وتووێژێکمان لەگەڵ بەرپرسی دەستەی بەرێوەبەری هانای ڕۆژهەڵات بەرێز ئیبراهیمی کۆنەپۆشی، سازکردووە، تا خوێنەران لە گەڵ ئەم ڕێکخراوە مەدەنییە ناحکومییە ئاشنا کەین.
ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ تکایە سەرەتا بە کورتی هانای ڕۆژهەڵات مان پێ بناسێنە
هانای ڕۆژهەڵات ڕێکخراوێکی مەدەنییە کە بۆ خزمەت بە دۆخی ژیان و ژینگە، چالاکی ئەنوێنێت، لەو پێناوەدا لە کاتی قەیران و ڕووداوە دەستکرد و سروشتییەکان بۆ چارەسەر و دەرباز بوون لەو قەیرانانە لەمەیداندا ئەبێت.
ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ ئامانجی هانای ڕۆژهەڵات چییە؟
باشتر کردنی دۆخی ژیان و ژینگە دوو بابەتی سەرەکی هەڵسووڕانی هانای ڕۆژهەڵاتە، ژیانێکی باش پێویستی بە ژینگەیەکی باش و تەندروستە، یان ئەتوانین بڵێین لە ژینگەیەکی تەندروستدا ژیان باشتر ئەبێت.
لە وڵاتی ئێمە لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە ژیان و ژینگە کەمترین بایەخی پێنەدراوە، ژیان هەرزان و ژینگە بێ بایەخە، بەم هۆیەوە بۆشاییەکی گەورەی دروست بووە کە بەردەوام ژیان و ژینگەمان لە لێواری هەڵدێران و بەردەوام لە سنووری فەوتاندان.
بۆ پڕ کردنەوەی ئەم بۆشاییە بەردەوام خەڵکانی دڵسۆز چ لە ناو خۆ و چ لە دەرەوەی وڵات، چ لە قاڵبی ڕێکخراوەکانی مەدەنی و چ بە شێوازی تاکی سەر بەخۆ هەوڵەکانیان خستووەتە گەڕ بەڵکوو بتوانن ئەم قەیرانانە چارەسەر بکەن و بە شێوەی خۆبەخشانە هەوڵی ڕزگاری ژیان و ژینگە لەو قەیرانە بدەن.
ڕەنگە نەتوانرابێت بە تەواوی کێشە و گرفتەکان چارەسەر بکرێن، بەڵام بۆ تیمار کردنی زامەکان کاریگەر بوون، ئێمەیش وەک هانای ڕۆژهەڵات وەک دەسە پارەی خۆمان بۆ سەر خەرمانی ڕزگاری ژیان و ژینگە لە قەیران، پرسی ژینگە و ژیانمان کردووەتە ئامانجی سەرەکی خۆمان و هیوادارین لەم پێوەندییەدا بتوانین هاوکار وکاریگەر بین.
ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ هانای ڕۆژهەڵات لە کەیەوە دروست بوە؟ کورتەیەک لە مێژوی رێکخراوەکە باس بکەن.
سەرەتا لە ساڵی ٢٠١٧ تا ساڵی ٢٠١٩ وەک کەمپەین بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی و گەیاندنی بە ئەو کەس و جێگایانەی وا یارمەتی پێکردنیان پێویست بوو بە شێوەی بەیناوبەینی دەست بە کار بووین.
دواتر لە ڕوی کاریگەری هەنگاوەکانمان و متمانەی خەڵک بە گرووپەکەمان، هەروەها هەست کردن بە زەروورەتی بەردەوامی لە هەموو وەرزەکاندا، بەو ئاکامە گەیشتین بەمەبەستی یارمەتی گەیاندن و هەوڵ لە پێناو چارەسەری گرفتەکاندا پێویستی بە ڕێکخراوێکە کە لە کارەکانیدا بەردەوامی هەبێت، ڕێکخراوێک خاوەن ئۆرگان بێت، ئەمین تر و شەفاف تر بێت و ببێتە زەرفێکی خاوەن ڕێکخراوی گەڵاڵەدار کە بتوانێت لە ئاراستەی ئامانجەکاندا کاریگەری ئەرێنی زیاتر وبەردەوامی بێت.
بەو پێیە بڕیارمان دا ڕێکخراوێک کە بتوانێت ماڵی هەموان بێت و بەبێ لەبەر چاو گرتنی ڕەنگ و بیر و ئایدۆلۆژیا خزمەت بکات، دابمەزرێنین.
ساڵی ٢٠١٩ ڕێکخراوی هانای ڕۆژهەڵات وەک ئێن جی ئۆیەک لە وڵاتی نۆروێژ بە فەرمی تۆمار کرا، پاش ماوەیەک بە هۆی بەرینتر بوونەوەی ڕێکخراوەکە و ئاستی چاوەڕوانییەکان لە هانای ڕۆژهەڵات، وای لێکردین بواری یاساییەکەی بگۆڕین و لە ئین جی ئۆ یەکەوە تۆمارەکەی بگۆڕین بۆ ڕێکخراوێک( سازمان) کە بتوانێت مەیدانی هەڵسووڕانی بە شێوازی ئینترناشناڵ بێت، واتە لە هەموو وڵاتەکان بتوانێت بە شێوەی یاسایی چالاکی بنوێنێت. ئێستە هانای ڕۆژهەڵات وەک ڕێکخراوێکی ئینترناشناڵ چالاکی ئەکات و خاوەن کۆمەڵێک ئۆرگان و بەشی جۆراو جۆرە، لە لایەن دەستەی بەڕێوەبەری بەڕێوە ئەچێت و لە یازدە وڵات و ناوچە کۆمیتە و نوێنەرایەتی هەیە و لە ناوخۆی وڵاتیش لە ٤٥ شار و ناوچە گرووپ و تیمی هەڵسووڕاوی هەیە.
لە بواری میدیاییەوە خاوەن ماڵپەڕی تایبەتی خۆیەتی، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک تلگرام، ئینستاگرام، یووتیوب، فەیسبووک، تویتر، ئاکاونتی تایبەتی خۆی هەیە و بە زمانەکانی کوردی، فارسی و ئینگلیسی بابەتەکانی بڵاو ئەکاتەوە.
ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ مەیدانی هەڵسووڕانی هانا شوێنێکی دیاری کراوە؟
مەیدانی هەڵسووڕانی هانا لە دوو ڕوانگەوە پێناسە ئەکرێت.
یەکەم هەڵسووڕانەکانی هانای ڕۆژهەڵاتە بە مەبەستی کاری نێونەتەوەیی، کۆکردنەوەی یارمەتی، ڕێکخستنی کۆڕ وکۆبوونەوە و سمینارگەلی تایبەت، کە بۆ ئەم بەشە لە هەموو وڵاتەکان چالاکی ئەنوێنین بە پێی مەجال و دەرفەتی هانا.
دوو هەمین مەیدانی چالاکی ئێمە یارمەتی گەیاندنەکانمانە، کە بە پێی تۆمار کردنی هانای ڕۆژهەڵات بۆی هەیە لە چوار چێوەی هەموو وڵاتی ئێراندا یارمەتی بە کەس و ڕێکخراوی خاوەن نیاز بگەینێت.
ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ ئەگەر دەکرێ زانیارییەکمان بدەنێ لە بابەت سەرچاوەکانی داهاتی ڕێکخراوەکەتان ؟
هەر چەند هەوڵێکمان دەست پێکردوە بە مەبەستی وەر گرتنی یارمەتی لە ڕێکخراوەکانی نێونەتەوەیی، ڕێکخراوە ژینگە پارێز و مرۆڤدۆستەکان و ڕێکخراوە خێر خوازییەکان، ئەم هەوڵە جارێ لە سەرەتادایە و تا گەیشتن بەو قۆناغە پرۆسەیەکی لەبەرە کە ئێمە لە ناو ئەو پرۆسەیەداین،
تا هەنووکە هیشتا گەورەترین سەرچاوەی داهاتی ئێمە، ئابوونەی ئەندامیەتی ئەندامان، یارمەتی خەڵکانی خۆبەخشە کە متمانەیان پێ کردوین و هانای ڕۆژهەڵات بە دەستێکی ئەمین ئەزانن و یارمەتییەکانیان بۆ گەیاندن بە نیازمەندان لە ناوخۆ لە ڕێگای ئێمەوە جێبەجێ ئەکەن.
ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ ئایا بۆ وەرگرتن و دانی یارمەتی مەرجێکی تایبەتان هەیە؟
ئێمە دوو مەرجمان بۆ وەر گرتنی یارمەتی هەیە. یەکەم ئەو کەس و گرووپ و لایەنەی یارمەتیمان ئەکات گرێدراوی کۆماری ئیسلامی ئێران و دەستوپەیوەندییەکانی نەبێت، دووهەم، کەس، گرووپ و لایەنێک کە یارمەتیمان ئەکات لە بڕی یارمەتییەکە مەرجێکی تایبەتی نەبێت.
بەڵام بۆ یارمەتی گەیاندنمان پێویستە کەس یان ڕێکخراوێک کە پێویستی بە یارمەتی بێت لە لایەن تیم و گرووپەکانی هانا لە ناوخۆ، یان ئەندامانی هانای ڕۆژهەڵات، یان یەکێک لە ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ناوخۆ نیازەکەی پشت ڕاست کرابێتەوە و هەروەها نیازمەند گرێدراوی کۆماری ئیسلامی و دەست وپێوەندەکانی نەبێت.
ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ چۆنیەتی بەڕێوە بردنی ڕێکخراوەکەتان؟
دەستەی بەڕێوەبەری کە دوو ساڵ جارێک هەڵ ئەبژێردرێن، کۆمیتە و نوێنەرایەتییەکانی هانا لە هەموو وڵات و ناوچەکان. پێوەندییە نێو نەتەوەییەکان، بەشی ڕاگەیاندن، بەشی کولتووری، بەشی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان. هەر وەها بەشی تایبەت بە ئەندامان کە تا هەنووکە زیاتر لە چوار سەد ئەندامی هەیە، ئەو کۆمیتە و ئۆرگانانەن کە ڕێکخراوی هانای ڕۆژهەڵات بەڕێوە ئەبەن.
ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ کورتەیەک لە دۆخی هانای ڕۆژهەڵات لە بواری یاساییەوە باس کەن؟
لە بواری یاساییەوە هانای ڕۆژهەڵات ڕێکخراوێکی مەدەنی سەر بەخۆیە کە لە وڵاتی نۆروێژ تۆمار کراوە و مەیدانی کار و هەڵسووڕانی ئینترناشناڵە واتە نێو نەتەوەییە.
ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ لە کاتی دروست بوونتانەوە تا ئێستە لە بواری ناوەرۆکی کارتان، قەوارەی ڕێکخراوەییتان، چ ئاڵوو گۆڕێکتان کردوە؟
لە زۆر بوارەوە گۆڕانکاری بە مانای گەورە بوونەوەمان بەسەر دا هاتووە،لە بواری ناوەرۆکەوە ڕێکخراوتر، شەفافتر، کەم ئیرادتر و مەیدانی کاریشمان بەرینتر بووەتەوە، لە بواری قەوارەی ڕێکخراوەیی ئاڵوگۆڕی گەورەمان بەسەردا هاتووە بۆ نموونە تا ساڵی ٢٠٢٣ هانای ڕۆژهەڵات هیچ ئەندامێکی نەبوو جیاواز لە بەڕێوە بەرانی، ئێستە کە ساڵی ٢٠٢٤ی زاینییە زیاتر لە ٤٠٠ ئەندامی هەیە، لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەورووپایی، ئامریکا، کانادا و ئوسترالیا نوێنەرایەتی فەرمی هەیە، ڕێژەی ئەو کەس و ڕێکخراوە خێر خوازییانە کە متمانەیان بە هانای ڕۆژهەڵات کردوە زیادی کردوە، هانای ڕۆژهەڵات بە هەموو کەمو کورتییەکانیەوە بووەتە ڕێکخراوێکی ناسراوتر، پشتیوان و هاوکاری زیاتر بووە، ڕێکخراوترە، خاوەن کۆمەڵێک ئۆرگانی تایبەتی خۆیەتی، کۆمەڵێک کەسایەتی سەربەخۆ وەک چاوەدێر ئاگاداری کار و چالاکییەکانمان هەن، لە زۆر بابەتەوە زیاتر لە مەیداندایە و هەر ئەوەیش وایکردوە چاوەڕوانییەکان لەو ڕێکخراوەیە زیاتر بێت لە چاو جاران.
ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ هەموو کەس ئەتوانێت ببێت بە ئەندام؟ یان چۆن ئەتوانێت ببێت بە ئەندامی بەڕێوەبەری هانا لەو وڵات و ناوچانەی لقی هانای ڕۆژهەڵاتی لێیە؟
بوون بە ئەندام لە هانای ڕۆژهەڵات بابەتێکی دڵخوازە، هەر کەس تەمەنی لە ١٦ ساڵ کەمتر نەبێت، خاوەن هەر بیر و ڕوانگەیەکە، لە هەر زمان و نەتەوەیەک بەو مەرجەی گرێدراوی کۆماری ئیسلامی ئێران نەبێت ئەتوانێت ببێت بە ئەندام لە هانای ڕۆژهەڵات.
لە کۆبوونەوەی ساڵانەی وڵاتەکەی خۆی ئەتوانێت خۆی کاندید بکات و بە بەدەست هێنانی دەنگی ئەندامانی ئەو وڵاتە ئەتوانێت ببێتە ئەندامی بەڕێوبەری هانا لە وڵاتەکەی خۆی.
دەستەی بەڕێوەبەری گشتی، هەر شەش مانگ جارێک کۆبوونەوەیەک بۆ ئەندامانی هانای ڕۆژهەڵات ئەگرێت، تێیدا ڕاپۆرتی کار و چالاکی شەش مانگی ڕابردوویان پێشکەش ئەکات، خاڵی بەهێز و لاوازی ڕاپۆرت و تێکۆشانی ڕابردوو باس ئەکرێت و گەڵاڵەی خۆی بۆ شەش مانگی داهاتوو ئەخاتە بەردەم ئەندامان، هەر وەها باس و پێشنیار و گلەیی و ڕەخنەی ئەندامان ئەبیسێت و گەڵاڵەکانیان پاش شیکاری لەسەری و لە ئەگەری توانای جێ بە جێ کردن ئەخرێتە دەستووری کاری هانای ڕۆژهەڵات.
ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ چاوەڕوانیتان لە جەماوەر چییە چ بۆ یەکترین و چ بۆ ڕێکخراوەکەتان؟
ئێمە ڕێکخراوێکین هەوڵی یارمەتی گەیاندن ئەدەین، بۆ ئەو کەس و شوێنانەی وا پێویستن، گرفتەکانی کۆمەڵگای ئێمە یەک و دوان نین، ئەگەر هیمەتێکی گشتی نەبێت لەم دۆخەدا کە دەسەڵاتی گەندەڵی کۆماری ئیسلامی نرخی ژیان و ژینگەی هێناوەتە خوارترین ئاستی خۆی، ئاکامی قەیران و گرفتەکان کارەسات بارتر ئەبێت، بۆیە داوا لە هەموو ئەو کەس و ڕێکخراوانە ئەکەین بە هانای یەکەوە بچن و پەرە بەو هەوڵ هیمەتانە بدرێت وا تا ئێستە بووە.
هیوادارین هەموان هانای ڕۆژهەڵات بە بێ جیاوازی بە ماڵی خۆیان بزانن و بەو قەناعەتە بگەن هانای ڕۆژهەڵات دەستێکی ئەمینە و پردێکی موتمەئینە بۆ گەیاندنەوەی یارمەتییەکانیان، بۆ بە هاناوە چوونی خەڵکانێک و ژینگەیەک کە ئەبێ بە هانایانەوە بچین، هانای ڕۆژهەڵات بە ماڵی خۆیان بزانن، هەر وەها هیوادارم ئێمەیش بە کردەوە لەئاستی چاوەڕوانی و متمانەکاندا ببین .
ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ ئەگەر پێتان گونجاو بێت برێک باسی گرفتەکانی سەر ڕێگاتان بکەن بۆ خوێنەران
لەگەڵ ئەوەی خودی ڕێکخراوەکە توانیویەتی لە پێناو خزمەت بە دۆخی ژیان و ژینگە هەنگاوگەلێکی ئەرێنی زۆر باش هەڵبهێنێتەوە و هاوکاری باش بێت، کۆمەڵێکیش گرفت لە سەر ڕێگامانە کە چارەسەر کردنیان سەبر و ڕاوەستاوییەکی زۆری ئەوێت.
ڕێکخراوەکە گەورەتر و ناسراوتر بوە ئەوەیش چاوەروانییەکانی بەرینتر و زیاتر کردوەتەوە لێمان، زۆر جار ئێمە ناتوانینن بەو جۆرەی حەزی خۆمانە وڵامدەر بین.
ئێمە وەک هانای ڕۆژهەڵات پردێکین لە نێوان خەڵکانێک کە یارمەتی ئەکەن و خەڵکانێک یان ژینگەیەک کە یارمەتی پێویستە، بۆ ئەوەی متمانە دروست بێت کە خەڵکانی دڵسۆز بگەنە ئەو بڕوایە کە ئێمە دەستێکی ئەمینین، کردەوەی جێگای متمانە پێویستە و لای ئێمە ئاساییە، ئەم پرۆسە درێژەی هەیە بۆ ئەوەی بتوانرێت متمانە زیاتر بکرێت، پرۆسەکە کاریگەرە لە سەر ئەوەی بەردەوام نەتوانین لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی خەڵک یان پلانەکانی خۆماندا ببین.
زۆر جاریش هەیە بۆ دۆزینەوەی تیمەکانی هانای ڕۆژهەڵات لە ناو خۆ کۆماری ئیسلامی زۆر پلانی داناوە کە بە خۆشییەوە تا ئێستە هەموی پووچەڵ کراونەتەوە.
کەسانێکی هەڵپەرەستیش هەن کە ڕووبەڕووی داواکاریگەلێکمان ئەکەنەوە، بۆ دۆزینەوە و لێک جیا کردنەوەی نیازێکی ڕاستین و هەڵپەرەستانە گرفتی گەورە دروست ئەکەن.
لەبەر ئەوەی یارمەتی کۆکردنەوەی ئێمە زۆرتر لە دەرەوەی وڵاتە و یارمەتی گەیاندنمان بۆ ناوخۆی وڵاتە، لەبەر پاراستنی بواری کەرامەتی یارمەتی پێکراو، پاراستنی بواری ئەمنیەتی تیمەکانی خۆمان و یارمەتی پێکراو ناتوانین زانیارییەکان بە وردی بە ئاگاداری ڕای گشتی بگەیەنین، ئەمە جار وبار گرفتی متمانەییش دروست ئەکات.
کۆماری ئیسلامی گرفتی دیپلۆماسی و نێو نەتەوەیی لەسەرە، ئەوەی ئێمەیش یارمەتییەکان لە دەرەوەی وڵات بۆ ناو خۆی وڵات بەڕێ ئەکەین جار و بارەیش گومانی ئەوە دروست ئەبێت کە ئەم یارمەتییانە بۆ خەڵک ئەبن یان بۆ دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەمەیش گرفتێکە هەر ماوە جارێک ئەبێ وڵامدەر و سەلمێنەری ئەوە بین کە خەڵک و دەوڵەت لە ناوخۆی وڵات دوو بابەتی جیا لەیەکن.
ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ ئەتوانن کورتەیەک لە سەر دێڕی چالاکییەکانتان باس بکەن؟
-ساڵی ٢٠١٧ یارمەتی گەیاندن بە لافاو لێدراوانی پارێزگای لوڕستان.
-یارمەتی گەیاندن بە خەڵکی بوومەلەرزە لێدراوی ئەزگەڵە لە پارێزگای کرماشان
-یارمەتی زۆر بەرین لە کاتی هاتنی کۆڕۆنا
-یارمەتی بۆ دابین کردنی پێداویستی خوێندن وەک کامپیوتر و موبایل و ئایپاد بۆ منداڵانی بنەماڵە بێداهات یان کەمداهاتەکان کاتی کرانەوەی قوتابخانەکان بە شێوەی ئانلاین.
-دیاری نەورۆزانە بۆ منداڵانی بنەماڵە بێ داهات و کەم داهاتەکان
-یارمەتی بۆ نەجاتی گیانی ژمارەیەک بندکراوی مەحکووم بە حوکمی ئێعدام(قساس)
-یارمەتی زۆر بەرین لە کاتی شۆرشی ژن، ژیان، ئازادی بە برینداران، ئەو بنەماڵانەی ئازیز و کەس وکاریان لەدەستدا، لاوانی سەر شەقام، بنەماڵەی بەندکراوان……..هتد.
-یارمەتی بەر چاو لە کاتی بوومەرزەی شاری خوی.
-یارمەتی بەرین بە خەڵکی بەلووچستان لە ساڵی ٢٠٢٤ کە بە هۆی هاتنی لافاو تووشی کارەسات ببوونەوە.
-یارمەتی بە کەسانی ژینگە پارێزی سەر بەخۆ.
-یارمەتی گەیاندن بە کۆمەڵێک ڕێکخراوە گەلی مەدەنی و بنەماڵەی هەژارەکان، ……هتد.
لە بواری کاری ڕێکخستنی ڕێکخراوەیی لە دەرەوەی وڵات، پێوەندی گرتن لەگەڵ زۆر کۆڕ و کۆمەڵ و ڕێکخراوی بیانی، ڕێکخستن و بەشداری لە دەیان سمینار وکۆبوونەوە لە دەرەوەی وڵات، هەوڵ بۆ بەرینتر کردنەوە و کردنەوەی لقی زیاتری هانا لە ئەو وڵاتانە وا نوێنەرایەتی هانای لێ نییە و زۆر چالاکی دیکە……هتد