ئەم وتووێژە بە شێوەی ئونلاین لە لایەن هێمن بایەزیدپور، بەرپرسی نووسین لە ئاسۆی ڕۆژهەڵات ئەنجام دراوە و دوایی کراوە بە نووسراوە و خراوەتە بەردەستی خوێنەرانی هێژا
ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛
ماوەیەک لەوەپێش ساڵوەگەڕی پێکهاتنی ڕێککەوتنی بەناو مەنشوری مەهسا یان جۆرج تاون بوو و بەو بۆنەوە مێدیا فارسییەکان چەندین بەرنامەیان لەو بارەوە سازکرد و خەڵکانێک بانگ کران و لەو بارەوە قسەیان کرد و ڕای خۆیان لە سەر ئەو بابەتە باس کرد. بەڵام جگە لە مەسیح عەلینەژاد کەسی دیکە لە ئەندامان یان بڵێین واژۆکەرانی ئەو مەنشورە یەکێک لەوانەش جەنابت ئامادە نەبوون بێن و ڕای خۆیان لەو بارەوە بۆ بیروڕای گشتی باس بکەن. سەرەتا پێمان خۆشە لەو بارەوە ئەگەر زانیارییەک هەیە و یان سەرجەم هۆکارەکانی ئامادەنەبوونی خۆتان لە مێدیاکان بۆمان باس بکەن.
من کەسێک نەبووم کە دەعوەتی مێدیاکانم بۆ گفتگۆ رەتکردبێتەوە، لەگەڵ ئەوەی پێشمخۆش نەبوو دەستپێشخەر بم، من هەموو کات ئامادەیی خۆم بۆ قسەکردن لەسەر ئەو بابەتە دەربڕیوە، ئیران ئینترنشناڵ و چەند مێدیای دیکە داوایان لێکردم لەسەر ئەو بابەتە قسە بکەم بەڵام بە هۆی ئامادەنەبوونی لایەنەکانی تر و کۆنەبوونەوەی گشت جەمعەکە ئەو مەجالە نەڕەخسا کە لە بەرنامەیەکدا هەموو پێکەوە قسەی لەسەر بکەین
ئاسۆی ڕۆژهەڵات:
مەنشوورەکە چۆن هەڵدەسەنگێنن کێشەو گرفتەکان چی بوو، هۆکاری شکست چی بوو؟ دەڵێن زوو بوو کە بەرنامەیەک بدرێت، دەڵێن هەر ئەوەی لەسەر روخانی کۆماری ئیسلامی جەخت کرابایەتەوە و مەنشوورەکە نەنووسرابایە باشتر بوو، هێندێکیش دەڵێن خەڵک لە دەوری بەرنامە کۆدەبنەوە، بەرنامە ئیجماع دروست دەکا، خەڵک دەزانن ئەو گروپە چی دەوێت، نەزەرتان لەسەر ئەو تێبینی و رەخنانە چییە وا لەسەری کراوە؟
من ناڵێم ئەو مەنشوورە چاکترین مەنشوور بوو، بەڵام پێموایە مەنشوورێکی باش بوو، چەندین شتی گەورە و گرانی تێدایە من پێشتریش باسم کردووە، یەکەم بە گشتی ئەو مەنشوورە لە روانگەی ناسیۆنالیزمی ئێرانییەوە نەنووسراوە، لە روانگەیەکی دیمۆکراتیکی خەڵکییەوە نووسراوە و ئەو هێمایانە و ئەو دروشمانەی کە پێناسە و ناسێنەی ناسیۆنالیزمی ئێرانین هیچ کامی تێدا نییە و ئەوە شتێکی گرینگە، هەمیشە کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران بەردەوام لە ژیر سێبەری ئەدەبیات و زمان و هێما و دروشمەکانی ناسیۆنالیزمی ئێرانی بوون و لە ئاکامدا لەو ڕێگەیەوە ناسێنە و مافە نەتەوایەتییەکەیان سەرکوت کراوە ، ئەو مەنشوورە بە تەواوی مانا لەوە بەدوورە و هەموو ئەدەبیاتەکەی بە شێوەیەکی پێشکەوتنخوازانە و دیمۆکراتیک نووسراوە.
دووهەم، هەموو پڕەنسیپەکان و بەهاکان و دەستکەوتەکانی جارنامەکانی مافی مرۆڤ بە پاشکۆکانییەوە لە خۆی دەگرێت تەنانەت لەو شوێنانەی باس لە مافی منداڵ ،مافی ژن ، مافی ژینگە دەکات جەخت لە وەلانانی ئەشکەنجە دەکات و بە گشتی قبوڵکراوترین و ئەوڕۆیی ترین چوارچێوەکانی مافی مرۆڤی تێدایە و هەمووی ئەو بەهایانە بە فەرمی ناسراوە و بۆ داهاتووی ئێران وەک بنەمایەک ناسراوە و بووەتە نەخشەیەک کە پێویستە لە داهاتووی ئێراندا رەچاو بگیرێت.
سێهەم ئەوەیە کە فرەچەشنی و فرەیی، پلورالیزمی زمانی، ئایینی، ئیتنیکی لە ئێران بەفەرمی ناسراوە و دانی پێدراوە کە ئەوە بێوێنەیە، بەڵێ ئێمە بۆخۆمان شتی چاکتر دەتوانین بنووسین، من بمنووسیبایە یان یەکێکی تر لە نیشتمانپەروەرانی کورد شتی چاکترمان دەنووسی و هەمووی بە دڵی خۆمان دەبوو بەڵام کاتێک کە لەگەڵ تەرکیب و پێکهاتەیەکی جۆراجۆر کە کەسی ڕاستی تێدایە، کەسی لیبراڵی تێدایە و لە شۆڕشێکی فرەچەشن دا بتوانی ئەوەندە دەستەبەر بکەیت بە بڕوای من شتێکی باش بوو
چوارم ئەوەیەکە چیدیکە لە داهاتوودا هەڵاواردن نامێنێت، ئێمەی کورد لە مێژوودا خەساری زۆرمان لە هەڵاواردن خواردوە کە لە هەموو ڕەهەندەکاندا وەک گەشەی ئابووری لە بەرنامەکانی بەپیشەسازیکردندا لە پەروەردە و زماندا لەگەڵ هەڵاواردن بەرامبەر بووینەتەوە و ئێران بۆ ئێمە شوێنێک بووە پڕاوپڕ لە هەڵاواردن و ئەو هەڵاواردنانە بە هەموو شێوە و ڕەهەندەکانییەوە دەبێ نەمنییەت و قەرەبووش بکرێتەوە.
خاڵێکی دیکەی مەنشوورەکە ئەوەیە کە ناوەڕۆکی قەوارەی سیاسیی ئێران دەبێت ناوەندگەرا نەبێت، ئێمە دەزانین کە پێگە یان هێلانەی ئیستبدادی ئێرانی لەسەر ئەساسی تەمەرکوزە، ئەم مەنشوورە بنەڕەتی تەمەرکوزگرایی و ناوەندگەرایی ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت: پێکهاتەی سیاسی و دەسەڵات دەبێت ناموتەمەرکز بێت و مانای ئەوە بەشداری سیاسییە لە دەسەڵاتی سیاسیدا ئەوانە دوو فاکتەری سەرەکین کە لەبەرچاو گیراوە
لە مەنشوورەکەدا جەخت لە مەجالسی مەحەلی و ناحییەیی کراوە و پێمخۆشە لێرەدا بڵێم کە ئەو بەشەی کە جەخت لە ناحییەیی بوونی مەجلیسەکان کراوەتەوە لەسەر پێداگری من زیاد کراوە بەو مانایەیە کە کورد لە زیاتر لە یەک ئوستان دەژی ، ناموتمەرکز بوونی و مەجالس و پارلمان زۆرە، بەڵام کورد لە زیاتر لە یەک ئوستاندا دەژی و دەبێ مافی بێت کە مەجلسێکی ناحییەیی بڕیارەکان دەر بکات ئەو مافە قبووڵکراوە.
بەشێکی تری هەرە گرینگی مەنشوورەکە ئەوەیە کە ئاموزش یان پەروەردە بە زمانی دایک قەبوول کراوە بۆیە ئەوانە زۆر ئیمتیازی گەورن و بۆ کورد و هاوکات کە خزمەت بە بەدیمۆکراتیزە بوونی ڕاستەقینەی ئێران دەکات، بەڵام هاوکات راستەوخۆ خزمەت بە کورد و داخوازییە لە مێژینەکانیشیی دەکات.
لەبارەی پێکهاتەی حکومەتیشەوە دەڵێت؛ هەموو دەسەڵاتداران و بەرپرسانی دەوڵەتی داهاتوو دەبێت لە ڕێگەی هەڵبژاردن دیاری بکرێن و بە جۆرێکی ناراستەوخۆدەڵێت، دەسەڵاتی داسەپاوی مەوروسی قبووڵ ناکات.
هەڵوەشاندنەوەی گشتیی سپای پاسداران کە ئورگانی سەرەکی سەرکووبە، مافیای ئابووری و ناوەندی هەناردەکردنی تێرۆریزم لە دەرەوەی وڵاتە و هاوکات میلیشیاکان لە وڵاتانی دەرەوە کۆنترۆڵ و سەرپەرەشتی دەکات بابەتێکی گرینگی مەنشوورەکەیە، بەندی ئەرتەشەکەی بە دڵم نییە و چاک نییە.
کۆماری ئیسلامی لەسەر ئەساسی دەزگاگەلی ئەمنییەتی و سەرکووبی سپای پاسداران ڕاگیراوە، هەڵوەشاندنەوەی هەموو دەزگاکانی ئەمنییەتی ئێستا خاڵێکی هەرە گرینگی ئەو مەنشوورەیە، دیسانیشەوە دەڵێم ئەو مەنشوورە ئەگەر تەنها کورد بینووسیبایە زۆر باشتری دەنووسی بەڵام لەگەڵ ئەو تەرکیبە فرە چەشنە باشترین شتێکە کە لەلایەن هەموو ڕوانینە فیکرییەکانەوە دانی پێدانراوە و واژۆ کراوە.
دیسانیش جەخت لەوە دەکەمەوە کە حاشا لەوە ناکرێت کە بەرنامەی کۆمەڵە پرپێسترە بۆ کورد، بەلام لە کۆڕێکی ئاوا فرەچەشن کە باڵی ڕاستی تێدا بوو و تەنیا من وەک کوردێک تێیدا بەشدار بووم، من بە دەستکەوتێکی گەورەی بۆ کورد و دیمۆکراسی بۆ ئێرانی دەزانم، ئەمە سەنەدێکی زۆر باشە بە گشتی بۆ دیمۆکراسی و بەتایبەتی بۆ گەلی کورد، سەعیدی بەشیرتاش قسەیەک دەکا دەڵێ لەو جەمعەدا پێشنیار کراوە کە (نیروهای مسلح) مەبەستی هێزی پێشمەرگەیە چەک بکرێت و نەیانهێشتوە، بە منیش دەڵێ ئاغای موهتەدی نەیهێشتووە، ڕاستیش دەکات گەڵاڵەکە ئەوەی تێیدا بوو کە بە فشار و بە تەوزیح و بە ئیستدلال لامبردوە و نەک تەنها هیچ شتێکی بەزیانی کورد تێدا نییە بەڵکوو باس لە هەڵوەشاندنەوەی سوپا دەکات کە بۆ داهاتوو خاڵێکی جێگەی سەرنج و شانازییە.
ئاسۆی ڕۆژهەڵات:
کۆمەڵێک لەو ڕەخنە و تێبینییەیانەی ئاراستەی مەنشووری مەهسا دەکرێت لە لایەن کوردەکانەوە دێت. بۆ وێنە ڕەخنە لە سەر هاوکاری لە گەڵ ڕەزا پەهلەوی، نەبوونی داخوازییەکانی کورد لە دەقی مەنشوورەکە، و هتد
من رەزا پەهلەویم نەهێناوە، ڕەزا پەهلەوی بۆخۆی بوو ئەوەشمان لە بیرنەچێت لە سال و نیوێک لەوە پێش ڕەزا پەهلەوی کەسێکی مەترەح بوو و ئێستاش مەترەحە ، لەبیرمان دەچێت ئەو کات بیروڕای گشتی خەڵک، نوخبگانی سیاسی کورد و غەیری کورد گوشاری بۆ کەسایەتییەکان و حیزبەکان دێنا و داوای یەکگرتوویی لێدەکردن، داواکاری سەرەکییان ئەوە بوو کە قەیناکە با ئەو رژیمە بڕووخێنین با یەکگرتووییەک دروست کەین و هەموو کەسایەتییەکانی بەرچاویش بەشدار بن تێیدا، دیسانیش دەڵێم من رەزا پەهلەویم نەهێناوە، ئەو بۆخۆی لەسەرەتاوە بوو، بەڵام لەو سەردەمەدا نەدەکرا دژایەتی بوونی بکەی، ئەلان نەبینین کە خەڵک قسەی لەسەر دەکات، بەلام ئەو کات وەک کەسایەتییەکی سیاسی ناسراو نەتدەتوانی حەزفی کەی، من دەعوەتم نەکردوە و پێشم حەزف نەکرا
ئاسۆی ڕۆژهەڵات:
بۆچی کورد وەک نوێنەرایەتی بەشداری نەکردوە یەکێک لەو ڕەخنانە ئەوەیە کە بەشداری جەنابتان لەو ڕێککەوتنە بوو بە هۆی تێکچوونی یەکدەنگی و یەکگرتوویی کورد و پرش و بڵاوبوونی، وڵامت چیە بۆ ئەو ڕەخنەیە؟
من ئەو کات دەبوو دوو کار بکەم، یەکەم ئەوە بوو نەهێلم جێگەی کورد چۆڵ بێت، ئەوەش لەبەرچاو بگرین ئەو کات لەگەڵ ئێستا جیاواز بوو، بزوتنەوەکە ئەگەرچی بەرەو کزبوون ڕۆیشتبوو، بەڵام وەک ئێستا دانەمرکابو، بەهەرحال لەو سەردەمەدا ئامانجێکی گەورەی من کە تەنیا تایبەت بە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی نییە واتە لەو ماوەی 20 ساڵەدا باوەڕم بەوە بووە کە کورد لە داهاتووی ئێراندا نابێت چاودێربێت، پێویستە لە داڕشتنەوەی قەوارەی سیاسی و یاسای بنەڕەتیی ئێران، لە چوارچێوە دارشتنەوەی ئێرانی داهاتوو و لە سازدانی هەر جۆرە ئاڵتێرناتیڤێکی سیاسیی لە داهاتووی ئێران و لە هەر جۆر لێژنەیەکی نوێنەرایەتی لە دانوستان لەگەڵ جیهانی دەرەوە دەبێت بەشدار بێت و نابێت چارەنووسی ئێران بە بێ دەنگ و رەنگ و ویست و ڕای کورد ڕەنگ بداتەوە دیاری بکرێت ،بۆیە من لە لایەکەوە وریای ئەوە بووم سەرمان بێ کلاو نەمێنيتەوە و لە لایەکی دیکەشەوە دەستێکم بە کوردستان و لایەنە سیاسییە کوردییەکانەوە بێت، بۆ ئەوەی هاوکاری ئەوانیش وەرگرم، من هەر هەنگاوێکی کە پێموابووە دەبێتە هۆی دووبەرەکایەتی لە ناو کورددا نەمکردوە، ئەگەر دووبەرەکایەتییەکیش هاتووەتە گۆڕێ خەتای من نەبووە
ئەو ئێئتلافەی جۆرج تاون لە چەند مانگ لەوە پێشیشەوە مەترەح بوو تەنانەت مانگێک دوای بزوتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە تەرکیبێکی تا ڕادەیەک جیاوازترەوە هاتبووە بەر باس، ئەو کاتیش ڕەزا پەهلەوی هەر تێدا بوو تەنانەت ئەو کات کۆمەڵەش یەکی نەگرتبووەوە من لەگەڵ کاک عومەر ئێلخانیزادە و کاک مستەفا هیجری قسەم کرد و هەموو ئیستدلالەکانیشم لەسەر ئەوە بوو کە ئێمە پێویستە بەشدار بین و ئەوە بەقازانجمانە، بە کاک مستەفام ڕایگەیاند کە ئەو دەتوانێ لە جێگەی من بەشدار بێت بە كاک عومەریشم ئەو پێشنیارە دا، ئێئتلافەکە ئەو کات پێنج کەس بوو، ئەو کاتیش بڕیار نەبوو ناوی ئیتلافی سیاسی لێبنرێت قەرار بوو وەک هەیئەتێکی نوێنەرایەتی کە ئامانجی گەیاندنی دەنگی خەڵکی ئێران بە گوێی جیهانە کار بکات، کاک عومەر بەشداری کوردی لە وەها کۆڕێک پێ باش بوو، بەلام کاک مستەفا وتی باشە بەشداری نەکەین و منیش لەسەر قسەی کاک مستەفا بەشداریم نەکرد.
یەکێک لە کەموکورییەکانی ئێئتلافی جۆرج تاون ئەوە بوو لە کاتێکدا پێک هات کە بزووتنەوەکە بەرەو کزبوون دەچوو ئەو کۆڕە دەبوو سێ مانگ زووتر پێکهاتبایە، من ئەو کات لەسەر ئەوە ڕاوەستام، کاتێک بۆ جاری دووەم بە تۆزێک تەرکیبی جیاوازەوە پێکهات و پێشنیاریشیان پێدامەوە بۆ بەشداریم، دوبارە پێوەندیم بە کاک مستەفاوە گرت و هەموو بابەتەکان و وردەکارییەکان و ڕووداوەکانم بۆ باس کرد، پێشم وت قەرارە کۆبوونەوەیەک لە زانکۆی جۆرج تاون بکرێت، فەرموو جەنابت وەرە با هەردوکمان بچین، دەڵێی هەر تۆ بچۆ من تۆم وەک نوێنەر قبووڵە و من لەسەر بوونی جەنابت پێداگری دەکەم ، لە وڵامدا وتی کاک عەبدولا من بۆ بێم ئەوە تۆ لەوێی، و دژایەتییەکی لەگەڵ بوونی من لەو کۆبوونەوەیەدا نەکرد، جاری یەکەم موخالفەتی کرد و بەقسەشم کرد ئەگەرچی بریا ئەو کاتیش موخالفەتی نەکردبایە و من ئەو کات لەبەر پاراستنی یەکگرتوویی کورد خۆم و جونبشەکەم لەوە دەرفەتە بێبەش کرد و هەموو هەوڵی خۆم خستە گەڕ ئیتر لە شوێنێکدا ئەگەر لەگەڵت نەهاتن دەبێ بیکەی و من ئەو ڕیسکەم قبووڵکرد.
«مەنشووری مەهسا دوای ساڵێک، دەستکەوتەکانی، بەربەستەکانی»