لە ماوەی حەفتا ساڵی رابردوودا منداڵانی نزیکەی نیوەی حەشیمەتی ئێران، واتە پێکهاتە و ئێتنیکی غەیرە فارسمان بە زۆرەملێ ملکەچ کردووە کە هەر لە ساڵی یەکەمی قوتابخانەوە زمانی فارسی فێر بن و لەسەر خوێندن بەو زمانە پەروەردە بن.لە هەموو وڵاتێکدا تانوپۆی بەستێنی گەشەسەندن لە قۆناغی منداڵیدا لە سەرەتای چوونە قوتابخانە و تەنانەت پێش قوتابخانە دەبوورێ و بنەجێ دەبێ.بە واتایەکیتر هەر خۆزگە و ئاواتێکمان بۆ داهاتووی وڵاتمان هەبێ دەبێ تۆوەکەی لەو قۆناغەی تەمەندا بنێژین.بەڵام ئێمە بە داسەپاندنی سیاسەتی پەروەردە و بارهێنان بە زمانی فارسی بەسەر ئەو منداڵانەی کە زمانی دایکییان فارسی نییە و،ئەویش لە هەستیارترین قۆناغی تەمەنیاندا و لە رەوتی گەشە و بوورانی کۆمەڵایەتییاندا لە راستیدا ئەوان تووشی دارووخان و نسکۆیەکی درێژخایەن دەکەین.لە راستیدا ئەو٦٧%ی سەرنەکەوتن و لە جێدامانەوەی قوتابییەکانی پۆلی یەکەم و دووهەمی سەرەتایی بە هەڵکەوت و سەیر نییە کە تایبەتن بەو ٩ پارێزگایەی ئێران کە زمانی دایکییان فارسی نییە و ئەوەش ئاکامی ئەو کێشە و سیاسەتە نادروستەیە.ئەو بەشە لەو منداڵە ئێرانییانەی کە زمانی دایکییان فارسی نییە لە باشترین حاڵەتدا ئەو کاتە لەگەڵ زمانی فارسی ڕادێن و فێری دەبن کە ئیتر قۆناغی منداڵییان لە کیس چووە،قۆناغێک لە تەمەن کە شوێندانەرترین و چارەنووسسازترین قۆناغی تەمەنە بۆ فێربوون و ڕاهاتن لەگەڵ ئەو تایبەتمەندییانەی کە دواتر دەبنە بەردی بناغە و هەمیشەیی و کاریگەری بەرچاویان لە پرۆسەی بردنەسەری ئاستی گەشەسەندندا.
ئێمە سەرنجمان نەداوە وئەوەمان لەبەرچاو نەبووە کە زمانی دایکی تەنیا زمانی دەربڕین و ئاخاوتن نییە،بەڵکوو زمانی عەشق و ئەوین،زمانی هەست و سۆز و زمانی ژیانی تاکە.زمانی دایکی لە راستیدا زمانی ناخ و دەروونی مرۆڤەکانە ورەوتی بیرکردنەوە وهزری تاکەکان سەرەتا لە ناخەوە چەکەرە دەدا و پاشان لە دەربڕین و ئاخاوتندا دەپشکوێ وباڵا دەکا.
شرۆڤە ولێکۆڵینەوەکان سەلماندوویانە کە لە نێو هەموو ئەو پێکهاتە مرۆیانەی کە بە دوو زمان قسە دەکەن ئەگەر لەسەر زمانی دایکی بە تێروتەسەلی و پوخت پەروەردە کرابن و راهاتبن ئەوە بیر وزەینی ئەوان بۆ هەلاجی و لێکدانەوەی پرس وبابەتە ئاڵۆزەکان و وەرگرتنی چەمک و بابەتی بنچینەیی خاوەن لێهاتوویی و بەهرەیەکی زیاترن.لە راستیدا ئێمە بە پشتگوێخستنی پرۆسەی پەروەردە بە زمانی دایکی و داسەپاندنی زۆرەملێی زمانی فارسی بەسەر ئەو بەشە لەو منداڵانەدا کە زمانی فارسی زمانی دایکیی ئەوان نییە هەر لەسەرەتای تەمەنی منداڵییاندا لەگەڵ نەزۆککردنی زمانی ناخ و زمانی بیرکردنەوەیان ناچارمان کردوون لەژێرگوشارێکی قورسی دەروونی و بارێکی ناهەمواری رۆحیدا و پاش ساڵانێک دواکەوتن لەگەڵ ئەو زمانە نوێ داسەپاوە خۆیان بگونجێنن و ڕا بێن و بناغەکانی بیرکردنەوەی خۆیان لەسەر بنەڕەتی ئەو زمانە نامۆیە دابرێژن و گفتوگۆ و ئاخاوتنی پێبکەن کە ئاکامەکەی فەوتان و لەکیس چوونی هەموو ئەو دەرفەتانەیە کە هەل وبوارێکی گونجاو بوون بۆ باڵغ بوون و گەشانەوەی بوارەکانی پەروەردەیی و شوناسخوازی و لێهاتوویی ئەوان لە بەستێنی پێوەندی وگەشەسەندندا.
خاڵی گرینگی باسەکە ئەوەیە کە زمان دیاردە و بەهرەیەکی خۆرسکە،خۆرسک بەو مانایە کە بە شێوەی سروشتی و بە بێ دەستتێوەردانی بەمەبەست وئامانجداری مرۆڤ چەکەرە و گەشەی کردووە وخۆی رێکخستووە وجێ کەوتووە.لە دیاردە خۆرسک و سروشتییەکاندا ئێمە لەسەرەتاوە فێری شێوازی بەکارهێنانیان دەبین وپاش ئەوە دەست دەکەین بە لێکدانەوە وشرۆڤەی لایەنە جۆراوجۆرەکانی.بۆیە ئەگەر زمان دیاردەیەکی خۆرسکە ئێمە لەسەرەتادا شێوازی بەکاربردن وبوار و تایبەتمەندییەکانی کەڵک لێوەرگرتنی دەگەیەنینە بەرزترین ئاستی خۆی ئینجا دەچینە قۆناغی فێربوون و لێکدانەوە وهەڵسەنگاندنی زمانەکە.کاتێک ئێمە منداڵێک لە بازنەی زمانی دایکی دادەبڕین و ملکەچی فێربوونی زۆرەملێی زمانی فارسی دەکەین،منداڵەکە هێشتا لە رەوتی بارهاتن و فێربوونی سروشتیی زمانی دایکدا نەگەیشتۆتە ئاستی گەشانەوە و پێگەیشتن و،بەستێنی توانا و لێوەشاوەییەکانی بۆ قسەکردن وبیرکردنەوە وتێگەیشتنی لە زمانی دایکیدا لاوازە.بەواتایەکیتر ئەو بەشە لە هەست وسۆز ودەربڕینانەی کە بە پشتبەستن بە زمانی دایکی بە تەواوی گەشە بستێنێ و باڵا بکات سڕ دەکرێ وبەمجۆرەش بە کردەوە ئەو رەوتی گەشەکردن ودرەوشانەوەی هێزوتوانی ئاخاوتن و قسەکردن بە زمانی دایکی لەو منداڵەدا بەربەستی دەخرێتەبەر.بەمجۆرەش زمانی ناخ ودەروونی منداڵ کە لەراستیدا هەمان زمانی روانین وبیرکردنەوەیەتی ناگاتە ترۆپکی گەشە و بەرهەم و لێوەشاوەیی.پاش ئەم قۆناغە ئەم منداڵە غەدرلێکراوە ناچاردەبێ بۆ ساڵانێکی دوورودرێژ وبە چوونەژێرباری گەلێک گوشار وچەرمەسەری سەرەتا خۆی فێری زمانی فارسی بکات و پاش ئەو قۆناغە
توانا و لێهاتوویەکانی بۆ بیرکردنەوە ودونیابینی بەزمانی فارسی لەخۆیدا بەهێز بکات.ئەوەش رێک ئەو ستەم وغەدرەیە کە ئێمە بە درێژایی زیاتر لە حەفتا ساڵە بەسەر منداڵانی پێکهاتە وئێتنیکە غیرە فارسزمانەکانی ئێرانماندا سەپاندووە ولەراستیدا لە کێبەرکێ وهەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی بوار ودەرفەتە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکاندا لەچاو منداڵانی فارسزمان خراونەتە دۆخ و پێگەیەکی نادادپەروەرانە.
لەراستیدا ئێمە لە رێگای داسەپاندنی خوێندن و بارهێنانی زۆرەملێی زمانی فارسی رەوتی گەشە و پێگەیشتنی هزر و کەسایەتی زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی وڵاتمان بۆ ماوەی چەندین ساڵ خاو کردوەتەوە و بوار ودەرفەتەکانی ئەوان لە بەرژەوەندی منداڵانی فارسزمان دادەرووخێنین و بەمجۆرەش هەل ودەرفەتە گشتییەکانی بەشداربوون لە بواری گەشەسەندن لە نێو حەشیمەتی ئەو پارێزگایانەی کە غەیرە فارسن قەتیس و نزم دەکەینەوە.لەوانەیە بەشێک لە جیاوازی و نەبوونی هاوسەنگی لە پرۆسەی گەشەسەندن لە نێوان پارێزگاکانی ناوەند و پارێزگا و ناوچە پەراوێز وسنوورییەکان ئاکامی ئەم کێشە و گرفتە بێ،بەجۆرێک کە سەرەرای ئەوەیکە لە رابردوودا بوجەی گونجاویش بۆ پەرەسەندن و گەشەکردن لەو ناوچانەدا لەبەرچاو گیراوە بەڵام هەتا ئێستاش ئەو ناوچانە هەژار و بێبەشن.لە راستیدا ئەوە ئەگەرێکی بەهێزە کە ئێمە بە سەپاندنی فێرکردن وبارهاتن بە زمانی فارسی بەسەر منداڵانی ئەو ناوچانەدا بەکردەوە و بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ بەربەست لەبەر رەوتی پێکهاتن و گەشەی کەسایەتی و سەرهەڵدان ودرەوشانەوەی توانا و لێهاتوویەکانی منداڵان لەو ناوچانەدا دادەنێین و،هەرئەوەش دەکرێ سەرەتا و دەستپێکی سیاسەتی نادادپەروەرانە بێ لە دابەشکردن ورەخساندنی هەل ودەرفەتی دەستراگەیشن بە سەرچاوەکان.سەرەرای هەموو ستەم و نادادپەروەرییە سیاسی،کۆمەڵایەتی و کلتوورییەکان ئەم شێوە لە نادادپەروەری لە فێرکردن وبارهێنانیشدا نادادپەروەرییەکی رووخێنەرە کە ئێمە لە حەفتا ساڵی رابردوودا بە بێدەنگی و شێنەیی بەسەر پێکهاتە و ئێتنیکە غەیرە فارسزمانەکاندا سەپاندوومانە.