رۆژی یەكشەممە 24ی رێبەندانی 1395 (١٢ی فێبریەی ٢٠١٧) لە لایەن كومیتەی دانماركی كۆمەڵەوە سمینارێك بە بۆنەی ٢٦ی رێبەندان رۆژی كۆمەڵەوە بەڕێوە چوو.
سمینارەكە كە ئەندامانی كۆمەڵە و نوێنەری حیزب و لایەنە سیاسیەكان تێیدا بەشداربوون، سەرەتا بە خوێندنەوەی پارچە شێعرێك و سروودی كۆمەڵە و كورتەیەك لە ژیاننامەی هاوڕێ حەمەحسێن كەریمی دەستی پێ كرد. پاشان بابەتی سمینارەكە كە بریتی بوو لە باسێك لە سەر بارودۆخی سیاسی كوردستان و ناوچەكە لە لایەن هاوڕێ نەوید مێهراوەر ئەندامی كومیتەی ناوەندیی كۆمەڵەوە پێشكەش بە بەشداربووان كرا.
هاوڕێ نەوید لەمیانەی وتەكانیدا ئاماژەیەكی دایە رەوتی یەكگرتنەوەی سێ لایەنی كۆمەڵە و هەروەها باسی هاوكاریی هێزە سیاسیەكان كرد و دوای باسەكانیشی، سمینارەكە بە بەشداری و پرسیاری بەشداربووان پاش چەند كاتژمێر كۆتایی پێهات.
شایانی باسە، رۆژێك پێش لە سمینارەكە و لە رێكەوتی شەممە ١١ی مانگ كۆبوونەوەی ساڵانەی كومیتەی دانماركیش بەڕێوە چوو و تێیدا ئەندامانی نوێی كومیتە لە لایەن ئەندامانی تەشكیلاتی دانماركی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانەوە هەڵبژێردران.