ڕۆژی سێشەممە ١٢ی مانگی دێسامبری ٢٠٢٣ لە ڕێوڕەسمێكی فەرمیدا لە پاڕڵمانی یەکێتی ئوروپا خەڵاتی نێونەتەوەیی ساخارۆف بەخشرا بە خاتو ژینا مەهسا ئەمێنی.
لەسەر بڕیاری پاڕڵمانی یەکیەتی ئوروپا ئەمساڵ خەڵاتی ساڵانەی ئازادی بیروڕا- بە ناوی ساخارۆڤ بەخشرا بە ژینا ئەمینی. خاتوو ئەمینی لە دایکبووی شاری سەقزی کوردستانی رۆژهەڵات بوو. لە تەمەنی ٢٢ ساڵیدا لە لایەن هێزی سەرکوتگەری ڕژیم لە ڕێکەوتی ١٣ی ئوکتۆبری ٢٠٢٢ کەوتە بەر هێرشێكی بێبەزەییانە و بە بێ تاوان پاش ٣ رۆژ مانەوە لە کۆما دا گیانی لەدەست دا. گیان لەدەستدانی دڵتەزێنی خاتوو ژینا ئەمینی بووە هەوێنی سەرهەڵدانی شۆڕشێکی سەراسەری بە پانتایی وڵاتی ئێران بە دژی ڕژیمی تۆتالیتێری كۆماری ئیسلامی و زۆری نەخایاند شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان تەشەنەی سەند و بگرە لە دیاسپۆراش بە شێوەی بەربڵاو خۆپشاندانی پشتیوانی لە گەلانی وەزاڵەهاتووی ئێران ساز دران.
لە لایەن کۆمەڵەوە وەفدێك بەشداری بۆنەكە بوون کە پێکهاتبوون لە هاوڕێیان فەرەح شەریفی، فەوزییە ئەردەلان، حەمید ئەمینی و شیوا ڕەدە. بەخشینی خەڵاتی ساڵانەی ئازادی ڕادەربڕینی ساخارۆف لە لایەن پارڵمانی یەکیەتی ئوروپا بە ژینا ئەمینی لە ژێر چاودێری میدیاکانی جیهاندا ڕادەستی پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمنی، کاک سالحی نیکبەخت کرا. لە ساڵەکانی ڕابردوودا چەندین چالاکوانی ئێرانی خەڵات کراون.
پێشووتر لە ڕۆژی شەممە ٩ی دێسامبری ٢٠٢٣ لە وڵاتی نۆروێژ خەڵاتی ساڵانەی ئاشتیی نۆبێل بە بەشداری وەفدی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بەخشرابوو بە خاتوو نەرگێس محەمەدی چالاکوانی مەدەنی و بەندکراوی سیاسی لە ئێران.
خەڵاتی ساخارۆڤ بۆ ئازادی ئەندێشە خەڵاتێکە لەلایە پەرلەمانی ئەورووپا دەبەخشرێت بەو کەسانەی لەپێناو مافی مرۆڤ و ئازادی بیروڕا خەبات دەکەن. ناوی خەڵاتەکە لە زانا و بەرھەڵستکاری ڕووسی ئەندرێی ساخارۆڤەوە ھاتووە. چەندین کەسایەتی وەکو ماندێلا، لەیلا زانا، نادیە موراد وە لەمیا بەشار لەسەر کار و چالاکییە مرۆییەکانییان ئەم خەڵاتەیان پێ بەخشراوە.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
دەفتەری پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان
١٢ی دێسامبری ٢٠٢٣