ئەمرۆ شاندێكی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بەشدارییان لە رێوەڕەسمی 36ەمین ساڵیادی پارتی كرێكارانی كوردستان كرد.
بەبۆنەی 36ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی كرێكارانی كوردستان ئەمرۆ پێنجشەممە 27ی نۆڤامبر رێوڕەسمێك لە كەمپی مەخمور بەڕێوەچوو كە شاندێكی كۆمەڵەی زەحمەتكێشان تێیدا بەشداربوو.
شاندەكەی كۆمەڵە لەو رێوەڕەسمەدا پەیامی كۆمیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی پێشكەش كرد كە ئەمە دەقی پەیامەكەیە:
بەڕێز كۆمیتەی ناوەندی پارتی كرێكارانی كوردستان
بەبۆنەی 36ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەكەكە، لەلایەن كۆمیتەی ناوەندییو هەموو ریزەكانی كۆمەڵەوە گەرمترین پیرۆزبایی پێشكەش بە ئێوەی بەڕێزو هەموو كادرو ئەندامانو جەماوەری پارتەكەتان دەكەین.
ئەمساڵ لەكاتێكدا یادی دامەزراندنی پەكەكە دەكرێتەوە كە بەرخۆدانی شەڕڤانانی كۆبانێو قارەمانێتی گەریلاو پێشمەرگە لە رۆژئاواو باشوری كوردستان دژی شەوپەرستانی داعش، لاپەڕەیەكی نوێی لەمێژووی خەباتی رەوای گەلەكەمان تۆمار كردوە. بێگومان ئەمەش بووەتە خاڵێكی وەرچەرخان لە مێژووی بزوتنەوەی خەڵكی كوردستانو یەكڕیزی حیزبەكانی هەرچوارپارچەی كوردستان.
هەر لەم بۆنەیەدا جەخت لەوە دەكەینەوە كە ئێمە خۆمان بە پاڵپشتی خەباتی رەواو بەرحەقی گەلی كورد لە هەرچوارپارچەی كوردستان دەزانینو خۆشحاڵین بە دۆستایەتیو پەیوەندی دێرینو پتەومان لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان.
هیواخوازین سەرجەم حیزبە سیاسیەكانی كوردستان بە یەكڕیزی زیاترو بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی بەرەو دەستبەبەركردنی مافی رەوای گەلەكەمان لەهەر چوارپارچەی كوردستان هەنگاو بنێن.
جارێكی دیكە پیرۆزباییتان لێدەكەینو هیوای سەركەوتن بۆ ئێوەو خەباتی گەلی كورد دەخوازین
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
كۆمیتەی ناوەندیی
27/11/2014