وەک یەک لە ویستەکانی بەشێک لە کۆمەڵگەی کوردستان ئاراستە کراوە و ئەوەی کە دواجار ڕژێمیشی ئەم کارە دەکات، دەتوانێت نیشانەیەکی گۆڕینی سیاسەت بێت، بەڵام تۆ بڵێی ئەمە گرێیەک لە گرێپووچکەی سیاسەتی گشتیی ڕژێم لە کوردستان بگۆڕێت؟ بە باوەڕی من نا. لێرەدا دیالێکتیکی زەریفی وەڵاموەرگرتنەوەی ویستێک و پەرەگرتنی داخوازییەکانی جەماوەر نابێت لەبیر بکەین. پرسی جیاوازیی ئایینی لە ئێران ئەوەندە لە لایەن ئایینی زاڵی شیعەوە سەرکوت کراوە و شیعە ئەوەندە لەو سیستەمەدا جێگە و پێگەی قەداسەت و سەردەستیی دراوەتێ کە ئایینەکانی دیکە ئەستەمە بەم کارە هەناسەیەکیان بێتەوە بەر. سەرکوتی بێوچانی بەهاییەکان و بەشداری پێنەکردنی سونییەکان لە دەسەڵاتدا ڕیشەی دە باوەڕی نەریتیی دەسەڵاتدارانی شیعەی ئێرانیدا هەیە کە پێیان وایە لە ڕەوتێکی مێژووییدا ئەوە سوننییەکان بوونە کە پێشیان بە «وەلایەتی›› ئیمامانی شیعە گرتووە و هەربۆیە وەک ئەرک دەبێ ئەوان پەراوێز بخرێن و لە بەڕێوەبەریی وەڵاتدا ڕۆڵێکیان نەبێت. ئەم کارەی سەرۆککۆمار لە دانانی سونییەک/کوردێک وەک جێگری خۆی ئەستەمە بەتەنیا بتوانێت وەڵامدەرەوەی ویستە کەڵەکەبووەکانی کوردان لە لایەک و سوننییەکانی وەڵاتی ئێران لە لایەکی دیکەوە بێت.