ماوەیەکە و بە تایبەتی دوای هاتنی داعش، دەوری ئێران لە عێڕاقدا زۆرتر لە پێشوو زەق دەبێتەوە. ئیتر دەستێوەردانەکانی ئێران لە عێڕاق بۆتە باسی ناوەندە سیاسی و هەموو مێدیاکان. تەنانەت کاربەدەستانی ئێرانی خۆشیان بە ئاشکرا قسەی لێوە دەکەن. عەلی یۆنسی دەڵێ: “جیا لە نزیکایەتی فەرهەنگی و دینی، عێراق ئیتر پێتەختی ئیمپراتوری ئێرانە”. دەبینین ئەرتەشی عێراق لە واقیعدا هەڵوەشاوەتەوە یان هەڵیانوەشاندەوەو، ئێستا بە سەرۆکایەتی ئێران و سپای قودسی ئێرانی، لە سپای “بەدر” و “حەشدی شەعبی”، شاخەی عێراقی سپای پاسداران رێکدەخەن و ساز دەدەن. هەر ئێستا بە فەرماندەیی قاسمی سلێمانی، فەرماندەی سپای قودس (واتە هێزی دەرەوەی سنوری سپای پاسداران)، شەڕی گرتنەوەی تکریت لە داعش بەڕێوەدەچێ. ئامریکا و هاوپەیمانان نیگەرانی خۆیان لە دەوری ئێران لەم شەڕانەدا ناشارنەوە. قەت ئەوەندەی ئێستا هێزی نیزامی و نفوزی ئێران لە عێراقدا نەبووە.
هەموو ئەو دیاردانە ئاماژەن بۆ ئەوە کە لە دوای شەڕی کەنداو، براوەی سەرەکی ئێران بوو، ئێران لە چەند وڵاتی عەرەبی نفوز و حوزوری پەیدا کردوە و بوونەتە هێلانە بۆی، وا خەریکە بە هێزی نیزامی و بە نەرمی، عێڕاقیش دەخاتە ژیر رکێفی خۆیەوە. ئەم راستیانە سەرەتای گۆڕانێکی گەورەن کە ئێران حەولی بۆ دەدات. لەگەڵ حەتمی بوونی گۆڕانی دیمۆگرافی و جوغرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەعەمەلی تەواوبوونی سایکس ـ پێکۆ، ئێران لایوایە هەر وەک رووخانی عێراق ئەمجارەش هەلەکە لە قازانجی ئەو دەبێ و بۆیە بە تەواوی کەوتۆتە خۆ.
بێگومان ئەم دیاردەیە زۆرترین کاریگەری لەسەر بزاوتی رزگاریخوازی کوردیش دەبێ. ئێران پتر لە ٦٠ ساڵە کارتی کوردی لە زۆر بواردا بەکار هێناوە، لە عێڕاق، سوریە و تورکیەش ئەگەر جۆرێک نزیکی لەگەڵ لایەنەکانی کوردی هەبووە، لە هەمانکاتدا دەسەڵاتی مەرکەزیی ئێران زۆرترین خیانەتی بە کورد کردوەو، لە پشتەوە خەنجەری لێداون. کارەساتی ساڵی ١٩٧٥، گرتن و زیندانیکردنی تێکۆشەرانی کوردی عێڕاقی و تەحویلدانەوەیان بە رژیمی بەعس، تۆپباران و هەڕەشە لە سنورەکانی هەرێمی کوردستان، شێواندن و سازکردنی نائارامی لەم هەرێمە و بەڕێوەبردنی دەیان تیرۆر، تۆپباران و هێرشەکانی بۆ قەندیل، بە دایم سازان لەگەڵ حکومەتەکانی مەرکەزی لە سوریە، عێراق و تورکیە دژ بە بزاوتی کوردی پیشەی بووە.
سیاسەتی رژێمی شا و کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە کورد بووەو بە یەک رەهەنددا تێپەڕیون. جیا لە هەموو ئەو فاکتە مێژووییانە، ئێران بە ڕۆشنی دژایەتی هەر کیانێکی کوردی دەکات و تێزی ئەوەیە کە کورد هەموو ئێرانین و نەتەوە بوونی کوردی قبوڵ نییە، واتە ئێران زۆر بنەڕەتی و ریشەیی ئینکار و نەمانی دەسکەوتە نەتەوەیی و مێژوییەکانی کوردی کردۆتە ئامانجی خۆی. کەچی چەپ و راست بەشێک لە بەرپرسانی کورد لەم هەرێمە، ئێران بە دۆستی خۆیان ناوزەد دەکەن. بەڵێ راستە ئێران شەڕی داعش دەکاتو لەم شەڕەشدا هاوپەیمانی کوردە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئێران تەنیا و تەنیا ئەرکی سەرەکی خۆی بە بەهێزکردنی ئاڵقە لە گوێکانی خۆی لە عێراق دەزانێ. بە رۆشنی لە هەموو ئەو بۆنانەی کە نێوانی هەرێم و بەغدا گرژی پێوە دیار بووە، ئێران لایەنی بەغدای گرتووە. ئایا نابێ بیرێکی جیددی لەم کردەوانەی ئێران بکرێتەوە؟ (قەیناکا فاکتەری کوردی رۆژهەڵات با لەولا دابنێین).
ئێمە باری ناسکی ئەم هەرێمە دەناسین، خاڵە لاوازەکانی بزوتنەوەی کوردی و دەوری ئێران لە ناوچەکە دەناسین، ناشمانەوێ و پێشمان دروست نیە کوردی بەشەکانی دیکە لەگەڵ ئێران بکەونە شەڕ و ناخۆشی، بەڵام دەڵێین باوەڕیان پێمەکەن، دەڵێین ئێران نیشانیداوە نەک دۆستی کوردی بەشەکانی دیکە نیە، دوژمنیشیانە. دەڵێین بیبینن ئێران هەموو ناوچەکە دژیەتی و دژایەتی لەگەڵی زۆرتر دەبێ، دونیای دەرەوە بە زۆری لەگەڵی ناتەبان، کوردی رۆژهەڵات دژیەتی و رۆژ نییە خەباتکارانی بە دەستی حکومەتی ئێران نەکوژرێ. دەڵێین ئێران بۆ دووبەرەکی سازکردن لە نێوان بەشەکانی کوردستاندا حەولدەدات. دەڵێین بێ کەمکردنەوەی دەسەڵاتی نێران بزوتنەوەی کوردی و دێمۆکراسیخوازی لەم رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە خەم نارەخسێ و رۆژێک هەر پاشقول دەدرێ. ئەگەر ئەم رووەی ئێرانیش بناسین و بیبینن، ئەگەر لە بەشێک لەم بۆچونانە لەگەڵمان بن، حەق نییە ئێران وەک هاوپەیمانی ستراتژیک چاوی لێبکرێ.
بێگومان دەستێوەردانەکان و هاتنی هێزی نیزامی ئێران بۆ عێراق گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر کوردی باشور بە تایبەتی و بۆ هەموو کوردستان. هەر ئێستا دەبینین نەک تەنیا لە ناو عێڕاق، لە دەرەوەی عێراق و لە ناوچەکە و جیهانیش دژکردەوەی گەورە هەیە بەرانبەر بەو کردەوانەی ئێران، حەق نییە بزوتنەوەی کورد لەم بەشە و باقی پارچەکانی دیکەی کوردستانیش پێوەندی خۆی لەگەڵ لایەنو دەوڵەتانی دیکە بۆ ئێران بەرەو کزی بەرێ یان بیشێوێنێ. دەڵێین دەبێ مەودای مانور بێڵینەوە، چ لە ناوچەکە و چ لە سەتحی نێونەتەوەیی. دڵنیام حکومەتی ئێران بەو کار و کردەوانەی نانی شوانی دەخوات، سەرمەستی و غروری ئەوڕۆی، سبەینێ بۆی دەبێتە بەڵای گیانی. ئەگەر عێڕاق قەت یەکناگرێتەوە و یەکگرتوو نابێ، لەگەڵ کۆتایی ئەم پڕۆسەیەش ئێران ناتوانێ قەت دەوامی خەونی ئیمپراتوریەکەی ببینێ. ئەوەی دیارە دەورانی کۆتایی دەستدرێژیەکانی ئێران هاتوە، ئەوەی دەیکات پەلەقاژەیە بۆ گواستنەوەی قەیرانی ناوخۆیی بۆ دەرەوەی سنورەکان، بەڵام ئەمجارە ئێران لە دەرەوەی سنورەکانیش توشی ناکامی و شکست دێ. چەندە مانەوە و دەوامی دیاردەی داعش نائاساییە، ئەوەندەش مانەوە و بەرینکردنەوەی ئیمپراتۆری ئێرانی لەگەڵ ئاسۆی داهاتوی ناوچەکە نامۆیە. چارەنوسی عێراق و … توشی ئێرانیش دەبێ. .
* سەروتاری دواڕۆژ ژمارە ٧٢