نوێنەری كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بەشداری لە كۆنفرانسی ئاوەدانكردنەوەی كۆبانێ كردو پەیامی كۆمەڵەی بەم بۆنەوە پێشكەش كرد.
رۆژانی 2و3ی مانگی ئەپریل كۆنفرانسی ئاوەدانكردنەوەی كۆبانی لەشاری ئامەد باكوری كوردستان بەبەشداری دەیان كەسو لایەنی سیاسی هەر چوارپارچەی كوردستان بەڕێوەچوو كە هاوڕێ كەریم كەریمی ئەندامی دەستەی كارگێڕیی وەك نوێنەرو بەرپرسی وەفدی كۆمەڵەی زەحمەتكێشان بەشداری كۆنفرانسەكەی كرد.
لەكۆنفرانسەكەدا پەیامی كۆمەڵەی زەحمەتكێشان لەلایەن هاوڕێ كەریم كەریمی خوێندرایەوەو جەخت لەسەر ئامادەبوونی كۆمەڵە بۆ هەر چەشنە پرۆژەیەكی لەو چەشنە راگەیەنرا.
لەپەراوێزی كۆنفرانسەكەدا نوێنەری كۆمەڵە لەگەڵ چەندین كەسایەتیو لایەنی سیاسی چوارپارچەی كوردستان لەوانە: ئەنوەر موسلیم، سەرۆكی كانتۆنی كۆبانی، ئاسیە عەبدوڵا هاوسەرۆكی پەیەدە دیدارو كۆبوونەوەی ئەنجامدا.
جێگەی ئاماژەیە بەدوای كوردیناسیۆن بەمەبەستی ئاوەدانكردنەوەی كۆبانی، نوێنەری كۆمەڵە وەك ئەندامی فەرمی ئەم كوردیناسیۆنە هەڵبژێردرا.
دەقی پەیامی كۆمەڵە لە كۆنفرانسی ئاوەدانكردنەوەی كۆبانی لەئامەد:
بۆ کۆنفەرانسی ئاوەدانکردنەوەی کۆبانێ
بەڕێزان ئامادە بوانی خۆشەویست
کۆبانێ نێوێک کە بۆ هەموو کەس ئاشنا و جێگای ڕێزە. کۆبانێ شوێنێک کە تیرۆریستانی تاریک بیر بەوپەڕی بێڕەحمی گوند و شاریان داگیر کرد و ویستیان بیکەنە عیبرەت بۆ رەوتی ئازادیخواز تا سەربزێوی نەکات. کۆبانی ناوچەیەک, کە بوو بە مەیدانی ململانێی تیرۆر و مەدەنیەت، خاکێک کە کۆنەپەرەستان مەبەستیان بوو وەهای وێران بکەن تا هەموو رەوتێکی ئازادیخواز و پێشکەوتوی پێ تەنبێ بکەن.
بەرێزان ئەوڕۆ کە ئێمە لێرە کۆبوینەوە، نەک هەر ئاواتەکانی تیرور و داگیرکەران وەدینەهات، بە پێچەوانە کۆبانێ وەک قەڵای رزگاری و بەرخۆدان ناوی دەرکردوە. کۆبانێ ئیتر رەمزێکە کە هەستی خۆڕاگری، سەربەرزی و ئازادیخوازیی دەجوڵێنێ. بەڵێ شار و گوندی وێران کراوە، بەڵێ قوربانی داوە و مەزرا، ئاوەدانی و کانیاو تێیدا کوژراون، بەڵام بیری رزگاری، ئازادی و ژیانی ئینسانی پەرەی سەندوە و تێیدا شەپۆل دەدات، بەڵێ لەم بوارانەدا پرە لە ئاوەدانی. دیوار، هۆتێل، شەقام، دارتێل، کارگا، خیابان و جادە رووخاون، بەڵام ورە بەرز و پۆڵایین، هیوا گەشاوە و روون و ئیرادە بۆ ژیان زۆر و زۆرن.
ئەمرۆ ئیتر ئەرکی ئێمەی نوینەرانی گەلی کورد، ئێمەی ئازادیخواز، دژەتیرۆر و مافپاریزە تا لەم کۆنفەرانسەدا بە یەکدەنگ بۆ ئاوەدانی شار و شەقام، بۆ پاراستن و بەردەوامیی ئازادی و ئینسانییەت و ژیان قۆڵی لێهەڵمالین تا کۆبانێ بکەینەوە بە شارێکی خنجیلانەی مەڵبەندی خۆشەویستی کە دڵی هەموو کورد و ئازادیخوازێک تێیدا ترپەی بێ. ئەوڕۆ ڕۆژی ئاوەدانکردنەوەی و تەواوکردنی ئەرکی قارەمانانی کۆبانێیە لە قۆناغ و بوارێکی مێژوویی دیکەدا. ئێمە وەک کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، وەک لایەنێکی نوێنەری کوردی ڕۆژهەڵات هەموو حەولی خۆمان دەخەینە گەڕ تا کوردانی ڕۆژهەڵات وەک چۆن بۆ پاراستنی کۆبانێ کەوتنە گەڕ، بۆ ئاوەدانکردنەوەشی بێنە مەیدان و هەموو دۆست و ئەندامی خۆشمان هاندەدەین تا لەم هەڵمەتی ئاوەدانکردنەوە بەشدار بن. کۆبانێ هی هەموومانە و بە هەموومان دیکەینە شاری پڕ جمەوجوڵەی کوردستان. دڵنیایی دەدەینە خەڵکی کۆبانی و هەموو گەلی کورد لە ڕۆژئاوا کە تا سەرکەوتنی یەکجاری و ژیانێکی ئازاد کۆمەڵە هاوکار و هاوپشتیان دەبێ.
هەر سەربەرز و ئاوەدان بێ کۆبانێ
بژی ئازادی و یەکگرتوویی
نوێنەری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢ مانگی ئەیاری ٢٠١٥