کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە ناوەراستی مانگی رەزبەری ئەمساڵ (١٤٠٣)ی هەتاوی بەرابەر بە سەرەتاکانی مانگی نوامبری ٢٠٢٤ی زایینی و لەسەر راسپاردەی دوایین پلێنۆمی کومیتەی ناوەندیی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی پازدەهەم(١٥) و لە دۆخێکی هەستیاری سیاسی و ئەمنییدا کە لە ناوچەکە لە ئارادایە و هەروەها سەرەرای ئەو گوشارە ئەمنییەتیانەی کە لە لایەن کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتی عێراق لە ژێر ناوی رێکەوتنی ئەمنی نێوان ئەو دوو حکوومەتە خراوەتە سەر کۆمەڵە،کۆنگرەی شازدەهەمی (١٦) خۆمی بە بەشداری نوێنەرانی هەڵبژێردراوی ئەندامانی کۆمەڵە و هەرەوها ژمارەیەکی بەرچاوی چاودێرانی بانگهێشتکراو بۆ کۆنگرە بەرێوەبرد.
بەلەبەرچاوگرتنی ئەم بارودۆخە ئەمنی و ئاڵۆزی وگۆرانکارییە خێرا سیاسیانەی لە ناوچەکە و تەنانەت جیهانیشدا هەیە پێویستی و هەنووکەیی بوونی بەرێوەبردنی کۆنگرەی شازدەی کۆمەڵە چییە؟ گرینگترین سەرخەتی سیاسەتی کۆمەڵە لەو کۆنگرەیەدا کامانەن؟راسپاردەکانی کۆنگرەی شازدەی کۆمەڵە لە پێناو بەهێزکردنی بوارەکانی هاوکاری نێوان هێز ولایەن سیاسییەکانی کوردستانی رۆژهەڵات چی بوون؟ هەوڵەکانی کۆمەڵە بۆ سازدان و پێکهێنانی هاوپێوەندی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بۆ قۆناغی تێپەرین لە کۆماری ئیسلامی کامانە دەبن؟ ئەمانە و کۆمەلێک پرسیاری دیکە بابەتی لاپەرەی وتووێژی ئەم ژمارەیەی ئاسۆی رۆژهەڵاتە کە ئاراستەی دوو کەس لە هاورێیانی دەفتەری سیاسی کۆمەڵە،هاورێیان عەبدووڵای ئازەربار وکاکۆ عەلیاری کردووە، و ئاسۆی رۆژهەڵات تێدەکۆشێ لە ژمارەکانی داهاتوویدا و هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی بەڵگەنامە وسیاسەتە گشتییەکانی کۆمەڵە بۆ جەماوەری خەڵکی کوردستان هەرجارەو لایەنێکی ئەم پرسانە لەرێگای وتووێژی رۆژنامەوانییەوە بخاتە بەرچاوی خوێنەرانی خۆی.
ئاسۆی رۆژهەڵات:
کۆمەڵە لە بارودۆخێکی هەستیار و ئاڵۆزی ئەمنی و سیاسیدا کە باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە و بە تایبەتیتر سەرەرای گوشارە ئەمنییەکانی سەر خۆی لە یەکساڵی رابردوودا بڕیاری بەرێوەبردنی کۆنگرەی شازدەهەم(١٦)ی خۆی دا، ئایا پێویستی و هەنووکەیی بوونی بڕیاری بەرێوەبردنی کۆنگرەی ١٦ لەم بارودۆخەدا چی بوون ، هەروەها لەوەها بارودۆخێکدا ئەجندای باسەکانی کۆنگرە هەتا چ رادەیەک ئامادەکاری بۆ کرابوو؟
عەبدووڵا ئازەربار:
زەروورەتی گرتنی ئەم کۆنگرەیە بەو هەمووە فشار وزەخت وفەزا ئاڵۆزەی کە لە ناوچەکە هەیە لە لایەک بۆ ئەوە بوو کە کۆمەڵە مەودای یاسایی گرتنی کۆنگرەی تێپەراندبوو،دیارە هەرچەند هۆکارەکانی قابیلی قبووڵ و رۆشن بوون وەک پرسی یەکگرتنەوە و ئەم رووداوە ناوخۆی و زەختانەی کە بەسەرمانەوە بوون لە یەک دوو ساڵی رابردوودا، و پێش ئەوەیش بەهۆی گرفت و بەربەستی لە چەشنی پەتای کۆرۆنا وشتی لەم بابەتە ئیجازەی نەدابوو کە کۆمەڵە لە کاتی خۆیدا کۆنگرە بگرێ، و دوای یەکگرتنەوەش بڕیار بوو کە کۆنگرەیەکی هاوبەش بگیرێ.ئەمانە لە لایەکەوە و لە لایەکی دیکە ئەزقەزا هەر ئەم گۆرانکارییە سیاسیانە وئەم ئاڵۆزییانە دەیخواست کە کۆمەڵە جاریکی دیکە خۆی هەڵبڕیتەوە وخۆی تیژکاتەوە و سیاسەتەکانی دارێژێتەوە وجارێکی دیکە رەهبەرییەکی نوێ هەڵبژێرێتەوە و دارشتنەوە وچنینێکی خۆی بکاتەوە و جارێکی دیکە ئارایشێک بەخۆیەوە بگرێ وئەوەش خۆی یەکێک لە زەروورەتەکانی بووکە پێویستی دەکرد کە کۆمەڵە لەو سەروبەندەدا کۆنگرەی خۆی ببەستێ وجارێکی دیکە سیاسەت و جیهەتگیری وئایننامە وگووتاری سیاسی خۆی و جارێکی دیکە ئارایشی تەشکیلاتیی خۆی و رێکخستن و چنینەوە وسازماندانی سەرلە نوێی مۆرەکانی خۆی لەم کاتەدا پێویستییەکی سەرەکی بوو،و یەکێکی دیکەش لە خالەکانی ئەم پێویستییە بە بڕوای من کە گرینگ بوو لە ژێر ئەو هەمووە فشار وزەخت و زۆرانەدا ئەم کۆنگرەیەی گرت و توانی کارێکی وا بکات کە هەموو فشارەکانی مەهار و کۆنترۆڵ بکات وحەساسییەت و هەستیارییەکان کەم بکاتەوە بە جۆرێکی وا کە هیچ لەمپەرێک لەسەر رێگای گرتنی کۆنگرەکە نەهێڵێ وئەمەش نیشانەیەکە لەوەی کە کۆمەڵە دەتوانێ لە بارودۆخە جۆراوجۆرەکاندا،لە شەرایەتی و بارودۆخە جۆراجۆرەکاندا هەڵ بکا و خۆی لەگەڵ بارودۆخ بگونجێنێ وچالاکییەکانی خۆی لە ژێر کارێگەری هیچ دۆخێکدا نەوەستێنێ.نە ئاڵۆزی ناوچەکە،نە بارودۆخی خراپ،نە پیلانگێری دوژمنان و نەیاران و نە زەختی کۆماری ئیسلامی و فشارەکانی ناتوانێ بەر بە رەورەوەی کاری سیاسی و حیزبی و تەشکیلاتی کۆمەڵە بگرێ.
سەبارەت بە ئامادەکاری پێشوەختەی باسەکانی کۆنگرە پێویستە بڵێم ئەم کۆنگرەیە لەچەند بوارەوە کاری جیددی بۆکرابوو، یەکەمینیان لەبواری بەشداریدانی زۆربەی هەرە زۆری تەشکیلاتەکانی ئێمە واتە تەشکیلاتی نهێنی ،تەشکیلاتی عەلەنی وئاشکرا و هەم تەشکیلاتی دەروەی وڵاتی ئێمە کە سێ تەشکیلاتی بە جوغرافیا جیاوازن بەڵام بە ئامانج و بە رێڕەو لە یەک ئاراستەدان هەر سێکیانی تێدا بەشداری دراوە.دەرەوەی وڵات لە هەموو وڵاتەکان نوێنەرایەتی کراون واتە نوێنەرانی هەڵبژێردراویان بەشدار بوون هەم لە باسە سیاسیەکان و سمینارەکان و راگۆڕینەوەکان وهەم لە هەڵبژاردنی نوێنەرانیان و بەشداربوونی راستەوخۆی نوێنەرەکانیان لە وڵات وکومیتە جۆراجۆرەکانیانەوە و هەمیش وەک چاودێر ومیوان و بە تایبەتی کە کۆنگرە لە ژینگەی ئەواندا بەرێوە چوو بە بەرچاوی لەو بارەوە دەعوەت کراون وبەشداری دراون. سەبارەت بە تەشکیلاتی زاگرۆس(نهێنی) بەداخەوە لەم کۆنگرەیەدا نەمانتوانی راستەوخۆ بەشدارییان بدەین بەڵام ناراستەوخۆ لە رەوت و ئەجندای باسەکان ئاگادار کرابوون ولە گرووپ و تەشکیلات وبە شێوازی گونجاو وجۆراوجۆر لە رێگای ئۆرگانی زاگرۆسەوە پرس وڕا و سەرنجیان لێوەرگیراوە وبەشداری دراون و نەزەر وروانگە وبۆچوونی ئەوان وەرگیراوە وهەوڵدراوە لە روانگە وبۆچوون وپێشنیارەکانی ئەوان لە کۆنگرەدا کەڵک وەربگیرێ. سەبارەت بە تشکیلاتی ئاشکرا وپێشمەرگە سەرەرای بوونی ئەم بارودۆخە قورسەی کە هەبووە بەڵام نوێنەرایەتی کراون وبەشدارییان کردووە لە کۆنگرەدا، دیارە بە شکڵ و شێوازێکی تایبەت نەک لە شکڵ و شێوازی کۆنگرەکانی پێشوو بەشدارییان لە کۆنگرەدا کردووە.ئەمە لەبواری تەدارەکاتییەوە. هەروەها ئامادەکاری کراوە بۆ راپۆرتی تەشکیلاتی لە ئۆرگان و بەشەکان کە ئەوانە رەنگدانەوە ودەنگدانەوەی هەبووە لە نێو کۆنگرەدا وهەروەها ئامادەکاری کراوە بۆ راپۆرتی سیاسی کە لە لایەن سکرتێری گشتی کۆمەڵەوە پێشکەش کراوە و،هەروەها ئامادەکاری کراوە بۆ گۆرانکاریگەلێک لە پێرەوی ناوخۆی کاری کۆمەڵە، هەروەها ئامادەکاری کراوە بۆ دارشتنەوەی کۆمەڵێک جیهەتگیری وروانگەی کۆمەڵە لە ژێر سەردێری روانگەکانی کۆمەڵە کە لە یازدە خاڵدا هاتووە وبۆتە یەکێک لە پەسندکراوەکانی کۆنگرە.ئەوانە هەموویان سمیناریان بۆ گیراوە ،قسەیان لەبارەوە کراوە و بۆ چەندین مانگ لە نێو کۆمیتەی ناوەندی و دەفتەری سیاسی ولە نێو نوێنەرانی هەڵبژێردراو و لەگەڵ رێکخستنە نهێنییەکان و لەگەڵ راوێژکاران وکۆروکۆمەڵی جۆراجۆر کاری لەسەر کراوە وبەگشتی ئەمانە وزۆر ئەجیندای دیکەش وەک پلەبەندی کادرەکان وخاڵگەلی دیکە کە لە بڵاوکراوەکانی کۆنگرەدا هاتووە.
ئاسۆی رۆژهەڵات:
کۆنگرەی شازدەهەم(١٦)ی کۆمەڵە لەو جێگایەوە کە یەکەمین کۆنگرەی پاش پرۆسەی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی کۆمەڵە بوو هەستیاری و گرینگییەکی ناوازەی تایبەت بە خۆی هەبوو. هەروەک هەمووان دەزانن دوولایەنی کۆمەڵە واتە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران هەرچەند پاش پرۆسەیەکی ورد ودوورودرێژی دیالۆگ و گفتوگۆی هەمەلایەنەی پێوەندیدار بە پرۆسەی یەکگرتنەوە سەرەنجام رۆژی ١٩ی نوامبری ٢٠٢٢ ی زایینی راگەیاندنی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی کۆمەڵەیان لە ژێر ناوی کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بڵاو کردەوە. بەڵام پاش چەند مانگێک لە لایەن تاقمی دژە یەکگرتنەوە هەوڵی لەباربردنی ئەم یەکگترنەوەیە درا و بانگەشەی ئەوەکرا کە یەکگرتنەوەی دوو لایەنی کۆمەڵە سەرکەوتوو نەبووە. بەڵام لە لایەکەوە راپۆرتی تەشکیلاتی پێشکەش کراوی کومیتەی ناوەندی بە کۆنگرە ورەوتی ئەجندای باسەکانی کۆنگرە و لە لایەکی دیکەوە رێژە و پێکهاتەی کومیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٦ی کۆمەڵە سەلمێنەری بە سەرەنجام گەیشتن و سەرکەوتوو بوونی پرۆسەی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی کۆمەڵەن. بیروڕای بەرێزتان لەم بارەوە چییە؟
عەبدووڵای ئازەربار:
پرسی یەکگرتنەوەی کۆمەڵە پرسێکی تەنها تەشکیلاتی نەبوو،هەروەک چۆن کۆمەڵە بۆخۆی جەرەیانێکی کۆمەڵایەتییە و پێوەندی بە بزووتنەوەیەکەوە هەیە،دابڕانەکان و سەرەنگرێ وناخۆشییەکانی و خۆشییەکانیشی هەر بە کۆمەڵگا مەربووتە.بۆیە ئەوە ویستێکی زۆر جەماوەری بوو،ساڵیانی ساڵ بوو کە ئەم ویستە لە ئارادا بوو کە دوو لایەنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستان یەکبگرنەوە، و هەر لە رووی ئەم زەروورەتەشەوە بوو کە هەنگاوی بۆ هەڵگیرا و سەرەرای دروستی رێبازەکە،سەرەرای هەڵگرتنی هەنگاوەکان بەڵام ئەو جۆرەی دیمان رەوتێکی دژە یەکگرتنەوە هەر لە پێش یەکگرتنەوەوە لە ئارادا بوو.رەنگە هەر ئەو رەوتەش ساڵانێک بووبێ مانع بووبێ لەو خەونە کە دەیتوانی زووتر وەدی بێ وەدی نەیە.
ئەو ویستە کۆمەڵایەتییە بەرینەدا خۆبگرێ تێکۆشا بە دەستراکێشانی نەیاران وبە پیلانگێری بیهەوێ ئەم پرسە لەبار بەرێ.هەرچەند ئەوان پاشگەز بوونەوە لەو یەکگرتنەوەیە ومافی خۆیانە هەر کەسێک لە هەر پرسێکی سیاسیدا چۆن بیر دەکاتەوە بەڵام ئەوە هیچ سێبەرێکی لەسەر رەوایی و حەققانییەتی یەکگرتنەوە و لەسەر زەروورەت و دروستی ئەو رێگایەی کە ئێمە رووەو ئەو هەنگاومان هەڵینا دانەنا، بەڵکوو دەرکەوت ئەو رێباز و رێگایەی ئێمە دروست بوو و ئەوان رەت و رێگایەکی چەواشەکارانە دژی ویستی خەڵکیان گرتۆتەبەر،لەگەڵ هیچ پێشوازییەک بەرەوروو نەبوون و ئەگەر خەڵکانێکیش دنەیان دابن یان داڵدەیان دابن یان هاوکاری و دەستگرۆییەکیان کردبن دڵنیابن ئەوە بۆ دژایەتی کۆمەڵە ئەو کارە کراوە و هیچ قازانج و مەسڵەحەتێکی بزووتنەوەی تێدا نییە.ئەوەی لەو نێوەدا قازانجی کرد کۆماری ئیسلامی بوو و دەستی تێیدا بوو بە دڵنیاییەوە لەو کارە ئەگەر راستەوخۆش دەستی تێیدا نەبووبێ ناراستەوخۆ دەستی تێیدا بوو و قازانجی سەرەکی کۆماری ئیسلامی کردی و ئێمە زەربەیەکمان خوارد، بوو بە بەهانەیەک بۆ ئەوەیکە ئەم فشارانەی کە حکوومەتی عێراق و ئێران بەسەر ئێمەیاندا فەرز دەکرد و هێنابوویان هەنگاوی کردەوەیتر ببڕێ و کاتەکەی پێشبکەوێ ولەو رێگایەوە تووشی زەرەروزیانێکی گەورە بین.
ئاسۆی رۆژهەڵات:
کۆنگرەی شازدە(١٦)ی کۆمەڵە لە پەیامێکدا روو لە تێکۆشەران وهاورێیانی دێرینی کۆمەڵە وێرای بانگەوازی ئاشتەوایی کە لە دەرەوەی کۆمەڵە وپاش بڵاوبوونەوەی ئەو بانگەوازە دەنگدانەوە ورەنگدانەوەیەکی دیار وبەرچاوی بوو. بانگەوازەکەی کۆنگرەی کۆمەڵە رۆشن ودیار بوو.ئەویش پاڵوێکدان و دەست خستنەناودەستی ئەڵقەی بەرێنی کۆمەڵە بۆ دریژەی خەبات و بە تایبەت لە قۆناغی هەستیاری داهاتوودا بوو.لێرەدا دەپرسین کە ئایا چاوەروانییەکانی کۆمەڵە لە ئاڵقەی بەرینی کۆمەڵە وتێکۆشەران و هاورێیانی دێرینی خۆی چییە؟
عەبدووڵای ئازەربار:
تەوەقووع و چاوەراونی ئێمە لە ئاڵقەی بەرینی کۆمەڵە کە بەشی هەرە زۆریان ئیستا رەنگ بێ لە هیچ حیزبێکی سیاسیدا کار چالاکی نەکەن بەڵام کەسانی خاوەن مێژوو و ئەزموونن،فەرماندە لێهاتووە قەدیمییەکانی کاری پێشمەرگانەن،ئەزموونیان هەیە لە کاری رێکخستن،لە کاری سیاسیدا خاوەن ئەزموونن،خاوەن ئەزموونی کاری جەماوەری وکاری تەشکیلاتین،بەشێکی زۆریان ئێستاش چالاکن،شاعیرن،نووسەرن،مامۆستان، لە رێکخراوە مەدەنییەکان کار دەکەن،لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان چالاکن،لە کۆروکۆبوونەوە سیاسییەکان بەشدارن و چاویان لەسەر لەسەر رووداو پێشهاتەکانی کوردستانە،رێکخەری ئاکسیۆن وخۆپیشاندانە جەماوەرییەکانن و لەو پێناوەدا یارمەتیدەر و کاریگەرن، چاوەروانیمان ئەوەیە کە هەر وەک چۆن دەڵێین پێویستە یەکگرتووی لە هەموو ئاستەکاندا پەرەبستێنێ،هەر ئاواش پێویستە یەکگرتوویی لە ئاڵقە نزیکەکانەوە دەست پێبکات.هەروەک چۆن نێوی خۆیان بە خۆیانەوەیە لە کۆمەڵەدا ئێمە ئەوەڵ دەستێک کە رایدەکێشین بۆ ئەوانە.بەدوای ئەواندا بۆ هێزە سیاسییەکانی کوردستانی رۆژهەڵات تەوەقووع و چاوەروانی هاوکاریمان هەیە لەهەڵیاندا و دڵخۆش دەبین کە هەرچی زیاتر کاری هاوبەشیان لەگەڵ بکەین،دوای ئەوانە دەستمان بۆ ئەڵقە فراوانەکانی دیکەی وەک ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی یان دژبەرانی کۆماری ئیسلامی درێژ دەکەین.ئێمە چاوەروانیمان ئەوەیە نییە کە ئێستا ئەوان ببنەوە ئەندامی کۆمەڵە ،بەڵام بۆ نموونە لە ساڵانی رابردووو بە تایبەت لە قۆناغی شۆرشی ژینادا بەشێکی بەرچاو لەوان نزیکی و هاوهەڵوێستییەکی زۆرتریشمان لەگەڵ یەکتر بووە و هەیە.ئەوەش وا دەکات کە ئێمە بتوانین بە تین و توانێکی زیاتر لە لێهاتووی و ژیری و لێوەشاوەیی ئەوان بەهرەمەند بین و ئەوانیش توانییەکانی خۆیان لە کۆمەڵە و بزووتنەوەی کوردستان درێغ نەکەن.دیارە مەبەستم بە شێوەی رێکخراوەییە ئەگینا ئەوان بەردەوام بە شێوەی تاکەکەسی خەریکی کار و چالاکی خویان هەن.
*********
ئاسۆی رۆژهەڵات:
هەروەک هاورێ عەبدووڵای ئازەربار لە وڵامی پرسیارێکدا ئاماژەی کرد و هەمیش لە راگەیاندنی کۆتایی کۆنگرەی شازدە(١٦)ی کۆمەڵەدا هاتووە کۆنگرە بەڵگەنامەیەکی یازدە خاڵی لە ژێر ناوی «کۆمەڵە و روانگەکانی» پەسند کرد،ئەگەر بکرێ بە کورتی پێناسەیەکی ئەو بەڵگەنامەیە بۆ خوێنەرانی ئاسۆی رۆژهەڵات بکەن وسەرخەتی گرینگترینی ئەو ئەرکانەی کە ئەو بەڵگەنامەیە دەیخاتە سەرشانی ئەندامان و تێکۆشەرانی کۆمەڵە کامانەن؟
کاکۆعەلیار:
سەبارەت بە روانگە وهەڵوێستەکان لەراستیدا لە کۆنگرەی پێشووی کۆمەڵەوە،واتە لە کۆنگرەی پازدە(١٥)ەوە پرسی روانگە وهەڵوێستەکان هاتەپێشێ،یان پرسی دەقێک هاتەپێشێ کە لەو دەقەدا پێناسەی کۆمەڵە بە زمانێکی سادەتر،بە زمانێکی عامیانەتر،و لەسەر ئەو پرسانەی کە گرینگایەتیان هەیە لە ژینگەی سیاسی ئێمەدا مەتنێک ئامادە بکرێ و پەسند بکرێ.دیارە ئەو مەتنە ئەو کاتە وەک لە بیرم بێ لە هەشت یان نۆ خاڵدا ئامادە کرا لەژێر ناوی روانگە وهەڵوێستەکانەو و لە کۆنگرەی پازدەشدا پەسند کرا.بەڵام دواتر و بە دوای کۆنگرە لە نێوان کۆنگرەی پازدە بۆ کۆنگرەی شازدە کە کۆنگرەی ئەم دواییەیە چەند جار ئەو مەتنە هاتەوە کومیتەی ناوەندی قسەی لەسەر کرا وخاڵگەلێکی پێ زیادکرا وپاش کەموزیادکردن سەرەنجام سپێردرا کە لە کۆنگرەی شازدەدا تەکمیل بکرێ.لە کۆنگرەی شازدەدا ئەمە لە یازدە خاڵ دا گشتییاتەکەی پەسند کرا و سپێردراوە بە کومیتەی ناوەندی کە مەتنە نیهاییەکەی دوایین گۆڕانکاری و ئەگەر پێویست بکات کەم وزیادکردنێک بکرێ ئەوە کومیتەی ناوەندی بیکات،دیارە مەتنەکە لە لایەن هاورێ عەبدووڵای موهتەدییەوە ئامادە کراوە بەڵام ئەگەر وردە چاوپێداخشاندنەوە وکەموزیادکردنێکی ئەگەر مابێ ئەوە بیکات کە ئێستا ئێمە سەرقاڵی ئەو پرسەین وئەویش بە زوویی بڵاو دەبێتەوە و لەوانەیە ببێتە دوازدە خاڵ. ئەو خاڵانەی لەخۆی دەگرێ بە گشتی گرینگترینی ئەو پرسانەن کە بۆ کۆمەڵە و ژینگەی سیاسی کۆمەڵە و بۆ چالاکیی کۆمەڵە گرینگن یان ئەو شوێنانەن کە کۆمەڵە هەڵوێستەی لەسەریان هەیە وبیرو بۆچوونی لەسەریان هەیە.ئەمە زیاتر لەوەیکە ئەم مەتنە ئەرکدارکردنێکی تێدا بێ پێناسەی کۆمەڵەیە بۆ عموومی خەڵکی کوردستان و دواتریش دەبێ تەرجەمەی فارسی بکرێ بە گشتی بۆ خەڵکی ئێرانیش. بەند یان خاڵەکانی کۆمەڵە سەبارەت بە پرسی نەتەوەییە لە کوردستان،سەبارەت بە پرسی ژینگەیە،کۆمەڵە وپرسی ژنانە، کۆمەڵە وپرسی لاوانە،سیاسەتی کۆمەڵە لەگەڵ باقی ئێرانە،پرسی کۆمەڵە و ئایینە،ئەمانە کۆمەڵێکن لەو خاڵانەی کە لەو دەقەدا هاتووە و لەسەر ناوەکەشی کە پێشتر روانگە و هەڵوێستەکان بووبە ئەگەری زۆر لە دوایین پیداچوونەوەدا کە بڵاو دەبێتەوە بە نێوی «کۆمەڵە وروانگەکانی»بڵاو دەبێتەوە.بەهەر حاڵ جوابی دیاریکراوی پرسیارەکەدا ئەمە بەند و خاڵەکانی بوون و پێناسەکەیەتی کە هەروەک عەرزم کردم پێناسەیەکی کۆمەڵەیە و ئەو روانگانەی کە هەیەتی ولە هەمانکاتدا بە دیاریکراوی ئەرکدارکردنێکی تایبەت و دیاریکراوی تێدا نییە و زۆرترلایەنی پێناسەیی هەیە.
ئاسۆی رۆژهەڵات:
ئەگەر بێنە سەر پرسی کۆمەڵە و هاوکاری نێوان حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی رۆژهەڵات، بە لەبەر چاوگرتنی ئەوەیکە بەهەر هۆکارێک بەداخەوە ناوەندی هاوکاری نێوان حیزبەکانی کوردستانی ئێران ماوەیەکی کورت پاش شۆرشی ژن ژیان ئازادی و دوای چەند ساڵ کاری چروپڕ لە ئێستادا سڕ کراوە کە مەبەستی ئەم پرسیار هۆکار یان خەسارناسی ئەم بابەتە نییە،بەڵکوو زیاتر رووی پرسیارەکە لەوبابەتەیە کە کۆنگرەی شازدەی کۆمەڵە سەبارەت بە پرسی پێکهێنانی دەرفەتی هاوکارییەکی قایم لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی رۆژهەڵات لێرە بە دواوە پرۆژەی چییە،خەتە سوورەکانی کامانەن،بۆ ئەم مەبەستە چ مکانیزمێک پێشنیار دەکات و بە گشتی پرۆژەی داهاتووی کۆمەڵە بۆ کاری هاوبەش لە داهاتوودا چییە؟
کاکۆ عەلیار:
سەبارەت بە پرسی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران دیارە ئەمە مێژوویەکی هەیە،من زۆر ناگەرێمەوە دواوە بەڵام لانیکەم لە کۆنفرانسی هەشتی(٨)ی کۆمەڵەوە لە ساڵی ٢٠٠٢وە ئەم پرسە لە نێو کۆمەڵەدا بووە هەر لە کارکردن بۆ بەرەی کوردستانیەوە،لە هاوکاری دیاریکراو وسنووردارەوە ،هاوپەیمانی دوو قۆڵی کۆمەڵە لەگەڵ حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە ساڵی ٢٠١١ەوە بگرە تا دواتر کۆبەندی هەموو ئەوانە لە ساڵی ٢٠١٧ و لە ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێراندا بوو،دیارە ناوەندی هاوکاریش بۆخۆی مێژوویەکی هەیە وهەورازونشێوی تایبەت بە خۆی هەیە،بەڵام لە کۆتاییدا و لە وڵامی دیاریکراوی پرسیارەکەی ئێوەدا کۆنگرەی شازدە(١٦)ی کۆمەڵە جارێکی دیکە پێداگری کردەوە لەسەرهاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران،دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ ئەم بابەتە، لە راپۆرتی سیاسی سکرتێری گشتیشدا هەر ئاماژە بەوە کرا. ئێمە تا ئێستاشی لەگەڵ بێ سڕبوون یان سڕکرانی ناوەندی هاوکاری بە دروست نازانین،ئێمە بەردەوام پێمانوایە ناوەندی هاوکاری خزمەتی باشی کرد لە دەورانێکدا کە کاری کردووە،و ئێستاش پێمانوایە دەستپێکی هاوکاریگەلی نوێ لە نێوان هەموو حیزبەکانی کوردستانی ئێراندا باشتروایە هەر لە کاناڵی ناوەندی هاوکارییەوە تێپەڕێ ، لە قۆناغی یەکەمدا ناوەندی هاوکاری ببووژێتەوە و دواتر پرۆسەی دیالۆگ لەگەڵ باقی حیزبەکانیش دەست پێبکا و گەشەی زیاتریش بکات کە لەدواییدا ولەوێ بناغە وبنچینە و قسەوباسگەلێک و کۆمەڵیک بابەت هەن کە چارەسەر کراون و وڵامیان پێدراوەتەوە وباشتر وایە ئەمە وەک بنەما دابندرێ ودواتر پرۆسەی هاوکاری ونزیکی زیاتروگەشەپێدانی ناوەندی هاوکاریش ئەنجام بدرێ.وەک خەتی سوور دیارە ئێمە خەتی سوورێکی ئەوتۆمان دیاری نەکردووە بەڵام دیارە بەرژەوەندە باڵاکانی خەڵکی کوردستانی ئێران پێموایە خەتی سوورێکە کە بۆ هەموو لایەک هەیە و بە دیاریکراوی بۆ ئێمەش هەیە،هەوڵدان بۆ ئەو بەرژەوەندییانە،پاراستنی ئەم بەرژەوەندییانەی کە کورد بە گشتی دەگرێتەوە.ئەوەی دیکەزیاتر دەبێتە لایەنی سیاسی ولایەنی تاکتیکی کە ئیتر ئەمە لە دیالۆگ و مشتومڕی سیاسی لەگەڵ باقی حیزبە سیاسییەکانی دیکە دەتوانێ دەرنجامێکی هاوبەشی لێبکەوێتەوە و پێکەوە سیاسەتدارێژێکی دیاریکراو بکرێ وهەموو لایەک بەیەکەوە بتوانن ئەو کارە بکەن. ئێمە پێمانوایە ئەمە فاکتۆرێکی یەکجار گرینگە بۆ بەرەوپێشچوونی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران،پێمانوایە دەتوانێ دەستی ئێمە زۆر بەهێزتر بکات لەئەگەری هەر رووداوێک لە داهاتوودا.دیارە دەشزانین کە ناوچەکە گۆرانکاری جیددی بەسەردا هاتووە وئێرانیش لەبەردەم گۆرانکاری جیددی دایە بۆیە بۆ هەرچی زیاتر بەهێزبوون وبەرەسمی ناساندنی کورد لە کۆمەڵگای جیهانیشدا ولە نێو ئێرانیشدا یەکجار گرینگە هاوکاریگەلێکی لەم چەشنە پێک بێ و کۆمەڵەش لە کۆنگرەی شازدە(١٦)دا جاریکی دیکە ئامادەیی خۆی لەو بارەوە دەربڕیوە.
دەتوانین بڵێین هاوشیوەی پرسیارەکەی پێشوو بەڵام لە ئاستی سەراسەریدا کۆنگرەی شازدە(١٦)ی کۆمەڵە راسپاردەی چی بوو بۆ سازدانی هاوپەیوەندییەکی سەرتاسەری لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی؟هەڵبەتە بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەیەکە کۆمەڵە زیاتر لە ٢٠ ساڵە ولەسەر راسپاردەی کۆنفرانسی ٨ی خۆی بۆ قۆناغی تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی واقعی و دێموکراسیخوازی سەراسەری لەهەوڵ پێکهێنانی بەرەیەکی دێموکراسیخوازی سەرتاسەریدایە.دوایین نموونەش ئەو هەوڵانە بوون دەرنجامەکەی مەنشووری مەهسا-ژینا ئەمینی بوو.پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا کۆمەڵە هەر لە گۆشەنیگای مەنشووری مەهسا-ژینا ئەمنییەوە درێژە بەو هەوڵانەی خۆی دەدا یان پرۆژەی تر گەڵاڵە دەکات؟
کاکۆ عەلیار:
سەبارەت بە هاوکارییە ئێرانییەکان لە نێو ئۆپۆزیسیۆنە ئێرانییەکاندا دیارە ئەوەش هەروەک لە پرسیارەکەدا ئاماژەی پێکراوە لە کۆنفرانسی هەشتەوە کار بۆئیتحادی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی یان ئیتحاد بۆ بەرەیەکی دێموکراسیخواز لە ئێراندا لە دەستووری کاری کۆمەڵەدا بووە و لە هەموو ئەم ساڵانەشدا لەم پەیوەندەدا یەکێک لەو قۆڵانە،یەکێک لەو لایەن و جیهەتانە بووە کە کۆمەڵە کاری جیددی تێدا کردووە،ئێستاش کۆمەڵە لە چەندین کۆروکۆمەڵی ئێرانیدا کە بە گشتی نەتەوەکانی تێدایە و باقی ئۆپۆزیسیۆنی تێدایە ئەوهاوکارییانەی هەیە،پێوەندییەکانی خۆی لەم بەستێنەشدا راگرتووە و ئەوەش بە خاڵێکی گرینگ دەزانێ.دیارە بە دڵنیاییەوە سەرەتا لە نێو ماڵی کورددا و دواتریش لە نێو باقی ئێرانیشدا هاوئاهەنگی،لێکنزیکبوونەوە و هاوکاری لەسەر دەرنجامی هاوبەشی رووخانی کۆماری ئیسلامی یەکێک لەو بوارانەیە کە کۆمەڵە کاری زۆری تێدا کردووە.لە ئێستاشدا ئێمە پێمانوایە لە گرتنەبەری جیهەت وسیاسەتی گشتیدا ،سیاسەتی ئێمە هەر هەمان سیاسەتە،دیارە ئێستا مەنشووری مەهسا نەماوە وئیتر ئەمە کاری پێناکرێ،لە راستیدا هەر خۆی مەنشوورەکە وجوودی نەماوە هەتا ئێمە بمانهەوێ درێژەی پێبدەین،بەلام لەسەر سیاسەتە گشتییەکانی کۆمەڵە لەم پەیوەندەدا بڕیارگەلێک کە پێشتر لە پلینۆمەکان و کۆنگرەکانی پێشتردا دراوە لەو کۆنگرەیەشدا سەرلەنوێ جەختیان لەسەر کراوەتەوە وئێمە لەسەر ئەوانە هەر سوورین و پێمانوایە کە ئەوانە پرسگەلێکی زۆر گرینگن و ئەگەر ئێمە بمانهەوێ پێناسەی بەرژەوەندییەکی هاوبەش بکەین بۆ هەموو کایەک کە ئەویش نەمانی کۆماری ئیسلامییە بێگوومان ئەوە پێویستی بە هاوکاری و لێک نزیکبوونەوە هەیە و هەر بەو پێیەش ئیتر پێویست بە کووتن ناکات کاتێک ئێمە لە کوردستانەوە بەشداری لەوەها شتێکدا بکەین زۆر باشتر وایە
کە حیزبەکان بەیەکەوە و بە دەرەنجامی هاوبەشەوە بە هاوفیکرییەوە حیزبەکانی کوردستان بەشداری بکەن،نوێنەرایەتییەکی هاوبەشیان بێ لەوەها هاوپەیمانیگەلێکدا،ئەوە لە خۆیدا زۆر گرینگایەتی هەیە و لەهەمانکاتدا بەهێزکردنی بەرەیەکی دێموکراسیخوازی لە ئێران لەخۆیدا پرسێکی دیکەی زۆر گرینگە کە دەبێ هاوتەریب کاری بۆ بکەین ولەو پەیوەندەدا ئێمە جەخت لەسەر سیاسەتەکانی پێشوومان دەکەینەوە بۆدروستکردنی کۆروکۆمەڵ و رێکخراوگەلی نوێ کە هەموو لایەک تێیدا هەست بە براوەبوون و سەرکەوتن بکەن تێیدا و دەرەنجامی هاوبەشی هەبێ وبەرژەوەندی هاوبەشی تێدا تەعریف کرابێ و مافەکانی کوردیشی هەتا ئەو جێگایەی دەکرێ و لە توانمدایە دەبێ حەولی بۆ بدەین کە تێیدا بچەسپێنین.
ئاسۆی رۆژهەڵات:
هەروەک دەزانین کۆنگرەی شازدە(١٦)ی کۆمەڵە لە بارودۆخێکی تایبەتی ئەمنی دا بەرێوە چوو و هەر ئەوەیش هۆکار بوو کە وەک کۆنگرەکانی پێشوو ئیمکانی بەشداری میوان و نوێنەری حیزبە و رێکخراوە جۆراجۆرەکان نەرەخسێ، بەڵام سەرەرای ئەوەش کۆمەڵێک پەیامی پیرۆزبایی نێونەتەوەیی بۆ کۆنگرە نێردرابوون کە یەکێک لەو پەیامانە پەیامی «هاوپەیمانی پێشرەو» بوو کە وێرای پیرۆزبایی گرتنی کۆنگرەی شازدە رایانگەیاندبوو کە کۆمەڵە وەک ئەندامی رێبەریی شورای هاوپەیمانی پێشرەو هەڵبژێردراوە.ئەگەر دەکرێ بۆ ئاگاداربوونی خوێنەرانی رۆژنامەی ئاسۆی رۆژهەڵات پێناسەیەکی هاوپەیمانی پێشرەو و گرینگی بەئەندامبوونی کۆمەڵە لە رێبەرایەتی شوورای ئەو هاوپەیمانییەمان بۆ بکەن.
کاکۆ عەلیار:
بەڵی هەروەک ئاگادارن و ئاماژەشتان پێکردووە کۆنگرەی شازدە(١٦) لە بارودۆخێکی تایبەتی هەم سیاسی و هەم ئەمنیدا گیرا بۆیە کۆمەڵێک رووتینات وکارگەلێک کە پێشووتر لە کۆنگرەکانی کۆمەڵەدا بوون بەداخەوە لەوکۆنگرەیەدا نەتوانی ئەنجام بگرێ کە یەکێک لەوانە بانگکردنی میوان و حیزب و رێکخراوەکان بووئێمە ئەو کارەمان نەکرد بەڵام پەیامگەلێکی نێونەتەوەی هەبوون کە ئەوانە لە کۆنگرەدا خوێندرانەوە. هاوپەیمانی پێشرەوە! ئێمە دەبێ لە پێشدا قسەیەک لەسەر ئەنترناسیۆناڵی سۆسیالیست بدەین کە کۆبەندی رێکخراوە سۆسیالدێموکراتەکانی جیهانە کە زۆربەیان لە رێکخراوی ئەنترناسیۆناڵی سۆسیالیستدا هەن،چەند ساڵێک لەوە پێش هاوپەیمانی پێشرەوە کە زیاتر پێک دەهات لە سۆسیالدێمۆکراتی ئورووپایی کە ئەوانە نیوە ئینشعابێکیان کرد لە ئەنترناسیۆناڵی سۆسیالیست و شتێکی دیکەیان دروست کرد بە نێوی هاوپەیمانی پێشرەوە کە ئێمە لەهەرتک لا هەر کارمان کردووە و لە هاوپەیمانی پێشرەویشدا لە ئاخرین کۆنگرەیاندا ئێمە توانیمانە ببینە ئەندامی رەسمی و لە شوورای رێبەرییەکەیدا بەشداری بکەین.ئەمە پرسێکی گرینگە و شوێنێکی گرینگە لە راستیدا بۆ ئەوەیکە ئێمەش وەک حیزبێکی پێشکەوتوو و حیزبێکی پێشکەوتنخواز پێوەندی و نزیکایەتیمان لەگەڵ ئەو حیزبانە هەبێ ودەتوانێ دەرگایەکی باش بەرووی بزووتنەوەی کوردستاندا بکاتەوە وبەشداری ئێمە لەوەها شوێنگەلێک دەتوانێ دەلاقە و دەریچەیەکی زۆر گەورە بێ سەبارەت بە پرسی کورد بە گشتی و بە تایبەتی کوردی ئێران کە کەمتر لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیشدا ئەزقەزا ناسراوە و، کۆمەڵە یەکێک لە تێکۆشانەکانی لە ساڵەکانی رابردوودا ئەوە بووە کە لەو بارەیەشەوە پێشرەفتی باش حاسڵ بکا وبتوانێ کوردی رۆژهەڵات و پرسەکەی جیهانی بکاتەوە وحوزووری هەبێ لە کۆر وکۆمەڵەکاندا و بێگوومان لەو جێگایانەی کە زیاتر لەگەڵ بیروبۆچوونی ئێمە ،لەگەڵ فکری ئێمە ولەگەڵ جیهانبینی ئێمە نزیکن ئێمە هاوپەیمانی پیشرەومان پێ شوێنێکی گونجاو بووە و کار وچالاکی زۆریشمان تێدا کردووە وچالاکی زۆرمان تێدا بووە و بە سەرەنجامی باشیش گەیشتووە و هاورێیانی ئێمە لەو پێوەندەشدا چالاکییان هەیە کە لەوێشدا هەم پەیامی پیرۆزبایی ئەوان بۆ کۆنگرەی کۆمەڵە خوێندرایەوە وهەم راپۆرت و تەزیحاتی دیکەش سەبارەت بە حوزووری کۆمەڵە لەوێدا لە کۆنگرەدا بوونی بوو.
ئاسۆی رۆژهەڵات:
وەک دوایین پرسیار ئەگەربێ پەردە وراشکاوانە بپرسین کە کۆنگرەی شازدە (١٦)ی کۆمەڵە بەلەبەرچاوگرتنی هەموو بارودۆخەکە وەک ئەو هەلومەرجەی کە کۆمەڵە لە باشوور لەگەڵی دەستەویەخەیە، بەلەبەرچاوگرتنی گۆرانکارییە ناوچەیی و جیهانییەکان و دۆخی پاش پرۆسەی یەکگرتنەوەی دوو لەیەنی کۆمەڵە ئایا کۆنگرەی شازد(١٦)ی کۆمەڵە لە روانگەی جەنابتانەوە کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو بوو؟ئەگەربەڵی بەکام پیوەر؟و ئەگەر سەرنج و تێبینییەکی تایبەتان هەیە بە راشکاوی سەرنجتان چییە؟ پێتانوایە ئەو لایەنانە یان ئەو پرسانەی کە دەیخواست کۆنگرە زیاتر و وردتر لەسەریان چڕ بێتەوە کامانەن؟ لە لایەکیترەوە ئایا کۆنگرە مافی تەواوی دایە هەموو لایەنی ئەجندای باسەکانی؟
کاکۆ عەلیار:
بە گشتی من پێموایە بە لێکدانەوەی کۆی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی وبارودۆخی حیزبی وسازمانیی خۆمان لەم بارودۆخەدا پێموایە کۆنگرەی شازدە(١٦)ی کۆمەڵە خۆی گرتنەکەی سەرکەوتنێک بوو بۆ کۆمەڵە، ئەوەیکە لەوەها بارودۆخێکدا ئێمە توانیمان کۆنگرە بگرین دیارە بە کاری زۆرەوە بە زەحمەتی زۆرەوە جێی خۆیەتی دەستخۆشی لە هەموو ئەو کەسانە بکەین کە لەو پەیوەندەدا زەحمەتیان کێشا ئەمە یەک، دوو هەتا ئەو جێگایەی مومکین بوو ئێمە تێکۆشاین بە گرتنی سمینارەکان پێشوەختە پێش لە کۆنگرە زۆرێک لە بابەتە سیاسی وتەشکیلاتییەکان پێشتر قسەی لێبکەین لە سمینارەکاندا،گفتگۆ و لێکدانەوە بێ وتریبەن و دەرفەتی قسەکردن و ڕادەربڕین بدەین بە هەمووهاوڕێیانی بەشداربوو لە کۆنگرەدا تەنانەت بە چاوەدێرەکان بۆ ئەوەی بتوانن قسەوباسەکان و نەزەرات و بۆچوونەکانیان بێنەگۆڕێ وکۆبەندی ئەوانە ئێمە بتوانین کۆیان بکەینەوە وبیهێنینە کۆنگرە بۆ ئەوەی کۆنگرە زۆر درێژخایەن نەبێ و لە دوو رۆژدا بتوانین کارەکان بە شێوەیەکی کارامە بەرینە پێشێ،لەو بارەیەوە پێموایە سەرکەوتنی باشمان هەبوو و توانیمان ئەوانە گردوکۆ کەینەوە.من پێموایە هەتا رادەیەکی باش کۆنگرە توانی ئەرکەکانی خۆی راپەڕێنێ وکارەکان جێبەجێ بکات.بە دڵنیاییەوە کۆنگرە ناتوانێ بپەرژێتە سەر هەموووردەکارییەک بۆیە لە بابەتە گشتییەکاندا و لە پرسە گشتییەکاندا قەرار و بڕیارەکانی پەسند کردووە،بەڵام بەرێوەبەری وتەکمیلکردن وئەنجامی کارەکان دیارە سپێردراوەتەوە بە کومیتەی ناوەندییەک کە لەو کۆنگرەیەدا هەڵبژێردراوە و ئەوان ئەرکدارن کە ئەم کارە بکەن کە هەر ئێستاش پرۆسەکەی ئیتر وردە وردە دەستی پێکردووە ولێژنەکانی کە لە کۆنگرەدا بریاریان لەسەر درابوو دیاری کراون کە کار بکەن قەرار وبڕیاراتەکان بەشێکیان بڵاو بوونەتەوە وبەشێکیان لەبەردەم بڵاوبوونەوەدان وئەو کارانەش کە بۆ رای گشتی نییە وپرسگەلی دەروون حیزبین پرسگەلێکن کە ناکرێ تۆ باسیان بکەین ئەوانەش تا ئاستێکی باش چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە ودەتوانم بڵێم هەر کەس چووەتە سەررەهێڵ وکاری خۆی، بۆیە پێموایە کۆنگرەی شازدە(١٦) ی کۆمەڵە هەم گرتنەکەی لەوەها بارودۆخێکدا سەرکەوتنێکی گەورە بوو و هەم ئەوەیکە توانی جواب بەو پرسانە بداتەوە کە هەنووکەیین وگرینگییان هەیە بۆ حیزبەکی ئێمە لەوانەدا سەرکەوتوو بوو لە هەڵبژاردنی رەهبەرییەکەیدا و لە هەموو ئەوانەدا،و رەنگدانەوە و دەنگدانەوەشی دوای کۆنگرە دەبینین کە سەرکەوتنی باشی پێیە لەپێدانەوەی ئینسیجام بە هەموو لایەنەکانی کارو هەڵسوورانی کۆمەڵەوە.بەڵام ئیتر کۆمەڵێک ئەرکی جیددیش ماوەتەوە کە ئەوانە ئەم رەهبەرییە هەڵبژێردراوەی کۆنگرەی شازدە(١٦) دەبێ هەستێ بە ئەنجامدانی،کارەکانی جێبەجێ بکا وبیباتە بواری جێبەجێکردنەوە وئیتر لە پلێنۆمەکاندا راپۆرتی پێشوەچوون و پێشرەوی ئەم کارانە بدرێ.پرسێکی دیکە کە بەلای منەوە زۆر گرینگە ئەوە بوو کە رەهبەرییەکی بە تەمەن لاوتر،و لە روانگەی منەوە کارامەتر هەڵبژێردرا ژمارەیەکی زیاتر لەو هاورێیانە بەشدارییان هەیە لە رەهبەریدا ئەمە بۆخۆی نیشان لە زیندوو بوونی کۆمەڵە لە پێوەندی بەردەوامی کۆمەڵە لەگەڵ کۆمەڵگای کوردستان وزە وتین وەرگرتنی کۆمەڵە لە هێزی باش و گونجاوی ئەم کۆمەڵگایە نیشان دەدا،ئەوەش پێموایە سەرکەوتنێکی زۆر گەورەیە کە لەوانەیە پێگەیەکی ناوازە و تاقانە بە کۆمەڵە دەبەخشێ کە بەردەوام لەو خۆنوێکردنەوەیەدا دەستپێشخەر بووە.سەرجەم من کۆنگرەی شازدە(١٦) قەرار و بڕیارەکانی،هەڵبژاردنی رێبەرییەکەی و هەموو ئەوانە بە سەرکەوتن دەزانم و سپاس بۆ ئێوەی بەرێزیش.