دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٨/٥/٢٠١٤ موسا کەڤاڵ نوێنەری پارتی دێمۆکراتی کوردستانی باکوور سەردانی نوێنەرایەتی هەولێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی کرد و لەلایەن هاوڕێیان کەریم کەریمی ئەندامی کومیتەی ناوەندی و بەرپرسی پەیوەندییەکان و محەمەد فەرهادزادە ئەندامی کومیسیۆنی پێوەندییەکانی کۆمەڵە لە هەولێر پێشوازی لێکرا. لەم دیدارەدا کە چەند تەوەرێکی لەخۆ گرتبوو، سەرەتا باسێک لەسەر گۆڕانکاریە سیاسیەکانی چوار پارچەی کوردستان و دەور و رۆڵی لایەنە سیاسیە بەهێزەکانی کوردستان لە ئاستی ناوچەکە کرا و چۆنیەتی راگرتنی کەش و هەوای سیاسی ناوچەکە بە شێوەیەک کە بە دوور بێ لە هەر چەشنە گرژی و ئاڵۆزییەک لەنێوان لایەنەکاندا باسی لێوە کرا. تەوەرێکی تری باسەکان پێداگری کۆمەڵە بوو لەسەر خولقانی کەش و هەوای سیاسی لە نێوان لایەنەسیاسیەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی دیالۆگ و ئاشتەوایی بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی نەیارانی کورد لە ناوچەکەدا . تەوەری کۆتایی کۆبوونەوەکە تەئکید لەسەر پتەو کردنی پێوەندیی و هاوکاری نێوان کۆمەڵە و پارتی دێمۆکراتی کوردستانی باکور بوو.
دەفتەری نوێنەرایەتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
هەولێر ٢٨/٥/٢٠١٤