وەفدێكی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان سەردانی چیای قەندیلی كردو لەگەڵ شاندێكی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) كۆبووەوە.
رۆژی هەینی 21ی خەرمانان، وەفدێكی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان كە پێكهاتبوون لە هەریەك لە هاوڕێیان: عومەر ئێلخانیزادە سكرتێری گشتی كۆمەڵە، عەتا ناسر سەقزی ئەندامی كومیتەی ناوەندییو ئەرسەلان خوسرەو نژاد راوێژكاری كومیتەی ناوەندیی كۆمەڵە، بەسەردانێك گەیشتنە لای پارتی كرێكارانی كوردستان لەبناری چیای قەندیلو لەگەڵ وەفدێكی پەكەكەدا كۆبوونەوە.
وەفدەكەی كۆمەڵە لەلایەن هەریەك لە جەمیل بایك، هاوسەرۆكی كۆنسەی بەرێوەبەری كۆماجڤاكین كوردستان (كەجەكە)و هەڤاڵ سەبری ئەندامی كۆنسەی سەركردایەتی پەكەكە پێشوازییان لێكرا.
لەكۆبوونەوەكەدا هەردوولا قسەوباسیان لەسەر چەندین تەوەری جیاجیاكرد، لەوانە بارودۆخی ئێستای كوردستانو ناوچەكە بەتایبەتی پاش جموجوڵەكانی ئەم دواییە گروپی داعشو ئەو تاوانانەی ئەم گروپە دەرحەق بە كوردانی ئێزیدی لە باشوری كوردستان ئەنجامیداوەو هەردوو لا هاوڕا بون لەسەر ئەوەی كورد كە لەئێستادا بەرەنگاری داعش بووەتەوە، دەتوانێت بۆ دەستبەركردنی دیموكراسیو عەداڵەتخوازی لەناوچەكە پێشڕەو بێت.
لەبەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا قسەوباسێك لەسەر پرۆسەی ئاشتی توركیاو كورد كراو، پاش هەڵسەنگاندنێك بۆ دەورونەقشی پەكەكە لەم پرۆسەیەدا، جەخت لەسەر ئەو كرایەوە كە پەكەكە دەتوانێت رۆڵی سەرەكی ببینێت لەبەرەپێشبردنی پرۆسەی ئاشتی لەتوركیادا.
دۆخی ئێستای بەشەكانی كوردستان، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو كە تێیدا هەر دوولا هاوڕابون لەسەر ئەوەی پێویستە كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستان لێكنزیك بوونەوەو هاوكاری زیاتریان لەنێواندا هەبێت.
كۆبوونەوەكە لەكەشێكی دۆستانە پاش چەند كاتژمێر كۆتایی پێهاتو هەر دوو لا جەختیان لەسەر بەردەوام بوونی پەیوەندییەكانیان كردەوە.