بە پێی ئەو زانیارییانەی کە لەلایەن ئەنجوومەنی کلتووریی “نۆژین”ەوە بڵاو بوونەتەوە دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە بە سەرۆکایەتی “مستەفا تەیاری” سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەر زارا محەممەدی بەرێوەبەری ئەنجوومەنی کۆمەڵایەتی و کلتووریی “نۆژین” و مامۆستای زمانی کوردی دا سەپاند.
زارا محەممەدی کە تەمەنی ٢٨ ساڵە و خوێندنی زانکۆی لە بەشی ژێئۆپۆلۆتیک لە زانکۆی شاری بیرجەند تەواو کردووە،بۆ ماوەی نزیکەی دە ساڵ لە شاری سنە ودەورووبەری ئەو شارە بە ووتنەوەی وانەی زمانی کوردی سەرقاڵ بووە کە لە کۆتاییەکانی بەهاری ساڵی ٢٠١٩ بە تۆمەتی هەڵبەستراوی ” هەوڵدان دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی ئێران” لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی رژیمی کۆماری ئیسلامییەوە لە ماڵەکەی خۆی لە شاری سنە دەستبەسەر کرا.
زارا کە لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلاب بە سەرۆکایەتی دادوەر “سەعیدی” سزای دە ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو،پاش حەوت مانگ دەستبەسەری بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا بوو.
زارا محەممەدی لە ئاوایی سەراوڵەی سەر بە شاری دێولانی سنە لەدایک بووە و، شەش ساڵ لەوەپێش وەک بەرپرسی ئەنجوومەنی نەوژین هەڵبژێردرا کە لە شارەکانی سەربە پارێزگای سنە، وەک بانە،سەقز،دێولان و شاری سنە وشوێنەکانی تر لە بوارەکانی کلتووری وکۆمەڵایەتیدا چالاکی هەیە .