بەرەبەیانی ئەمرۆ چوارشەممە ٢٧ی رەشەمە و،لە یادی ٣٣ ساڵەی گیانبەختکردنی هاورێیانی گوردانی شوان و هاوکات رۆژی گیانبەختکردووانی کۆمەڵەدا، لە ناوەندی سەرکردایەتی کۆمەڵە رێورەسمێکی بەشکۆ بەرێوە چوو.
ئەم ساڵیش وەک نەریتی هەموو ساڵێک پۆل پۆل پێشمەرگەکانی کۆمەڵە بەرەبەیانی زوو بەر لە خۆرهەڵات لە بنکە وشوێنی ئەرک وکاری رۆژانەیانەوە بۆ بەرزراگرتنی یادی هاورێیانی گوردانی شوان ورۆژی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە بەرەو گۆرەپانی بۆنە ویادەکانی ناوەندی سەرکردایەتی کۆمەڵە کەوتنەرێ.
رێورەسمی ئەمساڵیش بە سروودی بانگەواز،سروودی رەسمی کۆمەڵە دەستیپێکرد. دواتر هاورێیانی ئامادە بووی یادەکە بۆ رێزگرتن لە یادی ئازیزی گیانبەختکردووانی گوردانی شوان و هەموو گیانبەختکردووانی کۆمەڵە وبزووتنەوەی رزگاریخوازانەی کوردستان دەقیقەیەک بە بێدەنگی وەستان. پاشان هاورێ رەزا کەعبی جێگری سکرتێری گشتی کۆمەڵە لە یادی ٣٣ساڵەی گیانبەختکردنی هاورێیانی گوردانی شوان و بە بۆنەی رۆژی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە قسەوباسێکی پێشکەش کرد.
ئەم رێورەسمە بە خوێندنەوەی شێعر و سروودی شۆرشگێرانە کۆتایی هات.